Need Help? +9647761523407
Advanced
Search
  1. Home
  2. میگرێن
میگرێن

میگرێن

  • تشرینی دووه‌م 27, 2025
  • 0 Likes
  • 8 Views
  • 0 Comments

میگرێن یەکێکە لە باوترین گرفتە دەمارییەکان لە جیهاندا و میلیۆنان کەسی بە خۆیەوە تووش کردووە. بە پێچەوانەی بیرکردنەوەی زۆرینەی خەڵک ئەم نەخۆشییە “سەرئێشەیەکی سادە” نییە و کێشەیەکی ئاڵۆز لە سیستەمی دەماریی مرۆڤە کە دەتوانێت لە سەر کوالێتی ژیانیی کەسەکان کاریگەریی ڕاستەوخۆ دابنێت. کەسانی تووشبوو بە میگرێن بە شێوەی دەورەیی تووشی هێرشی سەرئێشە، هەستیاری بە دەنگ و ڕووناکی، هێڵنجدان، کێشەی چڕبوونەوە و گرفتی ڕۆژانە دەبن. ئامانجی ئەم بابەتە پێشکەشکردنی شرۆڤەیەکی تەواو، سادە و زانستی سەبارەت بە هۆکار، نیشانە، دەستنیشانکردن و چارەسەرکردن و پێشگرتن لە میگرێنە تاکوو خوێنەر بتوانێت زانیارییەکی تەواو لەم نەخۆشیە بەدەست بێنێت.

میگرێن یان شەقیقە چییە؟

میگرێن (شەقیقە) جۆرێک لە سەرئێشەی قورس و چڵدەر کە بە گشتی لە لایەکی سەردا ڕوو دەدات، بەڵام دەکرێت لە هەر دوو لایشدا ببینرێت. ئەم نەخۆشییە دەکرێت لە چەند کاتژمێر تاکوو چەند ڕۆژ درێژە بکێشێت بە شێوەیەک کە کەسەکە لە درێژەی ئەم هێرشەدا ناتوانێت کار و باری ڕۆژانەی خۆی ڕابپەڕێنێت. میگرێن نەخۆشییەکی پێوەندیدار بە دەمارەوەیە، واتە سەرچاوەی سەرەکیی ئەم نەخۆشییە لە مێشک و تۆڕەکانی دەمارەوەیە نەک لە ماسوولکە و سینووسەکان. ئەم نەخۆشییە جۆری جیاوازی هەیە کە دوو جۆری سەرەکی بریتین لە:

میگرێنی بەبێ ئۆرا (Migrain without aura): باوترین جۆری میگرێنە کە سەرئێشەی قورس و نیشانەگەلی تری لەگەڵدایە.

میگرێن وێڕای ئۆرا (Migrain with aura): پێش لە دەستپێکردنی سەرئێشە، کەسەکە تووشی نیشانەکانی وەک پریسکەی ڕووناکی، لێڵبینین، تەزینی دەست و ڕووخسار و گرفت لە قسەکردن دەبێت.

میگرێن بەگشتی لە مێرمنداڵی یان سەرەتای گەورەساڵی دست پێدەکات و لە نێو ژناندا سێ هێندەی پیاوان باوە کە دەکرێت بە هۆی هۆرمۆنەکانیانەوە بێت.

هۆکارەکان: بۆچی تووشی میگرێن دەبین؟

پزیشکان هێشتا هۆکاری وردی ئەم نەخۆشییەیان نەزانیوە، بەڵام توێژینەوە زانستییەکان ئەمانەی خوارەوە وەک هۆکاری سەرەکی دەردەخەن:

بۆهێڵ و پێشینەی بنەماڵە:

ئەگەر هەرکام لە دایک یان باوک تووشبووی میگرێن بن، ئەگەری تووشبوونی منداڵ ٪٤٠ و ئەگەر هەدوو تووش بن ئەگەری تووشبوونی منداڵ دەگاتە ٧٥٪.

گۆڕانکاری کیمیاوی لە مێشکدا:

ئاستی هەندێک ماددەی کیمیایی مێشک وەک سێرۆتۆنین لە کاتی ئەم هێرشی سەرئێشە یەدا گۆڕانکاری بەسەردا دێت. کەمبوونەوەی سێرۆتۆنین دەبێتە هۆی گەورەبوونەوەی ڕەگە ناوەکییەکانی کاسەی سەر و ورووژاندنی ڕشتەگەلی دەماری کە ئێشی میگرێنی دروست دەکەن.

کێشە لە سیستمی دەماریی سیانە:

دەماری سیانە بەرپرسی هەستی ڕوخسار و کاسەی سەرە. هەستیاربوونی ئەم دەمارە ڕۆڵی سەرەکی لە دەستپێکردنی هێرشەکان هەیە.

