Need Help? +9647761523407
Advanced
Search
  1. Home
  2. بەرزبوونی چەوریی خوێن Hyperlipidemia (high cholesterol)
بەرزبوونی چەوریی خوێن Hyperlipidemia (high cholesterol)

بەرزبوونی چەوریی خوێن Hyperlipidemia (high cholesterol)

  • تشرینی دووه‌م 28, 2025
  • 0 Likes
  • 6 Views
  • 0 Comments

بەرزبوونی چەوریی خوێن هەروەک لە ناوەکەیوە دیارە بە واتای زیادبوونی چەورییە ناتەندروستەکانی خوێنە و ئەمەش دەتوانێت مەترسیی جەڵتەی دڵ و مێشک زیاد بکات؛ چونکە چەوری نێو دەمارەکانی لەش دەگرێت و خوێن ناتوانێت بە ئاسانی بە نێو خوێنبەرەکاندا بڕوات. وەرزشکردن و خواردنی خۆراکی تەندروست دەتوانێت کۆلیسترۆڵ دابەزێنێت. کۆنترۆڵکردنی کۆلیسترۆڵ پێویستی بە هەوڵێکی درێژخایەنە.

کۆلیسترۆڵی خراپ (LDL) مەترسیدارترین جۆری چەورییە چون دەبێتە هۆی نیشتن و ڕەقبوونی چەوری (پلاک، plaque) لە نێو دەمارەکاندا و هەر ئەمەش هاتوچۆی خوێن دژوار دەکاتەوە. ئەم پلاکانە دەتوانن ببنە هۆی هەوکردن و برینداربوونی دەمارەکان و لە دواییدا ببنە هۆکاری مەیینی خوێن لە دەوری پلاکەکەدا. بەپێی ئەوەی گیرانەکە لە کام بەشی جەستەدا بێت لە داهاتوودا دەتوانێت ببێتە هۆی جەڵتە.

چەند جۆر کۆلیسترۆڵمان هەیە؟

لیپۆپرۆتینی LDL:

پێی دەگوترێت کۆلێسترۆڵی خراپ، چونکە دەتوانێت خوێنبەرەکان بگرێت.

لیپۆپرۆتینی VLDL:

هەروەها کۆلێسترۆڵی خراپی پێ دەگوترێت، چونکە تریگلیسێراید لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێت کە بە پلاکەکانەوە دەلکێت. ئەمەش بە جۆرێکی تر دەبێتە هۆی گیرانی دەمارەکان.

لیپۆپرۆتینی HDL:

بە کۆلێسترۆڵی باش ناسراوە، چونکە کۆلێسترۆڵ دەباتە نێو جەرگ و دواتر لەوێ وە جەرگ دەریدەدات. ئەمە ڕێگا بۆ تێپەڕبوونی خوێن بە خوێنبەرەکاندا دەکاتەوە.

بەرزبوونی چەوریی خوێن

هۆکارەکانی بەرزبوونی چەوریی خوێن کامانەن؟

  • جگەرەکێشان
  • خواردنەوەی ئەلکۆل (کحول)
  • خواردنی ئەو خۆراکانەی چەوری تێر یان چەوری ترانسیان زۆرە
  • دانیشتنی زۆر و کەمجووڵەیی
  • سترێس
  • هۆکاری بۆماوەیی و پێشینەی بنەماڵەیی
  • ڕجیمی خۆراکیی ناتەندروست
  • خواردنی هەندێک دەرمان وەکوو بێتابلۆکرەکان، میزهێنەرەکان، دەرمانە هۆرمونییەکانی تایبەت بە دووگیانی، دەرمانە دژەڤایرۆسییەکان بۆ HIV
  • قەڵەوی
  • نەخۆشییەکانی جەرگ، پەنکریاس و توورەکەی زراو و گورچیلە
  • هەناسەبڕان لە کاتی خەوتندا
  • نەخۆشیی شەکرە
  • HIV

چەوریی خوێن چ کاریگەریەکی لەسەر جەستە هەیە؟

ئەگەر چەوریی خوێن چارەسەر نەکرێت، دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی پلاکەکان لە نێو خوێنبەرەکاندا (atherosclerosis). هەر ئەمەش دەبێتە هۆی تووشبوون بە هەندێک گرفتی تر وەک:

  • جەڵتەی دڵ (ئەگەر هاتووچۆی خوێن بۆ دڵ بوەستێت)
  • جەڵتەی مێشک (ئەگەر هاتووچۆی خوێن بۆ مێشک بوەستێت)
  • نەخۆشیی خوێنبەرەکانی دڵ
  • نەخۆشیی خوێنبەری لاوەکی (ئەگەر هاتووچۆی خوێن بۆ بازوو یان قاچەکان بوەستێت)
  • نەخۆشیی خوێنبەری کارۆتید (خوێنبەری سەرەکیی مل)
  • وەستانی لەناکاوی دڵ
  • نەخۆشیی خوێنبەرە بچووکەکان

چی دەتوانێت مەترسیی بەرزبوونی چەوریی خوێن زیاد بکات؟

  • تەمەن: کاتێک تەمەن زیاتر دەبێت ئاستی کۆلێسترۆڵ زۆر جار زیاد دەبیت. ئەگەرچی کەمتر باوە، بەڵام گەنجان و منداڵان و لاوانیش دەتوانن کۆلێسترۆڵی بەرزیان هەبێت.
  • ڕەگەز: لە نێوان تەمەنی ٢٠ تا ٣٩ ساڵیدا، پیاوان لەچاو ژنان بە گشتی مەترسییان زیاتر لە سەرە؛ بەڵام لە ژناندا و لە دوای لەسووڕوەستان، مەترسیی تووشبوون زیاد دەبێت. ئەمە بۆیە ڕوو دەدات چونکە لەسووڕوەستان ئاستی هۆرمۆنە مێینەکان کەم دەکاتەوە و ئەمەش کاریگەریی لەسەر ئاستی کۆلیسترۆڵی خوێن دەادەنێت.
  • پێشینەی بنەماڵەیی: کۆلێسترۆڵی بەرزی خوێن دەکرێت لە خێزاندا میراتی بێت.
  • حاڵەتی تەندروستیی تر: حاڵەتەکانی وەک شەکرە، نەخۆشیی درێژخایەنی گورچیلە، HIV  و لووپەس دەتوانن مەترسیی تووشبوون بە کۆلێسترۆڵی بەرز زیاد بکەن.
  • ڕەگەز یان نەتەوە: خەڵکی هەندێک گرووپی ڕەگەزی یان نەتەوەیی لەوانەیە مەترسیی تووشبوونیان بۆ کۆلێسترۆڵی بەرز زیاتر لەسەر بێت.
  • کێش: قەڵەویی ئاستی کۆلێسترۆڵ زیاد دەکات.
  • دەرمانەکان: هەندێک دەرمان دەتوانن ئاستی LDL زیاد یان ئاستی  HDL کەم بکەنەوە، لەوانە: ستێرۆییدەکان، هەندێک دەرمانی کیمیایی شێرپەنجە، دەرمانەکانی وا دوای ڕواندن (گواستنەوە)ی ئەندام بەکار دێن، دەرمان بۆ هەندێک نەخۆشیی دڵ، هەندێک دەرمانی تایبەت بە چارەسەرکردنی زیپکەی دەموچاو.

چ هەستێکت دەبێت ئەگەر کۆلێسترۆڵت بەرز بێت؟

لە سەرەتادا هەستێکی ئاساییت هەیە چون نیشانەیەکی دیاری نابێت. بەڵام دوای ماوەیەک، پلاکەکان (کە لە کۆلێسترۆڵ و چەوری دروست بوون) دەتوانن گەیشتنی خوێن بۆ دڵ یان مێشک کەم بکەنەوە یان بیوەستێنن. نیشانەکانی نەخۆشیی خوێنبەرەکانی دڵ دەتوانن بریتی بن لە: ئێشی سینگ لە کاتی ماندووبووندا، ئێشی شەویلکە و هەناسەتەنگی.

کاتێک پلاکێکی کۆلێسترۆڵ دەپچڕێت و دەڵەمەیەک دایدەپۆشێت دەبێتە هۆی گیرانی تەواوی خوێنبەرەکە؛ ئەمە دەبێتە هۆی جەڵتەی دڵ و نیشانەکانی بریتین لە ئازاری سینگ، سوورهەڵگەڕانی ڕووخسار، هەستکردن بە ڕشانەوە و هەناسەتەنگی، ئارەقکردن، بیهێزی و هەندێل نیشانەی تر.

