نەخۆشیی ڕەبۆ یەکێک لە باوترین نەخۆشییە درێژخایەنەکانی سی لە جیهاندایە کە لە ساڵانی دواییدا تا ڕادەیەکی زۆر باو بووە و کاریگەری لەسەر ڕێگای هەناسە دادەنێت. نەخۆشیی ڕەبۆ دەبێتە هۆی تەنگبوون، هەوکردن، ئاوسانی ڕێگای هەناسەی سی (بۆرییە هەناسەییەکان). لەم ناوچۆدا، زانیاری پزیشکی و نەشتەرگەری بە تایبەتی یارمەتیدەرن بۆ تێگەیشتن و بەڕێوەبردنی باشتر. هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی خانەکانی ڕێگای هەناسە لینجی زیاتر بەرهەم بهێنن. ئەم گۆڕانکارییانە هەناسەدان دژوار دەکەنەوە و دەبنە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشییەکە. هۆکارە باوەکانیشی بریتین لە هەستیاریی (بۆ نموونە بە ئاژەڵی ماڵی یان گەردەی گوڵ)، دووکەڵ، کەشی سارد، وەرزش، بۆنی توند و گوشاری دەروونی. ڕەبۆ ئەگەر چارەسەر نەکرێت دەتوانێت کوشندە بێت. ملیۆنان کەس لە سەرتاسەری جیهان ڕەبۆیان هەیە. دەکرێت هەر لە منداڵییەوە یان لە گەورەساڵیدا سەر هەڵبدات.
جۆرەکانی نەخۆشیی ڕەبۆ
نەخۆشیی ڕەبۆ بە سەر چەندین جۆردا دابەش دەبێت کە بریتین لە:
- ڕەبۆی هەستیاریی: کاتێک ئالێرژێنەکان (ئەو ماددانەی جەستە پێیان هەستیارە) دەبنە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی ڕەبۆ.
- ڕەبۆی کۆکە: کاتێک تەنیا نیشانەی ڕەبۆ کۆکە بێت.
- ڕەبۆی وەرزشی: لە کاتی چالاکیی جەستەییدا ڕوو دەدات، بەتایبەتی کاتێک هەوا وشکە و وەرزش دەکەیت.
- ڕەبۆی پیشەیی: لە هەناسەکێشانی ماددە کیمیاییەکان یان تۆزوخۆڵی پیشەسازی لە شوێنی کاردا دێت کە دەبێتە هۆی تووشبوون بە ڕەبۆ یان دەبێتە هۆی دەستپێکی هێرشی ڕەبۆ.
- سیندرۆمی تێکەڵی ڕەبۆ-COPD (نەخۆشیی درێژخایەنی گیرانی سییەکان): کاتێک ڕەبۆ و COPDـت هاوکات هەیە.
نیشانەکانی ڕەبۆ
نیشانەکانی ڕەبۆ بریتین لە:
- تەنگیی هەناسە
- فیکەکێشان، لە کاتی هەناسەدەرداندا دەنگێک هاوشێوەی فیکە دروست دەبێت.
- هەستکردن بە ئێش یان گوشار لە سینگدا
- کۆکە، بەتایبەتی لە شەودا یان بەیانیان زوو
ئەم نیشانانە دەتوانن لە سووکەوە بۆ توند جیاواز بن. لەوانەیە هەموو ڕۆژێک هەبن یان تەنیا هەندێک جار سەر هەڵبدەن. کاتێک هێرشی ڕەبۆت هەیە، نیشانەکان زۆر خراپ و قورستر دەبن. هێرشەکە لەو کەسانەدا زیاتر باوە کە ڕەبۆی توندیان هەیە و دەتوانێت بە هێواشی یان لەناکاو ڕوو بدات. گرینگە بزانین هەندێک جار دەکرێت بۆ ژیان مەترسیدار بێت چون ئەگەر بە بەردەوامی هەبیت و بە چارەسەر باش نەبن ئۆکسیجینی پێویست بە ئەندام و شانەکانی لەش ناگات و دەکرێت کوشندە بێت. گرینگە بزانین هێرشی زۆری ڕەبۆ ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ڕەبۆکە کۆنترۆڵ نەکراوە. پێویستە پزیشکەکەت ئاگادار کەیەوە چۆن لەوانەیە بۆ باشتر کۆنترۆڵکردنی دەرمان و شێوای چارەسەرکردنەکەت بۆ بگۆڕێت.
