نەخۆشیی ملەخڕە یان ئۆریۆن چییە؟
- كانونی یهكهم 4, 2025
- 0 Likes
- 36 Views
- 0 Comments
نەخۆشیی ملەخڕە یان ئۆریۆن هەوکردنێکی ڤایرۆسییە لە بنەماڵەی Paramyxoviridaeەکان کە تەنیا لە لەشی مرۆڤدا دەژیت و بڵاو دەبێتەوە. ئەم ڤایرۆسە دەبێتە هۆی هەڵاوسانی ئازاربەخشی لیکڕژێنەکان و لە هەندێک کاتدا ئەندامەکانی تری وەک هێلکەگون، هێلکەدان، پەنکریاس و تەنانەت سیستەمی مێشک و دەماریش تووش دەکات. ئەم نەخۆشییە زۆر جار خۆی سنووردار(Self-limited) دەکاتەوە و پاش ٧ بۆ ١٠ ڕۆژ بەبێ هیچ کاریگەرییەکی لاوەکی چارەسەر دەبێت؛ بەڵام لە گەورەساڵان ئەگەری کاریگەریی لاوەکی زیاترە.
نەخۆشیی ملەخڕە یان ئۆریۆن چی لە جەستە دەکات؟
ئۆریۆن دوای ئەوەی لە ڕێگەی هەناسەدانەوە چووە جەستەوە، سەرەتا لە نێو خانەکانی لووت و گەروو بڵاو دەبێتەوە پاشان دەچێتە نێو خوێنەوە و بە سەرانسەری جەستەدا بڵاو دەبێتەوە. ئەمەش هۆکارە بۆ تووشبوونی بەشەکانی تری جەستە وەک: لیکڕژێنەکان، هێلکەگونەکان، هێلکەدانەکان، پەنکریاس و تەنانەت کۆئەندامی ناوەندیی مێشک.
هۆکاری سەرەکیی هەڵاوسانی ڕژێنەی پارۆتید، هێرشی ڤایرۆسەکە بۆ سەر ڕێڕەوەکانی لیک و هەوکردنیانە. ئەم هەوکردنە دەبێتە هۆی ئەوەی لیک نەتوانێت بێتە دەرەوە و لە نێو شانەدا بمێنێتەوە کە دەرەنجامەکەی دەبێتە هەڵاوسان، ئازار و وشکبوونی نێو دەم. توندیی ئازارەکە بە گشتی لە کاتی نانخواردندا زیاتر دەبێت چوونکە لیکێکی زیاتر بەرهەم دێت بەڵام ناتوانێت بێتە دەرەوە. هەروەها ڤایرۆسی ملەخڕە دەتوانێت لە بەربەستی خوێنیی مێشک (Blood Brain Barrier) تێپەڕێت کە هەندێک کات دەبێتە هۆی هەوکردنی پەردەکانی مێشک و هەوکردنی مێشکیش (Encephalit). لە زۆرینەی نەخۆشەکاندا ئەم حاڵەتە کاتییە بەڵام لە نێو گەورەساڵاندا دەتوانێت توند بێت و پێویستی بە چاودێری جددی بێت.

ڕێگاکانی گواستنەوەی ملەخڕە: چۆن ڤایرۆسەکە بڵاو دەبێتەوە؟
ڤایرۆسی ئۆریۆن لەم ڕێگایانەی خوارەوە دەگوازرێتەوە:
- دڵۆپەکانی هەناسە
-
کۆخە، پژمین یان لە ڕێی قسەکردنەوە
- بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ لیک
-
بەکارهێنانی هاوبەشی پەرداخ، کەوچک، فڵچەی ددان و خۆراک
- کەرەستەی ئالوودە
-
بەرکەوتنی دەست لەگەڵ کەرستەی ئالوودە و پاشان بەرکەوتنی دەست لەگەڵ لووت و دەم
- ماوەی گواستنەوە
-
تووشبوو ٢ ڕۆژ پێش هەڵاوسان و ٥ ڕۆژی دواتریش وەک هەڵگری ئەم نەخۆشییە دێتە هەژمار.