گۆڕانکاریی هۆرمۆنی:

لە ژناندا ناهاوسەنگیی هۆرمۆنی سترۆجێن دەبێتە هۆی زیادبوونی سەرئێشە. بەم بۆنەوە زۆر لە هێرشەکان لە کاتی سووڕی مانگانەدا ڕوو دەدەن.

هۆکار و هاندەرە ژینگەییەکان:

میگرێن نەخۆشییەکی “بزوێنەرانە”یە، واتە هۆکارگەلێکی زۆر دەتوانن ئەم هێرشە چالاک بکەن. باوترینی ئەم هۆکارانە بریتین لە:
سترێس و دڵەڕاوکێ
کەمخەوی یان خەوی زۆر
برسێتی کێشان و سڕینەوەی ژەمەکان
ڕووناکیی زۆر، دەنگی بەرز و بۆنی تیژ
هەندێک خواردنی وەک: شۆکۆلات، سۆسیس و کاڵباس، خواردنی سوێر، پەنیری کۆن، قاوە
گۆڕانکاریی کەشوهەوا، گەرما و بەرزایی
سووڕی مانگانە
خواردنەوەی ئەلکۆل (کحول) و جگەرەکێشان
ناسینی بزوێنەرەکان یەکێک لە گرینگترین هەنگاوەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی میگرێنە.

نیشانەکانی میگرێن

میگرێن بە گشتی لە چوار قۆناغدا ڕوو دەدات؛ بەڵام هەموو نەخۆشەکان ڕەنگە هەر چوار قۆناغەکە ئەزموون نەکەن.

میگرێن

قۆناغی سەرەتا یان پرێمۆن

ئەم قۆناغە چەند کاتژمێر یان چەند ڕۆژ پێش لە دەستتپێکی هێرشەکە خۆی دەنوێنێت کە بریتییە لە:

  • ماندوویەتی
  • قەبزی یان سکچوون
  • گۆڕانکاریی باری دەروونی (خەمۆکی یان تووڕەیی)
  • هەستکردن بە برسییەتیی زۆر یان نەبوونی ئارەزووی خواردن
  • ڕەقبوونی مل
  • کێشەی تەرکیز

قۆناغی ئۆرا (تەنیا بۆ هەندێک کەس)

  • ئۆرا بە گشتی ٢٠ تا٦٠ خولەک درێژە دەکیشێت.
  • بینی هێڵی خواروخێچ، خاڵی ڕووناکی، پریسکەی ڕووناکی
  • لێڵبینین یان لەدەستدانی بەشێک لە مەودای بینین
  • تەزین یان سڕبوونی دەست، ڕووخسار یان زمان
  • گرفت لە قسەکردندا
  • هەستکردن بە سووڕانەوە یان گێژبوون

قۆناغی سەرئێشە

  • ئێشی چڵدەر یان پاڵەپەستۆیی
  • یەکلایەنە
  • توندیی ئازار بە ڕادەیەکی مامناوەند تا زۆر
  • خراپتربوون لە کاتی جووڵان
  • هەستیاری بە ڕووناکی، دەنگ یان بۆن
  • هێڵنج و ڕشانەوە
  • لێڵ بینین
  • کەمبوونەوەی توانای چڕبوونەوە

قۆناغی دوای سەرئێشە (پۆست درۆم)

دوای هێرشەکە، کەسەکە ڕەنگە ڕۆژێکی تەواو هەست بە ئەمانەی خوارەوە بکات:

  • سستی و ماندوویەتی
  • گێژی
  • سەرئێشەیەکی کەم
  • هەستیاریی زەینی

ئەم قۆناغە وەک “خوماری”ی دوای میگرێنە و پێویست بە پشوودان دەکات.

میگرێن چۆن دەستنیشان دەکرێت؟

بۆ دەستنیشانکردنی میگرێن پێویست بە وەها تاقیکارییەک ناکات، دەستنیشانکردن بەپێی وتووێژی پزیشک لەگەڵ نەخۆش و پشکنینی مۆدێلی سەرئێشەکە دیاری دەکرێت. پزیشک ئەم پرسیارانەی خوارەوە دەپرسێت:

  • سەرئێشەکە بۆ چەند ماوەیە دەستی پێکردووە؟
  • چەند کاتژمێر یان چەند ڕۆژ درێژە دەکێشێت؟
  • لە کام بەشی سەردایە؟
  • چ شتێک دەبێتە هۆکاری سەرئێشەکە؟
  • ئەو نیشانانەی لەگەڵیدان چین؟

لە جێگەگەلێکی تایبەتدا وەک سەرئێشەی کتوپڕ و مەترسیدار، سستی، گرفتی دەمار یان گۆڕانکاریی بەسەر مۆدێلی سەرئێشەکە ڕەنگە بۆ دڵنیابوونەوە لە نەبوونی تۆمۆر یان خوێنبەربوون پێویست بە پشکنینی MRI  یان CT Scan  بێت.

