ئایدز (AIDS/HIV)، نەخۆشییەکی شاراوە و پڕمەترسی
- كانونی یهكهم 1, 2025
- 0 Likes
- 14 Views
- 0 Comments
ڤایرۆسی HIV (نەمانی بەرگری لە مرۆڤ ،Human Immunodeficiency Virus) ڤایرۆسێکە دەبێتە هۆی نەخۆشیی ئایدز ( AIDS ، واتە کۆنیشانەی نەمانی بەرگریی دەستکەوتوو Acquired immune Deficiency syndrome). ئەم ڤایرۆسە سیستەمی بەرگریی لاواز دەکات و بە لەناوبردنی خانەکانی T (لە خوێندان و بەتایبەت لە دژی هەوکردندا بە شەڕ دێن)ی لەش دەبێتە هۆی ئەوەی جەستە نەتوانێت تەنانەت لە بەرانبەر نەخۆشییە سووکەکانیشدا بەرگری لە خۆی بکات. لەوانەیە بەبێ دەرکەوتنی هیچ نیشانەیەک تووشی ئەم نەخۆشییە ببن. پشکنین و دەستپێکردنی پڕۆسەی دەرمان لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی سەرەڕای نەخۆشییەکە بتوانن زۆر بژین و ڤایروسەکە لە لەشدا زۆر پەرە نەستێنێت.
ئایدز چییە؟
ئایدز قۆناغی کۆتایی و گرینگی هەوکردنی ڤایرۆسی HIVیە. ئەوانەی تووشی ئایدز دەبن ئەژمارێکی کەمی خڕۆکە سپییەکانی خوێنیان هەیە و سیستەمی بەرگریی جەستەیان زۆر لاواز بووەتەوە؛ لەوانەیە تووشی نەخۆشیی تریش بووبن کە دەریدەخات ئایدزەکەیان تا ڕادەیەکی زۆر تەشەنای سەندووە. ئەگەر هەر چارەسەر نەکرێت، هەوکردنی HIV بۆ ماوەی ١٠ ساڵ دەتوانێت ببێت بە ئایدز.
جیاوازیی HIV و ئایدز لە چیدایە؟
HIV ڤایرۆسێکە سیستەمی بەرگری لاواز دەکات، بەڵام ئایدز دۆخ یان قۆناغێکە لە ئەنجامی هەوکردنی HIVدا، ئەو کاتەی سیستەمی بەرگری زۆر لاواز بووەتەوە، ڕوو دەدات. ئەگەر HIVتان نەبێت ناتوانن ئایدزیش بگرن. لە ئێستادا بەهۆی ئەو دەرمانانەی وا کاریگەریی ئەم ڤایرۆسە لەسەر لەش کەم دەکەنەوە زۆربەی خەلک تووشی ئایدز نابن، بەڵام ئەگەر چارەسەری وەرنەگرن هەموو ئەوانەی HIVیان هەیە لە دواییدا تووشی ئایدزیش دەبن.
