سینوزیت | هەوکردنی جیوب
- كانونی یهكهم 10, 2025
- 0 Likes
- 29 Views
- 0 Comments
سینوزیت | هەوکردنی جیوب (Sinusitis)، هەوکردنی جیوب/گیرفانەکانی لووت، بریتییە لە سۆکردن و هەوکردنی ناوپۆشی سینوسەکانی دەوری لووت کە بە هۆی کاریگەریی ڤایرۆس و بەکتریاکان، هەستیاری یان پێکهاتەی لووتەوە بەدی دێت و دەتوانێت توند یان درێژخایەن بێت. گرنگترین نیشانەکانی بریتییە لە سەرئێشە، تا، هەستکردن بە گوشار لە دەموچاودا، گیرانی لووت و گۆڕانی چڵم و خڵت و بڕێک جار کۆکە. ئەم نەخۆشییە یەکێک لە بەربڵاوترین نەخۆشییەکانی جیهانە کە ڕەنگدانەوەیەکی نەرێنی لەسەر کوالێتیی ژیانی مرۆڤ هەیە. بۆ چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییە وێڕای چارەسەری بە دەرمان پێویستە مشووری هۆکارە بنەڕەتییەکانی بخورێت، وەک: هەستیاری، پۆلیپی لووت (زیادەگۆشتی ناولووت) و کێشەکانی پێکهاتەی لووت. بۆ ڕێگریکردن و کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی سینوزیت پێویستە پاکوخاوێنیی کەسی و پاکیی ڕێڕۆکانی سەرووی هەناسە ڕابگیرێت.
توێکاریی سینوس
سینوس/جیوب/گیرفانەکانی دەوری لووت، ژمارەیەک هڵۆڵ و ڕەهۆڵی ناو ئێسکی دەموچاوە کە بە لینجەپەردە ناوپۆش کراوە. سینوسەکانی دەوری لووت (Paranasal Sinuses) هەشت دانەن کە هەر کام لە ڕێگەی جۆگەیەکەوە دەڕژێنە ناو لووت. چواریان لای ڕاستی لووت و چواریان لای چەپی لووتەوەن؛ بریتین لە :
- سینوسەکانی توێڵ/ نێوچەوان (Frontal Sinuses): دەکەونە سەرووی چاو
- سینوسەکانی بێژنگی (Ethmoidal Sinuses): دەکەونە نێوان هەر دوو چاو
- سینوسەکانی مێخی (Sphenoidal Sinuses): دەکەونە پشت چاو
- سینوسەکانی شەویلکەیی (Maxillary Sinuses): دەکەونە ژێر چاو

جۆرەکانی هەوکردنی جیوب
- هەوکردنی توندی جیوب (Acute sinusitis): پتر بە هەوکردنی ڤایرۆسییەوە دەست پێ دەکات و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا لە ماوەی ١٠ ڕۆژ بەبێ چاکبوونەوە بە تایبەت دوای زیادبوونی نیشانەکانی سەرمابوون، دەگاتە ئاستی بەکتریایی. نیشانەکانی کەمتر لە چوار حەفتە دەخایەنێت.
- هەوکردنی درێژخایەنی جیوب (Chronic sinusitis): نیشانەکانی درێژخایەن زیاتر لە ١٢ هەفتە دەخایەنێت و زۆر جار پەیوەندی بە پۆلیپی لووتەوە هەیە. نیشانەکانی وەک چڵموچۆڕ، گیرانی لووت و کەمبوونەوەی هەستی بۆنکردن لەوانەیە بەردەوام یان بە شێوەی وەرزی ببینرێت.
زۆربەی سینوزیتە توندەکان بە ڤایرۆسەوە دەست پێدەکەن؛ بەڵام لە هەندێکیان بەکتریاکان دەتوانن بە شێوەیەکی بەرچاو تەشەنا بکەن و دەرمانی ئەنتی بایۆتیک پێویست بێت. پێوەری ناسینەوەی جۆری سینوزیتەکان لەسەر بنەمای توندی نیشانەکان، ماوەی نەخۆشی و وەڵامیان بە چارەسەرییەکانە.
