1. Home
  2. بەشانەبوونی دەرەوەیمنداڵدان(Endometriosis)، ئازاری شاراوەی ژنان
بەشانەبوونی دەرەوەیمنداڵدان(Endometriosis)، ئازاری شاراوەی ژنان

بەشانەبوونی دەرەوەیمنداڵدان(Endometriosis)، ئازاری شاراوەی ژنان

  • كانونی یه‌كه‌م 8, 2025
  • 0 Likes
  • 14 Views
  • 0 Comments

بەشانەبوونی دەرەوەیمنداڵدان، منداڵدان ئەو شوێنەیە لە کاتی دووگیانیدا کۆرپەڵە تێیدا گەشە دەکات. شانەیەک بە ناوی ناوپۆشی منداڵدان (endometrium) نێو منداڵدانی داپۆشیوە. لەم نەخۆشییەدا شانەی هاوشێوەی ناوپۆشی منداڵدان لە بەشەکانی تری جەستەدا دەڕوێت. ئەمەش دەبێتە هۆی ئازارێکی زۆر و کاریگەریی لەسەر سووڕی مانگانە و شیوازی ژیان دادەنێت. هەندێک کەسی تووشبوو بە هۆی برین و گیرانی بۆری/جۆگەی ھێلکەدان (fallopian tube) لەوانەیە گرفتیان لە منداڵبووندا هەبێت. بەشانەبوونی دەرەوەی منداڵدان نەخۆشییەکی باوە و لە نێوان ١٠ ژندا یەکیان لە دەیەی بیست و سی ساڵیی ژیانیدا تووشی دەبێت، بەس هەواڵی خۆش ئەوەیە بەشێکی زۆریان بە وەرگرتنی دەرمان چارەسەر دەبن و چاک دەبنەوە.

شوێنەکان بەشانەبوونی دەرەوەیمنداڵدان

هەر وەک ئاماژەی پێ کرا لەم نەخۆشییەدا شانەی هاوشێوەی ناوپۆشی منداڵدان لە هەندێک شوێنی تری لەشدا بە شێوەیەکی نائاسایی دەڕوێت. ئەو بەشانەی زیاتر تێیاندا ڕوو دەدات بریتین لە:

  • بەشی پشت و دەرەوەی منداڵدان
  • منداڵدانە ماسولکە: ماددەی ماسولکەیی مناڵدان (myometrium)
  • هێلکەدانەکان
  • بۆری/جۆگەی ھێلکەدان (fallopian tube)

لەم شوێنانەشدا بە کەمی ئەگەری ڕوانی هەیە:

  • ڕیخۆڵەڕاسته
  • میزەڵدن
  • ڕیخۆڵەکان
  • ناوپەنچک/ پەردەی دڵ (diaphragm)
  • زێ
  • بە دەگمەن لە سی، مێشک و پێستدا دەدیترێت.
بەشانەبوونی دەرەوەیمنداڵدان

نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە چین؟

نیشانەکانی بەشانەبوونی دەرەوەی منداڵدان زۆرن، بەڵام باوترینیان ئازاری حەوز/لەگەنە. ئەم ئازارە دەتوانێت توند یان سووک بێت. نیشانەکان زۆرتر بەر لە سووڕی مانگانە یان لە کاتی سووڕی مانگانەدا هەستیان پێ دەکرێت؛ ئەمەش لەبەر گۆڕانی هۆرمۆنەکانە وا لەم کاتەدا ڕوو دەدات. نیشانە سەرەکی و دیارەکانی بریتین لە:

  • ئازاری حەوز/لەگەن (pelvic) کە بە درێژایی سووڕی مانگانە هەستی پێ دەکرێت.
  • نەزۆکی
  • گرژیی ئازاردەر و توندی منداڵدان کە لەوانەیە بە تێپەڕبوونی کات خراپتر بێت.
  • ئازار لە کاتی جووتبووندا (dyspareunia)
  • ئازار لە ڕیخۆڵە یان بەشی خوارەوەی سکدا
  • ئازار لە کاتی پیساییکردن و میزکردن، زۆرتر لە کاتی سووڕی مانگانەدا دەبێت.
  • سووڕی مانگانەی قورس و ئازاردەر
  • خوێنبەربوون یان هەبوونی پەڵە لە نێوان دوو سووڕی مانگانەدا
  • خوێنبەربوونی زۆر و ئازاردەر لە کاتی سووڕی مانگانەدا
  • دەرکەوتنی نیشانەگەلی کۆئەندامی هەرس یان کێشەگەلی گەدە و ڕیخۆڵە وەکوو سکچوون، قەبزی یان باکردن
  • ماندووبوون و کەمبوونی وزە