هۆکاری نەخۆشیی ڕەبۆ چییە؟
هۆکاری ڕاستەقینەی ڕەبۆ نەزانراوە. لەوانەیە بۆهێڵ و ژینگەی تاک بۆ تووشبوون بە ڕەبۆ ڕۆڵیان هەبێت. هێرشی ڕەبۆ کاتێک ڕوو دەدات کە لەگەڵ هۆکارێکی ڕەبۆ بەرکەوتن ساز ببێت. بە گشتی هۆکاری ڕەبۆ بریتییە لە هەر شتێکی وا بتوانێت ببێتە هۆی سەرهەڵدانی نیشانەکانی. لەوانەیە یەک هۆکاری دیاریکراوت هەبێت یان هۆکارەکان زۆر بن. هۆکارە باوەکان بریتین لە:
- هەستیاریی: گەردەی گوڵ، کرمی ورد و مۆرانەی خۆڵ، مووی ئاژەڵ، پاشماوە زیانبەخشەکانی جاڵجاڵۆکە و مشک
- هەوای سارد: بەتایبەتی لە زستاندا
- وەرزش: بەتایبەتی چالاکیی جەستەیی توند و وەرزشکردن لە کەشی سارددا
- کەڕوو: دەتوانێت ببێتە هۆی هەستیاری
- بەرکەوتی پیشەیی: دارتاشین، ئاردی گەنم، لاستیک، کەرەستەی بیناسازی
- هەوکردنی هەناسەیی: هەڵامەت، ئەنفولانزا و نەخۆشییە هەناسەییەکانی تر
- دووکەڵ: جگەرەکێشان، هەڵمژینی پاشماوەی دووکەڵی جگەرە و نێرگەلە
- فشاری دەروونی: جەستەیی یان سۆزداری
- ماددە کیمیاییەکان یان بۆنی توند: بۆیەی نینۆک، پاککەرەوەکانی ماڵەوە، بۆنخۆشکەری هەوا و جل
- ژەهرە دەردراوەکانی نێو هەوا: دەردانی کارگەکان، دووکەڵی ئۆتۆمبێل، دووکەڵی ئاگری دارستانەکان
ئەم هۆکارانە دەتوانن یەکسەر ببنە هۆی هێرشی ڕەبۆ و لەوانەیە چەند کاتژمێر یان چەند ڕۆژ بخایەنێت.

کێ مەترسیی تووشبوون بە ڕەبۆی هەیە؟
ڕەبۆ دەتوانێت کاریگەری لەسەر هەمووان هەبێت، بەڵام زۆر جار لە منداڵییەوە دەست پێ دەکات. پسپۆڕان دڵنیا نین لەوەی کە چی دەبێتە هۆی تووشبوون بە ڕەبۆ بەڵام هەندێک هۆکار مەترسیی تووشبوون زیاد دەکەن:
- هەبوونی پێشینەی بنەماڵەیی:
-
بۆ نموونە ئەگەر دایک یان باوک ڕەبۆی هەبێت، بەتایبەتی ئەگەر دایک هەیبێت ئەگەری تووشبوون لە تاکدا بەرز دەبێتەوە.
- ڕەگەز یان نەتەوە:
-
ڕەشپێستەکان و ئەفریقی-ئەمریکییەکان و پۆرتۆڕیکۆییەکان مەترسیی تووشبوونیان لە چاو ڕەگەز و نەتەوەکانی تر زیاترە.
- هەبوونی نەخۆشیی تر:
-
وەک قەڵەوی و هەستیاری.
- تووشبوون بە هەوکردنی ڤایرۆسی هەناسەیی لە منداڵیدا:
-
زۆر جار ئەمە دەتوانێت یەکێک لە هۆکارەکان بێت کە لە دواییدا کەسەکە تووشی ڕەبۆ بێت.
- ڕەگەز:
-
لە منداڵاندا، ڕەبۆ لە کوڕاندا زیاتر باوە؛ بەڵام لە گەنجان و گەورەساڵاندا، لە ژناندا زیاتر باوە.
