Need Help? +9647761523407
Advanced
Search
  1. Home
  2. خەمۆکی چییە؟
خەمۆکی چییە؟

خەمۆکی چییە؟

  • تشرینی دووه‌م 21, 2025
  • 0 Likes
  • 7 Views
  • 0 Comments

“خەمۆکی” کێشەیەکی دەروونییە کە لە سەرانسەری جیهاندا پەرەی سەندووە و میلیۆنان مرۆڤی لە تەمەنە جیاوازەکاندا بە خۆیەوە تووش کردووە. زۆربەی خەڵک بە هەڵە وا دەزانن خەمۆکی تەنیا دڵتەنگییەکی سادە یان وەڕەزبوونێکی کاتییە بەڵام لەڕاستیدا خەمۆکی نەخۆشینێکی ڕاستییە کە لە سەر هەست و نەستی مرۆڤ کاریگەری ڕاستەوخۆ دادەنێت. کەسی تووشبوو ڕەنگە بەبێ هۆکارێکی تایبەت هەست بە خەم و ئاڵۆزییەکی زۆر بکات و ئەمەیش ببێتە بەربەستێکی قایم بۆ چالاکیی ڕۆژانە، ئیشکردن، خوێندن و پەیوەندییەکانی و ڕەهەندە جیاجیاکانی ژیانی تووشی ئاریشە بکات.

گرنگیی ئەم باسە لەوەدایە کە ئەم نەخۆشینە دەکرێت چارەسەر ببێت بەڵام بەستراوەتەوە بەوەی کە تا چ ڕادەیەک لەلایەن خودی کەسەکەوە یان دەورووبەرەوە گرنگی پێ دەدرێت. زۆر کەس بە هۆی شەرم و ترس و ناهوشیارییەوە خۆ دەبوێرن لە چارەسەر یان درەنگ بە دوای چارەسەردا دەکەون کە هەر ئەم پرسە دەتوانێت ئاستی نەخۆشینەکە قورستر بکات تا ڕادەیەک کە چارەسەرکردنی بەرەو دژواربوون بچێت. لەم بابەتەدا هەوڵ دەدەین بە زمانێکی سادە و زانیاری پزیشکی خەمۆکی بناسێنین و هۆکار و ڕێگای چارەسەرکردنی ئەم گرفتە دەستنیشان بکەین.

خەمۆکی

زۆربەی زۆرمان لە ژیانی ڕۆژانەماندا کاتێک بێتاقەتین یان ڕۆژێکی ناخۆشمان تێپەڕاندووە وشەی “خەمۆکی” بەکار دەهێنین. بەڵام خەمۆکی بارودۆخێکی زۆر جیاوازە و ناتوانین لە چوارچێوەی یەک یان چەند وشەدا پێناسەی بکەین. بە پێچەوانەی خەم و نیگەرانی کە کاردانەوەیەکە بە ڕووداوە ناخۆشەکانی ژیان(وەک لە دەستدانی ئازیزێک یان دۆڕانێکی گەورە)، خەمۆکی کێشەیەکی ئاڵۆز و نەخۆشینێکی دەروونییە کە بە دڵتەنگی، بێ هیوایی یان چێژوەرنەگرتن بۆ ماوەیەکی درێژ(لانیکەم دوو حەفتە) دەستنیشان دەکرێت. خەمۆکی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ تەمبەڵی نییە. ئەم نەخۆشینە وەک شەکرە یان زەختی خوێن بەهۆی گرفت لە کرداری مادە کیمیاوییەکانی مێشک وەک: سێرۆتۆنین، نۆرئێپی نێفرین و دۆپامین دروست دەبێت بەم بۆنەوە کەسێک”خەمۆکی” هەڵنابژێرێت، بەڵکوو جەستە و دەروونی تووشی کێشە دەبێت.

