یارمەتی خێرا
Advanced
Search
  1. Home
  2. نەخۆشیی شەبەنگیی ئۆتیزم Autism Spectrum Disorder
نەخۆشیی شەبەنگیی ئۆتیزم Autism Spectrum Disorder

نەخۆشیی شەبەنگیی ئۆتیزم Autism Spectrum Disorder

  • تشرینی دووه‌م 19, 2025
  • 0 Likes
  • 30 Views
  • 0 Comments

نەخۆشیی شەبەنگی ئۆتیزم (ASD, Neurodevelopmental Disorder) کێشەیەکی “دەماری-گەشە”ی ئاڵۆز و هەمیشەییە کە نیشانەی سەرەکیی ئەو کەمایەسییە بەردەوامە و لە ئاڵوگۆڕی و پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا دەبیندرێی و ئەو نیشانانە هەروەها لەسەر ئاکار و هۆگری و چالاکییە سنووردار و دووپاتەکاندا خۆ دەنوێنن. ئەو نەخۆشییە شەبەنگێکە کە جۆرراوجۆرییەکی بەربڵاو لە نیشانە و لێزانی و ئاستی توانایی دەگرێتەوە. واتە تاک هۆکار نییە و ناکرێت بە شیوەیەک بناسرێت و بە شێوەیەکیش دەرمان بکرێت. لە ڕابردوودا ژێرلقەکانی ئۆتیزم وەک “سەندرۆمی ئاسپێرگێر” بە شێوەی جیاواز دەناسران، بەڵام لە دوایین پێداچوونەوەی ڕێنماییەکانی ناسینەوە و ئاماری نەخۆشییە دەروونییەکان DSM-5-TR، ئەم جۆرە نەخۆشییانە لە ژێر چەترێکی یەکگرتوودا کۆ کراونەتەوە و پێناسە دەکرێن کە بریتییە لە “نەخۆشیی ئۆتیزم”. بۆ ئەوەی جەختی زیاتر لەسەر لێک گرێدراوی و پێکەوەبوونی نیشانەکان و فرەچەشنییەتی phenotypic ئەوان بکرێت. لە ئێستادا تێگەیشتن لە نەخۆشیی ئۆتیزم وەک حاڵەتێکە کە فرە هۆکارە و بناغەی بەهێزی دەماری و زیندەوەرزانی هەیە.

ئیپیدیمۆلۆژی  (Epidemiology)

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگرتن لە نەخۆشییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا (CDC)، نەخۆشیی ئۆتیزم لە سەرانسەری جیهاندا لە زیادبووندایە و ڕۆژ لەگەڵ رۆژ تەشەنە دەستێنێت. هۆکاری ئەمەش دەتوانێت بۆ باشتربوونی ناسینەوەی نەخۆشی، زیادبوونی ئاستی هوشیاری و ئاگایی و گۆڕان لە ڕێساکانی ناسینەوە بگەڕێتەوە. نوێترین داتاکان نیشان دەدەن ١ منداڵ لە هەر ٣٦ منداڵ تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن. ئەم نەخۆشییە لە کوڕاندا نزیکەی چوار ئەوەندەی کچان ناسێندراوە. سەرەڕای ئەمە، ئەم جیاوازییە ڕەگەزییە دەکرێت بەشێکی لە “کاریگەریی پاراستنی ڕەگەز” و هەروەها شاردنەوەی زیاتری نیشانەکان لە کچاندا بێت کە دەبێتە هۆی ناسینەوەی ناتەواو یان درەنگ لە ئەواندا. واتە کچان بە هۆی دەرنەکەوتن و شاراوەبوون و تەنانەت هۆکاری کەلتووری کەمتر دەردەکەون و نەخۆشییەکەیان دەرنگتر دەردەکەوێت. نەخۆشیی ئۆتیزم لە هەموو گروپە ڕەگەزی، نەتەوەیی و ئابووری-کۆمەڵایەتییەکاندا دەبیندرێت.

نەخۆشیی شەبەنگی ئۆتیزم

هۆکارناسی و پاتۆفیزیۆلۆژی  (Etiology & Pathophysiology)

مودێل و شێوازی ئێستای هۆکارناسی ASD شێوازێکی چەند هۆکاری و لێکگرێدراوی نێوان هۆکارەکانی بۆهێڵی، ژینگەیی و دەمار-زیندەوەرناسییە.هۆکارەکانی بۆهێڵی: بە میرات وەرگیرانی ASD لە ئاستێکی باڵادایە و بە ٧٠ تا ٩٠ لەسەد خەمڵێندراوە. سەدان بۆهێڵی پێوەندیدار بەو نەخۆشییەوە ناسراون کە زۆربەیان لە پڕۆسەی کارەکانی مێشکدا وەک پێکهاتنی سیناپس (سیناپتۆژێنز)، ڕاگوێزرانی نۆڕۆنی و ڕێکوپێککردنی لەبەر نووسینەوەی بۆهێڵدا ڕۆڵیان هەیە. ئەو گۆڕانکارییە بۆهێڵییانە دەتوانن بە شێوەی بازدانی بەڕێکەوتی بۆهێڵ یان بە شێوەی میرات ڕاگوێزرێن. سەندرۆمی بۆهێڵی تایبەت وەک سەندرۆمی ئیکسی ناسک توبروس ئیسکلوزیسیش لەگەڵ مەترستی یەکجار زۆری تووشبوون بە ASD  بەرەوڕوون.

