Need Help? +9647511919893
Advanced
Search
  1. Home
  2. ئاوسانی خوێنھێنەرەکان | دەوالی | varicose veins
ئاوسانی خوێنھێنەرەکان | دەوالی | varicose veins

ئاوسانی خوێنھێنەرەکان | دەوالی | varicose veins

  • كانونی یه‌كه‌م 3, 2025
  • 0 Likes
  • 15 Views
  • 0 Comments

خوێنھێنەرە هەڵئاوساوەکان ئەو خوێنھێنەرە لوولدراو و ئاوساو و قەڵەوبووە شین و مۆرانەن کە زۆربەی جارەکان لە ژێر پێستی پێ و گوێزینگ (مەچەکی پێ)دا دەردەکەون. دەکرێت ئازاردەر بن یان خوروویان هەبێت. لە نێو خوێنهێنەرەکاندا زمانە هەیە، ئەو زمانانە بەرەوە یەک ئاراستە دەکرێنەوە و یارمەتیی خوێن دەدەن تا لە ئەندامەکانی لەشەوە بەرەو لای دڵ بگەڕێتەوە؛ ئەگەر ئەم زمانانە لاواز بن یان زیانیان پێ گەیشتبێت خوین لە نێو خوێنهێنەرەکاندا کۆ دەبێتەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی هەڵمسانیان.

پزیشکان زۆر جار خوێنھێنەرە هەڵئاوساوەکان بە پشکنینی جەستەیی دەستنیشان دەکەن بەڵام لەوانەیە پێویستیان بە تاقیکردنەوەی زیاتریش هەبێت. بۆ زۆربەی خەڵك نەخۆشییەکی مەترسیدار نییە بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا دەتوانێت ببێتە هۆی کێشەگەلی تەندروستیی گەورە وەکوو مەیینی خوێن. جاری وایە دەکرێت هەر لە ماڵەوە نیشانە و ئازارەکانی کەم و چارەسەر بکرێت؛ بەڵام ئەگەر دۆخەکە بەرەو خراپبوون بچێت و خوێنهێنەرە هەڵئاوساوەکان ئازاردەر بن یان لەسەر پێست بە ناشرینی دەربکەون پزیشک هەندێک ڕێگاچارە بۆ لابردن و چارەسەرکردنیان پێشنیار دەکات؛ لەوانەیە پێویست بە دەرمان، دەرزیلێدان، لەیزەر یان نەشتەرگەری هەبێت.

نیشانەکان ئاوسانی خوێنھێنەرەکان

دیارترین نیشانەی ئاوسانی خوێنھێنەرەکان دەرکەوتنی خوێنهێنەرە لوولدراو و شین و مۆرەکان لە ژێر پێستە. نیشانەکانی تریشی بریتین لە:

  • دەرپەڕینی خوێنهێنەرەکان: خوێنهێنەرە لوولدراو و هەڵمساوەکان وا لە ئەستووریان شێوەی تەناف دەدەن و شین و مۆر هەڵگەڕاون. ئەمانە ڕێک لە ژێر پێست و بە زۆری لەسەر قاچ و گوێزینگی پێ دەردەکەون و لەوانەیە هەندێک هێڵی سوور و شینی ورد کە بە خوێنهێنەری جالجالۆکەیی  (Spider Veins) ناسراون لە دەوریاندا دەر بکەون.
  • قوورسبوونی پێیەکان: ئەگەری هەیە لە ماسوولکەکانی پێدا هەست بە ماندوویەتی، تووندبوون، بە تایبەت لە دوای وەرزش، بکرێت.
  • خوروو: لەوانەیە ناوچەی دەوراندەوری خوێنهێنەرەکان بخورێت.
  • ئازار: پێیەکان، بە تایبەت لە پشت ئەژنۆکاندا، هەستی ئازار و کوتانەوەیان دەبێت و هەستیار دەبنەوە و ئازارەکە لەوانەیە پەلکێش بێت.
  • گیرانی ماسوولکەکانی پێ: شەوانە زیاتر ڕوو دەدات.
  • ئاوسان: پێ، بەلەک و مەچەکی پێیەکان لەوانەیە بئاوسێن.
  • گۆڕانی ڕەنگی پێست و برینەکان: ئاوسانی خوێنھێنەرەکان ئەگەر چارەسەر نەکرێت دەبێته هۆی گۆڕینی ڕەنگی پێست و ئەگەر نەخۆشییەکە زۆر تەشەنا بسێنێت دەتوانێت ببێتە هۆی برینی خوێنهێنەرەکان لەسەر پێست.