نیشانەکانی ملەخڕە: لە نیشانە سووکەکانییەوە تاکوو نیشانە باوەکانی
نیشانە سەرەتاییەکان

- تای سووک تا مامناوەند
- سەرئێشە
- نەبوونی ئارەزووی خواردن
- ماندوێتی
- ئێشی جەستە
هەڵاوسانی لیکڕژێن (ناسراوترین نیشانەی ملەخڕە)
ئەم نیشانەیە ١بۆ٣ ڕۆژ پاش دەستپێکردنی تا دەردەکەوێت:
- هەڵاوسانی یەکلایەنە یان دوولایەنەی گۆناکان
- هەبوونی ئێش لە کاتی جووتن و قووتدان
- وشکبوونی نێو دەم
کاریگەرییەکانی ملەخڕە (بەتایبەت لە گەورەساڵاندا)
- ئۆرکیت (هەوکردنی هێلکەگونەکان)
-
لە پیاواندا زیاترە و نیشانەکانی بریتین لە:
- ئێشی توندی گون
- تا
- هەڵاوسان
ئەگەری کەمبوونەوەی کاتیی توانای زاوزێ ( نەزۆکی دەگمەنە).
ئەگەرچی نەزۆکیی هەتاهەتایی دەگمەنە بەڵام دەتوانێت هەوکردنی توند، پووکانەوە (ئاترۆفی)ی گون لەگەڵ خۆیدا بهێنێت. (پووکانەوە واتا بچووکبوونەوەی و دابەزینی کارکردی شانە)
ئەگەری کەمبوونەوەی کاتیی ڕێژەی تۆو (سپێرم) دوای ملەخڕە هەیە و بە گشتی پاش ٣ بۆ ٦ مانگ چارەسەر دەبێت.
ئەو نەخۆشانەی هەر دوو گونیان تووش بووە ڕەنگە کەمبوونەوەی ڕێژەی تۆو درێژە بکێشێت.
- ئۆفۆریت (هەوکردنی هێلکەدان)
-
لە سەدا ٥ی ژنانی تووشبوو ڕوو دەدات. ئەم کاریگەرییە زیاتر بە ئازاری خوارەوەی سک، تا و هەستیاریی لەگەن (حەوز) خۆی نیشان دەدات. بە دڵخۆشییەوە توێژینەوە زانستییەکان دەریدەخەن کە ئۆفۆریت (هەوکردنی هێلکەدان) نابێتە هۆی نەزۆکی بەڵام ژنانی دووگیان پێویستە چاودێرییەکی زیاتریان لەسەر بێت چونکە تا و هەوکردنی گشتی مەترسیی لەبارچوونی کۆرپەڵە دەباتە سەرەوە.
- هەوکردنی پەردەکانی مێشک و هەوکردنی مێشک
-
دەگمەن بەڵام جددی:
تێکچوونی ئاستی هوشیاری
سەرئێشەی توند
ڕەقبوونی مل
- تووشبوونی مەمک (ماستیت ڤایرۆسی)
-
لە نێو هەندێک لە ژنە گەنجەکاندا، ئۆریۆن ڕەنگە ببێتە هۆی هەوکردنی مەمک کە دەتوانێت ئازار، هەڵاوسان و گەرمبوونی ئەو بەشە بە دوای خۆیدا بهێنێت. ئەم حاڵەتە خۆی چارەسەر دەبێت و پێویست بە دژەهەوکردنەکان (ئانتی بایۆتیک) ناکات مەگەر ئەوەی نیشانەیەک لە هەوکردن دەربکەوێت.
- پەنکریاتیت (هەوکردنی پەنکریاس)
-
نیشانە گرینگەکان:
ژانەسک
دڵتێکەڵهاتن
ڕشانەوە
- کەمبوونەوەی توانایی بیستن
-
کەمبوونەوەی بیستنی تاکلایەنە لە حاڵەتە دەگمەنەکاندا بینراوە.
چۆن ملەخڕە دەستنیشان دەکرێت؟

دەستنیشانکردنی کلینیکاڵ
لەو ناوچانەی بڵاوبوونەوەی ملەخڕە زۆرە، هەڵاوسانی ڕژێنەی پارۆتید (یەکێک لە لیکڕژێنەکان)، تا، نیشانەکانی هەناسەدان بەسن بۆ دەستنیشانکردنی ئەم نەخۆشییە.
