Need Help? +9647761523407
Advanced
Search
  1. Home
  2. سکێزۆفرینیا
سکێزۆفرینیا

سکێزۆفرینیا

  • تشرینی دووه‌م 25, 2025
  • 0 Likes
  • 10 Views
  • 0 Comments

سکێزۆفرینیا یەکێک لە ئاڵۆزترین نەخۆشییە دەروونییەکانە کە نزیکەی ١٪ی کۆی گشتیی خەڵکی جیهان تووشی دەبن. وشەی “سکێزۆفرینیا” لە دوو وشەی یۆنانی کۆنەوە هاتووە: ‘”سکیزۆ” کە واتای “لێک جیابوونەوە” یان “شکاندن”ی هەیە و “فرێنیا” کە واتای “مێشک” یان “هۆش”ی هەیە. بە زمانێکی سادەتر، سکیزۆفرینیا بەم واتایەیە کە مێشک لە ڕاستەقینەی دەوروبەری جودا دەبێتەوە. ئەم نەخۆشییە درێژخایەنە و بە شێوەیەکی گشتی نەخۆش تووشی نیشانەگەلێکی وەک بیستنی دەنگێک و بینینی شتگەلێک کە ڕاستەقینە نین دەبێت بەڵام لە ڕاستیدا، سکێزۆفرینیا نەخۆشییەکی مێشکە وەک نەخۆشییەکانی تر و نەخۆشەکەش نابێت لە کۆمەڵگا دوور بخرێتەوە.

نیشانە سەرەکی و ناسراوەکانی سکێزوفرینیا

نیشانەکانی سکێزوفرێنیا زۆر جۆراوجۆرن و لە نەخۆشێکەوە بۆ نەخۆشێکی تر جیاوازن. بە گشتی نیشانەکانی دەکرێت بۆ سێ بەشی سەرەکی دابەش بکرێن: نیشانە ئەرێنییەکان، نیشانە نەرێنییەکان و نیشانە ناسینییەکان.

ناوی ئەم نیشانانە “ئەرێنی”یە. بە مانای ئەوە نییە کە باشن، بەڵکوو ئەو نیشانانەن کە هێمای لە ئاسایی دەرچوونی هەڵسوکەوت و بیر و باوەڕی نەخۆشن. بە واتایەکی تر ئەو ئاڵوگۆڕییانەن کە پێشتر نەبوون و ئێستا لە هەڵسوکەوتی نەخۆشدا خۆیان دەنوێنن و بریتین لە:

نیشانە ئەرێنییەکان

  1. وەهم: وەهم بریتییە لە ئەزموونکردنی هەستێک کە بوونی نییە. بەو واتایە کە نەخۆش دەنگ، بوونی شتێک یان کەسێک، ڕەنگ، بۆن یان هەستگەلێک ئەزموون دەکات کە ڕاستەقینە نین. وەهم زیاتر بە بیستنی دەنگگەلێک کە ڕاستەقینە نین خۆی دەنوێنێت. نەخۆش دەنگێک یان چەندین دەنگ دەبیستێت کە قسەی بۆ دەکەن، فەرمانی پێدەدەن، لەگەڵی شەڕ دەکەن یان لە بارەی کردارەکانییەوە قسەی بۆ دەکەن. ئەم دەنگانە زۆر جار دزێو و پڕ لە ڕقن و نەخۆشەکە بە تەواوی باوەڕیان پێدەکات کە ڕاستن. جگە لە بیستن، وەهمی بینین، بۆن، تام و هەستکردن بە دەستلێدان لە شتێکی ناڕاستەقینەش لە خۆ دەگرێت.
  2. باوەڕگەلی ناڕاستەقینە: باوەڕگەلێکی بەهێز و تەواو ناڕاستن کە نەخۆش بە تەواوی باوەڕی پێیان هەیە و بە هیچ شێوازێک نایەوێت بیانگۆڕێت. هەرچەندەش بەڵگەی زانستی و ڕاستەقینەی پێ نیشان بدرێت کە بیر و باوەڕەکەی هەڵەیە بێسوودە.
  3. چەند جۆر باوەڕی ناڕاست هەیە: ١. باوەڕی ئازارپێگەیاندن: نەخۆش باوەڕی وایە کەسێک یان کۆمەڵێک شوێنی کەوتوون و دەیانەوێت ئازاری بدەن و زیانی پێبگەیەنن. وەک باوەڕی ئەوەی پۆلیس، بکووژێک یان بوونەوەرێکی نادیار وەشوێنی کەوتوون. ٢. باوەڕی سەرچاوەیی: نەخۆش باوەڕی وایە کە ڕێکلامی تەلەفزیۆن، گۆرانی، پرۆگرامەکانی تەلەفزیۆن یان کەسانی سەر شەقام بە تایبەتی بۆ ئەو قسە دەکەن و سەرچاوەی قسەکانیان دەگەڕێنەوە سەر ئەو و پەیامێکی تایبەتی پێدەگەیەنن. ٣. باوەڕی مەزنبوون: باوەڕی وایە کەسایەتییەکی زۆر گرینگە، وەک پادشا، پێغەمبەر یان کەسایەتییەکی دیاریکراو و بەتوانایە کە تواناییگەلێکی نائاسایی و سەرووی مرۆڤی تری هەیە. ٤. باوەڕی کۆنترۆڵکردن: باوەڕی وایە کە هەست و بیرۆکەکانی خۆی لەلایەن هێزێکی نادیارە و لە دەرەوە کۆنتڕۆڵ دەبێت و بیرۆکەکانی هی خۆی نین و لەلایەن یەکێکی ترەوە دێنە مێشکییەوە.
  4. ناڕێکی بیرکردنەوە و قسەکردن: لەم نیشانەیەدا نەخۆش ناتوانێت بیرۆکەکانی  ڕێکوپێک بکات و پێوەندی لە نێوان بیرۆکەکانیدا دروست بکات. ئەمەش خۆی لە شێوازی قسەکردنیدا دەردەکەوێت. نەخۆش کاتێک قسە دەکات قسەکانی سەبارەت بە بابەتێک دەپچڕێنێت و لە بابەتێکەوە دەچێت بۆ بابەتێکی تر کە پێوەندی بە بابەتی پێشوو نییە. هەروەها نەخۆش ڕەنگە وشەی دروستکراو و داهێنراوی خۆی بەکار بێنێت.  
  5. هەڵسوکەوتی ناڕێک و نائاسایی: ئەم نیشانەیە لە هەڵسوکەوتی نەخۆشەکەدا دەردەکەوێت. هەڵسوکەوتی نەخۆش نادیار و ناڕێک و زۆر منداڵانە دەبێت. ڕەنگە ئەرکەکانی لەبیر بچێتەوە، نەتوانێت ئیشی رۆژانەی بکات، بە شێوازێکی زۆر ناڕێک و نائاسایی بدوێت یان بەبێ مەبەست بڕوات بۆ شوێنێک. نیشانەیەکی تری ئەم بەشە بریتییە لە “کاتاتۆنیا” کە تێیدا نەخۆش ناجووڵێتەوە، قسە ناکات و وەڵامی هیچ پرسیارێک ناداتەوە  یان لە بێهۆشیدا دەبێت.

نیشانە نەرێنییەکان

ئەم نیشانانە بە “نەرێنی” ناویان لێ دەبەن چون تایبەتمەندییەکی ئاسایی و درووست لە مرۆڤدا لەناو دەچێت. ئەم نیشانانە قورسترن بۆ چارەسەرکردن و زۆر جار لە ژیانی ڕۆژانە و کار و پێوەندیی نێوان کەسیدا هۆکاری کێشەکانن.

