نەخۆشیی دووجەمسەری یەکێک لە گرینگترین و لە هەمان کاتدا ئاڵۆزترین نەخۆشییە دەروونییەکانە. زۆریەک لە پسپۆڕانی پزیشکیی دەروونی بە “ناهاوسەنگیی باری دەروونی” ناوی لێدەبەن. ئەم نەخۆشییە دەرئەنجامی لاوازیی کەسایەتی یان بێ ئیرادەیی نییە بەڵکوو نەخۆشییەکی ڕاستەقینەی مێشکە کە بە هۆی گۆڕانکاریی بەرچاوی دەمار گوێزەرەوەکان (Neurotransmiters) و چالاکیی بەشە جیاوازەکانی مێشکەوە دروست دەبێت. کەسانی تووشبوو بە نەخۆشیی دووجەمسەری، قۆناغەکانی شەیدایی (Menia) و شەیدایی سووک (Hypomenia) ئەزموون دەکەن. لەم حاڵەتەدا کەسەکە هەست بە دڵخۆشی و شاگەشکەییەکی لەڕادەبەدەر دەکات و ئاستی وزە و چالاکیی زەینی کەسەکە بەرز دەبێتەوە. پاش ئەم حاڵەتە، تووشبوو دەچێتە قۆناغێکی تری نەخۆشییەکە کە بە خەمۆکی (Depression)، کەمبوونەوەی وزە، بێهیوایی و بێتاقەتی خۆی دەردەخات. ئەم ناهاوسەنگیانە بە چەندین قۆناغدا تێدەپەڕێت و لە چەند حەفتەوە تا چەن مانگ درێژە دەکێشێت. ئەگەر ئەم نەخۆشییە چارەسەر نەکرێت کاریگەریی خراپ لە سەر ژیانی کەسەکە دادەنێت و ژیانی تاکەکەسی، خوێندن و ئیش و کاری نەخۆشەکە تووشی کێشە دەکات.
ئامانجی ئەم وتارە پێشکەشکردنی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو، زانستی و گشتگیرە تا بەرچاوڕوونییەک سەبارەت بەم نەخۆشییە بە خوێنەرانی هێژا بدرێت تا باشتر ئەم نەخۆشییە بناسن و لە ئەگەری بوونی هەر حاڵەتێکی هاوشێوەی ئەم نەخۆشییە خێرا سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن.
نەخۆشیی دووجەمسەری چییە؟
نەخۆشیی دووجەمسەری (Bipolar Disorder) نەخۆشییەکی درێژخایەنی ناهاوسەنگیی باری دەروونییە. کەسانی تووشبوو لە ڕووی ئاستی وزە، هەستەکان و کرداریان تووشی گۆڕانکاری دەبن و ناتوانن هاوسەنگییەک لە نێوانیاندا ڕابگرن و باری دەروونییان لە نێوان دڵخۆشی و خەمۆکیدا لە هاتوچۆدایە و ئاستێکی دیاریکراویان بۆ وزە و هەستەکانیان نییە.
بە پێچەوانەی بیرکردنەوەی خەڵک، کەسانی تووشبوو بە دووجەمسەری خاوەنی دوو کەسایەتی جودا نین بەڵکوو یەک کەسایەتییان هەیە بە دوو حاڵەتی جیاوازەوە.
- جەمسەری ئەرێنی (دڵخۆشی، شەیدایی یان Mania):
-
وزەی زۆر، بێخەوی، بڕیاری مەترسیدار، باوەڕبەخۆبوونی دوور لە ڕاستی
- جەمسەری نەرێنی (خەمۆکی یان Depression):
-
خەمی قووڵ، بێهیوایی، ماندوویەتی، نەبوونی حەز و ئارەزوو بۆ چالاکییەکان.
ئەم گۆڕانکارییانە بە هێواشی ڕوو دەدەن و لەناکاو نین. لە زۆرینەی نەخۆشەکاندا لە نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا حاڵەتی ئاساییش ئەزموون دەکرێت.
