Need Help? +9647761523407
Advanced
Search
  1. Home
  2. کەمخوێنی چییە؟
کەمخوێنی چییە؟

کەمخوێنی چییە؟

  • تشرینی دووه‌م 10, 2025
  • 0 Likes
  • 13 Views
  • 0 Comments

کەمخوێنی نەخۆشییەکی خوێنیئ باوە و کاتێک ڕوو دەدات کە ژمارەی خانە سوورە تەندروستەکانی خوێن کەمتر لە ڕادەی پێویست بن یان بە باشی کار نەکەن و نەتوانن ئۆکسیجینی پێویست بە سەرتاسەری لەش بگەیەنن. هۆکاری توشبوون بە هەندێک جۆری کەمخوێنی بۆماوەییە، بەڵام هەندێک جۆری تریش هەن کە دەکرێت مرۆڤ لە درێژایی ژیانیدا تووشیان ببێت. کەمخوێنی بە شێوەی جیاواز کاریگەری لەسەر ژیان دادەنێت و نیشانەکانیشی دەکرێت سووک یان سەخت بن. هەندێک جۆری وا نیشانەی سووکیان هەیە دوای چارەسەروەرگرتن باش دەبن. جۆری سەختیشیان وەک ئەو کەمخوێنییە میراتییانەن کە کێشەی پزیشکیی درێژخایەن بۆ مرۆڤ دروست دەکەن. کەمخوێنیی دەکرێت مەترسی بۆ ژیان هەبێت. هەروەها ئەم نەخۆشییە لەوانەیە نیشانەی نەخۆشیی سەختی تر وەکوو شێرپەنجە بێت. پزیشکی پسپۆڕ بە پشکنینی جەستەیی و شیکاریی خوێن دەتوانێت کەمخوێنی دەستنیشان بکات و بەپێی جۆری کەمخوێنییەکە چارەسەری بکات.

نیشانەکانی کەمخوێنی چین؟

بەپێی هۆکاری توشبوون نیشانەکانی کەمخوێنی لەناکاو یان وردە وردە دەردەکەون. ئەگەر کەمخوێنیی سووکتان هەیە، لەوانەیە هیچ نیشانەیەک بەدی نەکرێت. نیشانە باوەکان کە لە زۆربەی جۆرەکانی کەمخوێنیدا بەدی دەکرێن بریتین لە:

کەمخوێنی
  • ماندوویەتیی بەردەوام
  • هەستکردن بە بێهێزی و لاوازبوون
  • لەرزین
  • زەردهەڵگەڕان
  • هەناسەتەنگی
  • ئازاری سینگ
  • سەرئێشە
  • سەرەگێژە و بوورانەوە
  • خوێن بەربوون
  • هەوکردنی بەردەوام
  • زەنگ لێدان لە گوێکاندا کە لەگەڵ ترپەی دڵ لێدەدەن
  • لێدانی خێرا، خاو یان ناڕێکی دڵ
  • ساردبوونی دەست و قاچ
  • ناسکبوونی نینۆک
  • هەڵوەرینی قژ
  • حەزکردن بە خواردنی شتی نائاسایی وەک: سەهۆڵ، خۆڵ و…

هۆکارە سەرەکییەکانی کەمخوێنی

سێ مێکانیزمی سەرەکیی گەورەمان هەیە کە دەبنە هۆی کەمخوێنی و بریتین لە:

خوێنبەربوون:

خوێنبەربوونی لەناکاو کە بە هۆی ڕووداوێک یان بە شێوەیەکی درێژخایەن ڕوو دەدات؛ بۆ نموومە بەهۆی سووڕی مانگانە و منداڵبوون لە خانماندا یان بەهۆی برینی گەدە و شێڕپەنجەی ڕیخۆڵە و کۆئەندامی هەرس .

دابەزینی ڕادەی بەرهەمهاتنی خڕۆکە سوورەکان یان هێمۆگلۆبین:

کەمبوونی هەندێک ماددەی خۆراکیی پێویست وەکوو ئاسن، ڤیتامینB12، ئەسید فولیک دەبنە هۆی ئەوەی مۆخی ئێسقان نەتوانێت بە ڕادەی پێویست خڕۆکەی سوور ساز بکات. بۆ نموونە لە هەندێک نەخۆشیی درێژخایەنی وەک سستی گورچیلە و نەخۆشییەکانی مۆخی ئێسقان دەدیترێت.

