یارمەتی خێرا
Advanced
Search
  1. Home
  2. فرەڕەقبوون یان ام اس :(Multiple sclerosis)  نەخۆشیی هەوکردنی مێشک و دڕکەپەتک
فرەڕەقبوون یان ام اس :(Multiple sclerosis)  نەخۆشیی هەوکردنی مێشک و دڕکەپەتک

فرەڕەقبوون یان ام اس :(Multiple sclerosis)  نەخۆشیی هەوکردنی مێشک و دڕکەپەتک

  • تشرینی دووه‌م 18, 2025
  • 0 Likes
  • 37 Views
  • 0 Comments

فرەڕەقبوون یان ام اس نەخۆشیی هەوکردنی مێشک و دڕکەپەتک نەخۆشییەکی هەمیشەییە. هاوڕێیە لەگەڵ هەوکردن. سیستەمی دەماری ناوەندی واتە مێشک و مۆخ سست دەکات. سیستەمی پاراستنی لەش بە هەڵە هێرش دەکاتە سەر توێژ و کالانی دەوروبەری ئەو دەزوولە دەمارییانەی کە ناویان میلینە. ئەو ڕەوتە بە ناوی دێمیلینەسازی ناسراوە و دەبێتە هۆکاری پەککەوتنی ڕاگوێزرانی نامەی کارەبایی نێوان مێشک و باقی ئەندامەکانی تری لەش. خەسارەکانی وەک پەڵە و زیانگەیاندن بە بەشە جیاوازەکانی سیستەمی دەماری ناوەندیدا بڵاو دەبنەوە و دەبنە هۆی سەرهەڵدانی نیشانەگەلێکی بەربڵاو.

بڵاوبوونەوەی MS یان فرەڕەقبوون

 ئەم نەخۆشییە سەرچەشنێکی جوگرافیی دیاریکراوی هەیە. بڵاوبوونەوەی لەگەڵ دووربوونەوە لە هێڵی یەکسانی زەوی زیاد دەکات. لە ناوچە مامناوەندەکان (وەک باکووری ئەوروپا، باکووری ئەمریکا، باشووری ئوسترالیا) بەرزترە (زیاتر لە ١٠٠ لە هەر ١٠٠٠٠٠ کەس) و لە ناوچە گەرمەکان زۆر کەمترە.

تەمەن و ڕەگەز: نەخۆشییەکە بە زۆری لە نێوان تەمەنی ٢٠ بۆ ٤٠ ساڵیدا دەناسرێتەوە و لە ژناندا نزیکەی ٢ بۆ ٣ ئەوەندەی پیاوەکان ڕوو دەدات.

هۆکارە مەترسیدارەکان: لەو نەخۆشییەدا تێکەڵەیەک لە هۆکارە بۆهێڵییەکان و ژینگەییەکان ڕۆڵ دەگێڕن. بوونی MS لە مێژووی خێزانیدا مەترسیی تووشبوون زیاد دەکات. کەمیی ڤیتامین D، ژەهراویبوون بە ڤایرۆسە تایبەتەکان (وەک ڤایرۆسی ئێپشتاین-بار)، جگەرەکێشان و ژیان لە پانتاییە سەرووەکانی جوگرافیایی لە هۆکارە ژینگەییە ناسراوەکانن.

فرەڕەقبوون یان ام اس

پاتۆفیزیۆلۆژی (نەخۆشی-زیندەوەرزانی)

مێکانیزمی وردی نەخۆشییەکە بریتییە لە خۆبەرگری. لێمفۆسایتە Tییە چالاککراوەکان بەرەو مێشک دەڕۆن و هێرش دەبەنە سەر میلینی ئۆلیگۆدێندرۆسایتەکان (خانەی دروستکەری میلین) لە ماددەی سپی و ڕەساسی مێشک و دڕکەپەتکدا. ئەم هێرشە دەبێتە هۆی هەوکردن، سازکردنەوەی میلین و لە ئاکامدا نەخۆشیی ئاکسۆنی بە دوادا دێت. لەش دەتوانێت بە شێوەیەک میلین چاک بکاتەوە، بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی نەخۆشییەکە، زیانەکانی ئاکسۆن کۆ دەبنەوە و دەبنە هۆی لاوازیی دەمار و ناتەواوییەکی هەمیشەیی.

