یارمەتی خێرا
Advanced
Search
  1. Home
  2. هێرشی پەنیک
هێرشی پەنیک

هێرشی پەنیک

  • كانونی یه‌كه‌م 5, 2025
  • 0 Likes
  • 28 Views
  • 0 Comments

هێرشی پەنیک یەکێک لەو توندترین و ناخهەژێنترین ئەزموونانەیە ڕەنگە هەر مرۆڤێک بە درێژایی تەمەنی بۆ یەک جاریش بێت ئەزموونی بکات. زۆر کەس کاتێک بۆ یەکەم جار تووشی هێرشی پەنیک دەبن وا هەست دەکەن تووشی جەڵتەی دڵ بوون، هەندێک کەسیش وا هەست دەکەن خەریکە دەخنکێن یان تەنانەت دەمرن. توندیی نیشانەکانی ئەم بارودۆخە بە ڕادەیەکە تووشبووەکان دەکێشێتە نەخۆشخانە و پزیشکانی پسپۆڕ دوای پشکنین، هیچ نیشانەیەک لە نەخۆشیی جەستەیی نادۆزنەوە. سەرەڕای ئەوەی هێرشی پەنیک ئەزموونێکی ترسناک و لەناکاوە بەڵام چارەسەر و کۆنترۆڵ دەکرێت. ئەم نەخۆشییە وەک نەخۆشییەکی پێوەندیدار بە دڵەڕاوکێوە دێتە ئەژمار و بە زانیارییەکی زانستی و سەردانی پزیشک و دەرمانی گونجاو کوالێتیی ژیانی تووشبووان بە ڕادەیەکی بەرچاو باشتر دەبێت.

بەپێچەوانەی دڵەڕاوکێ کە دەتوانێت چەندین ڕۆژ درێژە بکێشێت، هێرشی پەنیک شەپۆلێکی کورتماوەیە. ئەم جیاوازییە لە توندی و خێرایی دەرکەوتنی نیشانەکان، یەکێک لە گرینگترین پێوەرەکانی دەستنیشانکردنە.
ئەم نەخۆشییە زۆرتر لە تەمەنی گەنجیدا ڕوو دەدات بەڵام بە گشتی دەتوانێت هەر کەسە و لە هەر تەمەنێکدا تووش بکات. خاڵی گرینگ ئەوەیە زۆریەک لە نەخۆشەکان بە هۆی، شەرم و ناوشیاری هێرشی پەنیک دەشارنەوە. هەر ئەم شاردنەوەیە پڕۆسەی چارەسەرکردن وەدوا دەخات و نەخۆشییەکە توندتر دەکات. لەم وتارەدا هەوڵ دەدەین بە زمانێکی سادە و باوەڕپێکراوی زانستی پێداچوونەوە بە تەواوی ڕەهەندەکانی هێرشی پەنیک بکەین. هۆکارەکان، نیشانەکان، ڕێگاکانی چارەسەر و ڕاسپاردەی پێویست بۆ کەمکردنەوەی ئەم هێرشە بخەینە بەر باس و لێکۆڵینەوە.

هێرشی پەنیک چییە؟

هێرشێکی لەناکاوە کە ترس و نیگەرانی دروست دەکات و لە ماوەی چەن خولەکدا بە لووتکەی خۆی دەگات و کۆمەڵێک نیشانەی جەستەیی و دەروونی لەگەڵدایە. کەسەکە ڕەنگە بەبێ بوونی هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە هەست بکات لەگەڵ مەرگدا بەرەوڕوو بووەتەوە یان کۆنترۆڵی مێشک و جەستەی لە دەست داوە. ئەگەر ئەم هێرشانە بەردەوام بن و ترسی دووبارەبوونەوەیان لەگەڵدا بێت، دەتوانین وەک نەخۆشیی پەنیک دیاری بکەین.