لەناوبردنی خڕۆکە سوورەکان بەر لە کاتی گونجاو:

هەندێک کێشەی بۆماوەیی و نەخۆشیی تر دەبنە هۆی پێکهاتنی ئەم دۆخە.

جۆرەکانی کەمخوێنی

کەمخوێنی کاریگەری لەسەر تەواوی خڕۆکە سوورەکانی خوێن و هیمۆگلۆبین دادەنێت.هیمۆگلۆبین ئەو پرۆتینەیە کە لە تەواوی خڕۆکە سوورەکانی خوێندایە و ئۆکسیجین لە سییەوە بۆ هەموو لەش دەگوازێتەوە. هەندێک جۆری تری کەمخوێنیش هەن، لەوانە:

  • کەمخوێنیی کەمی ئاسن: زۆربەی ئەو کەسانەی کەمخوێنن کەمیی ئاسنیان هەیە. بۆ دروستکردنی هیمۆگلۆبین پێویستمان بە ئاسنە و ئەو کەسانەی ئاسنیان کەمە، تووشی ئەم حاڵەتە دەبن.
  • کەمخوێنیی ئەپلاستیک: لە ئەنجامی زیاندیتنی خانە بنەڕەتییەکانی مۆخی ئێسقاندا، ئەو کاتەی جەستە نەتوانێت بە ڕادەی پێویست خانەی خوێنیی نوێ بەرهەم بهێنێت، ڕوو دەدات. ئەم حاڵەتە کاریگەری لەسەر تەواوی خڕۆکە سوورەکان، خڕۆکە سپییەکان و پەڕەکانی خوێن دادەنێت.
  • کەمخوێنیی هیمۆلیتیک: تەمەنی ئاساییی خڕۆکە سوورەکانی خوێن ١٢٠ ڕۆژە؛ ئەم حاڵەتەش کاتێک ڕوو دەدات کە جەستە تەواوی خڕۆکە سوورەکانی خوێن زووتر لە کاتی خۆیان لەناو ببات.
  • کەمخوێنیی مێگالۆبلاستیک: بە هۆی کەمبوونی ڤیتامین B12 خڕۆکە سوورەکان بە قەبارە گەورەتر و نائاسایین.
  • کەمخوێنیی نۆرمۆسیتیک: دۆخێکە کە خڕۆکە سوورەکانی خوێن بە قەبارە ئاسایین، بەڵام ژمارەیان کەمە.
  • کەمخوێنیی پێرنیشەس: کاتێک ڕوو دەدات کە جەستە ڤیتامین  B12ی کەم هەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونی خڕۆکە سوورە تەندروستەکانی خوێن.
  • کەمخوێنیی کەمی ئاسن: زۆربەی ئەو کەسانەی کەمخوێنن کەمیی ئاسنیان هەیە. بۆ دروستکردنی هیمۆگلۆبین پێویستمان بە ئاسنە و ئەو کەسانەی ئاسنیان کەمە، تووشی ئەم حاڵەتە دەبن.
  • کەمخوێنیی ئەپلاستیک: لە ئەنجامی زیاندیتنی خانە بنەڕەتییەکانی مۆخی ئێسقاندا، ئەو کاتەی جەستە نەتوانێت بە ڕادەی پێویست خانەی خوێنیی نوێ بەرهەم بهێنێت، ڕوو دەدات. ئەم حاڵەتە کاریگەری لەسەر تەواوی خڕۆکە سوورەکان، خڕۆکە سپییەکان و پەڕەکانی خوێن دادەنێت.
  • کەمخوێنیی هیمۆلیتیک: تەمەنی ئاساییی خڕۆکە سوورەکانی خوێن ١٢٠ ڕۆژە؛ ئەم حاڵەتەش کاتێک ڕوو دەدات کە جەستە تەواوی خڕۆکە سوورەکانی خوێن زووتر لە کاتی خۆیان لەناو ببات.
  • کەمخوێنیی مێگالۆبلاستیک: بە هۆی کەمبوونی ڤیتامین B12 خڕۆکە سوورەکان بە قەبارە گەورەتر و نائاسایین.
  • کەمخوێنیی نۆرمۆسیتیک: دۆخێکە کە خڕۆکە سوورەکانی خوێن بە قەبارە ئاسایین، بەڵام ژمارەیان کەمە.
  • کەمخوێنیی پێرنیشەس: کاتێک ڕوو دەدات کە جەستە ڤیتامین  B12ی کەم هەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونی خڕۆکە سوورە تەندروستەکانی خوێن.
  • کەمخوێنیی داسی: ئەم نەخۆشییە کاریگەری لەسەر خڕۆکە سوورەکانی خوێن دادەنێت و شێوەیان دەگۆڕێت و وەکوو “داس”یان لێ دێت؛ لەبەر ئەمەش تەمەنیان کورتتر دەبێتەوە. لەو کەسانەی بە دوو بۆهێڵی هیمۆگلۆبینی نائاسایی لە دایک دەبن دەدیترێت.
  • تالاسمی: نەخۆشییەکی بۆماوەییە و چەندین جۆری هەیە کە ڕادەی دروستبوونی هێمۆگلۆبین دادەبەزێت.
  • کەمخوێنیی بەهۆی نەخۆشییە درێژخایەنەکان: لە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک سستبوونی گورچیلە یان هەوکردن، جەستە ناتوانێت بە باشی لە ئاسن کەڵک وەربگرێت. ئەم نەخۆشییە کاریگەری لەسەر خڕۆکە سوورەکانی خوێن دادەنێت و شێوەیان دەگۆڕێت و وەکوو “داس”یان لێ دێت؛ لەبەر ئەمەش تەمەنیان کورتتر دەبێتەوە. لەو کەسانەی بە دوو بۆهێڵی هیمۆگلۆبینی نائاسایی لە دایک دەبن دەدیترێت.
  • تالاسمی: نەخۆشییەکی بۆماوەییە و چەندین جۆری هەیە کە ڕادەی دروستبوونی هێمۆگلۆبین دادەبەزێت.

