ئەنفلۆنزا نەخۆشییەکی باوی هەناسەیە کە لە ڤایرۆسی ئەنفلۆنزاوە دێت و بە ئاسانی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێتەوە. پسپۆڕان باوەڕیان وایە ڤایرۆسەکانی ئەنفلۆنزا لە ڕێگەی وردەدڵۆپەکانەوە بڵاو دەبنەوە. زۆربەی خەڵک بە تەواوی چاک دەبنەوە بەڵام لە منداڵان، بەساڵاچووان، ژنانی دووگیان و ئەوانەی نەخۆشیی تەندروستیی تریان هەیە مەترسییەکە زیاترە تاوەکوو قورستر بیگرن. باشترین ڕێگا بۆ پاراستنی خۆت ئەوەیە هەموو ساڵێک ڤاکسێن بکوتیت.
هۆکاری ئەنفلۆنزا چییە؟
بەهۆی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزاوە کە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێتەوە تووشی ئەنفلۆنزا دەبین. کاتێک کەسێکی تووشبوو دەکۆکێت، دەپژمێت یان قسە دەکات وردەدڵۆپەکان لە هەوادا بڵاو دەبنەوە. ئەم وردەدڵۆپەکان دەکەونە نێو دەم یان لووتی ئەو کەسانەی لە نزیکیانن یان دەکەونە سەر کەرستەکانی دەوروبەر و لە دواییدا بە دەستلێدان لەو کەرستانە و دەستبردن بۆ دەم و چاو ڤایرۆسەکەش بۆ ناو سی دەگوازرێتەوە. لە کاتی نەخۆشیدا مەودادانان لە نێوان خۆت و کەسانی تردا دەتوانێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە یارمەتیدەر بێت.
ئەنفلۆنزا بە ئاسانی بڵاو دەبێتەوە هەر بۆیەش دەتوانێت لە ماوەیەکی زۆر کورتدا کاریگەری لەسەر کۆمەڵێکی گەورەی خەڵکی دابنێت. بۆ نموونە لەنێو قوتابیان و هاوکاراندا زۆرجار لە ماوەی ٢ یان ٣ هەفتە لە دوای گەیشتنی ئەنفلۆنزا بە قوتابخانە یان شوێنی کارەکەیانەوە بە تێکڕایی نەخۆش دەبن. هەندێک جار دەکرێت ڤایرۆسێک بگریت کە ببێتە هۆی ڕشانەوە یان سکچوون. زۆر کەس پێی دەڵێن “ئەنفلۆنزای گەدە”. ئەمە ناوێکی هەڵەیە چونکە ئەم ڤایرۆسە زۆرجار ئەنفلۆنزای ڕاستەقینە نییە. ئەنفلۆنزا بە شێوەی سەرەکی کاریگەری لەسەر لووت، گەروو و سییەکان دادەنێت.
ئەگەرچی هەندێک کەس مەترسیی زیاتریان لەسەرە بەڵام هەر کەسێک و لە هەر تەمەنێکدا دەتوانێت بە سەختی ئەنفلۆنزا بگرێت. ئەوانەی مەترسییان زۆرترە ئەمانەن:
- کەسانی تەمەن ٦٥ ساڵ و زیاتر
- منداڵانی خوار ٥ ساڵ
- ژنانی دووگیان کە زیاتر لە ٣ مانگن
- هەر کەسێک نەخۆشیی درێژخایەنی دڵ، سی، گورچیلە یان شەکرەی هەبێت و سیستەمی بەرگری لاواز بێت
- کەسانی قەڵەو ( BMI= 40یان زیاتر)

نیشانەکانی ئەنفلۆنزا چین؟
نیشانەکانی ئەنفلۆنزا زیاتر لەناکاو دەردەکەون. تووشبووانی ئەنفلۆنزا زۆرجار هەندێک یان هەموو ئەم نیشانانەیان هەیە کە بریتین لە:
- تا (هەموو تووشبووانی ئەنفلۆنزا تایان نابێت)
- لەرز
- ئێشی لەش
- کۆکە
- سەرئێشە
- گەرووئێشە
- گیران و دەردانی ئاوی لووت
- ماندووبوون یان بێهێزبوون
- سکچوون یان ڕشانەوە
زۆربەی تووشبووانی ئەنفلۆنزا لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا تا کەمتر لە دوو هەفتە چاک دەبنەوە، بەڵام هەندێک کەس تووشی هەوکردنی سییەکانیش دەبن کە ئەمە گرفتێکی دژواری ئەنفلۆنزایە و دەکرێت تەنیا بەهۆی هەوکردنی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزاوە یان بەهۆی هەوکردنی هاوبەشی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا و بەکتریاوە بێت کە ئەگەر چارەسەر نەکرێت لە هەندێک کەسدا دەتوانێت ببێتە هۆی مردن.
