لە قوڵایی مێشکدا بەشێک هەیە کە پێی دەوترێت (substantia nigra) کە هەندێک لە خانەکانی دۆپامین دروست دەکەن. جووڵەی نەرم و هەماهەنگی ماسولکەکانی جەستە بەهۆی دۆپامینەوە دەکرێت. لە نەخۆشیی پارکینسۆندا خانەکانی نێو بەشی “سابستەنشیا نیگرا” دەست دەکەن بە مردن و ئاستی دۆپامین کەم دەبێتەوە. کاتێک ئاستی دۆپامین لەسەدا ٦٠بۆ٨٠ دادەبەزێت، نیشانەکانی نەخۆشی پارکینسۆن دەست پێدەکات.
هۆکاری نەخۆشیی پارکینسۆن
هۆکاری سەرەکیی نەخۆشیی پارکینسۆن نادیارە. بەشێک لە پزیشکەکان پێیان وایە ئەم نەخۆشییە بەهۆی کێشەی بۆهێڵی و ژینگەییەوە ڕوو دەدات. هەروەها پرۆتینی نائاسایی کە پێی دەوترێت “جەستەی لیوی” لە مێشکی ئەو کەسانەی کە ئەم نەخۆشییەیان هەیە دەبینرێت. لێکۆڵینەوەکان لەسەر “ڕۆڵی جەستەی لیوی” لە دروستکردنی ئەم نەخۆشییە بەردەوامن.
کێ لە مەترسی تووشبوون بە پارکینسۆندایە؟
ئەو هۆکارانەی مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکە زیاتر دەکەن بریتین لە:
- ڕەگەز (ژن یا پیاوبوون): پیاوان ١.٥ هێندەی ژنان ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکە زیاترە.
- ڕەگەز (نژاد): توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن کە نەخۆشییەکە لە کەسانی سپی پێستدا زیاترە لەچاو باقی ڕەگەزەکانی تر، وەکوو کەسانی ڕەشپێست یان ئاسیاییەکان. هەروەها شوێنی جوغرافیایی ڕەنگە هۆکارێک بێت بۆ زیادبوونی مەترسییەکان.
- تەمەن: نەخۆشییەکە زیاتر لە نێوان تەمەنی ٥٠ بۆ ٦٠ ساڵیدا ڕوو دەدات.
- مێژووی بنەماڵەیی: ئەو کەسانەی ئەندامانی خێزانی نزیکیان ئەم نەخۆشییەیان هەیە، مەترسی زیاتریان لەسەرە.
- ژەهر: بوونی هەندێک ژەهر لەنێو جەستەدا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکە زیاد دەکات.
- برینداربوونی سەر: ئەو کەسانەی سەریان بریندار دەبێت لەوانەیە مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکە زیاتر بێت.
- هەندێک گۆڕانکاری بۆهێڵی تایبەت دەتوانێت مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکە زیاد بکات.
چۆن دەزانیت نەخۆشیی پارکینسۆنت هەیە؟
نەخۆشیی پارکینسۆن پێوەندی بە چەندین نیشانەی جۆراوجۆرەوە هەیە کە بە تێپەڕبوونی کات و لەگەڵ پێشکەوتنی نەخۆشییەکە دەردەکەون.
- نیشانە سەرەتاییەکانی نەخۆشیی پارکینسۆن:
-
هەندێک لە نیشانە سەرەتاییەکانی نەخۆشییەکە دەتوانێت چەند ساڵێک پێش دەستپێکردنی کێشەکانی جووڵە دەست پێبکات. ئەم نیشانە سەرەتاییانە بریتین لە:
کەمبوونەوەی توانای بۆنکردن
قەبزی
بچووکبوونەوەی شێوازی نووسینی وشەکان
گۆڕانی دەنگ
لاربوونی جەستە - نیشانەکانی جووڵەی نەخۆشییەکە:
-
چوار کێشەی سەرەکیی جووڵە کە لە نەخۆشیی پارکینسۆندا دەبینرێن بریتین لە:
لەرزین: لەرزین لە کاتی پشوودان، زیاتر لە دەست، قاچ، یان سەر.