بڵاوبوونەوە و گرینگیی نەخۆشیی دووجەمسەری
بەپێی ڕاپۆرتی National Institute of Mental Health(NIMH نزیکەی ١ بۆ ٢ لە سەدی دانیشتووانی جیهان تووشبووی جۆرێک نەخۆشیی دووجەمسەرین. ڕێژەی تووشبوون لە نێو ژن و پیاودا نزیکی یەکە و بەگشتی لە تەمەنی ١٥ بۆ ٣٠ ساڵیدا ڕوو دەدات. ئەم نەخۆشییە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی پەککەوتنی دەروونی لە جیهاندا و چارەسەرنەکردنی ئەم نەخۆشییە دەبێت بە هۆی دابەزینی ئاستی خوێندن، کێشە و گرفتی بنەماڵەیی و چوونە سەرەوەی مەترسیی خۆکوشتن. لە لایەکی تریشەوە چارەسەریی گونجاو لە زۆرینەی نەخۆشەکاندا بووەتە هۆی گەڕانەوە بۆ سەر ژیان و دۆخی ئاساییی خۆیان.
جۆرەکانی نەخۆشیی دووجەمسەری بە پێیDSM-5

1. پنەخۆشیی دووجەمسەری جۆری یەک (Bipolar 1 Disorder)
ئەم جۆرە توندترین جۆری نەخۆشیی دووجەمسەرییە. تایبەتمەندیی سەرەکی ئەم جۆرە بریتییە لە قۆناغێکی تەواوی مانیا یان دڵخۆشی کە نزیکەی یەک حەفتە دەخایەنێت و توندییەکەی بە ڕادەیەکە کە پێویست دەکات نەخۆشەکە بۆ ماوەیک لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە.
تایبەتمەندییەکان:
- قۆناغەکانی دڵخۆشی و شەیدایی توند
- قۆناغەکانی خەمۆکیی توند
- ئەگەری دەرکەوتنی سایکۆسیس (وەهم و خەیاڵی ناڕاست)
2. نەخۆشیی دووجەمسەری، جۆری دوو (Bipolar 2 Disorder)
لەم جۆرەدا هەرگیز شەیدایی بە تەواوەتی ڕوو نادات. زۆریەک لە نەخۆشانی دووجەمسەریی جۆری دوو سەرەتا وا دەزانن تووشی خەمۆکی بوون لەبەر ئەوەی قۆناغی خەمۆکییەکەی توندتر و درێژماوەترە. ئەم جۆرە بریتییە لە قۆناغەکانی:
- خەمۆکیی توند
- شەیدایی سووک (هایپۆمانیا یان Hypomania)
3. پەشێویی سایکلۆتایمیا (Cyclothymia)
- ناهاوسەنگییەکی سووکتر بەڵام درێژماوە
- لانی کەم دوو ساڵ درێژە دەکێشێت
توندیی ناهاوسەنگییەکانی کەمتر لە دوو جەمسەرە سەرەکییەکەیە، بەڵام ئەمیش بە هەمان شێوە ژیانی ڕۆژانە تووشی ئاڵەنگاری دەکات.
نیشانەکانی نەخۆشیی دووجەمسەری
تێگەشتن لە نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە بۆ دەستنیشانکردنی خێرای پێویستە. نیشانەکانی دوو جەمسەری بە سەر دوو گرووپی سەرەکیدا دابەش دەبن:
- نیشانەکانی قۆناغی شەیدایی (مانیا یان Mania)
- قۆناغی شەیدایی (مانیا یان Mania) چوونەسەروەی نائاسایی ئاستی وزەی لەگەڵدایە.