کەمخوێنیی بەهۆی نەخۆشییە درێژخایەنەکان: لە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک سستبوونی گورچیلە یان هەوکردن، جەستە ناتوانێت بە باشی لە ئاسن کەڵک وەربگرێت. کەمخوێنیی درێژخایەن دەتوانێت ببێتە هۆی کێشەگەلی تەندروستیی تر وەک جەڵتەی دڵ، سستبوونی دڵ و زیانپێگەیاندن بە ئەندامەکانی لەش. کەمخوێنیی درێژخایەن ئەو کەمخوێنییەیە کە بە باشی دەستنیشان و چارەسەر ناکرێت یان سەرەڕای چارەسەرکردنیشی هەر بەردەوام دەبێت، بۆیە پێویستە لە ئەگەری دیتنی هەر کام لەو نیشانانەی ئاماژەیان پێ کراوە گرینگی بە خۆمان بدەین.

کەمخوێنی چۆن دەستنیشان دەکرێت؟

ئەگەر هەست دەکەیت خۆت یان منداڵەکەت تووشی کەمخوێنی بوون لەگەڵ پزیشکەکەتان قسە بکەن. پزیشک پشکنینی جەستەیی ئەنجام دەدات و پێداچوونەوە بۆ پێشینەی پزیشکی و بنەماڵەیی و نیشانەکان دەکات. بڕواپێکراوترین ڕێگا بۆ دەستنیشانکردنی کەمخوێنی، پشکنینی خوێنه. بە گوێرەی ئەنجامەکان لەوانەیە پێویست بە پشکنینی زیاتر بێت، وەک پشکنینی مۆخی ئێسقان. ئەمە دەتوانێت لە دیاریکردنی هۆکاری سەرەکیی کەمخوێنی یان دۆزینەوەی حاڵەتێکی تەندروستی تر یارمەتیدەر بێت. ئەگەر نەخۆشیی کەمخوێنی دەستنیشان کرا، پێویستە سەردانی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن بکەیت. شێوازەکانی دەستنیشانکردنی کەمخوێنی بریتن لە:

ژماردنی تەواوی خڕۆکە سوورەکانی خوێن  (CBC):

ئەم تاقیکردنەوەیە هەموو خڕۆکەکانی خوێن و بە تایبەت خڕۆکە سوورەکان بە سەیرکردنی قەبارە و شێوەیان دەپشکنێت.

پشکنینی هیمۆگلۆبین:

هیمۆگلۆبین بەشێکی سەرەکیی خڕۆکە سوورەکانە و بۆ دڵنیابوون لە کەمخوێنی دەپێورێت.

