نەخۆشی هاری: نەخۆشییەکی ئۆتۆماتیکی مەهلیک و ڤایرۆسی
- كانونی یهكهم 9, 2025
- 0 Likes
- 71 Views
- 0 Comments
نەخۆشی هاری یەکێک لە کۆنترین و کوشندەترین نەخۆشییەکانی ناسراو لە جیهاندایە. ئەم نەخۆشییە ڤایرۆسییە دوای دەرکەوتنی نیشانەکانی سەداسەد کەسەکە دەکوژێت؛ بەڵام خاڵی گرینگ ئەوەیە ئەگەر کەسەکە دوای گەستن لە لایەن ئاژەڵێکەوە چارەسەریی پێویست وەربگرێت نەخۆشیی هاری بە ئاسانی کۆنترۆڵ دەکرێت. هاری بە گشتی دوای گەستن یان چنگگرتنی ئاژەڵێکی ئالوودەوە، لە ڕێی لیکەوە بۆ مرۆڤ، دەگوازرێتەوە. لە جیهاندا زیاترین گواستنەوە لە لایەن سەگەوەیە، بەڵام لە زۆر وڵاتدا گواستنەوە لە لایەن شەمشەمەکوێرە، ڕێوی، چەقەڵ و گورگیشەوە بینراوە. ئەم بابەتە زانیارییەکی گشتگیر و متمانەپێکراوە بۆ ناسینی ئەم نەخۆشییە و ڕێکارەکانی پێشگرتن و چارەسەرەکردنی.
نەخۆشی هاری چییە؟
هاری نەخۆشییەکی لەناکاوی سیستەمی دەماری دەرەکییە (PNS) کە لە لایەن Rabies virusەوە دروست دەبێت. ئەم ڤایرۆسە دوای هاتنی بۆ ناو جەستە بە هێواشی لە ڕێڕەوی دەماری دەرەکییەوە دەچێتە ناو مێشکەوە و دەبێتە هۆی هەوکردنی مێشک و کرداری دەمارەکان دەشێوێنێت و دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی کەسەکە.
ڤایرۆسی هاری ڤایرۆسێکی یەک تاڵیی RNAیە کە:
- لە ناو لیکی ئاژەڵدا خۆڕاگرییەکی زۆری هەیە.
- لە بەرامبەر ڕووناکیی خۆر و گەرمادا خێرا ناچالاک دەبێت.
- لەسەر پێستی پاک و تەندروستدا ناتوانێت بە زیندوویی بمێنێتەوە.
- لە ڕێگای هەوا و خۆراکەوە ناگوازرێتەوە.
گرینگترین سەرچاوەی ڤایرۆسەکە لیکی ئاژەڵی تووشبووە.

ڕێگاکانی گواستنەوەی هاری
هاری لە چەند ڕێگاوە دەگوازرێتەوە:
- گەستنی ئاژەڵ:
-
باوترین و گرینگترین ڕێگای گواستنەوە، لیکی ئاژەڵی ئالوودەیە کە لە ڕێی برینەوە دەچێتە نێو جەستەوە.
- چنگگرتن:
-
ئەگەر چنگی ئاژەڵ ببێتە هۆی ڕووشان و خوێنبەربوون و لیکی ئاژەڵەکە بچێتە سەر برینەکە ئەگەری تووشبوون زۆر دەکات.
- لێکەوتنی لیک لەگەڵ:
-
چاو
لووت
دەم
ڕووشان و برینی سەر پێست. - گواستنەوە لە ڕێی شەمشەمەکوێرە:
-
شەمشەمەکوێرەکان، بەبێ بوونی برینێکی ئاشکرایش، بە هۆی ددانە تیژەکانیانەوە دەتوانن ڤایرۆسەکە بگوازنەوە.
هاری لەم ڕێگایانەوە ناگوازرێتەوە:
- مێش، مێشوولە و مێرووەکان
- دەستلێدان لە تووکی ئاژەڵ
- بەرکەوتن بەبێ بوونی برین
- خواردنی شیر یان گۆشتی ئاژەڵی تەندروست
قۆناغی شاراوەی نەخۆشییەکە
کاتی شاراوەبوونی هاری پێوەندیی بەم هۆکارانەی خوارەوە هەیە:
- شوێنی گەستن
- قووڵبوون و ئاستی برینەکە
- ڕێژەی ڤایرۆس
- دۆخی سیستەمی بەرگریی کەسەکە
ماوەی مامناوەندیی قۆناغی شاراوە: ١ بۆ ٣ مانگە، بەڵام دەتوانێت یەک حەفتە بۆ یەک ساڵیش درێژە بکێشێت. ئەگەر شوێنی گەستنەکە لە مێشک نزیک بێت مەترسییەکە زیاتر دەبێت.