پزیشکان چۆن ڕەبۆ دەستنیشان دەکەن؟
پسپۆڕی نەخۆشییەکانی سی لە پێشینەی تەندروستیی خۆت، خێزانەکەت و نیشانەکانت دەپرسێت و تاقیکردنەوەی تایبەت بە کارکردنی سییەکانت لێ هەڵدەگرێتەوە. باشتر وایە پێیان بڵێیت چ شتێک نیشانەکانی ڕەبۆ لە تۆدا خراپتر دەکات و چ شتێک یارمەتیت دەدات باشتر بیت. تاقیکردنەوەکان بریتن لە:
- تاقیکردنەوەی هەستیاری لە ڕێگەی خوێن یان پێستەوە: ئەمانە دەتوانن دیاری بکەن کە ئایا هەستیارییەکت هەیە ببێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی ڕەبۆ یان نا؟
- پشکنینی خوێن: پزیشکان دەتوانن سەیری ئاستی ئیۆزینۆفیل (جۆرە خڕۆکەیەکی سپییە) و ئیمیونۆگلۆبولین E (IgE) (جۆرە دژەتەنێکی بەرگریی لەشە) بکەن چون دەکرێت لە هەندێک جۆری ڕەبۆدا زۆر بن.
- سپایرۆمیتری: ئەمە تاقیکردنەوەیەکی باوی کارکردنی سییە کە کوالیتیی تێپەڕینی هەوا لە سییەکاندا دەپێوێت.
- تیشکی X یان CT ـی سینگ: ئەمانە بۆ گەڕان بە دوای هۆکارە سەرەکییەکانی نیشانەکان یارمەتیی پزیشک دەدەن.
- پێوەری بەرزترین ڕێژەی هەناسەدان: ئەمە دەتوانێت بپێوێت کە لە کاتی چالاکییەکی دیاریکراودا ڕێگاکانی هەناسەت چەندە تەنگ دەبنەوە.
ڕەبۆ چۆن چارەسەر دەکرێت؟
ڕەبۆ نەخۆشییەکی درێژخایەنە، بۆیە پێویستی بە چاودێریی بەردەوامە. ئەمەش بۆ ڕێگرتن و کۆنترۆڵکردنی نیشانەکان و کەمکردنەوەی هەوکردنی ڕێگای هەناسە پێویستی بە بەکارهێنانی دەرمانی گونجاوە. دوو جۆری سەرەکیی دەرمانی ڕەبۆ هەیە: دەرمانی خێرا و دەرمانی کۆنترۆڵکردنی درێژخایەن. پسپۆڕەکەت لەوانەیە یەکێک یان تێکەڵەیەک لە دوو یان زیاتری ئەم دەرمانانە پێشنیار بکات؛ هەر بۆیە لەگەڵ پزیشکەکەت پلانێکی چارەسەریی کارا دابنێن. پلانەکە دەبێت ڕێگاکانی کۆنترۆڵکردنی نیشانەکانی ڕەبۆ و ڕێگری لە هێرشەکانی داهاتوو بگرێتە بەر؛ لەوانە:
- دوورکەوتنەوە لە هۆکارەکان: بۆ نموونە ئەگەر دووکەڵی جگەرە یەکێک لە هۆکارەکانە، پێویستە جگەرە نەکێشیت و ڕێگە بە کەسانی تریش نەدەیت لە ماڵ یان ئۆتۆمبێلەکەتدا جگەرە بکێشن.
- دەرمانە خێراکان: لە کاتی سەرهەڵدانی نیشانەکان و هەروەها هەندێک جار پێش وەرزش بەکار دێن. ئەم دەرمانانە بە شێوەیەکی کاتی یارمەتیی ماسولکەکانی بۆریی هەناسە دەدەن شل ببنەوە و ڕێگاکانی هەناسە بۆ زیاتر گواستنەوەی هەوا بکرێنەوە. هەروەها ڕێگری لە دەرکەوتنی نیشانەکان دەکەن یان لە کاتی هێرشی ڕەبۆدا کەمیان دەکاتەوە.
- دەرمانە کۆنترۆڵکەرەکان: بە شێوەی ڕۆژانە بۆ ئەو کەسانەی نیشانەی ڕەبۆیان هەیە و بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی نیشانەکان و کۆنترۆڵکردنی درێژخایەن دەدرێن. بەم شیوەیە هەوکردنی ڕێگای هەناسە کۆنترۆڵ دەکەن و ڕێگری لە تەنگبوونەوەیان دەکەن.