نیشانە دیارەکانی خەمۆکی: چۆن خەمۆکی دەستنیشان بکەین؟

نیشانەکانی خەمۆکی لە نێو کەسەکاندا جیاوازە، بەڵام نیشانە باوەکانی ئەمانەن:

نیشانە سۆزدارییەکان

  • خەم و دڵتەنگییەکی زۆر: نەخۆش بە درێژایی ڕۆژ هەست بە خەم و دڵتەنگی دەکات.
  • هەستکردن بە بێبایەخی و تاوانباربوون: تووشبوو بەردەوام خۆی سەرکۆنە دەکات و خۆی لە هەمبەر ڕووداوەکانی ژیانی بە تاوانبار دەزانێت.
  • بێ هیوا بۆ داهاتوو: بە شێوەیەک کەسەکە هیچ پلان و بەرنامەیەکی بۆ داهاتوو نییە.
  • چێژوەرنەگرتن(Anhedonia): تەنانەت ئەو چالاکییانیش وا پێشتر چێژبەخش بوون چیتر چێژبەخش نین.

نیشانە مەعریفی و هزرییەکان

  • کەمبوونی تەرکیز و یادەوەری: تووشبوو لە بەبیر هێنانەوەی داتاکاندا تووشی کێشە دەبێت و ناتوانێت لە سەر بابەتێکی تایبەت تەرکیز بکات.
  • سەخت بڕیاردان: هەر بەهۆی نەبوونی تەرکیزی پێویست، توانایی بڕیاردان بۆ کەسی تووشبوو کەم دەبێتەوە سەرەنجام ڕاڕایی جێگەی خۆی خۆش دەکات.
  • بیرکردنەوەی نەرێنیی بەردەوام:تووشبوو بەردەوام بیر لە ڕوودانی ڕووداوی ناخۆش دەکاتەوە هەر ئەمەیش بەربەستێکە بۆ دەستپێکردنی هەر کارێکی نوێ.
  • بیرکردنەوە بە خۆئازاردان یان خۆکوشتن: بیرکردنەوە بە خۆکوشتن و ئازارگەیاندن بە خۆ نیشانەیەکی تری ئەم نەخۆشینەیە، تووشبوو لە ڕێگەی کەرەستەی تایبەتەوە هەوڵ بۆ ئازاردانی خۆی یان تەنانەت پەنا بۆ خۆکوشتن دەبات.

نیشانە کردارییەکان

  • گۆشەگیری و تەنیایی: تێکەڵاونەبوون لە ناو کۆمەڵگا و هەڵبژاردنی تەنیایی دڵنیاییەکی زیاتر بە تووشبوو دەدات.
  • کەمبوونەوەی توانایی لە ئیشکردن و خوێندن: هەموو ئەو هۆکارانە توانایی و هێزی کار و چالاکی لە کەسی تووشبوو دەگرنەوە.
  • خاوبوون لە جووڵە و قسەکردن: بە گشتی نەخۆش وەک کەسێکی ماندوو و بێهێز دەردەکەوێ کە لە باری جەستەیی و ڕەفتاریشەوە تووشی خاوبوونەوە دەبێت.
  • بێتاقەتی و تووڕەیی: تووشبوو خێرا لە ئەنجامدانی هەر کارێک وەڕەز دەبێت و بە بچووکترین قسە یان ڕەفتار، ئاگری تووڕەیی دادەگرسێت.

نیشانە جەستەییەکان

  • زۆربوون یان کەمبوونی ئارەزووی خواردن: نەخۆش لەباری خواردنەوە تووشی گۆڕان دەبێت و ئارەزووی خواردنی تێکدەچێت.
  • دابەزین یان زۆربوونی کێشی جەستە
  • کێشەی خەوتن: بێخەوی(Insomnia) یان خەوی زۆر(Hypersomnia)، نەخەوتنی شەوان و خەوی زۆر  لە ڕۆژدا نیشانەیەکی باوی خەمۆکییە.
  • ماندوێتی و بێهێزی
  • ئێشی جەستە بەبێ هۆکاری پزیشکی: خەمۆکی دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی هەندێ ئێشی وەک: سەرئێشە، ئێشی پشت، ئێشی ماسوولکە، ئێشی گەدە و…

ئەگەر کەسەکە لانیکەم پێنج لەم نیشانانەی هەبوو بە مەرجێک کە هەموو ڕۆژێک و بۆ ماوەی دوو هەفتە درێژە بکێشێت، ئەگەری تووشبوون بە خەمۆکی هەیە.