نیشانە باوەکانی قۆناغی شەیدایی بریتین لە:
- دڵخۆشیی نائاسایی یان تووڕەبوون
- زیادبوونی وزە و چالاکیی جەستەیی
- کەمبوونەوەی پێویستیی خەوتن (تەنیا چەند کاتژمێر دەخەون بەبێ هەستکردن بە ماندوویەتی)
- زۆربڵێیی و خێرایی لە قسەکردندا
- بیربڵاوی و کێشە لە چڕبوونەوە (تەرکیز)
- بڕیاری مەترسیدار
- دەستبڵاوی لە کڕیندا
- دەستپێکردنی ئیش و کاری لەناکاو
- کرداری سێکسیی مەترسیدار
- متمانەبەخۆبوونی لە ڕادەبەدەر
- وەهم یان خەیاڵی ناڕاست لە حاڵەتە توندەکاندا
نیشانەکانی قۆناغی شەیدایی سووک (هایپۆمانیا یان Hypomania)
هایپۆمانیا هاوشێوەی مانیایە بەڵام توندییەکەی کەمترە:
- کەسەکە کرداری دروستی هەیە بەڵام دەوروبەری هەست بە ڕەفتاری نائاسایی دەکەن.
- بەگشتی پێویست بە مانەوە لە نەخۆشخانە ناکات.
- ڕەنگە سەرەتای قۆناغی شەیدایی تەواو بێت.
نیشانەکانی قۆناغی خەمۆکی
قۆناغی خەمۆکی لە نەخۆشیی دووجەمسەری هاوشێوەی خەمۆکی بنەڕەتییە (Major Depressive Disorder)
- هەستکردن بە خەم و دڵتەنگی
- کەمبوونەوەی ئارەزوو بۆ چالاکیی ڕۆژانە
- تێکچوونی خەو (زۆرخەوتن یان کەمخەوتن)
- تێکچوونی ئارەزووی خواردن (کەمبوون یان زۆربوون)
- کێشە لە چڕبوونەوە (تەرکیز) و بیرکردنەوە
- هەستکردن بە تاوانباری و بێبایەخبوون
- خاوبوونی دەروونی – جووڵەیی
- بیرکردنەوە بە خۆکوشتن یان مردن
ئەم قۆناغ و نیشانانە ڕەنگە لە چەن حەفتەوە تا چەن مانگ درێژە بکێشن.
هۆکارەکانی نەخۆشیی دووجەمسەری

چەندین هۆکار پێکەوە لە دروستبوونی نەخۆشیی دووجەمسەری ڕۆڵیان هەیە:
هۆکارە بۆماوەییەکان(جێنێتیک)
- ئەگەر هەرکام لە دایک و باوک تووشبووی نەخۆشیی دووجەمسەری بن، مەترسیی تووشبوونی منداڵ ١٠ بۆ ٢٥ لە سەد بەرز دەبێتەوە.
- ئەگەر دایک و باوک هەردوو تووش بووبن، مەترسیی تووشبوونی منداڵ ٥٠ بۆ٦٠ لە سەدە.
- بۆهێڵەکان(جین)ی پێوەندیدار لەگەڵ نێرۆترانسمیتەرەکان(Neurotransmiters)ی وەک دۆپامین و سیرۆتۆنین ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕن.
هۆکارە زیندەناسی (بایۆلۆجی) و مێشکییەکان
وێنەگرتنی مێشک وەک MRI دەریخستووە کە:
- چالاکیی هەندێک لە بەشەکانی ڕێکخەری باری دەروونی (مەزاج) جیاوازن.
- قەبارەی بەشێک لە مێشک گۆڕانی بە سەردا هاتووە.
- پێوەندیی نۆرۆنی (دەماری) و گواستنەوەی پەیام تووشی گرفت بووە.
هۆکارە ژینگەییەکان
هەندێک بارودۆخی ژینگەیی دەتوانن ئەم نەخۆشییە چالاک یان چالاکییەکەی کەم بکەنەوە:
- سترێسی زۆری ژیان
- مەرگی ئازیزان
- کێشەی بنەماڵەیی
- بێکاری
- گۆڕانکاریی گەورە لە ژیاندا
- بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر (شیشە، کۆکاین، ئێڵ ئێس دی)
- خواردنەوەی کحول
- کێشەکانی خەوتن
چ کەسانێک زیاتر مەترسی تووشبوونیان لە سەرە؟
- ئەو کەسانەی لە نێو بنەماڵەیاندا پێشینەی نەخۆشیی دەروونیان هەیە.