ئاوسانی خوێنھێنەرەکان زیاتر لە بەشی خوارەوەی جەستە وەکوو بەلەک، گوێزینگ و پێیەکاندا دەردەکەوێت، بەڵام دەکرێت لە ڕیخۆڵەڕاستە و کۆمدا بە شێوەی مایەسیری (hemorrhoid)ش سەر هەڵبدات.

هۆکارەکان دەوالی

ئاوسانی خوێنھێنەرەکان کاتێک ڕوو دەدات کە دیواری خوێنهێنەرەکان ناسک بێتەوە یان زمانەکانی نێو خوێنهێنەرەکان زیانیان پێ گەیشتبێت. کاتێک ڕادەی پەستانی خوێن لە نێو خوێنهێنەرەکاندا بەرز دەبێتەوە ئەم دیوارانەی وا ناسک و لاواز بوونەوە بە خوێنهێنەرەکان ئیزن دەدەن گەورە ببنەوە. بە کێشانەوە و گەورەبوونی خوێنهێنەرەکان ئەو زمانانەی وا لە نێو خوێنهێنەرەکاندان و یارمەتیی خوێن دەدەن تەنیا بە ئاراستەیەکدا بڕۆن ( بەرەو لای دڵ) ئیتر بە باشی کار ناکەن؛ هەر بۆیە خوێنەکە بۆ دواوەی خۆی دەگەڕێتەوە و لە نێو خوێنهێنەرەکاندا کۆ دەبێتەوە و دەبێتە هۆی ئاوسان و هەڵتۆقین و لوولدرانی خوێنهێنەرەکان. بە گشتی هەر کاتێك پەستانی خوێنی نێو خوێنهێنەرەکان بەرز بێتەوە ئەم نەخۆشییە دەتوانێت ڕوو بدات و ئەمەش دەکرێت لەبەر ئەم هۆکارانە بێت:

  • هەڵكشانی تەمەن
  • دووگیانی
  • دانیشتن یان لەسەر پێ ڕاوەستانی زۆر
  • زیادبوونی کێش و قەڵەوی
  • هۆرمۆنەکان
  • جگەرەکێشان
  • شێوازی ژیانی کەمجووڵە
  • هەبوونی پێشینەی بنەماڵەیی

کاریگەریی لاوەکی و زیانەکانی ئاوسانی خوێنھێنەرەکان بۆ سەر تەندروستی

زۆربەی خەڵک بە بۆنەی ئاوسانی خوێنھێنەرەکان تووشی کاریگەرییەکی لاوەکیی بەرچاو و ئازاردەر نابن بەڵام لە هەندێک کەسێشدا ئەگەر چارەسەر نەکرێت دەتوانێت ببێتە هۆی برین و خوێنلێچوون، هەوکردن و گوڕینی ڕەنگی پێست. ئاوسانی قورسی خوێنھێنەرەکان لەوانەیە کاریگەری لەسەر دابەزینی توانای گەڕانەوەی خوێن لە خوێنهێنەرەکانەوە بۆ دڵ هەبێت؛ هەروەها لە دواییدا کەسەکە تووشی مەیینی خوێن بکات.

چۆن بزانم نەخۆشیی ئاوسانی خوێنھێنەرەکانم هەیە؟

خوێنهێنەرەکان نزیک لە پێست دەئاوسێن هەر بۆیە بە ڕوونی گۆڕانکارییەکەیان تێدا دەدیترێت. پزیشک دەتوانێت بو پشکنینی جەستەیی و دەستلێدان لەو بەشانەی تووشی گۆڕانکاری بوون، لە کاتی هەستان و دانیشتندا، نەخۆشییەکە دەستنیشان بکات؛ هەروەها سەبارەت بە پێشینەی بنەماڵەیی نیشانە دەرکەوتووەکان و شیوازی ژیان پرسیار بکات. بۆ دڵنیابوونەوەی زیاتر و کەمکردنی کاریگەرییە لاوەکییەکانی ئەم نەخۆشییە لەوانەیە پێویستی بە هەڵگرتنەوەی هەندێک وێنەی تایبەت لە ڕێگەی سۆنەرەوە بێت. سۆنەری دووپلێکس (DUS) دەتوانێت کارکردی زمانەکان و مەیینی خوێن و کیشەکانی تریش نێشان بدات.