- ئیمیونۆتێراپی هەستیاری یان “دەرزیی هەستیاری”: لە نەخۆشە هەستیارەکاندا دەتوانێت بە گشتی یارمەتیی باشبوونی نیشانەکانی ڕەبۆ بدات.
نیشانە پێشوەختەکانی هێرشی ڕەبۆ
هەندێک جار، تەنانەت ئەگەر ڕەبۆکەت کۆنترۆڵکراویش بێت، لەوانەیە نیشانەکان سەر هەڵبدەن. ئەم نیشانە پێشوەختانە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر و تەنانەت لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر دەکرێت جیاواز بن. کاتێک ئەو نیشانانە دەبینیت، بە خێرایی بۆ وەستاندنی نیشانەکان و باشترکردنی دۆخەکە هەوڵ بدە. هەندێک لەم نیشانە ئاگادارکەرەوانە وەک نیشانە ئاساییەکانی ڕەبۆ دەردەکەون؛ تەنیا جیاوازییان ئەوەیە کە سووکترن، بەڵام گرینگە سەرنجیان پێ بدەیت تەنانەت ئەگەر نیشانەکان سووکیش بن چون دەتوانن بە خێرایی خراپتر بن و ببنە هۆی هێرشی ڕەبۆ.
لە کۆتاییشدا ئەگەر هێرشێکی ڕەبۆت هەبێت و دەرمانە خێراکان سوودیان نەبێت، پێویستت بە فریاگوزاریی خێرای پزیشکی دەبێت. پزیشک لەوانەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی نیشانەکان شێوازی چارەسەرییەکەی بگۆڕێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەندێک جار ڕەبۆ توندە و بە چارەسەرەکانی تر کۆنترۆڵ ناکرێت و پێویستە بۆ چارەسەرکردن ڕیگەی تر تاقی بکرێتەوە. پزیشکەکەت پلانێکی کارات بۆ دادەنێت و ئەم پلانە پێت دەڵێت چۆن و کەی دەرمانەکانت بەکار بهێنیت. هەروەها پێت دەڵێت کاتێک نیشانەی دیاریکراوت هەیە چی بکەیت و کەی داوای فریاگوزاریی خێرای پزیشکی بکەیت.
نیشانەکانی هێرشی ڕەبۆ
هێرشەکە لەوانەیە بۆ هەر کەسێک هەستێکی جیاوازی هەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، تووشبووانی ڕەبۆ زۆر جار باسی ئەم نیشانانە بۆ هێرشی ڕەبۆ دەکەن:
- هەناسەدان قورس دەبێتەوە، بەتایبەت لە کاتی دەردانی هەناسەدا. لەوانەیە خێراتر لە کاتی ئاسایی هەناسە بدەیت.
- فیکە بکێشیت، بکۆکیت یان هەست بە تەنگ و قورسبوونی سینگت بکەیت.
- دڵت لەوانەیە زۆر خێرا لێ بدات.
- ئارەقە بکەیت.
- لە سەرەتادا، لەوانەیە بتوانیت باش هەناسە بدەیت و تەواو قسە بکەیت، بەڵام لە کاتی هێرشەکەدا، تەنیا چەند وشەیەک بڵێیت و هەناسەت لێ ببڕێت و نەتوانیت ڕستەکەت تەواو بکەیت.
ڕەبۆ و دووگیانی
ئەگەر دووگیانیت و ڕەبۆ یان هەستیارییت هەیە، لەوانەیە بۆ وەرگرتنی دەرمانەکان هەست دڕدۆنگ بیت، بەڵام زۆر گرینگە نیشانەکانت کۆنترۆڵ بکرێن. نیشانەکانی ڕەبۆی کۆنترۆڵنەکراو دەبنە هۆی کەمبوونەوەی بڕی ئۆکسیجین لە خوێندا. ئاوڵەمەکەش ئۆکسیجینەکەی لە خوێنی دایکەوە وەردەگرێت. لەبەر ئەوەی ئاوڵەمە بۆ گەشەکردن و گەشەکردنی ئاسایی پێویستی بە دابینبوونی بەردەوامی ئۆکسیجینە، کۆنترۆڵکردنی نیشانەکانی ڕەبۆ زۆر گرینگە. جێی ئاماژەیە بە کۆنترۆڵکردنێکی باشی ڕەبۆ دەتوانیت دووگیانی و منداڵێکی تەندروستت هەبێت.