نیشانەکانی هێرشی پەنیک

نیشانەکانی هێرشی پەنیک زۆر و بەربڵاون و لەناکاو ڕوو دەدەن. کەسەکە هەست دەکات خەریکە دەبوورێتەوە، کۆنترۆڵی لە دەست دەدات یان دەمرێت. بەپێی پێوەرە زانستییەکان (سەرچاوە: Mayo Clinic, NIMH, APA) نیشانەکان بریتین لە:

نیشانە جەستەییەکان

  • لێدانی خێرای دڵ یان لێدانی نائاسایی (ناڕێک)
  • لەرزینی جەستە
  • ئارەقکردنی زۆر
  • هەستکردن بە خنکان یان هەناسەسواری
  • ئازاری سەر سنگ
  • هەستکردن بە گەرما یان سەرمای لەناکاو
  • هێڵنجدان یان ئازاری گەدە
  • سەرەگێژە یان هەستکردن بە سەرئاوکەوتن
  • هەستکردن بە قورسایی یان زەخت لە سەر قوڕگ

نیشانە دەروونییەکان

  • بەبێ هۆکار هەستکردن بە ترسی زۆر
  • ترس لە مردن
  • ترس لە شێتبوون
  • هەستکردن بە جیابوونەوە لە جەستە و دەوروبەر (Deoersonalization/Derealization)
  • هەستکردن بە لە دەستدانی کۆنترۆڵ

هەندێک لە نەخۆشەکان وا هەست دەکەن مێشکیان سڕدراوەتەوە، ناتوانن بیر بکەنەوە یان بە باشی ناتوانن تێبگەن ئەمە بە هۆی کەمبوونەوەی کاتیی خوێنگەیشتن بە کۆرتێکس (Cortex)ی  مێشکەوە لە کاتی دەردانی زۆری ئەدریناڵینەوە دروست دەبێت. هەر هێرشێکی پەنیک بە گشتی  ١٠ بۆ ٢٠ خولەک دەخایەنێت بەڵام کاریگەرییە دەروونییەکانی ڕەنگە چەندین کاتژمێر درێژە بکێشێت.

هۆکارەکانی هێرشی پەنیک

پزیشکەکان لەو بڕوایەدان هێرشی پەنیک دەرئەنجامی چەندین هۆکارە نەک تەنیا هۆکارێکی تایبەت. بەپێی لێکۆڵینەوە زانستییەکان:

هۆکارە بۆماوەییەکان

ئەو کەسانەی یەکێک لە کەسانی نزیکییان تووشبووی نەخۆشی پەنیکە، ئەگەری تووشبوونیان زیاترە. بۆهێڵەکان لە سەر هەستیاریی سیستەمی دەمار ڕۆڵێکی گرینگیان هەیە.

گۆڕانکاری مێشک و ناهاوسەنگی ماددە کیمیاوییەکان

تێکچوونی ڕێژەی هەندێک لە دەمارگوێزەرەوەکان (هەندێک ماددەی کیمیایی نێو مێشکن کە ئەرکی گواستنەوەی پەیامەکانی مێشکیان لە ئەستۆیە):

  • سیرۆتۆنین
  • نۆرئەدریناڵین
  • GABA

وا دەکات جەستە لە هەمبەر سترێس کاردانەوەیەکی توندی هەبێت.

لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن هەستیاریی لە ڕادەبەدەری ڕێسیڤەر (Receiver)ەکانی نۆرئادرناڵین لە مێشکدا دەتوانێت هێرشی لەناکاو دەست پێ بکات. هەروەها بەشێک لە لاسکی مێشک کە کۆنترۆڵی هەناسەدانی لە ئەستۆیە لەو کەسانەی  تووشبووی پەنیکن لە هەمبەر کاربۆن دی ئۆکساید هەستیارییەکی زیاتری هەیە.

سترێس و گوشاری درێژخایەن

کێشەی بنەماڵەیی، گوشاری ئیش و کار، ماتەمین، کێشەی ئابووری یان شۆکی سۆزداری (عاتیفی) دەتوانێت دەستپێکەری هێرشی پەنیک بێت.

دڵەڕاوکێ

ئەو کەسانەی دڵەڕاوکێی گشتگیر (GAD)، فۆبیا یان خەمۆکییان لەگەڵدایە زیاتر مەترسی تووشبوونیان لە سەرە.