بەربڵاوی و بارگرانیی هەوکردنی جیوب
بڵاوەی سینوزیت لە کۆمەڵگادا یەکجار زۆرە و بە تایبەت لە ناو منداڵان و بەساڵاچووان و ئەو کەسانەی پێشینەی هەستیارییان هەیە زۆرترە. ئەم نەخۆشییە بە هۆی بەکارهێنانی بەردەوامی دەرمانەکانی لووتگیران، ئەنتی بایۆتیک و دژەسۆکان و سەردانی بەردەوامی پزیشک، دەبێتە هۆی زەختی ئابووری و کزبوونی کارامەیی مرۆڤەکان لە کۆمەڵگادا. بەپێی ئامارەکان هەر ساڵ تا ٣٠ لە سەدی خەڵکی ئەمریکا تووشی سینوزیت دەبن و پتر لە 11 میلیارد دۆلار تێچووی چارەسەرییانە.
هۆکارەکانی هەوکردنی جیوب
هەوکردنی جیوبەکان پتر بە هۆی تێوەگلانی بەشی سەرووی کۆئەندامی هەناسە بە ڤایرۆسەوە دەست پێ دەکات و دەبێتە هۆی سۆکردنی ناوپۆشی سینوسەکان و کیپبوونی کون و کەلێنەکانی و کەمبوونەوەی دەردان و هەواگۆڕکێ لە لووتدا. بڕێجار بەکتریاکانی سترۆپتۆکۆک، نیمۆنیا، هیمافاڵێس، ئەنفلۆنزا و وردەزیندەوەرانی تر دەبنە هۆی سینوزیت. نیشانەگەلی درێژخایەن یان توند، دوابەدوای هەوکردنی ڤایرۆسی دەتوانێت نیشانەی هەوکردنی بەکتریایی بێت.
هەوکردنی درێژخایەن بە هۆی تێکەڵەیەک لە هۆکارەکانی سۆکردن و بەرگریی لەش دروست دەبێت کە دەبێتە هۆی دروستبوونی پۆلیپی لووت و تەسکبوونەوە و گیرانی ڕێڕەوەکانی لووت. بە گشتی هۆکارەکانی حەساسیەت (هەستیاری= ئەلێرجی)، هەوکردنی درێژخایەنی بەکتریایی یان قارچکی دەگمەن، زەبری لووت، پیسبوونی ژینگە، کێشەکانی سیستەمی بەرگریی لەش و تێکچوونی پێکهاتەیی وەک لاربوونی تێخەی لووت لەوانەیە ڕۆڵیان لەم پرۆسەیەدا هەبێت.
نیشانەکانی هەوکردنی جیوب
- نیشانە گشتییەکان: سەرئێشە، ئازاری دەموچاو یان هەستکردن بە گوشارێکی سووک بەڵام بەردەوام لە سینوسە تووشبووەکاندا بە تایبەت لە توێڵ و گۆناکان، گیرانی لووت، دەردانی چڵمی لووت کە دەتوانێت خەست یان تراو بێت و هەندێک جار چڵک و کێمی لەگەڵ بێت، کەمبوونەوەی هەستی بۆنکردن، کۆکەی پەیوەندیدار بە دەرکردنی خڵت.
- نیشانەگەلی سووک تا قورس: تای زۆر، ئازار بە تایبەت لە کاتی دەسلێدانی توێڵ و گۆناکان، ئاوسان و هەست بە گوشارێکی زۆر لە دەوری چاوەکان و بۆنی ناخۆشی دەم.
- ڕێگای ناسینەوەی ئێشی ددان لە سینوزیت مانۆڕی ڤاڵساڵڤایە کە لە کاتی سەردانەواندن لە سینوزیتدا ئێشەکە زیاتر دەبێت.