هۆکارە ژینگەییەکان نەخۆشیی شەبەنگی ئۆتیزم

ئەو هۆکارانە بە تەنیایی نابنە هۆکاری ASD، بەڵام بۆی هەیە مەترسیی توووشبوون لەو کەسانەدا کە لە باری بۆهێڵییەوە زەمینەیان هەیە زیاد بکەن. لەو هۆکارانە دەتوانین ئاماژە بە تەمەنی زۆری دایک یان باوک، منداڵبوونی پێشوەخت، کێشی کەم لەکاتی لەدایکبووندا، هەوکردن و بەکارهێنانی دەرمانەکانی وەک والپروئیک ئەسید لە لایەن دایکێکەوە کە دووگیانە. شایانی باسە خوێندنەوە و توێژینەوەکان هیچ پێوەندییەکیان لە نێوان واکسیناسیۆن و تووشبوون بە ئووتیسمەوە بە دەستەوە نەداوە.

 میکانیزمی دەمار-زیندەوەرزانی

وێنەهەلگرتنەوەکانی مێشک و خوێندنەوەکانی شانەزانی جیاوازیی پێکهاتەیی و کارکردییان لە مێشکی کەسانی تووشبوو بە ASDدا نیشان داوە. ئەو جیاوازییانە گەورەبوونی زیاد لە پێویست و بەپەلەی توێژی میشک لە ساڵەکانی سەرەتای ژیان، تێکچوونی هەرەسی سیناپسی، ناهاوسەنگی لە دەمارگوێزەرەوەکان بە تایبەت گلۆتامات و GABA و کێشە لە پێکەوەنووسان و سازبوونی مەدارە دەمارییەکان. بیرۆکەی پێکەوەلکانی لاواز  (Underconnectivity) باسی ئەوە دەکا کە هاوئاهەنگی و پێکەوەکارکردنی بەشە دوورەکانی مێشک کەم دەبێتەوە، لە کاتێکدا پێکەوەنووسانی یەکجار زۆر (Overconnectivity) لە بەشە لێک نزیکەکان دەبێتە هۆی لێکدانەوەی وردتر و سەرنجدان بە وردەکارییەکان. مەدارەکانی پێوەندیدار بە بیرۆکەی زەینەوە » (Theory of Mind) واتە توانایی تێگەیشتن لە حاڵاتی زەینیی کەسانی تریش بۆی هەیە لە ASD تووشی کێشەی کارکردن ببن.

دەرکەوتی کلینیکی و ناسینەوەی نەخۆشی

ناسینەوەی نەخۆشیی ASD بەپێی هەڵسەنگاندنی ئاکاریی و مێژووی هەڵدانی تاکەکەسی نەخۆشەوە مەیسەر دەبێت. هیچ نیشاندەرێکی تەواوی زیندەوەرزانی بۆ ئەو نەخۆشییە لە ئارادا نییە. کێشانەی ناسینەوەیDSM-5-TR  لەسەر دوو بواری سەرەکی چر بوونەتەوە:

کەمایەسیی بەردەوام لە پێوەندی و هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا

  • ئەو کەمایەسییانە دەتوانن بە شێوەی خوارەوە خۆ دەربخەن:
  • کەمایەسی لە ئاڵوێری دوولایەنەی هەڵپە و هەیەجانی کۆمەڵایەتیدا (بۆ وێنە لە سەرەتای پێوەندی یان لە وەڵامی هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا)
  • کەمایەسی لە ئاکارە غەیرە وشەیی و پێوەندییە غەیرە وشەییەکاندا (وەک چاولێکردن، زمانی لەش و تێگەیشتن لە شێوەی جۆراوجۆری دەم و چاو)

کەمایەسی لە سازکردن و ڕاگرتن و تێگەیشتن لە پێوەندییەکان (دژواری لە سازدان و هاوسەنگکردنی ئاکار بۆ دۆخە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان و سازکردنی دۆستایەتی و هاوڕێیەتی)

سەرچەشنە ئاکارییەکان، هۆگری یان چالاکییە بەرتەسک و دووپاتەکان

  • بۆ ئەو بابەتە بوونی دوو خاڵ لەو خاڵانەی ژێرەوە پێویستە:
  • جووڵەی قاڵبی و دووپاتەی لەش، کەڵکوەرگرتن لە شتەکان و گوتە (وەک خولانەوە، ڕیزکردنی بووکەڵەکان, دووپاتکردنەوەی پیتی ئاخری وشەکان)
  • جەخت لەسەر یەکدەستبوون و یەکهەوابوونی شتەکان، ڕەچاوکردنی بێ ئەملا و ئەولای ڕەواڵ و شتە باوەکان، دوووپاتەی سەرچەشنی دەقگرتوو و ئاکاری کەلامی یان غەیری کەلامی
  • حەزی بەرتەسک و نەگۆڕ کە ناسروشتی دەنوێنێت
  • کاردانەوەوی ناسروشتی و ناباو بە جووڵە هەستەکییەکان. وەک گوێنەدان بە ژان، گەرما و سەرما، کاردانەوەی توند لەبەرانبەر دەنگ و بۆن و چێژ و شتەکان.