  1. کەمبوونەوەی هانا: کەمبوونەوەی هانا وشەیەکی گونجاوە بۆ ئەو کەسانەی ناتوانن یان نایانەوێت ئەرکەکانی ژیانیان بەجێ بهێنن. نەخۆش ڕەنگە بۆ کاتژمێرێکی زۆر بەبێ هیچ مەبەستێک دابنیشێت و لەبەر بیرۆکەکانی نەچێتە دەرەوە یان نەتوانێت خواردنەکەی ئامادە بکات یان خۆی بشوات.
  2. کەمبوونەوەی ڕادەی دەربڕینی هەست: هەستەکانی ڕووخسار و دەربڕینی هەستەکانی نەخۆش زۆر کەم دەبێتەوە. دەنگێکی لاواز، ڕووخسارێکی بێهەڵپە و کەمبوونەوەی جووڵەی چاو لەو نیشانانەن. نەخۆش ناتوانێت ھەستی خۆی بە شێوازێکی ئاسایی دەرببڕێت.
  3. کەمبوونەوەی قسەکردن: کەمبوونەوەی قسەکردن یان نەبوونی ناوەرۆکێکی مانادار بۆ قسەکانی نەخۆش دانەیەکی تر لەو نیشانانەیە. نەخۆش وەڵامی پرسیارەکان تەنیا بە وشەیەک یان زۆر بە کورتی دەداتەوە و ناتوانێت بە تێروتەسەلی قسە بکات.
  4. کەمبوونی دڵخۆشی و بەختەوەری: نەخۆش حەزی لەو کارانە نابێت کە پێشتر حەزی لێی بووە، وەک وەرزش، گەڕان، بینینی ھاوڕێیان.
  5. کەمبوونەوەی پێوەندییەکانی لە کۆمەڵگا: نەخۆش حەزی بە پێوەندیگرتن لەگەڵ مرۆڤەکان نییە و زیاتر لە تەنیاییدا دەمێنێتەوە.

نیشانە ناسینییەکان

ئەم نیشانانە کاریگەرییان لەسەر توانای مێشک و بیرەکانی نەخۆش دەبێت. زۆر جار ئەم نیشانانە زۆر ناسراو نین بەڵام کاریگەرییەکی زۆر گەورەیان هەیە لەسەر ژیانی ڕۆژانەی نەخۆش.

  1. کێشە لە وەرگرتنی زانیاریی نوێ و بەکارهێنانیان: نەخۆش زانیارییەکانی زۆر کەم دەبێتەوە و ناتوانێت زانیاریی نوێ وەرگرێت و کەڵکیان لێ وەرگرێت.
  2. کێشە لە تێگەیشتنی ڕاستەقینە: توانای پلاندانان، ڕێکخستنی ئیشەکان، دەست پێکردنی کارێکی نوێ و دروستکردنی پێوەندی لە نێوان زانیارییەکاندا لاواز دەبێت.
  3. کێشە لە تێگەیشتنی تاکەکەسی: نەخۆش ناتوانێت کێشەکانی ژیانی ڕۆژانەی خۆی چارەسەر بکات و بڕیاری دروستیان بۆ بدات.

هۆکار و فاکتەرە مەترسیدارەکانی تووشبوون بە سکیزۆفرینیا

زانستوانان تا ئێستا هۆکاری تەواو و ڕوون بۆ تووشبوون بە سکیزۆفرینیایان نەدۆزیوەتەوە بەڵام پێیان وایە کۆمەڵێک فاکتەر بۆ تووشبوون بەو نەخۆشییە کاریگەرییان هەیە.

  • فاکتەری بۆهێڵی: توێژینەوەکان دەریانخستووە کە سکیزۆفرێنیا پێوەندی بە بۆهێڵەوە هەیە. ئەگەر خزمێکی نزیکت تووشی سکیزۆفرێنیا بێت، ئەگەری تووشبوونت زیاد دەکات. بۆ نموونە: ئەگەر برایەک یان خوشکێک تووش بێت، ئەگەری تووشبوون نزیکەی ١٠%ە. ئەگەر دایک یان باوک تووش بن، ئەگەری تووشبوون نزیکەی ٤٠%ە. ئەگەر یەکێک لە دووانەکان تووش بێت، ئەگەری تووشبوونی دووانەکەی تر نزیکەی ٥٠%ە. بەڵام ئەمە بە تەواوی لەبەر هۆکاری بۆهێڵەکان نییە. زۆریەک لەوانەی بۆهێڵی سکیزۆفرێنیایان هەیە ڕەنگە هەرگیز تووشی ئەو نەخۆشییە نەبن.
  • فاکتەرە ژینگەییەکان: فاکتەرە ژینگەییەکان ڕۆڵێکی زۆر گرینگیان هەیە لە دەرکەوتنی نیشانەکان، بە تایبەتی لەوانەی بۆهێڵە مەترسیدارەکانیان هەیە.