هەندێک نەخۆشیی تر کە ئەگەری هەیە بە هۆی ئەنفلۆنزاوە تووشی بین بریتین لە هەوکردنی دڵ، مێشک یان شانەی ماسولکەکان و سستبوونی ئەندامەکان وەکوو گورچیلە. هەوکردنی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا لە ڕێگای هەناسەوە دەتوانێت ببێتە هۆی هەوکردنێکی زۆری جەستە و سێپسیس (هەوکردنی خوێن). ئەنفلۆنزا هەروەها دەتوانێت نەخۆشییە درێژخایەنەکانی تر خراپتر بکات؛ بۆ نموونە کەسانی تووشبووی ڕەبۆ لەوانەیە لە کاتی تووشبوونیان بە ئەنفۆلانزا تووشی هێرشی ڕەبۆ بن.
کەی تووشبووان دەتوانن ئەنفلۆنزا بگوازنەوە؟
تووشبووان زۆرترین گواستنەوەی ڤایرۆسیان لە سێ ڕۆژی یەکەمی نەخۆشییەکەیاندا دەبێت. منداڵە بچووکەکان و کەسانی خاوەن سیستەمی بەرگریی لاواز لەوانەیە بۆ ماوەیەکی درێژتر بتوانن ڤایرۆسەکە بگوازنەوە. هەندێک کەس دەکرێت تووشبووی ئەنفلۆنزا بن و نیشانەیان نەبێت، بەڵام هێشتا دەتوانن ڤایرۆسەکە بۆ کەسانی نزیکیان بگوازنەوە.
جیاوازیی ئەنفلۆنزا و سەرمابوون (هەڵامەت) و کۆڤید-١٩ لە چیدایە؟
زۆربەمان ڕەنگە هەڵامەت، ئەنفلۆنزا و کۆڤید-١٩مان لێ تێک بچێت. ئەم سێ نەخۆشییە جیاوازن، بەڵام هەندێک نیشانەی هاوشێوەیان هەیە. زۆربەی خەڵک ساڵێ چەند جار هەڵامەت دەگرن، بەڵام بە پێچەوانەوە تەنیا هەر چەند ساڵ جارێک ئەنفلۆنزا دەگرن. نیشانەکانی هەڵامەت بەراورد بە ئەنفلۆنزا و کۆڤید-١٩ سووکترن. ئەنفلۆنزا و کۆڤید-١٩ زۆر نیشانەی هاوشێوەیان هەیە، بۆیە جیاکردنەوەیان ئەستەمە و باشترین ڕێگا بۆ زانینیان تاقیکردنەوەیە. ئەگەر پێویست بێت پزیشکەکەت دەتوانێت بۆ ئەنفلۆنزا، کۆڤید-١٩ و هەوکردنە هەناسەییەکانی تر پشکنینی جیاوازت بۆ بکات.
ئەگەر کەسێک لە هەمان کاتدا هەردووکی ئەنفلۆنزا و کۆڤید-١٩ی هەبێت تاقیکردنەوەکان دەریدەخەن، ئەگەرچی ئەمە کەم ڕوو دەدات. کەسانێک کە لە هەمان کاتدا ئەنفلۆنزا و کۆڤید-١٩یان هەیە، دەکرێت نەخۆشییەکەیان سەختتر بێت لەو کەسانەی وا تەنیا یەکێک لەم نەخۆشییانەیان هەیە. هەردووکی کۆڤید-١٩ و ئەنفلۆنزا دەتوانن نیشانەی جیاوازییان هەبێت، لە نەبوونی نیشانەوە بگرە تاکوو نیشانەی سەخت. نیشانە باوەکانی هاوبەش لە کۆڤید-١٩ و ئەنفلۆنزادا بریتین لە:
- هەستکردن بە تا و لەرزە (هەموو تووشبووانی ئەنفلۆنزا تایان نابێت)
- کۆکە
- تەنگیی هەناسە
- ماندووبوون
- ئازاری گەروو
- دەردانی ئاوی لووت
- ئازاری ماسولکە یان لەش
- سەرئێشە
- ڕشانەوە
- سکچوون (لە منداڵاندا لەگەڵ ئەنفلۆنزا زیاتر باوە، بەڵام لە هەر تەمەنێک و لەگەڵ کۆڤید-١٩دا دەکرێت هەبێت)
- گۆڕان یان لەدەستدانی تام یان بۆن (ئەگەرچی ئەمە لە کۆڤید-١٩دا زیاتر ڕوو دەدات)

چۆن لە بەرانبەر ئەنفۆلانزادا خۆمان بپارێزین؟
- کوتانی ڤاکسێنی ئەنفلۆنزا.