هەروەها لەوانەیە هیچ نیشانەیەکی بەشانەبوونی دەرەوەی منداڵدانیشتان نەبێت یان تەنیا هەندێک جار نیشانەکانی دەربکەون و بە شاراوەیی بمێننەوە تا ئەو کاتەی نەتوانن دووگیان بن و پێی بزانن. گرینگە بزانن هیچ پێوەندییەک لە نێوان نیشانەکانی ئێوە و ڕادەی قورسبوونی نەخۆشییەکە نییە. هەندێک کەس لەوانەیە تەنیا چەند نیشانەیان لەم نەخۆشییە هەبێت و هەندێکی تر نیشانەگەلێکی زۆریان هەبێت بەڵام هیچ ئازارێکیان نەبێت.

لە چ کەسانیکدا ئەگەری تووشبوون زیاترە؟

بە گشتی هەر ژنێک لە تەمەنی ٢٠ تا ٤٠ ساڵیدا بێت و لە سووڕ کەوتبێت دەتوانێت تووشی ئەم نەخۆشییە بێت. ئەم نەخۆشییە دەتوانێت لە کچانی لاو و تازەلاو و تەنانەت لە دوای لەسووڕوەستانیش سەر هەڵبدات. هۆکارگەلێکی تایبەت دەتوانن مەترسیی تووشبوون زیاتر یان کەمتر بکەن. مەترسیی تووشبوونی ئێوە زیاترە ئەگەر:

  • دایک، خوشک یان کچەکەتان بەشانەبوونی دەرەوەی منداڵدانی هەبێت (پێشینەی بنەماڵەیی).
  • پێش تەمەنی ١١ ساڵی لە سووڕ کەوتبێن.
  • ماوەی سووڕی مانگانەکەتان کەمە (کەمتر لە ٢٧ ڕۆژە).
  • سووڕی مانگانەکەتان قورسە و زیاتر لە ٧ ڕۆژ درێژەی دەبێت.
  • هیچ کات دووگیان نەبوون.

مەترسیی ئێوە کەمترە ئەگەر:

  • پێشتر دووگیان بوون.
  • لە تەمەنی تازەلاویدا درەنگ لە سووڕ کەوتوون.
  • شیر بە کۆرپەڵەکەتان دەدەن.

هۆکارەکانی تووشبوون

هۆکاری سەرەکیی تووشبوون بەم نەخۆشییە تا ئێستا نەزاندراوە. توێژەران لە پێوەندیی نێوان بەشانەبوونی دەرەوەی منداڵدان و تێکچوونی سیستەمی بەرگری و کێشەگەلی هۆرمونی دەگەڕێن وا لەوانەیە لە هۆکارەکانی ئەم نەخۆشییە بن. سەرەڕای ئەمە توێژەران دەتوانن پێوەندیی نێوان پێشینەی بنەماڵەیی و زۆربوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکە دەربخەن. کەوایە ئەگەر لە بنەماڵەتاندا، کەسێکی تر (دایك، دایەگەورە، خوشک) بەشانەبوونی دەرەوەی منداڵدانی هەبوو لەگەڵ پزیشکەکەتان قسە بکەن.

 گرفتەکانی دوای بەشانەبوونی دەرەوەی منداڵدان کامانەن؟

بەشانەبوونی دەرەوەیمنداڵدان

ئەم نەخۆشییە دەتوانێت ببێتە هۆی تێکچوونی ڕەوتی ئاساییی ژیانی ڕۆژانە. کەسانی تووشبوو دەتوانن کێشەی زاوزێشیان هەبێت. جیا لە هەبوونی ئازارێکی زۆر و نەزۆکی، بەشانەبوونی دەرەوەی منداڵدان دەتوانێت ببێتە هۆی ئەم کێشانە:

کێشەگەلی ڕیخۆڵە و میزڵدان:

ئەگەر شانەی هاوشێوەی ناوپۆشی منداڵدان لە سەر یان نزیک لە ڕیخۆڵەکان، ڕیخۆڵەڕاستە یان میزڵدان بڕوێت لەوانەیە خوێن لە نێو میز یان پیساییدا بدیترێت یان لە کاتی چوون بۆ توالێت هەست بە ئازارێکی زۆر بکرێت.