چارەسەری بە دەرمان  (Medication)

ئەو دەرمانە پزیشکییانەی وا بۆ چارەسەرکردنی شێزوفرینیا بەکار دەهێنرێن پێیان دەوترێت “دەرمانی دەروونیی دژەپەشێوی  .(Antipsychotics)ئەم دەرمانانە کاریگەرییان لەسەر کیمیای مێشک دەبێت، بە تایبەت سیستەمی دۆپامین (بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نیشانەکان).

دەرمانە دژەپەشێوییە کۆنەکان (Typical Antipsychotics):

وەک Haloperidol و Chlorpromazine. ئەم دەرمانانە کاریگەریی باشیان هەیە لەسەر نیشانە ئەرێنییەکان، بەڵام کاریگەریی کەمیان هەیە لەسەر نیشانە نێگەتیڤەکان. لایەنە کاریگەرییە دەرەکییەکەیان زۆرە، وەک جووڵە نائاساییەکانی لەش  (Extrapyramidal Symptoms)

دەرمانە دژەپەشێوییە نوێیەکان (Atypical Antipsychotics):

وەک Risperidone، Olanzapine، Quetiapine، Clozapine. ئەم دەرمانانە هەردوو نیشانە ئەرێنی و نێگەتیڤەکان چارەسەر دەکەن و لایەنە کاریگەرییە لاوەکییەکانیان کەمترە، بەڵام دەکرێت کاریگەرییان لەسەر کێشی لەش و شەکرە و کۆلسترۆڵ هەبێت.

چارەسەریی قەیران بە شێوازی ئێلێکتریکی (Electroconvulsive Therapy – ECT):

لە هەندێک دۆخی تایبەتدا، وەک کاتێک دەرمان لەسەر نەخۆش کاریگەری نابێت یان لە قەیرانی کاتاتۆنیادا بەکار دەهێنرێت. ئەم چارەسەرکردنە لە بێهۆشیدا بۆ نەخۆش دەکرێت و زۆر باشە.

چارەسەریی قەیران و نەخۆشخانە (Hospitalization):

لە کاتی قەیران و کاتی توندی نیشانەکان، نەخۆش پێویستە لە نەخۆشخانە بێت بۆ و پاراستنی خەڵکانی تر. ماوەی مانەوە لە نەخۆشخانە بە گشتی کورتە.

ڕاهێنانی کارکردن و دروستکردنی پێوەندی  (Vocational and Social Rehabilitation):

تایبەتە بە ئەوەی نەخۆش بتوانێت کارەکانی بکات و پێوەندیی کۆمەڵایەتی دروست بکات. یارمەتیی نەخۆش دەدرێت کە کارێک بدۆزێتەوە یان یارمەتی دەدەن خوێندەوار بێت.

ڕاهێنانی توانا (Skills Training):

ڕاهێنانی تواناکانی ژیانی ڕۆژانە، وەک چۆنیەتیی ئامادەکردنی خواردن، چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی پارەی خۆی و چۆنیەتیی پێوەندیی کۆمەڵایەتی. هەروەها ڕاهێنانی تواناکانی کارکردن بۆ ئەوەی نەخۆش بتوانێت کارێک بدۆزێتەوە.