HIV چۆن دەگوازرێتەوە؟

ئەم ڤایرۆسە دەکرێت لە ڕێگەی شلە و وردەتنۆکەکانی لەشی کەسیی تووشبوو لە کاتی بەرکەوتنیان لەگەڵ بەربەستێکی تێپەڕ (بۆ نموونە پێستی برینداربوو) یان بۆشاییەک لە شانە شێدارەکانەوە وەکوو ئەندامەکانی زاوزێ بگوازرێتەوە، بۆ نموونە لە ڕێگەی:
- تۆواو
- شلەی پێش تۆواو
- شلەی دەردراوی زێ
- شلەی دەردراوی کۆم
- خوێن
- شیری دایک
هەر کەسێک بە هەر ڕەگەز و مەیلی سێکسییەکەوە ئەگەر لە کۆندۆم و پارێزگاریی پێش بەرکەوتن (PrEP، ڕیگەیەکی چارەسەرییە بۆ ئەو کەسانەی جێی مەترسین) کەڵک وەرنەگرێت دەتوانێت لە کاتی جووتبووندا تووشی بێت و بۆ کەسی تری بگوازێتەوە. ڤایرۆسەکە دەتوانێت لە ڕێگای دەم، کۆم، ئەندامی نێرینەی پیاو، زێ یان پێستی برینداربوو بچێتە نێو لەشێکی ترەوە. خاڵی گرینگ ئەوەیە بزانین ڤایرۆسەکە لە پێستی تەندروست تێناپەڕێت تا ئەو کاتەی پێستەکە بریندار نەبووبیت. ئەگەر دووگیانیت و HIVت هەیە، دەتوانیت بە کۆرپەڵەکەی نێو زگیشتی بدەیت. جووتبوون بەبێ بەکاربردنی کۆندۆم و کەڵکوەرگرتن لە دەرزی و تیخی هاوبەش بۆ کێشانی ماددە هۆشبەرەکان یەکێک لە باوترین ڕێگاکانی گواستنەوەی ڤایرۆسی HIVیە.
ئایا HIV بە ماچکردن دەگوازرێتەوە؟ ڤایرۆسی HIV لە ڕێگای لیکی دەم ناگوازرێتەوە و ماچکردن ڕێگایەکی باو بۆ گواستنەوەی ئەم ڤایرۆسە نییە. لە هەندێک دۆخی تایبەتدا، ئەگەر هەر دوو کەسەکە برینێکی زیندوویان لەنێو دەم یان پووکیاندا هەبێت و نەخۆشییەکەیان هەبێت، دەتوانن ڤایرۆسەکە بگوازنەوە.
HIV لەم ڕیگانەوە ناگوازرێتەوە:
- دەستلێدان یان لە باوەشکردنی کەسی تووشبوو بە HIV یان ئایدز
- مەلەوانگە و توالێتە گشتییەکان
- هاوبەشکردنی پەرداخ و قاپ و کەوچکی نانخواردن و مۆبایل لەگەڵ کەسی تووشبوو
- پێوەدانی مێروو
- خوێنبەخشین (مەترسییەکەی کەمە، چونکە خوێنبەخشەرەکە بە وردی پشکنینی بۆ دەکرێت.)
ڤایرۆسی HIV چۆن کاریگەری لەسەر لەش دادەنێت؟
ئەم ڤایرۆسە ئەژماری خڕۆکە سپییەکانی خوێن دادەبەزێنێت و دەبێتە هۆی ئەوەی سیستەمی بەرگریی نەتوانێت لە بەرانبەر چڵک و نەخۆشییە میکرۆبییەکاندا، تەنانەت هەوکردنە سووکەکانیش، بەرگری لە خۆی بکات. لە سەرەتادا HIV دەبێتە هۆی پێکهاتنی هەستێکی وەک تووشبوون بە نەخۆشیی ئەنفۆڵانزا؛ لە دواییدا بۆ ماوەیەکی زۆر دەتوانێت لە لەشدا بەبێ دەرکەوتنی هیچ نیشانەیەکی بەرچاو بە شاراوەیی بمێنێتەوە. لەم ماوەیەدا وردە وردە خانەکانی Tی لەش لەناو دەبات. کاتێک ئەژماری خانەکانی T کەم دەبێتەوە لەوانەیە تووشی هەندێک نەخۆشیی تر بیت کە لە دۆخی ئاسایی و بە سیستەمێکی بەرگریی ئاساییەوە تووشی نابیت؛ ئەمەش نیشان دەدات نەخۆشییەکە بە قۆناغی ئایدز گەیشتووە.
گرینگە بزانین HIV ڕێترۆڤایرۆسە؛ ڕێترۆڤایرۆسەکانیش کاریان ئەوەیە دزە بکەنە نێو تەواوی خانەکانی لەشەوە و لە خانەکانی تر بۆ سازکردنی کۆپییەک لە خۆیان کەڵک وەربگرن و دەستکاریی DNAیەکەیان بکەن.