ئەو دیاردە و هۆکارانە دەبێت لە قۆناغی یەکەمی گەشەکردن هەبن. گەرچی بۆی هەیە تا کاتێک کە ویستە کۆمەڵایەتییەکان لە توانایی کەسەکە سەرتر نەچن بە تەواوی خۆیان وەدەر نەخەن و نەبنە هۆی کێشەی بەرچاو لە کار و کردەی کۆمەڵایەتی، پیشەیی یان باقی بوارەکاندا.

چاودێری و دەرمانی نەخۆشیی شەبەنگی ئۆتیزم

هیچ دەرمان و چارەسەرییەکی تەواو بۆ نەخۆشیی ئۆتیزم لە ئارادا نییە. مەبەست لە دەستێوردان و کاری دەرمانی لەسەر ئەو نەخۆشانە بردنە سەری کارایی نەخۆش، بردنە سەری ئاستی سەربەخۆیی و باشترکردنی شێوەی ژیانی نەخۆش لە رێگای کەمکردنەوەی دیاردە سەرەکییەکان و دەرمانکردنی دۆخە هاوشێوەکانە. ئاراستەی دەرمان دەبێت تاکەکەس تەوەر و نێوان بابەتی بێت:

دەستێوردانی ئاکاری و فێرکاری:

ئەو شێوازانە بەردی بناغەی چاودێری ASDین.

شیکاری ئاکاری و لەکارکردن:

ئاراستەیەکی دامەزراو لەسەر شتە بەرچاوەکان بە کەڵکوەرگرتن لە بنەماکانی فێرکاریی ئاکاری کۆمەڵایەتیی دڵخواز و باش بەهێز دەکات و ئاکارە خاوەن ئالنگارییەکان کەم دەکاتەوە.

مودێلی دنور (ESDM):

مودێلێکی کایەتەوەرە بۆ منداڵانی کەم تەمەن کە جەخت لەسەر هاوکاریی کۆمەڵایەتی و پێوەندییەکان دەکات.

فێرکردنی لێهاتوویی کۆمەڵایەتی:

بۆ باشترکردنی تێگەیشتنی کۆمەلایەتی، هاوڕێ دیتنەوە و لێهاتوویی لە پەیڤین و دوان.

دەرمانی گوتە-زمان و کاردەرمانی:

بۆ باشتربوونی لێهاتوویی گەیاندنی زمانی و جەستەیی شیکردنەوەی هەستەکان و لێهاتوویی ژیانی ڕۆژانە.

چارەسەری دەرمانی:

هیچ دەرمانێک هۆکارە سەرەکییەکانی ASD چارەسەر ناکات، بەڵام دەرمانەکان دەتوانن بۆ چاودێری و باشترکردنی دۆخی ژیان کەڵکیان لێ وەربگیرێت. بۆ وێنە دەرمانەکانی دژەدەرونپەژاری و خەمۆکی بۆ کەمکردنەوەی ورووژاندنی هەست و تووڕەیی و تۆسنی یان ورووژێنەرەکان بۆ باشترکردنی کێشەی کەم سەرنجی/زۆر چالاکی ((ADHD کاریگەریی باشیان هەیە. هەر چەشنە بەکارهێنانی دەرمان دەبێت لە لایەن پزیشکی دەروونی یان پسپۆڕی منداڵانەوە و بە وریاییەوە بکرێت.

پشتگیری لە بنەمالە:

فێرکاری و پشتگیری دەروونی-کۆمەڵایەتی لە دایک و باوک و خزمەتکار و چاودێرەکانیان بەشی هەرە گرینگی پلانی دەرمانییە.

رەوتی نەخۆشییەکە

داهاتووی کەسانی تووشبوو بە ASD پێوەندی بە زۆر هۆکارەوە هەیە. بۆ وینە ئاستی ناسیاری و زمانی کەسەکە، بوونی دۆخی هاوشێوە و توندی و قورسیی نیشانەکانی نەخۆشییەکە. بە چاودێریی زوو و چڕوپڕ زۆربەی منداڵان پێشکەوتی زۆر باش وەدەست دێنن و لێهاتوویی باشیان دەبێت. کەسانی گەورە دەتوانن ژیانی سەربەخۆ و نیوە سەربەخۆیان هەبێت و تەنانەت کاریش بکەن. لە کاتێکدا تاقمێکی دیکە بۆی هەیە پشتیوانیی بەردەوام و هەمیشەییان پێویست بێت. بە گشتی ناسین و چاودێری لە تەمەنی خواردا ئاکام و بەرهەمی باش و درێژ ماوەی دەبێت.

  • Share:

Leave Your Comment