نیشانەکانی نەخۆشیی هاری
هاری دوو جۆری سەرەکی هەیە:
- هاریی تووڕە (Furious Rabies): ٨٠ لە سەدی حاڵەتەکان لەخۆ دەگرێت.
- هاریی ئیفلیجکەر (Paralytic Rabies): ٢٠ لە سەدی حاڵەتەکان لەخۆ دەگرێت.
١. نیشانە سەرەتاییەکان: ٢ بۆ ٢٠ ڕۆژ دەخایەنێت.
ئەم قۆناغە هاوشێوەی نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی سادەیە:
- تای کەم
- سەرئێشە
- بێئۆقرەیی
- دڵتێکەڵهاتن
- سڕبوون و کزانەوەی شوێنی گەستن (نیشانەیەکی گرینگە)
- ماندوویەتیی زۆر
٢. هاریی تووڕە (Furious Raies)
لەم حاڵەتەدا سیستەمی دەمار بە توندی دەورووژێت:
- دڵەڕاوکێ و بێئۆقرەیی
- ڕەفتاری هێرشبەرانە
- ترسان لە ئاو (hydrophobia)؛ نیشانەیەکی باوە
- دڵتێکەڵهاتن لە کاتی دیتنی ئاو بە هۆی گیرانی ماسوولکەی گەروو
- گرژبوونی ماسوولکەی ڕووخسار
- زیادبوونی لیک و کێشەی قووتدان
- هەستیاریی زۆر بە دەنگ و ڕووناکی
ترسان لە ئاو و لە با (aerophobia) بە هۆی کاردانەوەی دەماریی کۆنترۆڵنەکراوەوە دروست دەبێت.
٣.هاریی ئیفلیجکەر
جۆرێک لە هاری کە نیشانەی هێرشبەرانەی نییە:
- ئیفلیجبوونی ئەندامەکانی جەستە
- لاوازبوونی ماسوولکەکان
- کێشە لە قووتدان
- ئیفلیجبوونی کۆئەندامی هەناسەدان
ئەم جۆرە دەستنیشانکردنی قورسترە.
٤.قۆناغی کۆتایی (Coma & Death)
دوای تووشبوونی مێشک:
- کەمبوونەوەی ئاستی وشیاری
- گرژبوونی ماسولکەکانی جەستە (فێ)
- سستیی کۆئەندامی هەناسەدان
چۆن هاری دەبێتە هۆی مردن؟
بە گشتی مردن لە ماوەی چەند ڕۆژدا ڕوو دەدات؛ گرینگە بزانین هاری لە دوای دەرکەوتنی نیشانەکاندا سەداسەد کوشندەیە.
ڤایرۆسی هاری ڕاستەوخۆ خانەکانی مێشک لەنێو نابات بەڵکوو:
- ڕێڕەوی گەیاندنی پەیامە دەمارییەکان کوێر دەکاتەوە.
- گرفت لە بەرامبەر کرداری لاسکی مێشک دروست دەکات.
- هەناسەدان و لێدانی دڵ تووشی کێشە دەکات.
- مێشک تووشی هەوکردنێکی توند دەکات.
ئەم پڕۆسەیە بە خێرایی تووشبوو تا مردن دەبات.
دەستنیشانکردنی نەخۆشیی هاری
دەستنیشانکردنی پێش گیانلەدەستدان یەکجار قورسە و بەپێی ئەم خاڵانەی خوارەوە دیاری دەکرێت:
١.پێشینەی گەستن لە لایەن ئاژەڵەوە: گرینگترین فاکتەری دەستنیشانکردنە.
٢.پشکنینی کلینیکاڵ: نیشانەکانی ترس لە ئاو، کێشە لە قووتدان، هەستیاری و تووڕەبوون.
٣.پشکنینی خوێن:
- PCRی لیک
- نموونەی شلەی مێشک (CSF)
- نموونەهەڵگرتن (Biopsy) لە پێست
- دژەتەنی سێرۆم
بەڵام ئەم پشکنینانە هەمیشە وڵامدەر نین.
دەستنیشانکردنە لاوەکییەکانی هاری
یەکێک لە ئاڵەنگارییە بنەڕەتییەکان لە قۆناغە سەرەتاییەکانی نەخۆشی، هاوشێوەبوونی نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە لەگەڵ نەخۆشییە دەماری و هەوکردنەکانە، دەستنیشانکردنی لاوەکی بریتییە لە:
- هەوکردنی پەردەکانی مێشک و هەوکردنی مێشک (ڤایرۆسی)
- نەخۆشیی گیلێن بارە (Guillain Barre Syndrome) بە تایبەت لە جۆری ئیفلیجکەری هاری
- ژەهراویبوون
- نەخۆشییە دەروونییەکان
- کێشە مێتابۆلیکەکان
پزیشک بە پشکنینی پێشینەی بەرکەوتن لەگەڵ ئاژەڵ، جۆری برین، نیشانەکان و پشکنینە تایبەتەکان دەتوانێت هاری دەستنیشان بکات. گرینگیی پشکنین لەم قۆناغەدا لەوەدایە کە تا ئەو کاتەی هاری ڕەت دەکرێتەوە دەبێت وەک حاڵەتێکی خێرای پزیشکی بە هەژمار بێت.