HIV کاریگەری لەسەر چ کەسانێک دادەنێت؟
یەکێک لە باوەڕە هەڵەکان ئەوەیە ئەم ڤایرۆسە تەنیا لەسەر هەندێک کەسی تایبەت کاریگەری دادەنێت، بەڵام لە ڕاستیدا هەر کەسێک لە ئەگەری بەرکەوتن لەگەڵ ئەم ڤایرۆسە دەتوانێت تووشی HIV بێت؛ بەڵام هەندێک گروپ مەترسیی زیاترین لەسەرە بۆ نموونە:
- ئەو کەسانەی تووشی هەوکردنێکی سێکسیی تر بوون. هەبوونی هەوکردنێکی پێشووی تر مەترسیی تووشبوون یان گواستنەوەی ڤایرۆسی HIV زیاتر دەکات.
- کەسانێک کە ماددە هۆشبەرەکان بە دەرزیی هاوبەش بەکار دەبەن.
- پیاوانی هاوڕەگەزباز و دووڕەگەزباز
- ئەمریکییە ڕەشپێستەکان/ئەفریقی-ئەمریکییەکان و هیسپانیک/لاتینی-ئەمریکییەکان بەراورد بە ڕەگەز و نەتەوەکانی تر زیاتر ئەم ڤایرۆسە دەگرن و لەواندا زیاتر دەستنیشان کراوە.
- کەسانێک کە ڕەفتاری سێکسیی مەترسیداریان هەیە، وەک بەکارنەهێنانی کۆندۆم یان دەرمان بۆ ڕێگری یان چارەسەرکردنی HIV.
- هۆکارگەلێکی وەک هەڵاواردن، پەروەردە، داهات و ناوچەی جۆگرافیایی بەشێوازگەلی جیاواز دەتوانن کاریگەرییان لەسەر کەسەکان هەبێت.
نیشانەکان
لەوانەیە بەبێ هیچ نیشانەیەک HIVتان هەبێت. بۆیە تەنانەت گەر نەخۆشیش نەبن پێویستە هەندێک پشکنینی خوێنتان بۆ نکرێت. لە سەرەتای تووشبووندا و بۆ یەکەم جار نیشانەگەلێکی وەک ئەنفۆڵانزا دەردەکەون کە دەتوانن بریتی بن لە:
- تا
- لەرز
- گەرووئێشە
- ئازاری ماسوولکە
- ئارەقکردنی شەوانە (ئارەقکردنی زۆر لە کاتی خەودا)
- ئاوسانی گرێی لیمفی
- برینی دەم
لە قۆناغی دواییدا ئایدز دەتوانێت ببێتە هۆی:
- خێرا دابەزینی کێش
- ماندوویەتیی زۆر و بەردەوام
- برینی ئەندامی زاوزێ
- گۆڕینی ڕەنگی پێست
- لێڵبینی
- تا
- کۆکەی وشک
- هەناسەتەنگی
- ئارەقکردنی شەوانە
- پەڵەی سپی لەسەر زمان و ناودەم
- هەڵاوسانی ڕژێنەکان
- سکچوون
- نەخۆشی و شێرپەنجەکانی تر
نیشانەکان دەتوانن لەبەر هەوکردنەکانی دواتری لەش خۆیان بە شێوەگەلی جیاواز دەربخەن و بەپێی ئەو نەخۆشییانەی بەهۆی لاوازبوونی سیستەمی بەرگری تووشی دەبین بگۆڕدرێن. هەندێک کەس لەوانەیە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی هەوکردنیHIV دا هەست بە نەخۆشی نەکەن. بۆیە تەنیا ڕێگا بۆ زانینی ئەوەی ئایاHIV ـت هەیە، پشکنینی خوێنە.