- ئەو کەسانەی لە تەمەنی هەرزەکاریدا خەمۆکییان هەبووە.
- ئەو کەسانەی کەسایەتییەکی هەستیاریان هەیە.
- ئەو کەسانەی ماددە بزوێنەرەکان (وەکوو هۆشبەرەکان، کافایین و هەندێک دەرمانی دەروونی و…) بەکار دێنن.
- ئەو کەسانەی تووشی زەبر (ترۆما) یان زیانی گەورە بوون.
دەستنیشانکردنی نەخۆشیی دووجەمسەری
دەستنیشانکردنی نەخۆشیی دووجەمسەری تەنیا لە لایەن پزیشکی دەروونییەوە ئەنجام دەدرێت و ئەم قۆناغانەی خوارەوە لەخۆ دەگرێت:
وتووێژ و پشکنینی کلینیکاڵ
پزیشک بارودۆخی دەروونی، دۆخی خەوتن، ئاستی وزە، کردارەکان، پێشینەی نەخۆش و بنەماڵەکەی تاوتوێ دەکات.
پشکنینی قۆناغەکانی باری دەروونی
- ماوەی هەر قۆناغێک
- توندیی گۆڕانکارییە کردارییەکان
- ڕادەی تێکچوون لە کردارەکانی تووشبوو
بەکارهێنانی پێوەرەکانی DSM-5
پێوەرە جیهانییەکان بۆ دەستنیشانکردنی کێشە دەروونییەکان
پشکنینە تەواوکەرەکان بۆ ڕەتکردنەوەی نەخۆشیی هاوشێوە
بۆ دڵنیابوونەوە لە دروستیی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە، پزیشک داوای هەندێک پشکنین دەکات:
- پشکنینی تیرۆئید (ڕژێنەری دەرەقی)
- پشکنینی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر
- پشکنینە گشتییەکانی خوێن
چارەسەریی نەخۆشیی دووجەمسەری
چارەسەریی ئەم نەخۆشییە درێژخایەنە بەڵام زۆر کاریگەرە. زۆریەک لە نەخۆشەکان بە چارەسەرییەکی دروست دەگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان.
١.چارەسەریی دەرمانی
چارەسەری دەرمانی بەرزیی پەستانی خوێن
١.میزهێنەرەکان (Diuretics): ئەو دەرمانانەی لە ڕێی دەرکردنی میزەوە، ئاوی جەستە کەم دەکەنەوە و لە ئاکامدا قەبارەی خوێن کەم دەبێتەوە.
٢.ڕێگریکەری ئەنزیمی ACE: بەم دەرمانانە خوێنبەرەکان گەورە دەبنەوە و پەستانی خوێن دادەبەزێت.
٣.داخەری ڕێسیڤەری ئانژیۆتاسین (ARB):
٤.داخەری ڕێڕەوی کالیسیۆمی: ڕێگری دەکا لە ڕەقبوونی دەمارە خوێنییەکان.
٥.بێتا بلۆکەرەکان: لێدان و باری دڵ کەم دەکەنەوە.
٢.چارەسەریی دەروونی (Psychotherapy)
چارەسەریی دەروونی ڕۆڵێکی گرینگی لە کۆنترۆڵکردنئی نەخۆشدا هەیە.
باشترین ڕێگاکان:
- چارەسەریی مەعریفی-کرداری (CBT)
- فێرکاریی دەروونی (Psychoeducation)
- چارەسەر لەسەر بنەمای بنەماڵە (FFT)
- چارەسەریی نێوان تاکەکان و ڕێکخستنی ڕیتمە کۆمەڵایەتییەکان
٣.باشترکردنی شێوەژیان
باشترکردنی کردارەکان دەتوانێت قۆناغەکانی ئەم نەخۆشییە کەم بکاتەوە.