- خۆت لە پێوەندیگرتن نزیک لەگەڵ کەسانی نەخۆش بپارێزە.
- ئەگەر نەخۆشیت، پێوەندیت لەگەڵ کەسانی تر تا ڕادەیەکی زۆر سنووردار بکەوە. بۆ ئەنفلۆنزا باشترە لانی کەم بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر، تاوەکوو نیشانەکانت بە گشتی باشتر دەبن و تات نامێنێت (بەبێ بەکارهێنانی دەرمانی کەمکەرەوەی تا)، لە ماڵەوە بمێنییەوە.
- لە کاتی پژمین و کۆکیندا بە دەسماڵێک دەم و لووتت دابپۆشە و دواتر دەسماڵکە فڕێ بدە ناو زبڵەوە.
- بەکارهێنانی ماسک (دەمامک) بۆ پاراستنی زیاتری خۆت و کەسانی تر زۆر بەسوودە. کاتێک کەسێکی تووشبوو ماسک دادەنێت، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بۆ کەسانی تر کەم دەکاتەوە. ماسک هەروەها دەتوانێت بەکارهێنەران لە هەناسەدانی وردەتنۆکەکان لە کەسانی دەوروبەریانەوە بپارێزێت.
- دەستەکانت بە سابوون و ئاو زۆر بشۆ. ئەگەر سابوون و ئاو بەردەست نین، پاککەرەوەی دەست لەسەر بنەمای کوحول بەکار بهێنە.
- دەست لە چاو، لووت و دەمت مەدە چون میکرۆبەکان بەم شێوەیە بڵاو دەبنەوە.
- دەتوانیت کوالیتیی هەوا بە هێنانەژوورەوەی هەوای تازەی دەرەوە، پاککردنەوەی هەوای ناوەوە باشتر بکەیت. هەوای پاکتر دەتوانێت مەترسیی بەرکەوتن بە ڤایرۆسەکان کەم بکاتەوە.
- خۆراک یان قاپوقاچاغی خواردن (چەنگاڵ، کەوچک، پیاڵە)ت لەگەڵ کەسانی تر هاوبەش نەبێت.
کوتانی ڤاکسێنی ئەنفلۆنزا
هەموو کەسێک لە تەمەنی ٦ مانگ بەرەو سەرەوە پێویستە و دەتوانێت ساڵانە ڤاکسێنی ئەنفلۆنزا وەربگرێت، مەگەر لە هەندێک حاڵەتی کەمدا. ڤاکسێن بۆ ئەو کەسانەی مەترسییان بۆ تووشبوونی سەختی ئەنفلۆنزا زیاتر لەسەرە زۆر گرینگە. ڤاکسێنی ئەنفلۆنزا بە گشتی چەندین جۆری هەیە کە بریتین لە:
- ڤاکسێنی ئەنفلۆنزا کە بە ڤایرۆسی چالاکنەکراوی ئەنفلۆنزا دروست کراون و بە دۆزێکی ئاسایی بۆ کەسانی تەمەن ٦ مانگ و زیاتر پەسەند کراوە.
- ڤاکسێنی ئەنفلۆنزا کە بەبێ ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا دروست کراوە.
- ڤاکسێنی ئەنفلۆنزا کە بە ڤایرۆسی زیندووی لاوازکراوی ئەنفلۆنزاوە دروست بووە.
بەڵام کێ دەتوانێت ڤاکسێنی ئەنفلۆنزا وەربگرێت؟ هەر کەسێک تەمەنی لە ٦ مانگ زیاتر بێت و لە هەر وەرزێکدا بێت دەتوانێت بیکوتێت. ڤاکسێنەکە بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی مەترسییەکی زیاتریان بۆ تووشبوون بە نەخۆشییە قورسەکانی تر لەسەرە گرینگترە و دەتوانێت نەخۆشیی ئەنفلۆنزا و ڕادەی سەردانی خەڵک بۆ نۆرینگەی پزیشک و خەواندنی نەخۆشەکان لە نەخۆشخانە و مردنیان بەهۆی ئەنفلۆنزا کەم بکاتەوە. پێویستە بزانین ئەم کەسانە دوای کوتانی ڤاکسێنەکە هێشتا مەترسیی تووشبوون بە ئەنفۆلانزایان لەسەرە و هەر نەخۆش دەبن بەڵام نەخۆشییەکەیان زۆر لی قورس نابێتەوە و تەنیا هەندێک نیشانەی سووکیان دەبێت. زۆربەی خەڵک تەنیا یەک دۆز ڤاکسینیان پێویستە. مانگی ڕەزبەر و گەڵاڕێزان بۆ کوتان گونجاوە؛ باشترینیشی ئەوەیە تاکوو کۆتایی گەڵاڕێزان ڤاکسێن وەربگیرێت.