قۆناغەکانی HIV
HIV سێ قۆناغی سەرەکی هەیە:
- قۆناغی تووشبوونی کورتخایەن: هەندێک کەس یەک دوو مانگ دوای گرتنی ڤایرۆسەکە نیشانەگەلێکی وەک ئەنفۆڵانزایان لێ دەردەکەوێت. ئەم نیشانانە لە ماوەی یەک حەوتە بۆ یەک مانگ نامێنن.
- قۆناغی تووشبوونی درێژخایەن یان بێ نیشانەیی : لەم قۆناغەدا لەوانەیە بۆ ساڵانێکی زۆر بەبێ دەرکەوتنی هیچ نیشانە و نەخۆشییەک بژین. گرینگە بزانین لەم قۆناغشدا هەر دەکریت ڤایرۆسەکە بۆ کەسانی تر بگوازرێتەوە.
- قۆناغی کۆتایی، ئایدز: ئایدز گرینگترین قۆناغی HIVیە. لەم قۆناغەدا ڤایرۆسەکە سیستەمی بەرگریی ئێوە زۆر لاواز دەکات و دەرفەتی زیاتر بۆ هەوکردنی قورس دەڕەخسێت و نەخۆشییەکانی تریش لەم لاوازییەی سیستەمی بەرگری بۆ نەخۆشخستن کەڵک وەردەگرن. ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەکان زیاد دەکات و بە تێکڕایی لەگەڵ نەخۆشییەکانی تر هێرش دەکەنە سەر تەندروستیی لەش.
چۆن دەتوانم بزانم HIVم هەیە؟
تەنیا بە چاولێکردن لە کەسێک ناتوانیت بزانیت ئایا ڤایرۆسەکەی هەیە یان نا چون ئەگەری هەیە تووش بووبن بەڵام هیچ نیشانەیەکیان لێ دەرنەکەوتبێت. تەنیا ڕێگا بۆ دڵنیابوونەوە تێستی HIVیە. پێویستە بزانیت وەڵامی تێستەکە نهێنی دەبێت و لە ڕێگای پشکنینی خوێن یان لیکی دەم دەستنیشان دەکرێت. شیکاریی خوێن دەتوانێت پێت بڵێت ئایا HIV ت هەیە یان نا. پزیشک دەتوانێت پشکنینی خوێنت بۆ بکات و خۆیشت دەتوانیت کیتی پشکنینی ماڵەوە بەکار بهێنیت.
ئایا HIV چارەسەر دەبێت؟
لە ئێستادا هیچ دەرمانێکی نییە بەڵام بژاردەگەلێکی زۆر بەردەستن کە دەتوانن پێش بە تەشەنەسەندنی خێرای ڤایرۆسەکە بگرن. HIV بە تێکەڵییەک لە هەندێک دەرمان کە ڕۆژانە دەخورێن چارەسەر دەبێت کە پێیان دەوترێت دەرمانی دژەڤایرۆسیی ART. ئەم دەرمانە ئامانجی کەمکردنی ڤایرۆسی HIV لە خوێن و کەمکردنی خێرایی تەشەنەسەندنی نەخۆشییەکەیە و بەرگری لە تووشبوونی خانە تەندروستەکانی لەش دەکات.
ART بەر بە زیادکردنی ڤایرۆسی HIV دەگرێت هەتا ڕێژەی ڤایرۆسەکە لەنێو لەشدا کەمتر بێت و سیستەمی بەرگری بتوانێت بەرەنگاری بێتەوە و تووشی هەوکردن و نەخۆشییەکانی تر نەبێت. ئەگەر ئەم ڕێژەیە تا ڕادەیەکی بەرچاو کەم بێتەوە و لە پشکنینی خۆێندا دەرنەکەوێت ئەگەری گواستنەوەشی بۆ کەسانی تر زۆر دادەبەزیت. گرینگە دەرمانەکان لە کاتی خۆیان و بە شێوەی دروست بخورێن هەتا ڕێژەی ڤایرۆسەکان دووبارە زیاد نەکاتەوە و دەرفەتیان بۆ بەرگریکردن لە بەرانبەر دەرمانەکاندا بۆ ساز نەبێت.