پێوەرەکانی ناسینەوە
مێژووی کلینیکی و پشکنینی جەستەیی لە لایەن پزیشکی گوێ و لووت، هەندێک جار سی تی سکانی سینوسەکان، MRI لە حاڵەتی گۆم و درێژخایەن، هەڵسەنگاندنی شێوەی وەڵامدانەوە بە دەرمانەکان، پشکنین لە تاقیگە لە بڕێک حاڵەتی وەک هەوکردنی درێژخایەن یان دووبارەبوونەوە، هەوکردنی خۆڕاگر لە ئاست دەرمان، هەڵسەنگاندنی هەستیاری و سیستەمی بەرگریی لەش.
چ کەسانێک زۆرتر تووشی هەوکردنی جیوب دەبن؟
- منداڵان و هەرزەکاران: ئەگەری هەوکردنی ڤایرۆسی کۆئەندامی هەناسە و گرتنەوەی پەتا و هەڵامەتەکان لە منداڵاندا زیاترە، بەم بۆنەوە زۆرتر تووشی هەوکردنی توندی جیوب دەبن.
- کەسانی دانیشتووی کەشوهەوای وشک و پیس
- کەسانێک بە پێشینەی هەستیاریی درێژخایەن و ڕەبۆ (ئاسم)
- کەسانێک کە ڕێڕۆکانی لووت و سینوسیان گیراوە ( لەبەر شکانی لووت یان کێشەی پێکهاتەی لووت وەک پۆلیپ و لاریی تێخە).
- کەسانێک کە سیستەمی بەرگریی لەشیان لاوازە: شەکرەی کۆنتڕۆڵنەکراو، ئایدز، نەخۆشیی درێژخایەنی جگەر و گورچیلە یان دەرمانی سەرکوتکەری بەرگریی لەش دەخۆن.
- جگەرەکێشەکان و ئەو کەسانەی لە کەشوهەوای پیسدا دەژین.
- کەسانێک کە تووشی هەوکردنی ددانەکانی شەویلکەی سەروون.
چارەسەریی هەوکردنی جیوب
- چاودێری لە خۆ:
-
پشوودان، خواردنەوەی ئاو و شلەمەنی، بەکارهێنانی مەڵهەمی دژەگیرانی لووت، شۆردنەوەی ڕێڕۆکانی لووت بە گیراوەی خوێ، بەکارهێنانی ئازارشکێن (وەک ئیبۆپڕۆفین و پاراسیتامۆڵ) بۆ کەمکردنەوەی ئازار و تا.
- ئەنتی بایۆتیک:
-
لە هەوکردنی بەکتریاییدا کە درێژخایەن یان زۆر سەختن، ڕەنگە پزیشک ئەنتی بایۆتیکی گونجاو بنوێنێت. ئەم بڕیارە دەبێت لەسەر بنەمای توندیی نیشانەکان، ماوەی نەخۆشی و شێوەی وەڵامدانەوە بە دەرمانەکانی پێشووتر بدرێت.
- دەرمانی دژەسۆ و دژەهەستیاری:
-
کۆرتیکۆستیرویدی ناولووت دەتوانێت لە هەوکردنی درێژخایەن یان زۆر توند و هەروەها هەستیاریدا کاریگەر بێت. دەرمانی دژەهەستیاریی و ئەنتی هیستامین بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هۆکارە بنەڕەتییەکان، بژاردەیەکی گونجاوە.
- چارەسەری هەوکردنی ددان:
-
بۆشاییی جیوبەکان زۆر نزیکن لە ڕەگی ددانەکانی سەرەوە. وەک چۆن هەوکردنی جیوب دەبێتە هۆی ئازاری ددان، تەنانەت بچووکترین زیان یان هەوکردنی ددانیش دەتوانێت ببێتە هۆی هەوکردن یان توندبوونەوەی هەوکردنی جیوب.