خاڵە گرنگەکان:
- دەتوانیت دووگیانییەکی تەندروستت هەبێت ئەگەر ڕەبۆ یان هەستیاریت هەیە.
- کۆنترۆڵکردنی نیشانەکانت لە کاتی دووگیانیدا زۆر گرینگە.
- لە خواردن و وەرگرتنی دەرمانەکانت مەوەستە.
- پسپۆڕەکەت دەتوانێت ڕاهێنانی تایبەت و پلانی چارەسەریی گونجاوت لە کاتی دووگیانیدا پێ پێشنیار بکات.
کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکەم؟
قسە لەگەڵ پزیشکەکەتدا بکە ئەگەر بە ڕادەیەکی زۆر هێرشی ڕەبۆت هەیە یان هەست دەکەیت ناتوانیت کۆنترۆڵی بکەیت. نیشانەکانی هێرشی ڕەبۆ دەتوانن بەم شێوەیە بن:
- نیگەرانی یان ترسی بێهۆ
- شینهەڵگەڕانی نینۆک، لێو و پووک
- ئێشی سینگ یان تووندبوونی سینگ
- کۆکەیەک کە ناوەستێت
- فیکەکێشانی توند کاتێک هەناسە دەدەیت
- بە سەختی قسەکردن یان قووتدان
- ڕووی ڕەنگپەڕیو و ئارەقاوی
ئەگەر هێرشی ڕەبۆکەت زۆر تووند بوو و هەستت بە بڕینی هەناسەت کرد پێویستە هەرچی زووتر پێوەندی بە فریاگوزاریی خێرای پزیشکییەوە بکەیت تاوەکوو خێرا چارەسەرت کەن و بتگەیەننە نەخۆشخانە.
چی بکەم بۆ ئەوەی باشتر بم؟
لەوانەیە بتوانیت نیشانەکانی ڕەبۆ کەم بکەیتەوە یان بە گۆڕینی هەندێک خووی ڕۆژانە باشتر کۆنترۆلی بکەیت. لەوانە:
- هەر کاتێک توانیت لە هۆکارەکان دوور بکەوە. لەوانەیە باش بێت بۆ زانینی ئەوەی چی نیشانەکانت خراپتر دەکات هۆکارەکان لە لای خۆت تۆمار بکەیت.
- چالاکیی جەستەییت تا ئاستێکی گونجاو هەبێت. داوا لە پزیشکەکەت بکە پڕۆگرامێکی تایبەت بە بەهێزکردنی سیت پێ بناسێنێت، لەوانەیە یارمەتیدەر بێت.
- جگەرە مەکێشە و سیگاری ئەلیکترۆنی بەکار مەهێنە.
- ئەگەر لە خواردنی هەندێک دەرماندا کێشەت هەیە پێشتر پزیشکەکەت ئاگادار بکەوە.
کۆتایی
ڕەبۆ نەخۆشییەکی درێژخایەنی سییە کە لەسەر ملیۆنان کەس لە جیهاندا کاریگەری دادەنێت. ئەگەرچی چارەسەرێکی تەواوی نییە، بەڵام بە باش کۆنترۆڵکردنی دەکرێت ژیانێکی ئاسایی و تەندروست بژیت. گرنگترین شت ئەوەیە بزانیت هۆکارەکانی ڕەبۆکەت چین و لێیان دوور بکەویتەوە؛ دەرمانەکانت بە شێوەی دروست بەکار بێنیت و بە بەردەوامی سەردانی پزیشکەکەت بکەیت. بیرت نەچێت ڕەبۆ کۆسپێکی گەورەی بەردەم ژیان نییە. بە یارمەتیی پزیشک و بەکارهێنانی دروستی دەرمانەکان دەتوانیت وەرزش بکەیت، کار بکەیت و هەر شتێک بکەیت کە حەزت لێیە. تەنانەت ژنانی دووگیانیش گەر بە باشی کۆنترۆڵی بکەن دەتوانن منداڵێکی تەندروستیان ببێت. گرینگە هەمیشە گوێ لە ئامۆژگارییەکانی پزیشکەکەت بگریت و دەرمانەکانت بەکار بهێنیت.
Leave Your Comment