ژماردنی ڕیتیکولۆسایت (Reticulocyte count):

ڕیتیکولۆسایتەکان خڕۆکە سوورە گەشەنەکردووەکانی خوێنن. ئەم تاقیکردنەوەیە مۆخی ئێسقان دەپشکنێت تاوەکوو بزانێت ئایا بە ڕادی پێویست خڕۆکەی سوور بەرهەم دێت یان نا.

تاقیکردنەوەی هیماتۆکریت:

ڕێژەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن دەپێوێت.

لێکۆڵینەوەی خوێنی لاوەکی:

پزیشکان بۆ هەڵسەنگاندنی قەبارە و شێوەی خانەکانی خوێن  لە خڕۆکە سوورەکانی خوێن لە ژێر مایکرۆسکۆپدا دەکۆڵنەوە.

چۆن کەمخوێنی چارەسەر دەکرێت؟

چارەسەرکردنی کەمخوێنی بەپێی جۆر، هۆکار، ڕادەی سەختبوونی نەخۆشییەکە و هەروەها تەندروستیی گشتیی تاک جیاوازە. یەکەم ئامانجی چارەسەرکردن ئەوەیە خڕۆکە سوورە تەندروستەکانی خوێن زیاتر دروست ببن تاوەکوو بتوانن ئۆکسیجینی پێویست بە هەموو جەستە بگەیەنن. زۆر جار ئەمەش لە ڕێگەی زیادکردنی ژمارەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن و هیمۆگلۆبین دەبێت. ئەگەر کەمخوێنی لەبەر هەبوونی نەخۆشییەکی بنەڕەتی بێت، پێویستە لە پێشدا پزیشک ئەو نەخۆشییە چارەسەر بکات؛ بۆ نموونە ئەگەر کەمخوێنی لە ئەنجامی لەدەستدانی خوێنی زۆرەوە بێت، پێویستە هۆکاری لەدەستدانی خوێن یان خوێبەربوونەکە چارەسەر بێت کە ئەمەش دەتوانێت بە شێوەی نەشتەرگەری بۆ چارەسەرکردنی خوێنلێچوونی ناوەوە بێت کە بووەتە هۆی کەمخوێنی.

چارەسەرییەکان لەوانەیە تەواوکەری خۆراکی بن یان پزیشکان دەرمان و شێوازی تایبەت بۆ یارمەتیدانی جەستە پێشنیار بکەن کە زیاتر خڕۆکە سوورەکانی خوێن بەرهەم بهێنێت. نموونەکانی ئەمانەن:

  • تەواوکەری ئاسن: ئەم پێکهاتەیە بە شێوەی کەپسوول یان حەبە.
  • پێکهاتەی فۆلیک ئەسید: ڤیتامینی B9 ڤیتامینێکی پێویستە کە یارمەتی جەستە دەدات بۆ دروستکردنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن و DNA کە بنەماکانی جەستەن.
  • پێکهاتەی ڤیتامینیB12 : پێکهاتەی ڤیتامین B12 یارمەتیی بەرهەمهێنانی خڕۆکە سوورە تەندروستەکانی خوێن دەدات.
  • دەرزی ئەریسرۆپۆیەتین: بۆ چارەسەرکردنی کەمخوێنیی نۆرمۆسیتیک (ئەمانە دەتوانن یارمەتی مۆخی ئێسقان بدەن خڕۆکە سوورەکانی خوێن زیاتر بەرهەم بهێنێت).
  • دەرمانی هۆرمۆنی بۆ چارەسەرکردنی خوێنلێچوونی زۆر لە کاتی سووڕی مانگانەدا.
  • دەرمانی دژەبەکتریا بۆ چارەسەرکردنی هەوکردن.
  • دەرمان بۆ یارمەتیدانی جەستەت تاوەکوو بە خڕۆکە سوورەکانی خوێن زیان نەگەیەنێت یان لەناویان نەبات.
  • گواستنەوەی خوێن بۆ قەرەبووکردنەوەی خڕۆکە سوورە لەکیسچووەکانی خوێن.
  • ڕواندنی خانەی بنەڕەتیی مۆخی ئێسقان بۆ جێگرتنەوەی خانە بنەڕەتییە تەندروستەکانی خوێن.