هۆکارەکانی تووشبوون بە خەمۆکی: بۆچی تووشی خەمۆکی دەبین؟

خەمۆکی تەنیا هۆکارێکی تایبەتی نییە بەڵکوو پێکهاتووە لە هۆکارە بایۆلۆژیک، ژێنێتیک، ژینگەیی و دەروونییەکان کە لە دروستبوونی خەمۆکی ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن.

هۆکارە بایۆلۆژیکییەکان

  • کێشە لە هاوسەنگی ماددە کیمیاوییەکانی مێشک(سێرۆتۆنین، نۆرئێپینێفرین و دۆپامین)
  • پێشینەی بنەماڵەیی و ژێنێتیک ئەگەری تووشبوون دەباتە سەرەوە
  • نەخۆشینی جەستەیی وەک: هایپۆتیرۆئیدیسم، شەکرە یان جەڵتە
  • بەکارهێنانی دەرمانە کۆرتۆنییەکان

هۆکارە دەروونییەکان

  • کەسایەتی هەستیار و سەوداسەر زیاتر ئەگەری تووشبوونیان هەیە
  • ئەزموونی نەگەیشتن بە ئامانج و دۆڕان
  • کەمبوونی متمانەبەخۆبوون

هۆکارە ژینگەییەکان

  • گوشارەکانی سەر ژیان وەک: بێکاری، کێشەی ئابووری، نەبوونی پاڵپشتی کۆمەڵایەتی
  • ئەزموونی توندوتیژی، ئازار و هەڵاواردن
  • کۆچکردن، تەنیایی یان دوورکەوتنەوە لە بنەماڵە

هۆکارە هۆرمۆنییەکان

  • گۆڕانکاری هۆرمۆنی لە کاتی دووگیانی، دوای منداڵبوون و لە سکوەستان
  • گۆڕانکاری هۆرمۆنی لە مێرمنداڵیدا

شێوەژیانی ناتەندروست

  • خەوی ناتەواو
  • بەکارهێنانی ئەلکحول و ماددەی هۆشبەر
  • خواردنی ناتەندروست و نەبوونی جووڵەی جەستەیی

زۆرجار ئەم هۆکارانە پێکەوە گرێ دەخۆن تا دەبنە گرێپووچکەیەک بە نێوی خەمۆکی.

خەمۆکی

جۆرەکانی خەمۆکی

خەمۆکی تەنها بە یەک شێوە نابینرێت و پسپۆڕانی بواری دەروونی بۆ شیکردنەوەی نیشانەکان، بە سەر چەن جۆردا دابەشییان کردووە.

خەمۆکی بنەڕەتی(Major Depressive Disorder)

 باوترین و سەختترین جۆری خەمۆکییە کە بریتییە لە قۆناخگەلێکی دریژخایەن و جددی لە نیشانەکانی خەمۆکی

خەمۆکی بەردەوام یان دیس تایمیا(Persistent Depressive Disorder)

جۆری لاوازی خەمۆکییە بەڵام دەتوانێت درێژخایەن بێت و بۆ ماوەی دوو ساڵ نیشانەکانی درێژە بکێشێت. ڕەنگە خۆی بە توندی دەرنەخات بەڵام کاریگەری ڕاستەوخۆ لە سەر کوالێتی ژیان دادەنێت.

خەمۆکی وەرزی(Seasonal Affective Disorder-SAD)

جۆرێک لە خەمۆکییە کە زیاتر لە وەرزی زستان و پاییز بە هۆی کەمبوونی تیشکی هەتاو ڕوو دەدات و لە وەرزە گەرمەکاندا خۆی چارەسەر دەبێت.

خەمۆکی دوای منداڵبوون(Postpartum Depression)

خەمۆکی دوای منداڵبوون بارودۆخێکە کە دایک دوای منداڵبوون هەست بە خەم، ترس و نیگەرانی، ماندوێتی و بێ هێزی دەکات و ناتوانێت بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ کۆرپەڵەدا پەیوەندی سۆزداری دروست بکات.