ڕێڕەوی نەخۆشی فرەڕەقبوون

گەڕانەوە-کەمبوونەوە (هەڵکشان و داکشان):

RRMSباوترین فۆڕمە (نزیکەی %٨٥ی دۆخە سەرەتاییەکان). نیشانەی دیاری ئەو بەشە هێرشی پەیتا پەیتای نەخۆشی یان دەرکەوتنی نیشانەی تازە یان زیادبوونی نیشانە پێشووەکانی نەخۆشییەکەیە. زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر دەخایەنێت و دوای ماوەیەک بە تەواوی یان بە شیوەیەکی ڕێژەیی چاک دەبێتەوە.

جۆری دووهەمی ڕوو لە زیادبوون:

SPMSدوای چەند ساڵێک، زۆر کەسی تووشبوو بە جۆری گەڕانەوە-کەمبوونەوە (هەڵکشان و داکشان) دەچنە ناو ئەم قۆناغە. لەم قۆناغەدا، بەرەبەرە و بەردەوام ناکارابوون پەرە دەستێنێت، تەنانەت بەبێ هەبوونی هێرشی دیار و بەرچاوی نەخۆشییەکە.

جۆری سەرەتایی ڕوو لە زیاد بوون:

PPMSنزیکەی %١٠-١٥ی دۆخەکان دەگرێتەوە. لە سەرەتاوە بەرەبەرە و بەردەوام ناکارابوون و بێهێزی بەبێ هێرش و گەڕانەوەی دیار و بەرچاوی نەخۆشییەکە ڕوو لە زیادبوون دەکات.

نیشانەکان فرەڕەقبوون

نیشانەکانی MS زۆر و فرەچەشنن و بەپێی ئەوەی شوێنی زیانەکان کوێ بێت جیاوازییان هەیە. باوترین نیشانەکان بریتین لە:

  • نیشانەکانی بینین: نەخۆشیی دەماری چاو (کەمبوونەوەی بینین، ئازار لە جوڵاندنی چاو)، دووبینی یان خێلی.
  • نیشانە جووڵەییەکان: لاوازبوونی قۆڵ و قاچ، ئەسپاسم (گیرانی ماسوولکە)، هەبونی کێشە لە ڕۆیشتن و ڕاگرتنی هاوسەنگیدا.
  • نیشانەکانی هەستەکییەکان: بێهەستی، سڕبوون، هەستی سووتان، کەمبوونەوەی هەستی دەستلێدان. نیشانەی لێرمیت (هەستی تەنینەوەی کارەبا لە بڕبڕەکاندا بە تایبەت کاتی مل خوارکردنەوە).
  • نیشانەکانی مێشکی بچووک: تخێڵ بوون (کێشەی هاوسەنگی)، لەرزین، قسەکردنی پچڕپچڕ.
  • نیشانەکانی کۆئەندامی میز: میزکردنی بەپەلە، میز بەخۆداکردن، چرکەمیزە و زۆر میزکردن، قەبزی، کێشە لە کردەی سێکسیدا.
  • ماندوویی: یەکێک لەو نیشانانەیە نەخۆش بە تەواوی ناکارا دەکات و بڕستی لێ دەبڕێت، زۆرتر بە شێوەی ماندووییەکی زۆرەملێ و بێهۆ دەردەکەوێت.
  • نیشانە زانستی و ناسیارییەکان: کێشەی بیرەوەری، کێشەی بیرگە، کێشەی سەرنجدان، کێشەی پرۆسەکردنی زانیاری و خێرایی بیرکردنەوە.
فرەڕەقبوون یان ام اس