چارەسەری میگرێن

چاەرەسەرکردنی میگرێن دوو بەشی سەرەکی هەیە:

١.چارەسەری هێرشی کتوپڕ (چارەسەری خێرا)

٢.چارەسەری پێشگریکردن (بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی هێرشەکان)

١.چارەسەری خێرا: ئەم چارەسەرە هەر لە کاتی هێرشەکەدا بەکار دەهێنرێت. تاکوو ئێشەکە کەمتر بێتەوە، گرینگترینیان بریتین لە دەرمانە هێورکەرەوە سادەکان:

  • ئیبۆپرۆفێن
  • ناپرۆکسێن
  • ئێستامینۆفێن

ئەم دەرمانانە لە هێرشی لاواز تاکوو مامناوەند کاریگەرن.

دەرمانە تایبەتەکانی میگرێن(تریپتانەکان):

  • سوماتریپتان
  • ریزاتریپتان
  • زولمیتریپتان

ئەم دەرمانانە باشترینن بۆ هێرشی مامناوەند تاکوو سەخت.

دەرمانی نوێی CGRP Inhibitors: بەرەی نوێی دەرمانی میگرێن کە بۆ زۆرینەی نەخۆشەکان وڵامدەر بووە.

چەند خاڵی گرینگ لە کاتی هێرشی میگرێندا:

  • لە ژوورێکی بێدەنگ و تاریک پشوو بدەن.
  • جەستە هیدراتە بکەن (ئاو و شلومونیی زۆر بخۆنەوە).
  • ئەگەر هێڵنج دەدەن، دەرمانەکانی دژە هێڵنج وەک مێتۆکلۆپرامید سوودبەخشن.

دەرمانی پێشگریکەر

ئەگەر کەسێک سەرووی ٤ جار هێرش لە مانگدا ئەزموون دەکات، هێرشەکان قورسن یان دەرمانە خێراکان وڵامدەر نین، پزیشک دەرمانی پێشگریکەر پێشنیار دەدات. گرینگترین دەرمانە پێشگریکەرەکان:

  • بێتابلۆکێرەکان (وەک پرۆپرانۆل)
  • دژەخەمۆکییەکان (وەک ئامی تریپتیلین)
  • دەرمانەکانی دژە فێ ( تاپیرامات، والپروات)
  • دەرمانە نوێیەکان (CGRP blockers)
  • لێدانی بۆتۆکس لە میگرێنی درێژخایەندا

ئەم دەرمانانە ژمارەی هێرشەکان لە درێژەدا کەم دەکەنەوە.

ئەو چارەسەرانەی بە دەرمان نییە

١.ڕێکخستنی شێوەژیان: یەکێک لە گرینگترین بەشەکانی کۆنترۆڵی میگرێن، ڕێکخستنی کردارەکانی ڕۆژانەیە.

  • خەوی تەواو (بەبێ کەم و زۆر)
  • خواردنەوەی ئاوی پێویست
  • برسینەبوونی زۆر
  • وەرزشی بەردەوام
  • کۆنترۆڵی سترێس
  • دوورکەوتنەوە لە ڕووناکیی زۆر و شوێنی قەرەباڵغ

٢. خواردنی گونجاو: هەندێک لە خواردنەکان لە هەندێک کەسدا میگرێن قورستر دەکەن، وەک:

  • شۆکۆلات
  • پەنیری کۆن
  • خواردنە ئامادەکان
  • خواردنەوە وزەبەخشەکان
  • کافێئینی زۆر
  • بەهاراتی تیژ

ناسینی بزوێنەرەکان لە ڕێی دەفتەری تۆماری هێرشەکان (Migraine diary) باشترین ڕێگەی کۆنترۆڵە.

٣.فیزیۆتراپی و شێلاندن: بۆ کەسانەی  ملئێشە یان داگیرانی ماسوولکەیان هەیە، فیزیۆتراپی دەتوانێت زۆر کاریگەر بێت.

تکنیکە هێورکەرەوەکانی وەک:

  • مێدیتەیشێن
  • هەناسەی قووڵ
  • یۆگا
  • دەرمانی مەعریفی-کردارییەکان (CBT)

ئەم ڕێگایانە لە سەر کەمکردنەوەی سترێس کاریگەرن و ئەگەری هێرشەکان کەم دەکەنەوە.