هێواشبوونەوەی جووڵە (bradkinesia) : جووڵە هێواشەکان وا دەکەن ئەنجامدانی چالاکییەکانی ڕۆژانە قورس بێت.
ڕەقبوونی قۆڵ و قاچ و شان: ڕەقبوونی ماسوولکەکانی ئەم شوێنانەی کە ڕەنگە ببێتە هۆی سنوورداربوونی جووڵە و ئازار.
کێشە لە پاراستنی هاوسەنگیی جەستە و کەوتنی بەردەوام: چەتوونی پاراستنی هاوسەنگی، کە لەوانەیە ببێتە هۆی کەوتن. - نیشانە لاوەکییەکانی نەخۆشییەکە:
-
نیشانە لاوەکیەکانی ئەم نەخۆشییە بریتین لە:
دەموچاوێکی بێهێز و بێهەست
ڕەقبوونی جەستە و بەردەوام لەسەر زەوی بوون
قسەگەلی بێ مانا
قسەکردن بە دەنگی نزمەوە
کەمبوونەوەی توانای چاوتروکاندن و قووتدان
مەیل بۆ خۆ وەدواخستن
کەمبوونەوەی جووڵەی دەست لە کاتی ڕۆشتندا
ڕۆیشتن لە کاتی نەخۆشیی پارکینسۆندا: هەنگاوەکان بچووک و هێواش دەبنەوە - نیشانەکانی تری ئەم نەخۆشییە
-
نیشانەکانی تری پەیوەست بەم نەخۆشییە بریتین لە مانەی خوارەوە:
هەوکردنی پێستێکی چەور لەسەر جەستە
زۆربوونی مەترسیی تووشبوون بە مێلانۆما (جۆرێکە لە شێرپەنجەی پێست)
تێکچوونی خەو: نەخۆش لە کاتی خەودا قسە دەکات یان بە ڕێگادا دەڕوات
خەمۆکی و دڵەڕاوکێ
تووشی وەهم بوون و تێکچوونی دەروون
تێکچوونی سەرنجدان و بیرەوەری
نەتوانی لە تێگەیشتنی پەیوەندیەکانی نێوان دیترواوە و فەزا
نیشانەکانی پارکینسۆن لە ژنان هاوشێوەی نیشانەکانی پیاوانن؛ بەڵام توندی و شێوازی نیشانەکان لەوانەیە جیاواز بێت. بۆ نمونە ڕەنگە ژنان زیاتر تووشی نیشانەکانی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ ببن لەچاو پیاوان. ئەگەر تووشی هەر یەک لەم نیشانانەی سەرەوە بوویت، پێشنیار دەکەین دەستبەجێ سەردانی پزیشکی دەمار بکەیت.

قۆناغەکانی نەخۆشیی پارکینسۆن
نەخۆشیی پارکینسۆن نەخۆشییەکی بەرەوپێشچوویە و نیشانەکانی بە تێپەڕبوونی کات زیاتر خراپ دەبن. زۆربەی پزیشکەکان پێوەرەکانی “هۆهین “و “یاهر” بەکار دەهێنن. ئەم پێوەرە نیشانەکان دەکاتە پێنج قۆناغ و یارمەتیی پسپۆڕانی تەندروستی دەدات لەوە تێبگەن کە نیشانەکانی نەخۆشییەکە چەندە پێشکەوتوون.
1 . قۆناغی یەکەم: ئەم قۆناغە ئەوەندە سووکە کە لەوانەیە کەسەکە هیچ نیشانەیەکی بەرچاوی نەبێت. سەرەڕای ئەوەش نیشانەکانی نەخۆشییەکە ڕەنگە تەنیا لە لایەکی جەستەدا هەستی پێبکرێت.
2.قۆناغی دووهەم: پێشکەوتن لە قۆناغی یەکەمەوە بۆ قۆناغی دووهەم لەوانەیە چەند مانگێک یان تەنانەت ساڵێکیش بخایەنێت. نیشانەکانی ئەم قۆناغە بریتین لە:
- ڕەقبوونی ماسوولکەکان
- لەرز
- گۆڕانکاری لە دەربڕینی هەست لە دەموچاودا
- لەم قۆناغەدا ڕەنگە نیشانەکانی لە هەر دوو لای لەش دەربکەو.