چارەسەریی هاری

گرینگترین خاڵ: هاری دوای دەرکەوتنی نیشانەکانی تەقریبەن هیچ چارەسەرێکی نییە و هەمیشە کوشندەیە.
ڕێگاکانی فریاکەوتن لە دوای گەستن
١.شۆردنی برین (گرینگترین بەشی چارەسەری)
- شۆردن بە ئاو و سابوون
- لانی کەم ١٥ خولەک
- خاوێنکردنەوەی ناوچەکە
- دوای ئەوە بەکارهێنانی گیراوەی ئایۆدین یان بێتادین
ئەم قۆناغە توندیی نەخۆشییەکە تا ئاستێکی زۆر کەم دەکاتەوە.
٢.پێکوتەی هاری
بەپێی پرۆتۆکۆلی WHO: ڕۆژی٠-٣-٧-١٤ و لە هەندێک وڵاتیشدا ڕۆژی ٢٤.
٣.لێدانی دژەتەنی دژەهاری (RIG)
لە حاڵەتە مەترسیدارەکان:
- گەستنی ڕووخسار، مل و دەست
- برینی قووڵ
- ئاژەڵی گوماناوی و نەناسراو
- نەبوونی پێشینەی پێکوتە
RIG دەبێت بدرێت لە شوێنی برینەکە نەک لە ماسولکەیەکی دوور.
٤. پێکوتەی دەردەکۆپان (Tetanus)+ دژەهەوکردنی پێویست.
لە چ حاڵەتێکدا کوتانی هاری پێویستە؟
- گەستن لە لایەن سەگ، پشیلە، ڕێوی، چەقەڵ و گورگ
- بەرکەوتن لەگەڵ شەمشەمەکوێرە
- گەستن لە لایەن ئاژەڵی دڕندەوە
- برینی ڕووکەش لەگەڵ لیکی ئاژەڵ
- ئاژەڵی هەڵاتوو یان نەناسراو
ئەگەر سەگ یان پشیلەی ماڵی پێکوتە کرابوو؟
ئەگەر ئاژەڵەکە ١٠ ڕۆژ لە ژێر چاودێریدا بێت و هیچ نیشانەیەکی نەبێت، پێکوتە پێویست نییە بەڵام لەو حاڵەتەشدا پزێشک دەبێت بڕیاری بۆ بدات.
پێشگرتن پێش لە بەرکەوتن (Pre-exposure)
بۆ ئەو کەسانەی مەترسیی زۆریان لە سەرە پێویستە:
- پزیشکی ئاژەڵان
- ئەو کەسانەی لە نێو دارستان و ئەشکەوتدا ئیش دەکەن
- فەرمانبەری تاقیگەکان
- ئەو منداڵانەی لەگەڵ ئاژەڵاندا بەرکەوتەیان هەیە
بەرنامەی پێکوتە بۆ پێشگرتن: ڕۆژی٠-٧-٢١
پێکوتەی هاری
پێکوتە نوێیەکان بە تەواوتی پارێزراون و کاریگەرییەکی لاوەکی مەترسیدارییان نییە. تەنیا ڕەنگە نیشانەکانی وەک: ئازاری شوێنی کوتان، تای کەم و ماندوویەتی لەگەڵدا بێت.
هاری لە نێو ئاژەڵاندا
نیشانەکانی ئاژەڵی تووشبوو:
- گۆڕانی لەناکاوی ڕەفتار
- ڕژانی لیک
- هەستیاری
- هێرشکردن بەبێ هۆکار
- بێهێزی و ئیفلیجبوون
هەر ئاژەڵێکی کێوی کە زۆر دەستەمۆ کرابێت و ڕەفتاری نائاسایی هەبێت، گوماناوی بە هەژمار دێت.
هاری لە جیهاندا
بەپێی ئاماری ڕێکخراوەی جیهانیی تەندروستی:
- ساڵانە نزیکەی ٥٩ هەزار کەس بە هۆی هارییەوە دەمرن.
- لە سەدا ٩٥ی حاڵەتەکان لە ئاسیا و ئەفریقادا ڕوو دەدەن.
- لە سەدا ٤٠ی قوربانییەکان منداڵن.