بەرزبوونی چەوریی خوێن

ئایا هیچ نیشانەیەکی ئاگادارکەرەوە بۆ بەرزیی چەوریی خوێن هەیە؟

زۆربەی ئەوانەی کۆلێسترۆڵیان لە سەرەوەیە هیچ نیشانەیەکیان نییە. ئەو کەسانەی کێشەی بۆهێڵییان بۆ دەردانی کۆلیسترۆڵ هەیە، کە دەبێتە هۆی بەرزیی کۆلیسترۆڵی خوێن، لەوانەیە نەخۆشیی زانتۆما (پلاکگەلێکی وەکوو مووم و چەوری لەسەر پێست ساز دەبێت) یان کەوانی ڕەشێنەی چاو (پێکهاتنی کەوانە لە دەوری ڕەشێنەی چاو) بگرن. هەروەها دیتنی هەندێک نیشانەی وەک قەڵەوی دەبێتە هۆی ئەوەی پزیشک ئاستی کۆلیسترۆڵی خوێن بپێوێت.

دەستنیشانکردن

پزیشک بۆ دڵنیابوون و دەستنیشانکردن پێویستییەتی لەمانە بکۆڵێتەوە:

  • پشکنینی جەستەیی
  • پێشینەیی پزیشکیی خۆتان
  • پێشینەی بنەماڵەیی
  • هەندێک تاقیکردنەوەی خوێنی تایبەت بە چەوریی خوێن

هەروەها پزیشک لەوانەیە وەک بەشێک لە پشکنینێکی ئاسایی داوای تاقیکردنەوەی کۆلێسترۆڵ بکات. ئەوەیکە کەی و چەند جار پێویستە تاقیکردنەوەی کۆلێسترۆڵ بکەیت بەپێی تەمەن، هۆکارەکانی مەترسی و مێژووی خێزانیی هەر کەس جیاواز دەبێت. پێشنیارە گشتییەکان بریتین لە:

بۆ کەسانی تەمەن ١٩ ساڵ یان کەمتر:

  • یەکەم تاقیکردنەوە پێویستە لە نێوان تەمەنی ٩ بۆ ١١ ساڵیدا بێت.
  • منداڵان پێویستە هەموو ٥ ساڵ جارێکی تر تاقیکردنەوەکە بکەن.
  • هەندێک منداڵ لەوانەیە تاقیکردنەوەکە لە تەمەنی ٢ ساڵییەوە دەست پێبکەن ئەگەر مێژووی خێزانیی کۆلێسترۆڵی بەرز، کێشەی دڵ یان جەڵتەی مێشکیان هەبێت.

بۆ کەسانی تەمەن ٢٠ بۆ ٦٥ ساڵ:

  • پێویستە هەموو ٥ ساڵێک تاقیکردنەوە بکەن.
  • پیاوانی تەمەن ٤٥ بۆ ٦٥ ساڵ و ژنانی تەمەن ٥٥ بۆ ٦٥ ساڵ پێویستە هەموو ١ بۆ ٢ ساڵێک بیکەن.

بۆ کەسانی سەرووی تەمەن ٦٥ ساڵ:

  • پێویستە هەموو ساڵێک تاقی بکرێنەوە.

لە چ دەرمانگەلێک دەکرێت کەڵک وەربگرین؟

ئەو کەسانەی پێویستیان بە وەرگرتنی دەرمانە زۆربەی جارەکان و بە پێشنیاری پزیشک لە “ستاتین (statin)”ەکان کەڵك وەردەگرن. ستاتینەکان ئەو درمانانەن کە ڕادەی کۆلیسترۆڵیی خراپی خوێن دادەبەزینن. هەروەها پزیشک لەوانەیە دەرمانی ترت بۆ بنووسێت ئەگەر:

  • ناتوانیت ستاتین وەربگریت.
  • پێویستت بە دەرمانی زیاتر و جیاواز لە ستاتینەکان هەبیت.
  • بەرزیی چەوریی خوێنت لەبەر هۆکاری بۆماوەیی بێت و لە ئاستێکی زۆر بەرزدا بێت.

هەر یەک لەم دەرمانانە ئەگەری ئەوەیان هەیە کاریگەریی لاوەکییان هەبێت، ئەگەر بە خواردنیان باش نیت پزیشکەکەت ئاگادار بکەوە تاوەکوو دەرمان و شێوازی چارەسەرکردنەکەت بۆ بگۆڕێت و پلەنێکی نوێی چارەسەرییت بۆ دابڕێژێت.