3. قۆناغی سێیەم: لەم قۆناغەدا نیشانەکان زۆر بەرچاو دەبن و لەوانەیە کاریگەری لەسەر ئەرکەکانی ڕۆژانەی کەسەکە هەبێت. سستبوونی جوڵە و چەتوونیی پاراستنی هاوسەنگی و کەوتن نیشانە باوەکانی ئەم قۆناغەن. لەگەڵ دەستپێکردنی چارەسەرکردن، کەسانی ئەم قۆناغە بە گشتی دەتوانن سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن و چالاکییەکانیان بەبێ هاوکاری ئەنجام بدەن.
4. قۆناغی چوارەم: پێشکەوتن لە قۆناغی سێهەم بۆ قۆناغی چوارەم گۆڕانکارییەکی زۆر بەرچاوە. لەم قۆناغەدا ڕاوەستان بەبێ واکێر یان یارمەتیدەری جووڵە زۆر چەتوون دەبێت. هەروەها جوڵەی ماسولکەکان بە شێوەیەکی بەرچاو سست دەبێتەوە. ٥. قۆناغی پێنجەم: قۆناغی پێنجەم پێشکەوتووترین بەشی ئەم نەخۆشییەیە و نیشانەکانی هێندە توندن کە کەسەکە پێویستی بە یارمەتیی کەسانی تر لە هەموو کاتژمێرەکانی ڕۆژدا هەیە. لەم قۆناغەدا وەستان قورس دەبێت و ڕەنگە مرۆڤەکان تووشی سەرلێشێواوی و تێکچوونی دەروونی و وەهم بن.

خۆپاراستن لە نەخۆشی پارکینسۆن لە کەسانی بەساڵاچوودا
وەک ئاماژەمان پێکرد نیشانە سەرەتایی و لاوەکییەکانی ئەم نەخۆشییە زۆرجار لە تەمەنی پیریدا دەردەکەون. جگە لەوەش پزیشکەکان بە تەواوی تێناگەن هۆکاری نەخۆشیی پارکینسۆن چییە؛ بۆیە تا ئێستا چۆنیەتیی خۆپاراستن لەم نەخۆشییە ڕوون نییە. توێژینەوە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هۆکارەکانی وەک وەرزش و خۆراکێک کە دژەئۆکسێنەرەکانی هەبێت ڕەنگە بەرامبەر بەم نەخۆشییە کاریگەریی پارێزەریان هەبێت.
دەستنیشانکردنی نەخۆشیی پارکینسۆن
هیچ پشکنینێکی دیاریکراو نییە بۆ دەستنیشانکردنی ئەم نەخۆشییە، پزیشکیش بە پشتبەستن بە مێژووی پزیشکی و پشکنینی جەستەیی و دەمار، هەروەها پێداچوونەوە بە نیشانەکانی نەخۆشییەکە دەستنیشانی دەکات. لەوانەیە پزیشک پشکنین لە رێگای وێنەگرتن بەکار بهێنێت، وەک سی تی سکەن، ئێم ئاڕ ئای، یان گواستنەوەی دۆپامین (DAT) بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە. ئەم پشکنینانە نەخۆشیی پارکینسۆن پشتڕاست ناکەنەوە، بەڵام دەتوانن یارمەتیدەر بن لە ڕەتکردنەوەی حاڵەت و نەخۆشییەکانی تر.
هەروەها ئەوەت لە بەرچاو بێت کە جەڵتەی مێشک دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بەو ناوچانەی مێشک کە بەشدارن لە جوڵە و هەماهەنگیدا. ئەم تێکچوونە دەبێتە هۆی نیشانەکانی هاوشێوەی نەخۆشی پارکینسۆن. تایبەتمەندییەکانی نەخۆشی پارکینسۆن دوای جەڵتەی مێشک بریتین لە:
- لەرز
- ڕەقبوونی ماسولکەکان
- سسستبوونی جوڵە
چارەسەریی نیشانەکانی جووڵەی دوای جەڵتەی مێشک، چاکسازی و چارەسەریی فیزیایی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ باشترکردنی کارکردنی جووڵەی کەسەکە.