خەمۆکی وێڕای ئاڵۆزی دەروونی(Psychotic Depression)

 لەگەڵ خەیاڵ و وڕێنەدا دەردەکەوێت. بۆ نموونە هەستکردن بە تاوان، بیستنی دەنگ یان بیرکردنەوەی نادروست.

خەمۆکی ئاوارتە(Atypic Depression)

نیشانەکانی بە گشتی لەگەڵ خەمۆکی ئاساییدا جیاوازە:

  • زیادبوونی ئارەزووی خواردن
  • زۆربوونی کێش
  • خەوی زۆر
  • باشتربوونی باری دەروونی لە کاتی ڕوودانی ڕووداوێکی ئەرێنی

چۆن خەمۆکی دەستنیشان دەکرێت؟

دەستنیشانکردنی خەمۆکی تەنیا لەلایەن پسپۆڕی بواری دەروونی(پزیشکی دەروونی یان دەروونناس)ەوە دیاری دەکرێت.

١.وتووێژ: پرسیارکردن سەبارەتی بە نیشانەکان و ماوەی دەرکەوتنییان و هەروەها کاریگەرییان لە سەر ژیانی ڕۆژانە.

٢.پشکنین و تاقیکاری: بۆ پشکنینی کێشەگەلی جەستەیی وەک تیرۆئید یان کەم خوێنی کە دەتوانێ هاوشێوەی خەمۆکی دەربکەوێت.

٣.کەڵکوەرگرتن لە پرسنامەی ستانداردی وەک:

PHQ-9

Beck Depression Inventory

خاڵی گرنگ: دەستنیشانکردنی خەمۆکی تەنیا لە ڕێگەی پشکنینی خوێن و وێنەهەڵگرتنەوە پشتڕاست ناکرێتەوە و پێویستە لە ڕێی پزیشکی و دەروونناسیشەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.

 ئەنجامدانی تاقیکاری خوێن(تیرۆئید) بۆ ڕەتکردنەوەی هۆکارە جەستەییەکان پێویستە.

دەرمانی خەمۆکی: کام شێواز لە چارەسەرکردن وڵامدەرە؟

خۆشبەختانە خەمۆکی یەکێکە لەو نەخۆشینە دەروونییانەی کە چارەسەری بۆ دەکرێت. چارەسەرەکان بە پێی گوژمیی نەخۆشینەکە و دۆخی کەسەکە جیاوازە و بەگشتی تێکەڵاوێکە لە چەندین شێوازی چارەسەر.

١.چارەسەری دەروونی(ڕاوێژکاری)

 کاریگەرترین چارەسەرە بۆ ئەو نەخۆشانەی کە گوژمی نەخۆشینەکەیان مامناوەندە.

جۆرەکانی چارەسەری دەروونی:

  • دەرمانی مەعریفی و کرداری(CBT):گۆڕینی بیرکردنەوەی نەرێنی
  • چارەسەری پەیوەندییەکان(IPT): چاککردنەوەی پەیوەندی نێوان کەسەکان
  • چارەسەری دەروونی بە پاڵپشتیکردن: کەمکردنەوەی سترێس و بەرزکردنەوەی توانایی بەرەوڕووبوونەوە

سوودی ئەم شێوازە لەوەدایە کە کەسەکە فێر دەبێ چۆن لەگەڵ هەستەکانی بەرەوڕوو بێتەوە.

٢.چارەسەری دەرمان

 بۆ خەمۆکی مامناوەند و دژوار یان کاتێک ڕاوێژکاری وڵامدەر نییە، بەکار دەهێنرێت.

  • گرووپی SSRI: سێرترالین و فلۆکسێتین
  • گرووپی SNRI: دۆلۆکسێتین
  • گرووپیTCI: نۆرۆتریپتیلین

دەرمانەکان بۆ ئەوەی کە کاریگەری خۆیان دابنێن پێویستە ٢بۆ٦ حەوتوو بەکاربهێنرێن. بەکارهێنانی ئەم دەرمانانە بەبێ چاودێری پزیشکی پسپۆر کاردانەوەی مەترسیداری لێ دەکەوێتەوە.