تاقیگە
لیک یان نازۆفارێنکس (Nasopharynx) بۆ دەستنیشانکردنی ڤایرۆسی PCR
تاقیکاری دژەتەن (Antibody)ی IgM و IgG
لە حاڵەتە ئاڵۆزەکاندا تاقیکاری شلەی کۆئەندامی دەمار (CSF)
دەستنیشانکردنی لاوەکی
هەوکردنی باکتریایی لیکڕژێنەکان
بەردی لیکڕژێنەکان
تووشبوون بە ڤایرۆسەکانی وەک: EBV، پارائەنفلوەنزا
تۆمۆر و گیرانی ڕێڕەوەکانی لیک
چ کاتێک پشکنینی پێشکەوتووتر پێویستە؟
ئەگەرچی PCR و دژەتەنەکان گرینگترین ئامرازی دەستنیشان کردنن، بەڵام لە بارودۆخی تایبەتدا دەبێت لە ڕێگا پێشکەوتووەکان کەڵک وەربگیرێت.
پشکنینی ئامیلاز (Amylase)
زۆربوونی ئامیلاز ڕەنگە بە هۆی هەوکردنی لیکڕژێنەکان یان پەنکریاتیدەوە دروست بێت. لەو نەخۆشانەی ئازاری سکیان هەیە پشکنینی ئامیلاز بۆ دەستنیشانکردنی سەرچاوەی هەوکردن یارمەتیدەرە.
سۆنەری گون
ئەو نەخۆشانەی ئازاری گونیان هەیە و بۆ ڕەتکردنەوەی وەرگەڕانی گون ،کە حاڵەتێکی خێرای پزیشکییە، پێویستە ئەنجام بدرێت.
MRI لە حاڵەتە دەگمەنەکان
تەنیا لەو نەخۆشانەی نیشانەی توندی دەماریان هەیە بەکار دەهێنرێت.
چارەسەری ملەخڕە: دەبێ چی بکەین؟
ملەخڕە چارەسەرێکی تایبەتی دژەڤایرۆسی نییە و تەنیا دەبێ ئاگاداری لێ بکەین.
چاودێریکردن
- پشوودان
- خواردنەوەی ئاوی زۆر
- کۆمپرێسی گەرم یان سارد لەسەر شوێنی هەڵاوساو
- خواردنی خۆراکی نەرم
- نەخواردنی ئەو خۆراکانەی دەبنە هۆی دەردانی لیک (خواردنە ترشەکان)
کەی دەبێت سەردانی پزیشک بکەین؟
- ئێشی زۆری گون
- سەرئێشە یان ڕەقبوونی مل
- ڕشانەوەی زۆر
- دابەزینی ئاستی بیستن
- نیشانە توندەکان زیاتر لە ١٠ ڕۆژ بخایەنێت.
پێشگرتن لە ملەخڕە: ڤاکسینی MMR، باشترین ڕێگا
ژەمەکان(Dose)ی ڤاکسین:
ژەمی یەکەم: ١٢ تا ١٥ مانگی
ژەمی دووهەم: ٤تا٦ ساڵی
هەرچەند ڤاکسینیMMR باشترین ڕێگای پێشگرتنە بەڵام ئەم ڕێگایانەی خوارەوەش بۆ بڵاونەبوونەوەی نەخۆشییەکە پێویستە:
١.هەواگۆڕکێی گونجاو
ڤایرۆسی ئۆریۆن کە لە هەوادا بڵاودەبێتەوە، کرانەوەی پەنجەرەکان و هەواگۆڕکێی شوێنە قەرەباڵغەکان لە دابەزاندنی مەترسیی بڵاوبوونەوەی کاریگەرە.
٢.جیاکردنەوەی نەخۆش
پێویستە نەخۆشەکە تا ٥ ڕۆژ لە هەڵاوسانی ڕژێنەی پارۆتید لە کەسانی دیکە دوور بکەوێتەوە. ئەم خاڵە لە خوێندنگەکان و بەشە ناوخۆییەکان گرینگییەکی زیاتری هەیە
٣.بەهێزکردنی سیستمی بەرگری لەش
خەوی تەواو، کەمکردنەوەی سترێس، خۆراکی گونجاو و خواردنی ڤیتامینەکانی C و D یارمەتی سیستەمی بەرگریی لەش دەدات.
کاریگەریدانان
کاریگەریی دوو ژەمی MMR نزیکەی ٦٨ لە سەدە.
توندیی نیشانەکان لەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە کەمترە.