ئاوسانی خوێنھێنەرەکان لە دووگیانیدا

ئەم نەخۆشییە لە کاتی دووگیانیدا، بەتایبەت لە سێ مانگی دووهەمدا، باوە و بە ڕادەیەکی زۆر لە نێو ژناندا سەر هەڵدەدات. هەروەها دەکرێت ژنان لەم کاتەدا تووشی مایەسیریش بن. باوترین شوێنەکانی دەرکەوتنیان لە کاتی دووگیانیدا بریتین لە:

  • پێیەکان
  • گویزینگ (مەچەکی پێ)
  • ئەندامی مێینە و لۆچەکانی

هۆکارەکانی تووشبوون بە ئاوسانی خوێنھێنەرەکان لە دووگیانیدا ئەمانەن:

  • ڕجیمی خۆراکیی ناتەندروست: خواردنی سۆدیۆمی زۆر و کەمبوونی ئاو و ڕیشالەکان.
  • هۆکاری بۆماوەیی: ئەگەر دایک یان نەنکتان لە کاتی دووگیانیدا ئەم نەخۆشییەیان هەبێت بە ئەگەری زۆر ئێوەش تووشی بن.
  • کێش: زیادیی کێش یەکێك لە هۆکارە سەرەکی و گرینگەکانە.

ئەگەر لە دوای منداڵبوون خوێنهێنەرەکان باش نەبوونەوە و لەنێو نەچوون دەبێت سەردانی پزیشک بکەن.

چۆن نەخۆشییەکە چارەسەر دەبێت؟

بەپێی نیشانە دەرکەوتووەکان، پزیشک لەوانەیە تێکەڵاوییەک لە وەرگرتنی دەرمان و ڕێکارە پێشگرییەکان بۆ خراپترنەبوونی نەخۆشییەکە پێشنیار بکات. ئامانج لە وەرگرتنی چارەسەری کەمکردنی نیشانەکان، پێشگری لە تەشەنەسەندن، باشترکردنی ڕواڵەتی پێیەکان و کەمکردنی کاریگەرییە لاوەکییەکانی تر وەکوو برینداربوون و خوێنلێچوونە. هەندێک دەرمان دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی دۆخەکە باشتر بێت. چارەسەرکردنەکە دەتوانێت بەم شیوانەی خوارەوە بیت:

بەرزڕاگرتن (هەڵپەساردن)ی پێ:

بۆ باشتر گەڕانی خوێن و کەمکردنی گوشار لەسەر خوێنهێنەرەکان دەبێت چەند جار لە ڕۆژدا قاچەکان بەرزتر لە ئاستی کەمەر ڕابگریت و هەڵیانپەسێریت.

لەبەرکردنی گۆرەویی تایبەت:

ئەم گۆرەوییانە خوێنهێنەرەکان دەگوشێت و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئازار، ئەم گوشینە پێش بە کێشانی دیواری خوێنهێنەرەکان دەگرێت و گەڕانی خوێن لە پێدا باشتر دەکات.

چارەسەرکردن بە لەیزەر:

پزیشک لە جۆرە لەیزەرێکی تایبەت بۆ بەستنی خوێنهێنەرە زیانپێگەیشتووەکان کەڵک وەردەگرێت.

چارەسەری بە دەرزی (sclerotherapy):

لەم شێوازەدا پزیشک گیراوەیەکی دەرمانی لە خوێنهێنەرەکان دەدات. ئەم دەرمانە دەبێتە هۆی پێکەوە لکانی دیواری ڕەگەکان و لە کۆتاییدا وەکوو برینێک چاک دەبنەوە و شوێنەواریان نامێنێت. ئەم شێوازە بۆ چارەسەرکردنی خوێنهێنەرە هەلئاوساو و جالجالۆکەییەکان بەکار دێت و ئازاریان کەم دەکاتەوە و پێشی خوێنلێچوون و برینەکانی دواتریشیان دەگرێت.

نەشتەرگەری:

ئەم ڕێگەیە لەوانەیە بۆ ئەوانەی بە قورسی تووشی نەخۆشییەکە بوون دوایین بژاردەی چارەسەری بێت. چەندین شیوازی نەشتەرگەری بۆ ئەم نەخۆشییە بەردەستە و لە نەخۆشخانە و لە ژێر چاوەدێریی پزیشکی پسپۆڕ دەکرێت.

ئەگەریش دووگیانن پزیشک لەوانەیە بۆ چارەسەری لە هەندێك دەرمانی خۆراکی و ئازارشکێن بۆ کەمکردنی نیشانەکان کەڵک وەربگرێت. پێویستە بزانین ئەگەرچی ئەم شێوازە چارەسەرییانە دەتوانن زۆر کاریگەر بن بەڵام لەو کەسانەی کێشیان دانابەزێنن و جووڵەیان کەمە یان ئەو ژنانەی دوای وەرگرتنی چارەسەری دووگیان دەبن ئەگەری سەرهەڵدانی دووبارە هەیە.