ئەگەر HIVت هەیە و دووگیانیت یان دەتەوێت دووگیان بیت گرینگە بە خێرایی دەست بە خواردنی دەرمانەکان بکەیت و لەژێر چاوەدێری پزیشکدا بیت تا پڕۆسەی چارەسەرییەکەت بەباشی بەڕێوە بەریت. ئەگەر دەرمانەکانت بە باشی و دروستی و ئەو جۆرەی پزیشکەکەت بۆی داناویت، بخۆیت ئەگەری گواستنەوەی ڤایرۆسی HIV بۆ منداڵەکەت زۆر کەم دەبێتەوە.
ئەگەر تووشی HIV بووم چۆن چاودێریی خۆم بکەم؟
زۆر گرینگە بە پڕۆسەی چارەسەرییەکەت پابەند بیت و دەرمانەکانت بەو جۆرەی پێشنیار کراوە وەرگریت و بە ڕێکۆپێکی سەردانی پزیشکەکەت بکەیت. گرینگە بزانیت ئەو کەسانەیHIV یان هەیە و پەیڕەوی ڕێنماییەکانی چارەسەری دەکەن، دەتوانن بە تەواوی هەر ئەوەندەی کەسانێک کەHIV یان نییە بژین. دەتوانیت چاوەڕوانییەکانت باشتر بکەیت ئەگەر:
- پشکنین وەک بەشێک لە پڕۆسەی چاودێریی تەندروستیی ئاسایی ببینیت.
- بە خێرایی و دوای دەستنیشانکردن چارەسەریی دژەڕێترۆڤایرۆسی دەست پێ بکەیت.
- دەرمانەکانت ڕۆژانە و بە ڕێكوپێکی لە کاتی خۆیاندا بخۆیت تا ئەگەری گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بۆ کەسانی تر کەم بکەیتەوە و تەندروستیی خۆت زیاتر بپارێزیت.
- لەگەڵ تیمی چاودێریی تەندروستییەکەت دیتنت هەبیت.
- هەر نیشانە یان نەخۆشییەکی ترت لێ دەرکەوت بە دوایدا بچیت و پزیشکەکەت ئاگادار بکەیتەوە.
- جووڵە و چالاکیی جەستەییت بە ڕادەی پێویست هەبێت.
- ڕجێمێکی خۆراکیی تەندروستت هەبێت تا بتوانیت سیستەمیی بەرگریی لەشت بەهێز بکەیت.
- جگەرە نەکێشیت؛ جگەرەکێشان ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی هەندێک لە دەرمانەکان بە باشی کاریگەر نەبن و لە لەشدا کار نەکەن.
- ئەلکۆڵ (کحول) و دەرمانە ڕێگاپێنەدراوەکانی وا لە بازاڕی ڕەش دەفرۆشرێن بەکار نەبەیت و تەنیا بەپێی ڕێنمایی پزیشک دەرمان و چارەسەری وەربگریت.
چارەسەریی دژەڕێترۆڤایرۆسی دەتوانێت ڕێژەی ڤایرۆسەکە لە خوێندا نەدیار بهێڵێتەوە، بەڵام ناتوانێت بە تەواوی ڤایرۆسەکە لە جەستە دەربهاوێت. ئەگەر هەموو ڕۆژێک دەرمانەکان نەخورێن، ڤایرۆسەکە دەتوانێت دووبارە دەست بە زۆربوون و گۆڕانکاریی بۆهێڵی بکات، ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی دەرمانەکان بە باشی کار نەکەن. بەبێ چارەسەرکردن، نزیکەی ١٠ ساڵ دەخایەنێت تاکوو HIVبە قۆناغی ئایدز بگات.