چ کەسانێک دەبێت ڤاکسین وەربگرن؟
- هەموو منداڵان
- ئەو مێرمنداڵ و گەنجانەی ڤاکسینیان وەرنەگرتوو
- خوێندکارانی بەشی ناوخۆیی
- فەرمانبەرانی ناوەندە دەرمانییەکان
ئایا ئەو کەسانەی پێشتر ڤاکسینیان وەرگرتووە پێویستە ژەمی بیرخەرەوە وەربگرن؟
توێژینەوەکان دەریدەخەن ئەو بەرگرییەی لە ئاکامی وەرگرتنی MMRەوە دروست دەبێت ڕەنگە دوای چەند ساڵ کەم ببێتەوە. لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس لە زانکۆ، سەربازگە یان نەخۆشخانەکان هەندێک لە وڵاتەکان لێدانی ژەمی سێهەمی ڤاکسینی MMRیان پێشنیار کردووە.
چ کەسانێک نابێت ڤاکسین وەربگرن؟
- ژنانی دووگیان
- ئەو کەسانەی سیستەمی بەرگری لەشیان لاوازە
- ئەو کەسانەی بە ژەمی یەکەم هەستیار بوون
بڵاوبوونەوە (ئێپیدێمیۆلۆژی)ی ملەخڕە: بۆچی هێشتا مەترسی هەیە؟
سەرەڕای بوونی ڤاکسین، لەم حاڵەتانەی خوارەوە ملەخڕە بینراوە:
١.ئەو ناوچانەی بە تەواوی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە
ناوچە کەم دەرامەتەکان یان ئەو ناوچانەی ناتوانن ڤاکسین وەربگرن.
٢.شوێنە قەرەباڵغەکان
بەشەکانی ناوخۆیی، قوتابخانەکان و سەربازگەکان
٣.دابەزینی بەرگری بە تێپەڕبوونی کات
هەندێک کەس پاش چەند ساڵ بەرگرییان لە هەمبەر ڤایرۆسەکان کەم دەبێتەوە.
خۆراکی گونجاو بۆ ئەو قۆناغە چین؟
شلەمەنییەکان (ئاو، شۆرباو، چاییە گیاییەکان
خۆراکی نەرم (پەتاتەی کوڵیو، فڕنی و شۆرباو)
دوورکەوتنەوە لە خۆراکی ترش
دوورکەوتنەوە لە خۆراکی ڕەق و وشک
نەخۆشیی ملەخڕە تا چەند ڕۆژ دەخایەنێت؟
قۆناغی شاراوە: ١٢بۆ ٢٥ ڕۆژ
دەستپێکردنی نیشانەکان: تا و ماندوویەتی ١ بۆ ٢ ڕۆژ
زیاترین هەڵاوسان: ڕۆژی سێهەم تاکوو پێنجەم
چاکبوونەوەی تەواو: ٧ بۆ ١٠ ڕۆژ
هەڵسەنگاندنی ملەخڕە لەگەڵ نەخۆشییەکانی تر
بۆ پێشگرتن لە ئەگەری دەستنیشانکردنی هەڵە، پێویستە جیاوازیی ملەخڕە لەگەڵ نەخۆشییە هاوشێوەکانی بزانین:
١.پارۆتید بەکتریایی
زیاتر هەڵاوسانی یەکلایەنەیە، ئازاری زۆر و هاتنە دەرەوەی زنچکاوی (چرک) لەگەڵدایە.
٢.بەردی لیکڕژێن
ئازارەکە لە کاتی نانخواردن زیاتر دەبێت بەڵام تا و نیشانەگشتییەکانی تری نین.
٣.پارا ئەنفڵۆنزا و EBV
ڕەنگە نیشانەی هاوشێوەی ملەخڕە دروست بکەن بەڵام هەڵاوسانی لیکڕژێن کەمترە.
پرسیارە باوەکان سەبارەت بە ملەخڕە
بەڵێ؛ ٣٠ لە سەدی حاڵەتەکان بەبێ هەڵاوسانی لیکڕژێن (پارۆتیدە)ن.
لە منداڵاندا سووکە بەڵام لە گەورەساڵاندا کاریگەرییەکانی توندترن.
بە گشتی نا؛ بەرگریی تاهەتایی دروست دەبێت.
نەخێر؛ بەڵام توندییەکەی کەم دەکاتەوە.
کۆباس
ملەخڕە یان ئۆریۆن (Mumps) نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی گوێزراوەیە بەڵام دەکرێت پێش بە تووشبوونی بگریت. ڤاکسینی MMR گرینگترین ڕێگایە بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە. دەستنیشانکردنی خێرا، چاودێریکردن و سەرنجدان بە نیشانە ئاگادارکەرەوەکان خاڵی سەرەکیی چارەسەرکردنن.
Leave Your Comment