پێویستە دڵنیا بن لەبەر ئەوەی خوێنهێنەرەکان لە پێستەوە زۆر نزیکن چارەسەرکردنیشیان زۆر ئازاردەر نابێت و لە ئەگەری بەکاربردنی هەر یەک لەو ڕێگەچارە ئاماژەپێکراوانە دەکرێت لە دەرمانی سڕکردن کەڵک وەربگیردرێت. لە دوای وەرگرتنی چارەسەریش خێرا دەتوانن بگەڕێنەوە سەر ڕەوتی ژیانی ئاسایی و ڕۆژانەی خۆتان بەڵام پێویستە بۆ ماوەیەک گۆرەویی تایبەت لە پێ بکەن.

گۆڕانی شێوازی ژیان

بە گشتی هەندێک گۆڕانکاریی شێوازی ژیان دەتوانێت زۆر یارمەتیدەر بێت، بۆیە ڕەچاوگرتنی ئەم خاڵانەی خوارەوە بۆ چاوەدێریکردن لە خۆت و پێشگری لە تووشبوون بە ئاوسانی خوێنھێنەرەکان زۆر بەسوودە:

  • کێشێکی گونجاوتان هەبێت.
  • چالاکیی ڕۆژانە و جووڵەتان هەبێت.
  • ڕۆژانە وەرزشی سووک و پیاسە بکەن.
  • بۆ ماوەیەکی درێژ لەسەر پێ ڕامەوەستن یان دامەنیشن، ئەگەریش ناچار بوون جێگوڕکێ بکەن.
  • لە ڕۆژدا، چەند جار و هەر جارەی چەند خولەک، پێیەکانتان بەرز بکەنەوە و هەڵیانپەسێرن.
  • کەوشی پاژنە بەرز کەمتر لە پێ بکەن.
  • جگەرە مەکێشن.

کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکەم؟

سەرەڕای ئەوەی ئاوسانی خوێنھێنەرەکان زۆر جێی مەترسی نییە بەڵام پێویستە بۆ پشکنینی ورد سەردانی پزیشک بکەن. ئەگەر نیگەرانی ڕواڵەتی ناشرینی پێیەکانتی یان ئازارت هەیە دەبێت چارەسەری بکەیت. لە ئەگەری دیتنی ئەم حاڵەتانەی خوارەوە بە خێرایی سەردانی پزیشک بکە:

  • خوێنیان لێ بچێت.
  • ڕەنگ و شیوەیان نائاسایی بێت.
  • ئازاریان هەبێت.
  • سوور و گەرم هەڵگەڕێن.
  • هەڵمسێن و هەستیار بووبن.

خاڵێ کۆتایی

میلێۆنان کەس لە جیهاندا ئاوسانی خوێنھێنەرەکانیان هەیە و لەگەڵی دەژین، بەڵام زۆربەیان تووشی کێشەی مەترسیدار نابن. گۆڕینی شێوازی ژیان و چارەسەرییە ئاماژەپێکراوەکان دەتوانن تا ڕادەیەکی زۆر ئازار و نیشانە دەرکەوتووەکان کەم بکەنەوە. لەگەڵ پزیشکەکەت سەبارەت بە هەڵبژاردنی ڕێگەیەکی چارەسەریی گونجاو و چۆنییەتیی باشترکردنی ڕواڵەتی پێیەکانت قسە بکە.

لە کۆتاییدا، زانیاری دروست و بەڕێوەبردنی داهاتووی تێکچوونی تەنە و دەرمانکاریی گونجاو، گرنگترین هۆکاری پاراستن لە نەخۆشیی گوناگونە. هەر کەس پێویستە زانیاری پزیشکی دروست بگاتە دەست، چکدار بزانێ چۆن دەستپێشخەر بێت و کات بەسەر نەچێت. بەکاریهێنانی ڕاهێنان، خواردنی گونجاو و چاودیری نیشانەکان یارمەتیدەدات تا کەسەکان زیاتر خۆیان بپارێزن و ژیانێکی باشتر بەسەر ببهێنن. هەر کات، پشکنینی خۆڕاگەیاندن لەگەڵ پسپۆڕ دەتوانێت رێگای دەرمانی باشتر بکرێت.

  • Share:

Leave Your Comment