گرنیگترین فاکتەرەکان:
- خەوی ڕێک
- وەرزشی بەردەوام
- خۆراکی گونجاو
- دوورکەوتنەوە لە سترێس
- دوورکەوتنەوە لە کحول و ماددەی هۆشبەر
- هەبوونی بەرنامەیەکی سەقامگیری ڕۆژانە
کاریگەرییەکانی چارەسەرنەکردن
ئەگەر نەخۆشی دووجەمسەری چارەسەر نەکرێت دەبێتە هۆی:
- دابەزینی ئاستی خوێندن (شکستهێنان لە خوێندندا)
- بێکاری
- کێشەی بنەماڵەیی
- جیابوونەوە
- کێشەی ئابووری
- مەترسیی خۆکوشتن
- مانەوەی بەردەوام لە نەخۆشخانە
پێش ئاگایی و ئەگەری چاکبوونەوە
نەخۆشیی دووجەمسەری چارەسەری یەکلاکەرەوەی نییە بەڵام بە تەواوەتی کۆنترۆڵ دەکرێت و بە چارەسەرییەکی دروست:
- ٧٠ لە سەدی نەخۆشەکان کوالێتیی ژیانیان باشتر دەبێت.
- ٦٠ لە سەدی ڕێژەی گەڕانەوەی نەخۆشییەکە کەم دەبێتەوە.
- زۆریەک لە نەخۆشەکان بۆ سەر ئیش و کار، خوێندن و ژیانی ڕۆژانەیەن دەگەڕێنەوە.
ڕۆڵی بنەماڵە و دەوروبەر:
- نەخۆشەکە سەرکۆنە مەکەن.
- نیشانەکانی ئاگادارکەرەوە جددی بگرن.
- ڕەوتی دەرمانخواردن ڕامەگرن.
- لە قۆناغی شەیداییدا بڕیاری گرینگ مەدەن.
- پاڵپشتیی سۆزداری لە قۆناغی خەمۆکیدا گرینگە.
- سەردانکردنی ڕێکۆپێکی پزیشک بە بیری نەخۆش بهێنەوە.
باوەڕە هەڵەکانی نەخۆشی دوو جەمسەری
نەخۆشانی دووجەمسەری مەترسیدارن: زۆرینەی نەخۆشەکان هەڵسوکەوتی ئاساییان هەیە.
ئەم نەخۆشییە بە هۆی لاوازی کەسایەتییەوەیە: بە تەواوی هەڵەیە، ئەمە نەخۆشییەکی بایۆلۆجی-مێشکییە.
دەرمانەکان ئالوودەکەرن: ئەو دەرمانانەی بۆ جێگیرکردنی باری دەروونی بەکار دێن ئالوودەکەر نین.
دووجەمسەری و خەمۆکی یەک شتن: نەخێر ، دووجەمسەری پێک هاتووە لە خەمۆکی و شەیدایی (مانیا).
کۆباس
نەخۆشیی دووجەمسەری یەکێک لە باوترین نەخۆشییە دەروونییەکانە کە بە ناهاوسەنگیی توند لە نێوان شەیدایی (مانیا) و خەمۆکی دەناسرێت. ئەم نەخۆشییە نە نیشانەی لاوازییە و نە کێشەیەکی کەسایەتییە بەڵکوو نەخۆشییەکی پێوەندیدار بە مێشکەوەیە کە بە چارەسەرێکی دروست کۆنترۆڵ دەکرێت. ناسینی نیشانەکان،سەردانی پزیشکی دەروونی، پاڵپشتیی بنەماڵە و پابەندبوون بە چارەسەرە دەرمانییەکان یارمەتیدەرە بۆ باشبوونەوە و گەڕانەوە بۆ سەر ژیانی ئاسایی.
Leave Your Comment