خۆپاراستن لە بەرانبەر هەوکردندا
ئەگەر HIVتان هەیە، پاراستنی خۆتان لە بەرانبەر هەوکردنەکاندا زۆر گرینگە. چوون ئەو کەسانەی تووشی ئەم ڤایرۆسە دەبن زیاتر لە خەڵکی ئاسایی هەو دەکەن. هەندێک لەو نەخۆشییە باوانە بریتین لە:
- زۆنا، هێرپس (تامیسکە): بە تایبەت لەسەر پێستی ئەندامی سێکسیی ژن و پیاو و دەوری دەم سەر هەڵدەدات.
- هەوکردنی سییەکان (Pneumonia، سنگ خێزان، پزوو): هەوکردنێکی سییە کە دەتوانێت ببێتە هۆی کۆکە و کێشەگەلی هەناسەیی.
- بۆقژە (زیپکەی ناودەم، Candidiasis): دەبێتە هۆی پێکهاتنی پەڵەی سپی و سووری بەئازار لەنێو دەمدا.
وەختێک کەسێک تووشی ئەم هەوکردنانە دەبێت بە مانای ئەوەیە نەخۆشییەکەی چووەتە قۆناغی کۆتایی و ئیتر ئایدزی گرتووە.
ئایا HIV بنەبڕ دەبێت؟
HIV بە تەواوی بنەبڕ نابێت. خۆی دەخاتە ناوDNA ـی خانەکانەوە و بۆیە خانەکان وا دەزانن بەشێکە لە خۆیان. دەکرێت ساڵانێکی زۆر لە دوای هەوکردنی سەرەتایی بەبێ نیشانە بێت، بەڵام HIV هێشتا دەتوانێت زیان بە سیستەمی بەرگری بگەیەنێت تەنانەت ئەگەر کەسەکە هەست بە نەخۆشی نەکات.
لەوانەیە لە کاتی بەکارهێنانی دەرمانەکاندا ڤایرۆسەکە لە پشکنینیHIV دا نادیار بێت. لەم حاڵەتانەدا HIV دەتوانێت لە جەستەدا خۆی بشارێتەوە و لە داهاتوودا “بە ئاگا بێتەوە” و دووبارە دەست بکات بە لەناوبردنی خانەکانی لەش. بۆیە بەردەوامبوون لە بەکارهێنانی دەرمانیHIV، تەنانەت ئەگەر هەست بە نەخۆشی ناکەیت یان ڤایرۆسەکە نادیارە، زۆر گرینگە. بەبێ چارەسەری، HIV سیستەمی بەرگری لاواز دەکات تاکوو نەتوانیت لە دژی نەخۆشیی سەختی تر بەشەڕ بێیت.
پاڵپشتی
ئەوەیکە بزانیت تووشی HIV یان ئایدز بوویت دەتوانێت هەستێکی زۆر ناخۆشت تێدا ساز بکات بەڵام لەبیرتان بێت ئێوە تەنیا نین و ئەم نەخؤشییە کۆتایی ڕێگە نییە. لەم بارەیەوە لەگەڵ بنەماڵە، هاوڕییان و تیمێکی پاڵپشتیکەری تایبەت بەم بوارە قسە بکەن. ئەوان دەتوانن یارمەتیتان بدەن، سترێستان کەم بکەنەوە تا بە باشی بڕیار بۆ هەنگاوەکانی تری چارەسەریتان هەڵبگرن. لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی پێشکەوتنی زانست نەخۆشیی ئایدز چیتر وەک ڕابردوو کوشندە نییە و کەسانی تووشبوو دەتوانن بە وەرگرتنی دەرمان و ڕەچاوگرتنی خاڵە تەندروستییەکان تەمەنێکی زۆر و وەک کەسانی ئاسایی بژین.
Leave Your Comment