بەڵام وڵاتێک کە بەرنامەیەکی گونجاوی بۆ پێکوتە هەبێت ڕێژەی گیانلەدەستدانی بە هۆی هارییەوە کەمترە.
ئایا هاری بنەبڕ دەکرێت؟
بەڵێ، بەم ڕێکارانەی خوارەوە:
- کوتانی بەربڵاوی پێکوتە بۆ سەگەکان
- پێکوتە بۆ ئەو کەسانەی مەترسییان لەسەرە
- پەروەردەکردن و فێرکاری
- چاودێریکردنی ئاژەڵە کێوییەکان
لە هەندێک وڵاتدا بە تەواوی هاری لە نێو دانیشتووانیدا نەماوە.
ڕۆڵی گرینگی پەروەردەی گشتی و پێشگرتن
یەکێک لە هۆکارەکانی گیانلەدەستدان بە هۆی هارییەوە نەبوونی زانیاریی پێویست لە سەر ئەم نەخۆشییەیە. زۆرینەی خەڵک لایان وایە “ئەگەر برینەکە بچووک بێت”، ئەگەر ئاژەڵە ماڵییەکە بە ڕواڵەت تەندروست بێت”، ئەگەر گەستنەکە ڕووکەش بێت” مەترسییەکی وەهای نییە، بەڵام تەواوی ئەم گریمانانە هەڵەن و چارەسەریی پێویست وەدوا دەخەن. ئەو فێرکارییانەی پێویستە بە کۆمەڵگا بدرێت بریتین لە:
- هەر گەستنێکی ئاژەڵ مەترسیدارە.
- شۆردنی دروستی برین گرینگترین و سەرەتاییترین هەنگاوە.
- سەردانی ناوەندە تەندروستییەکان نابێت لە چەند کاتژمێر زیاتر وەدرەنگ بکەوێت.
- تەنانەت ئەگەر ئاژەڵە ماڵییەکەیش پێکوتەی وەرگرتبێت، دەبێت برینەکە پشکنینی بۆ بکرێت.
- بەرکەوتن لەگەڵ شەمشەمەکوێرە هەمیشە حاڵەتێکی جددییە تەنانەت ئەگەر نیشانەیەکیش نەبێت.
ئەم فێرکارییانە لە قوتابخانەکان، گوندەکان و ئەو ناوچانەی بەرکەوتنیان لەگەڵ ئاژەڵاندا زۆرە پێویستە.

ڕێکارەکانی چاودێریی ئاژەڵان بۆ کۆنترۆڵکردنی هاری
کۆنترۆڵکردنی هاری تەنیا بابەتێکی پزیشکی نییە و پزیشکی ئاژەڵان و ژینگەپارێزانیش ڕۆڵیان هەیە و دەتوانن کاریگەری دابنێن؛ وەکوو:
- کوتانی ساڵانەی سەگەکان
- کۆنترۆڵی ڕێژەی سەگەبەرەڵڵاکان لە ڕێی شێوازە مرۆییەکانەوە (TNVR)
- فێرکاریی خاوەن ئاژەڵە ماڵییەکان
- دوورخستنەوەی منداڵان لە بەرکەوتن لەگەڵ سەگە نەناسراوەکان
- چاودێریکردنی ئاژەڵە کێوییەکان لە ناوچە دارستانییەکان
ئەم ڕێکارانە لەو وڵاتانەی سەگەکان گرینگترین هۆکاری گواستنەوەن، گرینگە!
پرسیارە باوەکان:
بەڵێ، هەر شیردەرێکی گەرمخوێن دەتوانێت هاری بگوازێتەوە.
دەبێت بە خێرایی پێکوتە و RIG وەربگرن.
بەڵێ؛ تەنانەت برینە بچووکەکانیش مەترسیدارن.
ئەمە تەنیا لە بارودۆخی تایبەت و لە نێو تاقیگەکاندا ڕوو دەدات.
نەخێر؛ تەنیا ڕێگای چارەسەرکردنی بریتییە لە: شۆردنی دروست + پێکوتە + لێدانی RIG
کۆباس
ڕاستە هاری یەکێک لە کوشندەترین نەخۆشییەکانی جیهانە بەڵام هەواڵی خۆش ئەوەیە ئەگەر ڕێکاری چارەسەریی خێرا لە دوای گەستنی ئاژەڵ ڕەچاو بگیرێت بە ئاسانی کۆنترۆڵ دەکرێت.
خاڵە گرینگەکان:
- هەر گەستنێک جددی وەربگرن.
- ١٥ خولەک برینەکە بە ئاو و سابوون بشۆن.
- خێرا سەردانی ناوەندە تەندروستییەکان بکەن.
- تا تەواوبوونی پڕۆسەی کوتان، چاودێرییەکان ڕەچاو بکەن.
Leave Your Comment