نەخۆشییە جەستەییەکان

زۆر جار هێرشی پەنیک ئەم نەخۆشییانەی خوارەوە لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت:

  • کەمچالاکیی یان چالاکیی زۆری ڕژێنەی دەرەقی (Hyperthiroidism, Hypothiroidism)
  • دابەزینی شەکری خوێن
  • نەخۆشییەکانی پێوەندیدار بە دڵ
  • زۆر بەکارهێنانی کافایین
  • بەکارنەهێنانی ماددە ورووژێنەر (ماددەی هۆشبەر و هەندێک لە دەرمانەکان)

شێوەژیانی ناتەندروست

  • زۆرخواردنەوەی چا و قاوە
  • کەمخەوی
  • جگەرەکێشان
  • خۆراکی ناتەندروست

جەستە هەستیارتر دەبێت و ئەگەری ڕوودانی هێرشی پەنیک بەرز دەکاتەوە.

هێرشی پەنیک چۆن ڕوو دەدات؟

لەکاتی هێرشی پەنیک، مێشک بە هەڵە هەست بە مەترسییەکی گەورە دەکات تەنانەت ئەگەر مەترسییەکیش لە ئارادا نەبێت. ئەم کاردانەوە هاوشێوەی ئاگادارکەرەوەیەکە وا  جەستەمان لەکاتی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ مەترسییەکی ڕاستەقینە خۆی دەردەخات.

قۆناغەکان:

  • چالاکیی لەڕادەبەدەری ئامیگدال (ناوەندی لێکدانەوەی ترس لە مێشکدا)
  • ناردنی سیگناڵی باری لەناکاو بۆ سیستەمی دەمار
  • دەردانی هۆرمۆنی ئادریناڵین و نۆرئادریناڵین
  • لێدانی خێرای دڵ، هەناسەدانی خێرا و فڕینی ماسوولکە
  • جەستە دەچێتە حاڵەتی (شەڕ و هەڵاتن)

لەم نێوەدا کەسەکە هەست دەکات شتێکی زۆر ترسناک خەریکە ڕوو دەدات ،ئەمە لەحاڵێکدایە هیچ هەڕەشەیەک لە ئارادا نییە. لە کاتی هێرشی پەنیک، بەشێک لە مێشک بەناوی ( locus coeruleus) چالاک دەبێت. ئەم پێکهاتە ناوەندی سەرەکیی بەرهەمهێنانی نۆرئادرناڵینە و ورووژاندنی ئەم بەشەی جەستە دەخاتە حاڵەتی ئامادەباشەوە، تەنانەت ئەگەر هەڕەشەیەکیش نەبێت. سیستەمی دەماریی خۆکار کاردانەوەیەکی وەک چوونە نێو مەترسی لە خۆی نیشان دەدات.

چ هۆکارگەلێک مەترسیی هێرشی پەنیک دەبەنە سەرەوە؟

هێرشی پەنیک
  • پێشینەی بنەماڵەیی
  • دڵەڕاوکێ
  • ئەزموونی ڕووداوی دڵتەزێن
  • بەکارهێنانی ماددە ورووژێنەرەکان (کۆکایین، ئامفێتامین، خواردنەوە وزەبەخشەکان)
  • کەسایەتیی هەستیار، کەماڵخواز یان شڵەژاو
  • پێشینەی هەبوونی خەمۆکی
  • کەمخەویی درێژخایەن
  • گوشاری دەروونی، کاری
  • دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی
  •  فۆبیا

چۆن هێرشی پەنیک دەستنیشان دەکرێت؟

پشکنینی پزیشکی

بۆ ڕەتکردنەوەی نەخۆشییەکانی دڵ، ڕژێنەی دەرەقی یان نەخۆشیی جەستەیی

وتووێژ  لەگەڵ پزیشکی دەروونی

بەپێی پێوەرەکانی DSM-5 کاتێک:

  • هێرشەکان دووبارە ببنەوە.
  • کەسەکە نیگەرانی هێرشی داهاتوو بێت.