پێشهاتەکانی میگرێن

ئەگەرچی میگرێن نەخۆشییەکی مەترسیدار و کوشندە نییە بەڵام دەتوانێت پێشهاتی گرینگ دروست بکات:

  • گرفت لە ئیش و کاری ڕۆژانەدا
  • دابەزاندنی توانای چڕبوونەوە و کارکردی زەینی
  • خەمۆکی و دڵەڕاوکێ
  • گرفت لە خەوتندا
  • میگرێنی درێژخایەن (سەرئێشە بۆ ماوەی زیاتر لە ١٥ ڕۆژ لە مانگێکدا)
  • مەترسیی جەڵتەی مێشک لە ژناندا و کێشانی جگەرە و بەکارهێنانی حەبی دژەدووگیانی

بەم بۆنەوە کۆنترۆڵی دروستی نەخۆشی گرینگییەکی زۆری هەیە.

چ کاتێک پێویستە بە خێرایی سەردانی پزیشک بکەین؟

ئەگەر هەر کام لەمانەی خوارەوەت ئەزموون کرد، پێویستە بەخێرایی سەردانی پزیشک بکەیت:

  • سەرئێشەی کتوپڕ و ناخۆش وەک: ناخۆشترین سەرئێشەی ژیان
  • سست یان سڕبوونی یەکلایەنەی جەستە
  • گرفت لە قسەکردن
  • تا و ڕەقبوونی مل
  • سەرئێشەی دوای زەبربەرکەوتنی سەر
  • گۆڕانکاریی کتوپڕ لە مۆدێلی سەرئێشەی پێشووتر

ئەمانە بەگشتی دەگەڕێنەوە بۆ کێشەگەلی جیا لە میگرێن و دەبێت خێرا پشکنینی بۆ بکرێت.

پێشگرتن لە هێرشەکان(ڕێکاری کرداری)

١.خەوی گونجاو: خەوی ناڕێک یەکێک لە ٣ هۆکاری سەرەکیی هێرشەکانە:

  • هەموو ڕۆژێک لە کاتژمێرێکی دیاریکراودا بخەون و هەستن.
  • پێش لە خەوتن لە نەکارهێنانی مۆبایل و ڕووناکی دوور بکەونەوە.
  • لە شەودا دەرمان مەخۆن.

٢.کۆنترۆڵی سترێس:  ڕۆژانە ڕاهێنان هیورکەرەوەی کەمتر لە دە خولەک دەتوانێت هێرشەکان لە سەدا بیست کەم بکەنەوە.

٣.جۆری خواردنی تەندروست

  • ڕێکخستنی ژەمەکان
  • سڕینەوەی خواردنی بزوێنەر
  • خواردنی میوە، سەوزەوات و دانەوێڵەکان

٤.یادداشتی ڕۆژانەی میگرێن: بە تۆمارکردنی بزووێنەرەکان، تووندی، ماوە، جۆری خواردن و چالاکییەکان دەتوانن مۆدێلی هێرشەکان بدۆزنەوە.

٥.وەرزشی سووک: پیاسە، یۆگا و مەلەکردن مەترسیی هێرشەکان کەم دەکەنەوە.

میگرێن لە منداڵاندا

میگرێن تەنیا تایبەت بە گەورەکان نییە، منداڵانیش ئەگەری تووشبوونیان هەیە.

لە منداڵاندا دەتوانێت بەم شێوەیە بێت:

  • سەرئێشە کورت ماوەیە.
  • زیاتر نیشانەکانی هەرسکردن دەبینرێن.
  • دەستنیشانکردنی قورسترە.

بەڵام چارەسەرکردنی وەک میگرێنی گەورەکانە.

کۆباس

میگرێن(شەقیقە) سەرئێشەیەکی سادە نییە؛ بەڵکوو گرفتێکی ئاڵۆزی دەمارە کە پێویستی بە زانیاری، دەستنیشانکردنێکی دروست و چارەسەرییەکی گونجاوە. ناسینی بزوێنەرەکان، ڕەچاوکردنی شێوەژیانێکی تەندروست، بەکارهێنانی دروستی دەرمانەکان و سەردانی بەردەوامی پزیشک گرینگترین ڕێکارەکانی کۆنترۆڵی ئەم نەخۆشییەن. بە بەرنامەیەکی دروست دەتوانین ژمارەی هێرشەکان کەم بکەینەوە و کوالێتیی ژیان بە شێوەیەکی بەرچاو ببەینە سەرەوە.

  • Share:

Leave Your Comment