چارەسەری نەخۆشیی پارکینسۆن
باشتربوونی ئەم نەخۆشیە پێوەندی بە چەند هۆکارەوە هەیە: توندیی نەخۆشییەکە، کەی نەخۆشییەکە دەستنیشانکراوە، هەروەها تەمەنی کەسەکە. بەگشتی شێوازەکانی چارەسەریی ئەم نەخۆشییە بریتین لە:
1. چارەسەری دەرمان
ئەو دەرمانانەی کە بۆ چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییە دەنووسرێن بریتین لەمانەی خوارەوە:
- لیڤۆدۆپا: لیڤۆدۆپا باوترین چارەسەرە بۆ نەخۆشیی پارکینسۆن. ئەم دەرمانە یارمەتی گەڕاندنەوەی ئاستی دۆپامین دەدات. نزیکەی لەسەدا ٧٥ی نەخۆشەکان لیڤۆدۆپا کاریگەری لە سەریان هەیە، بەڵام هەموو نیشانەکانیان باشتر نابێت. زیاتر لیڤۆدۆپا بە تێکەڵکردن لەگەڵ کاربیدۆپا دەنووسرێت.
- کاربیدۆپا: کاربیدۆپا تێکچوونی لیڤۆدۆپا وەدوا دەخات و بەردەستبوونی لیڤۆدۆپا لە سەرانسەری بەربەستی خوێن-مێشکدا زیاد دەکات.
- ئاگۆنیستەکانی دۆپامین: ئاگۆنیستەکانی دۆپامین دەتوانن کارکردنی دۆپامین لە مێشکدا تەقلید بکەن. ئەوان کەمتر کاریگەرییان هەیە لەچاو لیڤۆدۆپا، بەڵام دەتوانن وەک دەرمانی مامناوەند بەسوود بن کاتێک لیڤۆدۆپا کەمتر کاریگەرە. دەرمانی دۆپامین ئاگۆنیست بریتین لە “برۆمۆکریپتین”، “پرامیپێکسۆڵ” و” ڕۆپینیرۆل.”
- دەرمانی دژەکۆلینەرژیک: دەرمانی دژەکۆلینێرژیک بەکار دەهێنرێت بۆ ڕێگریکردن لە سیستەمی دەماری پاراسیمپاتیک. دەتوانن یارمەتیدەر بن لە کەمکردنەوەی ڕەقبوونی ماسولکەکان.” بەنزترۆپین “و” ترایهێکسیفینیدیل “دەرمانی دژە کۆلینێرژیکن کە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیی پارکینسۆن بەکار دەهێنرێن.
- ئامانتادین (سیمتێل): دەتوانرێت ئەمانتادین لەگەڵ کاربیدۆپا-لیڤۆدۆپا بەکار بهێنرێت. ئەم بلۆکەرەی گلوتامات (NMDA) یارمەتی دەدات بۆ دابینکردنی ڕزگاربوونێکی کورتخایەن لە جووڵە ناجۆرەکان (دیسکینیسیا) کە بەهۆی لیڤۆدۆپاوە دروست دەبن.
- ڕێگریکەرانی COMT: ڕێگریکەرانی کاتکۆل O-methyltransferase (COMT) کاریگەری لیڤۆدۆپا درێژ دەکەنەوە.
- ڕێگریکەرانی MAO-B: ڕێگریکەرانی MAO-B ئەنزیمی “مۆنۆئەمین ئۆکسیدایز بی” ڕێگری دەکەن. ئەم ئەنزیمە دۆپامین لە مێشکدا دەشکێنێت. “سێلێجیلین “و” ڕاساجیلین” نموونەی ڕێگریکەرانی MAO-Bن.
لەبیرت بێت کاریگەریی دەرمانەکانی پارکینسۆن بە تێپەڕبوونی کات کەم دەبێتەوە؛ بۆیە هەر تەنیا ئەو دەرمانانە مەخۆ.