کردارەکانی بۆ پێشگرتن لە هێرشەکان بگۆڕێ.

هێرشی پەنیک دەستنیشان دەکرێت.

تاقیکارییەکان

بەپێی بارودۆخ:

  • هێڵکاریی دڵ (ECG)
  • پشکنینی خوێن
  • پشکنینی ڕژێنەی دەرەقی
  • پشکنینی ڕێژەی بەکارهێنانی کافایین یان دەرمان

چارەسەرکردنی هێرشی پەنیک

چارەسەریی ئەم نەخۆشییە لە دەرووندەرمانی، چارەسەریی دەرمانی و باشترکردنی شێوەژیان پێک هاتووە.

دەرووندەرمانی (چارەسەریی سەرەکی و کاریگەر)

چارەسەریی مەعریفی-کرداری (CBT)

کاریگەرترین ڕێگای چارەسەرە و بریتییە لە:

  • ناسینی بیرکردنەوەی هەڵە سەبارەت بە مەترسی
  • فێرکردنی ڕێگاکانی کۆنترۆڵکردنی دڵەڕاوکێ
  • چوونە نێو بارودۆخێکی مەترسیدار لە ژێر چاودێریی پزیشکدا

لێکۆڵینەوە زانستییەکان دەریانخستووە چارەسەریی CBT لە ٧٠ بۆ ٩٠ لە سەدی نەخۆشەکان، ئەگەری ڕوودانی هێرشەکان کەم دەکاتەوە.

چارەسەریی بەرەوڕووبوونەوە

کەسەکە بە هێواشی لەگەڵ ئەو نیشانانەی لێی دترسێت بەرەوڕوو بکرێتەوە تا مێشک دووبارە لەگەڵ دۆخی ئاساییدا خۆی هاواهەنگ بکات.

چارەسەریی دەرمانی

لە ژێر چاودێریی پزیشکدا بەکار دەهێنرێت.

دژەخەمۆکییەکان:  لە سەرەتاییترین دەرمانەکانی و ئالوودەکەر نین.

 بەنزۆدیازپینەکان: بۆ حاڵەتی توند بەکار دەهێنرێن و ڕەنگە ئالوودەبوونیان لەگەڵدا بێت.

باشترکردنی شێوەژیان

  • خەوی تەواو
  • چالاکیی جەستەیی بەردەوام
  • کەمکردنەوەی کافایین
  • خۆراکی تەندروست
  • مێدیتەیشن و ڕاهێنانی هەناسە
  • کەمکردنەوەی جگەرە و کحول

کەمبوونەوەی مەنیەزیۆم، B12 و ئۆمێگا-٣ دەتوانێت سیستەمی مێشک و دەمار هەستیار بکات هەر بەم بۆنەوە ڕێجیمێکی خۆراکی کە سەوزەوات، ناوکەکان، ماسی و دانەوێڵەی تێدا بێت بۆ کەمکردنەوەی هێرشەکان یارمەتیدەرە.

چۆن لەکاتی هێرشی پەنیک خۆمان کۆنترۆڵ بکەین؟

١.تەکنیکی هەناسە ٦-٤

  • لە ٤ چرکە هەناسە هەڵبمژە.
  • لە ٦ چرکە هەناسە دەربدە.
  • ١٠ جار دووبارەی بکەوە.

دەبێتە هۆی هێوربوونەوەی مێشک و دەمار

٢.چڕبوونەوە (تەرکیز) لەسەر  ڕاستییەکان

بە خۆت بڵێ:

“ئەم هێرشە مەترسیدار نییە و تێدەپەڕێت و پێوەندی بە جەڵتەوە نییە!”

تەکنیکی ٥-٤-٣-٢-١ بۆ پێوەندیگرتن لەگەڵ دەوروبەر:

  • ٥ شت ببینە.
  • دەست لە ٤ شت بدە.
  • ٣ شت ببیستە.
  • ٢ شت بۆن بکە.
  • ١ شت تام بکە.