چەند خاڵی تایبەت بۆ هەندێک کەس:

- زۆربەی گەورەکان، بەتایبەت ئەوانەی ٦٥ ساڵ و زیاترن، هەروەها ژنانی دووگیان لە سێ مانگی یەکەم و دووهەمی دووگیانیدا، باشترە زوو ڤاکسێن وەرنەگرن چونکە سیستەمی بەرگری و پاراستنەکە بە تێپەڕبوونی کات لاواز دەبێت؛ بەڵام ئەگەر دواتر ناتوانێت و ناچارە، دەکرێت زووتریش وەریبگرێت.
- هەندێک منداڵ پێویستیان بە دوو دانە ڤاکسێنە. بۆ ئەوان باشترە یەکەم دانە زوو بدرێت، چونکە دووهەم دانە پێویستە لانی کەم چوار هەفتە دواتر بدرێت. منداڵانێک کە تەنیا یەک دانەیان پێویستە، دەکرێت لە پووشپەڕ و گەلاوێژدا ڤاکسێن وەربگرن.
- دایکانی دووگیان گەر لە سێ مانگی سێیەمی دووگیانیدا بن دەتوانن لە مانگی پووشپەڕ و گەلاوێژدا ڤاکسێن وەربگرن، چونکە ئەمە کۆرپەڵەکەیان لە چەند مانگی یەکەمی ژیانیدا دەپارێزێت (کاتێک تەمەنیان بۆ وەرگرتنی ڤاکسێن زۆر کەمە).
کێ نابێت ڤاکسێن وەربگرێت؟
- منداڵانی خوار ٦ مانگ
- کەسانی تووشبووی هەستیاریی سەخت بۆ هەر پێکهاتەیەک لە ڤاکسێنەکەدا
- کەسانێک کە پێشتر هەستیاریی سەختیان بۆ کوتانی ڤاکسێن هەبووە نابێت دووبارە و لە هەمان جۆر وەربگرن. ئەگەر ئەم کێشەت هەیە، لەگەڵ پزیشکەکەت قسە بکە تاوەکوو بزانیت کام ڤاکسێن بۆت گونجاوە.
دەستنیشانکردنی ئەنفلۆنزا
چەندین تاقیکردنەوە هەن کە دەتوانن ڤایرۆسەکانی ئەنفلۆنزا بدۆزنەوە. ئەگەرچی تاقیکردنەوە تەنیا ڕێگا بۆ زانینی ئەوەیە ئایا ئەنفلۆنزات هەیە بەڵام پزیشکەکەت لەوانەیە بەپێی نیشانەکانیشت بتوانێت دەستنیشانی بکات.
- ژمارەیەک تاقیکردنەوە بەردەستن بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسەکانی ئەنفلۆنزا لە نموونە هەناسەییەکاندا. باوترینیان پێی دەگوترێت “تاقیکردنەوەی دەستنیشانکردنی خێرای ئەنفلۆنزا (RIDTs)”. ئەم تاقیکردنەوانە بە دۆزینەوەی بەشەکانی ڤایرۆسەکە (دژەگەن) کار دەکەن کە دەبنە هۆی وەڵامی سیستەمی بەرگری.
- تاقیکردنەوەکانی تری ئەنفلۆنزا بەناوی “شیکاریی خێرای مولیکولی” بۆهێڵی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا دەدۆزنەوە؛ ئەم تاقیکارییە لە تاقیکردنەوەکانی تر وردتر و متمانەپێکراوترە.
- جگە لەمانە چەندین تاقیکردنەوەی وردی تر بەردەستن کە پێویستە لە تاقیگەی تایبەتدا ئەنجام بدرێن و لە لایەن دابینکەری چاودێریی تەندروستییەوە ناوەوەی لووت یان دواوەی گەروو بە سواب (تەلێکە ھەندێ لۆکەی پاکژ بۆ کۆکردنەوەی ماددە یان کەرەستە بۆ تاقیکردنەوەی باکتریۆلۆجی لە سەرێکی پێچراوە) پاک دەکرێتەوە، پاشان سوابەکە بۆ تاقیگە دەنێردرێت. ئەنجامەکان لەوانەیە یەک تا چەند کاتژمێر بخایەنن.