- نەشتەرگەری:
-
لە سینوزیتی درێژخایەنی پۆلیپدار، یان گیرانی درێژخایەنی ڕێڕۆکانی لووت، چارەسەری نەشتەرگەری وەک توربینۆپلاستی سینوس یان ڕێگاکانی تری چاکسازی ڕێڕۆکان بە مەبەستی باشترکردنی هەواگۆڕکێ ڕەنگە پێویست بێت. نەشتەرگەری تەنیا دوای شکستهێنانی چارەسەرییەکانی تر یان لە کێشەی ئاشکرای پێکهاتەیی لە بەرچاو دەگیرێت.
- بەڕێوەبردنی هۆکارە بنەڕەتییەکان:
-
کۆنترۆڵی هەستیاری بە ئیمۆنۆتراپی یان دەرمانی دژەهەستیاری، کەمکردنەوەی پیسیی ژینگە، خۆپاراستن لە ماددە وروژێنەرەکان، بەڕێوەبردنی ئاڵۆزییەکانی وەک پۆلیپ، ڕاستکردنەوەی لاریی پێکهاتەی لووت بەپێی پێویست.
خۆپاراستن و بەڕێوەبردنی درێژخایەن
- شێوازەکانی خۆپاراستن:
-
پاراستنی پاکوخاوێنیی کەسی و کۆئەندامی هەناسەدان، شۆردنەوەی بەردەوامی لووت بە گیراوەی خوێ، کۆنترۆڵی هەستیاری و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی هەوکردنی بەشی سەرووی کۆئەندامی هەناسەدان، بەڕێوەبردنی بەرکەوتنی ماددە هەستیارەکان (خۆڵ، تووکی ئاژەڵ، کەڕوو).
- کوتان:
-
ڤاکسیناسیۆنی گونجاو بۆ هەموو جۆرەکانی هەڵامەت و پەتاکانی کۆئەندامی هەناسەدان (وەک ئەنفلۆنزا) دەتوانێت ڕێگری لە سەرهەڵدانی سینوزیتی ڤایرۆسی بکات یان لە توندییەکەی کەم بکاتەوە.
- بەڕێوەبردنی پێکهاتەی لووت:
-
ئەگەر پۆلیپ یان لاریی تێخەی لووت لە ئارادایە، پێویستە بە مەبەستی باشترکردنی هەناسە لە لووت، هەڵسەنگاندنی نەشتەرگەری بکرێت.
- ڕاگرتنی پاکوخاوێنی دەم و ددان:
-
هەوکردنی ددانەکان دەتوانێت بۆ سینوسەکان تەشەنا بکات.
- وازهێنان لە جگەرەکیشان:
-
دووکەڵی جگەرە دەبێتە هۆی ورووژاندن و هەوکردنی ناوپۆشی سینوسەکان و کوڵکەکانی لەکار دەخات. ئەم کوڵکانە بەرپرسی پاککردنەوەی دەردراو و میکرۆبەکانن. ئەم حاڵەتە دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی دەردراوەکان و زۆرتربوونی هەوکردن و پرۆسەی چاکبوونەوە درێژتر دەکاتەوە. بە وازهێنان لە جگەرەکێشان، هەوکردن کەم دەبێتەوە، ئاوەڕۆی سروشتی جیوبەکان باشتر دەبێت، هەروەها جەستە توانای زیاتری هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەوکردن و چاککردنەوەی شانەکان.
بەدواداچوونی درێژخایەن
بە تایبەتی لە هەوکردنی درێژخایەنی جیوبەکاندا، بە مەبەستی باشترکردنی کارکردی لووت و هەستی بۆنکردن، پێویستە بەدواداچوونی بەردەوام لەگەڵ تیمی ENT و هەڵسەنگاندنی وەڵامدانەوە بە چارەسەرە پزیشکییەکان بکرێت.
Leave Your Comment