چارەسەربوون بە دەرمانەکان چەندە دەخایەنێت؟

زۆرجار پزیشک ٣ -٢ مانگ دوای بەکاربردنی دەرمانەکان پشکنینێکی نوێی خوینت بۆ دەنووسێت. ئاستیی چەوریی خوێن لەو پشکنینەدا دەریدەخات کە ئایا کۆلیسترۆڵی خوێنت لە ئاستێکی باشدایە یان نا و ئەوەیکە گۆڕانکارییەکانی شێوازی ژیانت کاریگەر بووە یان نا. چارەسەرکردنی بەرزیی چەوری خوێن لە زۆربەی کەسەکاندا پێویستی بە هەوڵێکی بەردەوام و چڕ لە درێژماوەدا هەیە.

ئەگەر ئەم نەخۆشییەم هەبێت دەبێت چی بکەم؟

دەبێت ساڵانێکی زۆر شێوازێکی ژیانی تەندروست بگرنە بەر. هەروەها دەبێت بە بەردەوامی سەردانی پزیشک بکەن و دەرمانەکان بە ڕێکوپێکی بخورێن. ئەگەر بتوانیت ئەم خاڵانە ڕەچاو بگریت دەتوانیت ساڵانێکی زۆر بە تەندروستییەوە بژیت و لەبەر بەرزیی چەوریی خوێن تووشی نەخۆشیی تر نەبیت. بە هێنانە دی هەندێک گۆڕانکاری لە شێوازی ژیاندا دەکرێت پێش بە تووشبوون بەم نەخۆشییە بگریت:

  • دەست لە جگەرەکێشان هەڵگرە و ئەکول کەمتر بخۆوە.
  • چالاک بە و لەجیات زۆر دانیشتن، بجووڵێوە.
  • هەوڵ بدە سترێست کەم بکەیتەوە و کۆنترۆڵی بکەیت.
  • خواردنی تەندروست بخۆ.
  • خواردنی گۆشتی چەور کەن بکەوە.
  • کێشت لە ئاستێکی ئاسایی و تەندروستدا ڕابگرە.
  • ئەو خۆراکانەی چەوریی ترانس (Trans Fat)یان تێدایە مەیانخۆ.
  • وەرزش بکە.
  • پێویستە شەوانە لانی کەم ٧ کاتژمێر بخەویت.

جێێ ئاماژەیە تەنانەت لە دوای توشبوون بەم نەخۆشییە و بە ڕەچاوگرتنی ئەم خاڵانە دەتوانیت تا ئاستێکی زۆر نەخۆشییەکە چارەسەر بکەیت و دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەیت.

پێشگیری: چۆن دەتوانم مەترسیی تووشبوون بە بەرزیی خوێن کەم بکەمەوە؟

تەنانەت منداڵانیش دەتوانن بو دڵنیابوونەوە خوێنیان بپشکنن، بە تایبەت کاتێک کە لە بنەماڵەی منداڵەکەدا کەسێک لەبەر هۆکاریی بەرزیی چەوریی خوێن تووشی جەڵتەی دڵ، جەڵتەی مێشک یان بەرزبوونی کۆلیسترۆڵ بووبێت. منداڵان و لاوان دەتوانن هەر پێنج ساڵ جارێک خوێنیان بۆ ئەم مەبەستە بپشکنن. لە دوای گەیشتن بە تەمەنی بەساڵاچووییش پێویستە هەر یەک دوو ساڵ جارێک و بە پێشنیاری پزیشک ئاستی کۆلیسترۆڵی خۆێنتان بپشکنن.

کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکەم؟

دەبێت بە خێرایی سەردانی پزیشک بکەیت ئەگەر ئەمانەت هەیە:

  • بەرزیی شەکری خوێن
  • بەرزیی پەستانی خوێن
  • بەرزیی کۆلیسترۆڵ

هەر کاتێکیش هەستت بە لێدانی جەڵتەی دڵ یان مێشک کرد و نیشانەکانیان دەرکەوتن بە خێرایی پێوەندی بە فریاکەوتنی خێرای پزیشکییەوە بکە. ئەوەی کە گرینگە و دەبێت بیزانیت ئەمەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییە و کەمکردنەوەی مەترسییەکان و گەڕانەوە بۆ دۆخیی ئاسایی ژیان جیا لە وەرگرتنی دەرمان و سەردانی پزیشککردن پێویستت بە سازکردنی گۆڕانکاریی بنەڕەتی و گرینگ لە ژیانتدا بۆ ماوەیەکی درێژ یان تا کۆتایی تەمەنت هەیە. پێویستە بەپێی بارودۆخیی کەسی و پێشنیارەکانی پزیشک پلانێکی درێژماوە بۆ پاراستنی خۆت دابڕێژیت و بەجێی بهێنیت.

  • Share:

Leave Your Comment