ناسینەوە و چارەسەری

هیچ تاقیکردنەوەیەکی تاقانە بۆ ناسینەوەیMS  لە ئارادا نییە. ناسینەوە لەسەر بنەمای ڕێساکانی «مەک دۆناڵد» و لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی زیادبوونی کاتی و شوێنی زیانەکان لە سیستەمی دەماری ناوەندیدا ئەنجام دەدرێت:

  1. مێژووی کلینیکی و پشکنینی دەماری: تۆمارکردنی وردی نیشانەکان و ڕێڕەویان.
  2. وێنەگرتن بە  MRI:  کلیلی ناسینەوەی نەخۆشییەکەیە. وێنەکە نیشاندەری زیانەکانی دێمێلینە و پەڵەیە لە ماددەی سپی و ڕەساسی مێشک و دڕکەپەتکدا. هەروەها زیانەکان زۆرتر لە بەشی پێکهاتەی پێکەوەلکێن، قەدی مێشک و مێشکی بچووکدا دەبیندرێن. کوتانی گادۆلینیۆم زیانە چالاکەکان واتە (هەوکردنی نوێ) نیشان دەدات.
  3. پشکنینی شلەی مێشک-دڕکە پەتک: LP زۆر جار بوونی هەوداکانی ئۆلیگۆکلۆنال(IgG)  وەک نیشانەی چالاکی بەرگری ناوەوە وەبەر چاو دێت.

چارەسەرکردن و بەڕێوەبردن

چارەسەری MS سێ بەشی سەرەکی لەخۆ دەگرێت:

  • چارەسەری هێرشی بەربڵاو: دەرمانی کۆرتیکۆستیرۆید بە دۆزی بەرز بۆ کەمکردنەوەی هەوکردن و کورتکردنەوەی ماوەی هێرش بەکار دێت.
  • دەرمانی کەمکردنەوەی ئاستی نەخۆشی: ئەم دەرمانانە بە مەبەستی کەمکردنەوەی ڕادە و ڕێژە و ژماری هێرشەکان، هێواشکردنی پێشکەوتنی نەخۆشی و ڕێگەگرتن لە درووستبوونی زیانە نوێکان بەکار دەهێندرێن هەڵبژاردنی دەرمان بەپێ جۆری نەخۆشی، چالاکی و شێوازی بەرگریی کەسەکەیە.
  • چارەسەری نیشانەیی: بەڕێوەبردنی نیشانەکان بۆ باشترکردنی کوالیتیی ژیان. بریتییە لە دەرمانی دژەئەسپاسم (گیران)، دەرمانی باشترکردنی ڕۆیشتن، چارەسەریی ماندوویەتی، چارەسەریی کێشەکانی پێوەندیدار بە میز و میزڵدان و کۆئەندامی زاوزێ، فیزیۆتراپی و یارمەتیی دەروونی.

دۆخی داهاتوو

ڕێڕەوی MS پێشبینینەکراو و فرەچەشنە. بە شێوەیەکی گشتی، جۆری گەڕانەوە-کەمبوونەوە دۆخی داهاتووی باشتری هەیە بەراورد بە جۆرە پێشکەوتووەکان. دەستپێکردنی نەخۆشی لە تەمەنی زوو، ڕەگەزی مێ، تێوەگلانی سەرەتایی هەست یان بینین و ژمارەیەکی کەمی گەڕانەوە لە ساڵە سەرەتاییەکاندا، بە زۆری پەیوەستن بە ڕێڕەوێکی نەرمتر. ناسینەوە و چارەسەری DMT بە DMTییە کاریگەرەکان کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە لە هێواشکردنی پێشکەوتنی نەخۆشی و پاراستنی کار و کوالیتیی ژیانی نەخۆشەکان.

  • Share:

Leave Your Comment