چارەسەری پشتگیریکردنی خێزان (Family Therapy):

خێزان یەکێک لە گرینگترین پاڵپشتییەکان بۆ نەخۆشە. ئەم جۆرە چارەسەرە یارمەتیی خێزان دەدات کە لە نەخۆشییەکە، نیشانەکانی، چۆنیەتیی هەڵسوکەوت و چۆنیەتیی پشتگیریکردن لە نەخۆشەکە تێبگات و کێشەی نێو خێزان کەم بکاتەوە.

چارەسەریی پێوانەیی-ڕەفتاری (Cognitive Behavioral Therapy – CBT):

چارەسەرییەکی زۆر کاریگەرە کە یارمەتیی نەخۆش دەدات کە تێبگات لە نیشانەکانی و فکری نەریتیی خۆی بگۆڕێت. CBT  یارمەتیی نەخۆش دەدات کە فکری نەریتی وەک دەنگەکان و باوەڕە ناڕاستەقینەکان ڕەت بکاتەوە یان کەمتر کاریان لەسەر بکات.

بەردەوامبوون لەسەر دەرمان:

وەستاندنی دەرمان یان بە ڕێکوپێک بەکارنەهێنانیان یەکێکە لە گەورەترین کێشەکان. نەخۆش پێویستە هەمیشە لە ژێر چاودێریی پزیشکدا بێت و دەرمانەکانی بە ڕێکوپێکی بخوات.

چارەسەریی دەروونی (Psychotherapy):

دەرمان بە تەنیا بەس نییە. چارەسەریی دەروونی یارمەتیی نەخۆش دەدات کە لەگەڵ نەخۆشییەکەدا بژیت و ژیانی باشتر بێت.

ژیان لەگەڵ نەخۆشی سکیزۆفرێنیا: ڕێنوێنی بۆ نەخۆش و خێزان

ڕێنمایی بۆ نەخۆش:

  • دەرمانەکەت بە ڕێکوپێکی بخۆ: ئەمە گرینگترین هەنگاوە. ئەگەر کاریگەریی لاوەکی هەیە، لەگەڵ پزیشکەکەتدا باسی بکە.
  • ڕۆژانە چالاکی بکە: وەرزش، گەڕان، هونەر کاریگەریی زۆر باشی هەیە لەسەر دەروون.
  • خواردنی تەندروست بخۆ: خواردنی تەندروست کاریگەری لەسەر تەندروستیی گشتی هەیە.
  • خەوی باشت هەبێت: کەمیی خەو دەتوانێت نیشانەکان تووندتر بکات.
  • لە کاری کۆمەڵایەتیدا بەشدار بە: خەریکی کارێک بە و لە کۆمەڵگادا بەشدار بە.
  • لەگەڵ پزیشک و چارەسەرکەرەکەتدا ڕاستگۆ بە: هەموو نیشانە نوێ و گۆڕانکارییەکان باس بکە.
  • پلانی تایبەت بە کاتی قەیران دروست بکە: بزانی کە لە کاتی قەیراندا کە کێ بانگ بکەیت و ئەو کەسە چی بکات.

ڕێنوێنی بۆ خێزان و هاوڕێکان:

  • زانیاری بە دەست بهێنە: هەوڵ بدە زانیاری لەسەر نەخۆشییەکە بە دەست بهێنیت.
  • پاڵپشتی نەخۆشەکەت بە: بیسەری باش بە، بە تەنیا جێ مەهێڵە.
  • ڕێگای دواندنی نەخۆش: نەخۆش بە دروستی و هوشیارانە و دلۆڤانی قسە بکە، بە ڕەقی و توندی نا.
  • لە نیشانەکانی قەیران بزانە: ئەگەر نەخۆشەکە قسەی خۆکوشتنی کرد، زۆر ترسا یان نیشانەی قەیرانی هەبوو، یارمەتیی پزیشکی بەپێی پێویست بە دەست بهێنە.
  • پێویستە پشتگوێی نەخەیت: چارەسەرکردنی سکیزوفرینیا درێژخایەنە. دەبێت هەوڵ بدەیت بە هێمنی و هێوری نیشانەکان ببینیت تا نەخۆشەکە ڕزگار دەبێت.
  • Share:

Leave Your Comment