2. نەشتەرگەری پارکینسۆن
دەستێوەردانەکانی نەشتەرگەری بۆ ئەو کەسانە لە بەرچاو دەگیرێن کە دەرمان و چارەسەرکردن و گۆڕانکاری لە شێوازی ژیاندا کاریگەریی زۆری نەبووە لەسەریان. ئەو نەشتەرگەرییانەی کە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی پارکینسۆن بەکار دەهێنرێن بریتین لە:
- هاندانی قووڵی مێشک (DBS) : لە هاندانی قووڵی مێشکدا، پزیشکانی نەشتەرگەر ئەلکترۆد لە ناوچە تایبەتەکانی مێشکدا دەچێنن. هاندەری دەمارەکان پەستانی کارەبایی دروست دەکات و دەینێرێت بۆ ئەوەی یارمەتیی کەمکردنەوەی نیشانەکان بدات.
- چارەسەریی پەمپ: ئەم پەمپە لە نزیک ڕیخۆڵە باریکە دادەنرێت و دەرمانی لیڤۆدۆپا و کاربیدۆپا لە ڕێگەی ئەمەوە دەدرێنە جەستەی کەسەکە.
- وێنەی هاندەری دەمار کە بەستراوەتەوە بە مێشکەوە: پزیشک دەتوانێت ڕێکخستنەکانی هاندەری دەمارەکان بەپێی پێویستی نەخۆشەکە و توندبوونی نیشانەکانی بگۆڕێت.
3. چارەسەرکردنی نەخۆشی پارکینسۆن بە وەرزش
زۆرجار یۆگا بۆ بەڕێوەبردنی نیشانەکانی جوڵەی نەخۆشییەکە پێشنیار دەکرێت. یۆگا یارمەتیی بەهێزکردنی ماسولکەکان دەدات و جووڵە زیاد دەکات و بە بەکارهێنانی جووڵەی ماسولکەی ئامانجدار نەرمی باشتر دەکات. لەوانەیە ئەو کەسانەی نەخۆشیی پارکینسۆنیان هەیە بۆیان دەرکەوێت کە یۆگا تەنانەت کاریگەرە لە بەڕێوەبردنی لەرزین لە هەندێک ئەندامی تووشبوودا.
4- بۆ نەخۆشیی پارکینسۆن چی بخۆین؟
هەرچەندە ڕێجیمی خۆراک ناتوانێت نەخۆشیی پارکینسۆن چارەسەر بکات یان ڕێگری لە پێشکەوتنی بکات، بەڵام ڕێجیمێکی خواردنی تەندروست دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بەڕێوەبردنی نیشانەکانی نەخۆشییەکە. ئەو خۆراکانەی کە بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە باشن بریتین لە:
- ئەو خۆراکانەی ئانتی ئۆکسیدانیان هەیە: ئەو خۆراکانەی ئەو ماددەگەلەیان هەیە، وەک گوێز و توو و سەوزی، دەتوانن یارمەتیدەر بن لە ڕێگریکردن لە فشاری ئۆکسیدی و زیانگەیاندن بە مێشک.
- فاسۆلیا: فاسۆلیا کاریگەری وەکوو لیڤۆدۆپای هەیە، هەروەها خواردنی دەتوانێت سوودی هەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییە.
- ئۆمیگا ٣: ئەم چەورییە بەسوودە لە سەلەمون و موسڵحە و تۆوی کەتان و هەندێک لە دانەوێڵەکاندا هەیە.
- لە گەنمەشامیدا هەیە، دەتوانێت یارمەتی پاراستنی مێشک بدات لە زیان.
کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکەم؟
پێویستە پێداچوونەوە بۆ نیشانە و قۆناغەکان و شێوازەکانی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە بکەین. وەک ئاماژەمان پێدا تا ئێستا هۆکاری وردی ئەم نەخۆشییە نەدۆزراوەتەوە؛ بۆیە پێشنیار دەکەین بچووکترین نیشانەکان بە جددی وەربگریت و دەستبەجێ سەردانی پزیشکی دەمار بکەیت.
Leave Your Comment