٣.بەکارهێنانی چارەسەری دەروونی و دەرمان پێکەوە

کاریگەرترین و ستانداردترین چارەسەر بەکارهێنانی ڕاوێژکاری و دەرمانە پێکەوە.

٤.چارەسەرە پێشکەوتووەکان

  • شۆک(ECT)
  • بزواندنی مەگنەتیکی مێشک(TMS)
  • چارەسەر لە ڕێگای کێتامینەوە

ڕۆڵی شێوەژیان لە چارەسەری خەمۆکی

١.ڕێکخستنی خەو

 ٧بۆ٨ کاتژمێر خەوی گونجاو

٢.چالاکی جەستەیی

 ٣٠ خولەک پیاسەکردن لە ڕۆژدا ئاستی سێرۆتۆنینی مێشک دەباتە سەرەوە.

٣.خواردنی تەندروست

خواردنی پرۆتێئینەکان، سەوزەوات، ئۆمێگا٣ و کەمکردنەوە شەکر

٤.کەمکردنەوەی خواردنەوە کحولییەکان و ماددەی سڕکەر

٥.پەیوەندی کۆمەڵایەتی

پتەوکردنی پەیوەندی هاوڕێیەتی، ئەنجامدانی کاری گرووپی و تێکەڵاوبوون لە ناو کۆمەڵگا

٦.کەمکردنەوەی سترێس و دڵەڕاوکێ

وەرزشکردن، گوێگرتن بۆ مۆسیقا و کاری هونەری دەتوانێت سترێس و دڵەڕاوکێ کەم بکاتەوە.

خەمۆکی مەترسیدارە؟

بەڵێ؛ ئەگەر خەمۆکی چارەسەر نەکرێت ڕەنگە ببێتە هۆی گرفت و نەخۆشینی قورستری وەک:

  • کێشەگەلی بنەماڵەیی
  • تووشبوون بە ماددەی هۆشبەر
  • کێشە و ئاستەنگی لە نێو ئیش و کاردا
  • خۆئازاردان و خۆکوژی

شێوازەکانی پێشگرتن لە خەمۆکی

ئەگەرچی ناتوانین بە تەواوەتی پێش بە خەمۆکی بگرین بەڵام ئەمانەی خوارەوە یارمەتی دەدات کە مەترسی تووشبوون بە خەمۆکی کەم ببێتەوە:

  • تۆڕێکی بەهێزی پاڵپشتی
  • کۆنترۆڵکردنی سترێس و دڵەڕاوکێ
  • چالاکیی جەستەیی ڕێکوپێک
  • خەوی گونجاو
  • بەکارنەهێنانی ماددەی هۆشبەر
  • سەردانکردنی دەروونناس یان پزیشکی دەروونی ئەگەر نیشانە سەرەتاییەکانت بینی

کەی دەبێت سەردانی پزیشکی دەروونی بکەین؟

ئەگەر ئەم نیشانانەی خوارەوە زیاتر لە دوو هەفتە درێژەی کێشا، دەبێت بە زووترین کات سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەیت:

  • دڵتەنگی زۆر
  • کەمبوونەوەی وزە
  • نەمانی حەز و چێژوەرگرتن
  • کێشە لە خەوتن یان ئارەزووی خواردن
  • ئاستەنگی لە تەرکیزکردن
  • بیرکردنەوە لە خۆئازاردان

خەمۆکی نەخۆشینێکی باوە بەڵام چارەسەر دەکرێت. ئەم نەخۆشینە تەنیا “دڵتەنگی” نییە بەڵکوو گرفتێکە کە دەتوانێ لە سەر ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ژیان کاریگەری دابنێ. گرنگترین هەنگاوەکان بۆ کۆنترۆڵی خەمۆکی ناسینی نیشانەکان، سەردانکردنی پزیشکی پسپۆڕ و دەستپێکردنی چارەسەرەکانە. لە ڕێگەی دەرمان، ڕاوێژکاری و شێوەژیانی تەندروست دەتوانین پەنجەرەیەک بۆ چارەسەری ئەم نەخۆشینە بکەینەوە و بۆ سەر ژیانی ئاسایی خۆمان بگەڕێینەوە.

  • Share:

Leave Your Comment