ئەگەرچی پزیشکەکەت لەوانەیە تاقیکردنەوەت بۆ بکات، بەڵام هەموو کەسێک کە بە نیشانەی هاوشێوەی ئەنفلۆنزا دەچێتە لای پزیشک تاقیکردنەوەی بۆ ناکرێت و ئەمە بەپێی بڕیاری پزیشک و نیشانەکانی کەسەکەیە.
چارەسەرکردن
ئەگەر ئەنفلۆنزات گرتووە، دەرمانی دژەڤایرۆسی ئەنفلۆنزا دەکرێت بژاردەیەکی گونجاو بێت چون دەتوانێت نەخۆشییەکە سووکتر بکات و ماوەکەی کورتتر بکاتەوە. هەروەها لەوانەیە ڕێگری لە هەندێک دۆخی قورستری وەک هەوکردنی سییەکان بکات. ئەم دەرمانانە کاتێک باشترین کاریگەریان دەبێت کە زوو و دوای دەرکەوتنی نیشانەکان دەست پێبکرێن، باشترە لە ماوەی دوو ڕۆژی یەکەمی دەرکەوتنی نیشانەکانی ئەنفلۆنزادا وەربگیرێن. دەستپێکردنی چارەسەری دژەڤایرۆسی بە خێرایی و دوای دەرکەوتنی نیشانەکان دەتوانێت بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەکانی تری داهاتوو کاریگەر بێت، هەر چەند دەستپێکردنیان لە دوایەشدا هەر یارمەتیدەرە.
دەرمانی دژەڤایرۆسی جیاوازە لە دژەبەکتریا. دژەبەکتریا لە دژی هەوکردنی بەکتریایی شەڕ دەکات و لە دژی ڤایرۆسەکان وەک ئەنفلۆنزا کار ناکات. زۆربەی تووشبووانی ئەنفلۆنزا نەخۆشییەکی سووکیان هەیە و پێویستیان بە چاودێریی پزیشکی یان دەرمانی دژەڤایرۆسی نییە. ئەگەر نیشانەکانی ئەنفلۆنزات هەبوو، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا پێویستە لە ماڵەوە بمێنییەوە لە کەسانی تر دوور بکەویتەوە.
ئەنفلۆنزا نەخۆشییەکی تووشبووی ساناییە کە زۆرجار دەبێتە هۆکاری تەرخانی، لەواژین و گەرمەسەری جەستە. بۆ چاودێری باشتر، زانیاری پزیشکی گرنگە بۆ ناسینی نیشانەکان و چارەسەرکردنی خێرا. بە پاراستن و پێبەستن بە ڕاهێنانە تەندروستییەکان دەتوانرێت خەریکی پێشگیری و دەرچوونی خێرا بکرێت.
چی بکەیت ئەگەر نەخۆش بوویت؟
١. بەپێی بڕیاری پزیشک دەرمانی دژەڤایرۆسی ئەنفلۆنزا وەربگرە.
٢. ڕۆژانە ڕێوشوێنە تەندروستییەکان بۆ پاراستنی خۆت و کەسانی تر ڕەچاو بگرە.
٣. تاکوو نیشانەکانت بە گشتی باشتر دەبن و تات نامێنێت لە ماڵەوە بمێنەوە.
ئەگەر نیشانەکانی ئەنفلۆنزات هەیە و پێوەندیت بە گروپێکە کە مەترسییان بۆ تووشبوون بە نەخۆشییە سەختە پەیوەندیدارەکان بە ئەنفلۆنزاوە زیاترە (وەک منداڵە بچووکەکان، کەسانی تەمەن ٦٥ ساڵ و زیاتر، ژنانی دووگیان و کەسانی تووشبووی هەندێک نەخۆشیی پزیشکی)، زۆر نەخۆشیت خێرا سەردانی پزیشک بکە. پێشنیار دەکرێت ئەوانەی مەترسیی زیاتریان لەسەرە هەرچی زووتر چارەسەریی دژەڤایرۆسی وەربگرن، چونکە ئەگەر چارەسەرییەکەیان لە ماوەی ٢ ڕۆژی دەستپێکردنی نەخۆشییەکەدا دەست پێبکات بۆیان بەسوودترە.
Leave Your Comment