تەنگەنەفەسی یان ئازاری سەر سینگ:

ئەم نەخۆشییە بە دەگمەن سی و پەردەی دڵ (Diaphragm) تووش دەکات کە ئەمەش دەبێتە هۆی کێشەگەلی کۆئەندامی هەناسە.

نەزۆکی:

بە ڕووانی شانەکان لە بەشە نەگونجاوەکاندا کێشە بۆ لێکنزیکبوونەوەی سپێرم و هێلکە ساز دەبێت و ناتوانن بە شێوەی ئاسایی یەک بگرن.

دەستنیشانکردنی بە چ شێوەیەکە؟

هەندێک کات دەستنیشانکردنی بەپێی نیشانە دەرکەوتووەکان دەبێت. ئازاری سووڕی مانگانە و خوێنبەربوونی زۆر لەوانەیە ناچارتان بکات سەردانی پزیشکێکی پسپۆڕ بکەن؛ بەڵام هەندێک جاریش سەرەڕای هەبوونی نەخۆشییەکە نیشانەیەکی بەرچاو دەرناکەوێت و نەخۆشەکان لە دوای بەدواداچوون بۆ کێشە یان نەخۆشیی تر بەم نەخۆشییە دەزانن. پزیشک سەبارەت بە پێشینەی بنەماڵەییی ئەم نەخۆشییە دەپرسێت و دەتانپشکنێت. سێ ڕیگەی سەرەکی بۆ دەستنیشانکردنی بریتییە لە:

  • سۆنەر
  • MRI
  • هەناوبینی (laparoscopy)

لە نێو ئەمانەدا تەنیا ڕێگە بۆ دڵنیابوونی زیاتر لەم نەخۆشییە هەناوبینی (laparoscopy)یە. پزیشکی پسپۆڕ بە کامێرایەکی بچووک نێو سک و حەوز/لەگەن دەپشکنێت و بەشێک لە شانە گومانلێکراوەکان بۆ تاقیکردنەوە هەڵدەگرێت و بۆ تاقیگەی دەنێرێت. هەر بۆیە ئەم ڕیگەیە بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە زۆر یارمەتیدەرە.

چارەسەرکردن بەشانەبوونی دەرەوەیمنداڵدان

چارەسەرکردنی بەشانەبوونی دەرەوەی منداڵدان بەپێی نیشانە دەرکەوتووەکان، پلەنی داهاتوو بۆ دووگیانبوون، تەمەن، ئاستی تووندبوونی نیشانەکان جیاوازە و پلەنی چارەسەری دەبێت لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی ئازار و چارەسەرکردنی کێشەگەلی دووگیانی و نەزۆکی چڕ بێتەوە. نەشتەرگەری و خواردنی دەرمان (یان هەردووکیان) لە بژاردە چارەسەرییە بەردەستەکانن و پێویستە بۆ هەڵبژاردنی ڕێگەی دروست و داڕشتنی پلەنێکی درێژماوەی چارەسەری لەگەڵ پزیشکی پسپۆڕ ڕاوێژ بکەن.

ئەگەر نێشانەکانتان سووکن لەوانەیە بتوانن گرژی و ئازاری ماسولکەکان بەم شێوازانەی خوارەوە و دوای ڕاوێژوەرگرتن لەگەڵ پزیشک چارەسەر بکەن:

  • وەرزشکردن
  • خواردنی ئازارشکێنەکان (بەپێی ڕەچەتەی پزیشك)
  • چارەسەریی هۆرمۆن (هۆرمۆن تراپی)
  • سەردانی ڕێکوپێکی پزیشک هەر ٦ تا ١٢ مانگ جارێک

لە هەندێک کەسدا نەخۆشییەکە هەر خۆی دەتوانێت چارەسەر بێت؛ ئەمە دەتوانێت لە دوای لەسووڕوەستان و بەبۆنەی دابەزینی ئاستی هۆرمۆنی ئەسترۆجین لە لەشدا ڕوو بدات. ئەگەریش هەر چارەسەر نەبێت دەتوانێت لە داهاتوودا ببێتە هۆی ڕووانی شانەی هاوشێوەی ناوپۆشی منداڵدان لە دەرەوەی منداڵداندا و هەر ئەمەش ببێتە هۆی کیس (cyst)، پێوەلکان و برینی شانەکان و لە دوایەدا هەست بە ئازارێکی زۆر و بەردەوام لە کاتی سووڕێ مانگانەدا بکرێت.