بۆ کەمکردنەوەی هەستی جیابوونەوە لە دەوروبەر

٤.خواردنەوەی ئاو و کردنەوەی پەنجەرە

ڕێکارێکی سادەیە بەڵام زۆر کاریگەرە.

٥.دانیشتن یان ڕاکشان لە حاڵەتێکی ئارامدا

 بۆ تێپەڕینی هێرشەکە ئەگەر لە کاتی هێرشەکە لە شوێنێکی گشتی بوون، خاڵیکر ڕاوەستاو وەک دار یان بینایەک هەڵبژێرن و لەسەری چڕ ببنەوە، ئەم کارە سیگناڵە فرەچالاکەکانی ئامیگدال کەم دەکاتەوە.

کاریگەرییەکانی هێرشی پەنیک ئەگەر چارەسەر نەکرێت:

  • دوورکەوتنەوە لە بارودۆخە جیاوازەکان (وەک: چوونەدەر، لێخوڕین، بەکارهێنانی مەسعەدە)
  • ڕوودانی ئاگۆرافۆبیا (ترسان لە شوێنە گشتییەکان)
  • خەمۆکی
  • ئالوودەبوون بە دەرمان یان کحول
  • دابەزینی ئاستی ژیان و خوێندن
  • گرفت لە ئیش و کار
  • کێشەی بنەماڵەیی     

پێشگرتن لە هێرشی پەنیک

  • خەوی تەواو و ڕێک
  • کۆنترۆڵی سترێسی ڕۆژانە
  • کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کافایین
  • وەرزشکردن (پیاسە، یۆگا و مەلە)
  • هەبوونی بەرنامەیەکی خۆراکیی تەندروست
  • فێربوونی تەکنیکی ئارامکەرەوە
  • کەمکردنەوەی بەکارهێنانی مۆبایل پێش لە خەوتن
  • سەردانی پزیشکی دەروونی ئەگەر هێرشەکان دووبارە بوونەوە

کەی سەردانی پزیشک بکەین؟

  • ئەگەر هێرشەکە زیاتر لە جارێک ڕوو بدات
  • ئەگەر هێرشەکە توند بێ  و کار و باری ڕۆژانە تووشی کێشە بکات
  • ئەگەر لەگەڵ ترسێکی بەردەوام بێ بۆ هێرشەکانی داهاتوو
  • ئەگەر نیشانەی نوێ یان نائاسایی لەگەڵدا بێت
  • ئەگەر خەمۆکی یان بیرکردنەوەی نەرێنی لەگەڵ خۆیدا بهێنێت
هێرشی پەنیک

ئەزموونی هێرشی پەنیک هاوشێوەی چییە؟(بۆ تێگەیشتنی خوێنەران)

زۆر لە تووشبووان دەڵێن:

  • “دەتگوت دڵم هاتووەتە دەرەوە”
  • “هەستم دەکرد تووشی جەڵتەی دڵ بووم”
  • “نەمدەتوانی هەناسە بدەم”
  • “هەستم دەکرد خەریکە دەمرم”

کۆباس

هێرشی پەنیک ڕاستە ئەزموونێکی ناخهەژێنە بەڵام بە تەواوەتی چارەسەر و کۆنترۆڵ دەکرێت. ئەگەرچی نیشانەکانی دەتوانێت توند و هەندێک جار ترسهێنەر بن بەڵام ترسی فیزیکی نییە و بە چارەسەریی گونجاو ٧٠ لە سەدی تووشبووەکان دەگەڕێنەوە سەر دۆخی ئاسایی. گرنگترین شت ئەوەیە کە ئەو کەسە نابێ هەست بە تەنیایی بکات. ئەم تێکچوونە نەخۆشییەکی ڕاستەقینەیە و هۆکار و چارەسەرەکانیشی دیارن. بە چوونە لای پزیشکی دەروونی و بەکارهێنانی چارەسەریی زانستی و ڕەچاوکردنی شێوەژیانی تەندروست، ژیانێکی ئارام و بەبێ هێرشی پەنیک مسۆگەر دەبێت.

  • Share:

Leave Your Comment