بەشانەبوونی دەرەوەیمنداڵدان

لە ماڵەوە چۆن دەتوانم چاوەدێریی خۆم بکەم؟

  • کیسەی ئاو یان کۆمپرێسێکی گەرم لەسەر بەشی خوارەوەی زگتان دابنێن، ئەم کارە دەتوانێت لەم بەشانەدا سووڕانی خوێن زیاد بکات و ماسولکەکانتان شل بکاتەوە.
  • حەمامی ئاوی گەرم: دەتوانێت ئازارەکانتان تا ئاستێک کەم بکاتەوە.
  • ڕابکشێن و پشوو بدەن: کاتێك لەسەر پشت ڕاکشاون سەرینێک بخەنە ژێر ئەژنۆکانتان و ئەگەریش بە لاتەنیشت ڕادەکشێن، ئەژنۆکانتان بەرەو زگتان کۆ بکەنەوە. ئەم کارە دەتوانێت ببێتە هۆی کەمکردنەوەی گوشاری کەمەر.
  • یوگا و وەرزش بکەن: وەرزشی بەردەوام یارمەتیی سووڕانی ڕێکوپێکی خوێنتان دەدات و دەبێتە هۆی چالاکبوون و دەردانی ئازارشکێنە سروشتییەکانی نێو لەشتان (ئەندرۆفینەکان).
  • ڕژیمێکی خۆراکیی تەندروستتان هەبێت: خواردنی زۆری ڕیشاڵەکان دەتوانێت لە یەگەری تووشبوونی ڕیخۆڵەکانتان بۆیان بەسوود بێت.
  • کێشتان لە ئاستێکی گونجاودا ڕابگرن.

ئایا تووشبووانی ئەم نەخۆشییە دەتوانن دووگیان بن؟

بەڵێ، دەتوانن دووگیان بن. بەڵام لەوانەیە لە چاو کەسانی تر بۆیان تۆزێک دژوارتر بێت. ئەگەر نەخۆشیی بەشانەبوونی دەرەوەی منداڵدانت هەیە و دەتەوێت دووگیان بیت، لە پێش هەموو شتێکدا سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکە و بە هاوکاریی ئەو پلەنێکی چارەسەری (لەوانەیە بریتی بێت لە خواردنی دەرمان و نەشتەرگەری) دابڕێژن و لە ژێر چاوەدێری و بە پاڵپشتی ئەو دەتوانیت دووگیان بیت.

دەکرێت پێش بەشانەبوونی دەرەووی منداڵدان بگیرێت؟

ئەم نەخۆشییە وا نییە کە بکرێت پێش بە تووشبوونی بگردرێت بەڵام هەندێك هۆکار دەتوانن مەترسیی تووشبوون کەم بکەنەوە و ئەمەش لەم کەسانەدا دەبینرێت:

  • ئەو کەسانەی زیاتر لە جارێک دووگیان بوون.
  • ئەو کەسانەی شیر دەدەن.

بەشانەبوونی دەرەوەی منداڵدان چۆن دەتوانێت کاریگەری لەسەر ژیانتان دابنێت؟

وەکوو زۆربەی نەخۆشییەکان دەتوانێت ژیانتان لە بواری فیزیکی و سۆزدارییەوە بخاتە ژێر کاریگەرییەوە. لەوانەیە بە بەردەوامی هەست بە ئازار لە ناوچەی حەوزتاندا بکەن، لە کاتی سووڕی مانگانەدا خوێنێکی زۆرتان لێ بڕوات و هەست بە ئازارێكی لەڕادەبەدەر بکەن، نەتوانن دووگیان بن و ئەمە دەبێتە هۆی هەبوونی کێشە لە ژیانی ڕۆژانە و کارکردن و دەرسخوێندن و چێژوەرنەگرتن لە پێوەندیی سێکسیی لەگەڵ هاوژینەکەتاندا. کاریگەرییە سۆزدارییەکانی دەکرێت بە قەدرا کاریگەرییە فیزیکییەکانی قورس بێت و پێویست بێت بۆ ماوەیەکی زۆر دەرمان بخۆن یان سەردانی پزیشک بکەن و ئەمانەش ببنە هۆی گوشاری دەروونی. هەواڵی خۆش ئەمەیە دۆخی تەندروستیی ئێوە هەر چۆنێک بێت ڕێگاکانی چارەسەریی بەردەست زۆرن و کەسانێکی زۆر لە چنگ ئەم نەخۆشییە دەرباز بوون و چارەسەر کراون.

  • Share:

Leave Your Comment