ئەگەر جۆرێکی کەمخوێنیت هەبێت کە لە کەمی خۆراکەوە دێت، گۆڕانکاری لە شێوازی خۆراکەکەتدا ساز بکە. ئەمەش دەتوانێت ئاستی ماددە خۆراکییەکانت زیاد بکات یان یارمەتیی جەستەت بدات بۆ هەڵمژینی ماددە خۆراکییەکان.

ژیان لەگەڵ کەمخوێنیدا

دوای چارەسەرکردن، زۆربەی خەڵک دەتوانن باقیی ژیانیان بە شێوەیەکی ئاسایی و تەندروست بژین؛ بەڵام ئەگەر حاڵەتەکە درێژخایەن، توند یان چارەسەرنەکراو بێت دەتوانێت کاریگەریی مەترسیدار و کوشندەی بۆ سەر ژیان هەبێت. لەوانە:

  • نائاساییی لێدانی دڵ: لێدانی دڵ لەوانەیە زۆر خێرا، زۆر هێواش یان ناڕێک بێت. بە تێپەڕبوونی کات ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی نەخۆشیی دڵ.
  • زیانگەیاندن بە ئەندامەکان: ئەم دۆخە کاتێک ڕوو دەدات ئەگەر ئەندامێک ئۆکسیجینی پێویستی پێ نەگات.
  • لاوازکردنی سیستەمی بەرگری: ئەگەر سیستەمی بەرگریت پێشتر لەبەر شێرپەنجە، نەخۆشی HIV/AIDS یان هەوکردن لاواز بووبێت دەتوانێت کوشندە بێت.

منداڵانێک کە کەمخوێنیی کەمی ئاسنیان هەیە، مەترسیی زیاتریان بۆ ژەهراویبوون بە قورقوشم لەسەرە. هەروەها لە درێژماوەدا دەتوانن کێشەی دەروونی، جووڵە یان ڕەفتارییان بۆ دروست ببێت. هەروەها ئەو ژنە دووگیانانەی کەمخوێنی کەمیی ئاسنیان هەیە، لەوانەیە منداڵەکەیان پێشوەختە یان بە کێشی کەم لە دایک بێت. هەروەتر ئەگەر لە کاتی منداڵبووندا خوێنێکی زۆریان لەبەر بڕوات ڕەنگە پێویستیان بە گواستنەوەی خوێنیش هەبێت.

چارەسەرکردنی کەمخوێنی لە کاتی دووگیانیدا

ئەو کەسەی لە کاتی دووگیانیدا کەمخوێنی هەبێت بە کەمخوێن دادەنرێت. ئەو ژنانە لە کاتی دووگیانیدا کەمیی ئاسن و ڤیتامینەکانی تریان هەیە. چارەسەریی کەمخوێنی لە کاتی دووگیانیدا پێوەندی بە سەختیی نەخۆشییەکەوە هەیە. ئەگەر دووگیانیت و کەمخوێنیت، چارەسەرکردنی بەم شێوانەی خوارەوەیە:

  • کەمخوێنیی سووک تا مامناوەند: پزیشک ڕۆژانە ڤیتامین یان ئاسن تا پێش لەدایکبوونی منداڵەکە پێشنیار دەکات. ئەمە ئاسن، ڤیتامین B12 و فۆلیک ئەسید بۆ جەستە دابین دەکات.
  • کەمخوێنیی قورس: لەوانەیە پێویست بە گواستنەوەی خوێن بێت.

ئایا دەکرێت ڕێگری لە کەمخوێنی بکرێت؟

لەوانەیە بتوانیت ڕێگری لە باوترین جۆری کەمخوێنی بکەیت کە کەمخوێنیی کەمیی ئاسنە، بە خواردنی خۆراکی تەندروست و وەرگرتنی تەواوکەرە خۆراکییەکان؛ بەڵام جۆرەکانی تری کەمخوێنی، ئەوانەی پێوەندییان بە نەخۆشییە درێژخایەنەکانەوە هەیە، ناکرێت ڕێگریان لێ بکرێت.

چۆن ئاگام لە خۆم بێت؟

لە کاتێکدا هەندێک جۆری کەمخوێنی کورتخایەن و سووکن بەڵام هەندێکی تر تا هەتایە دەمێننەوە. سەرەڕای ئەوەش، چەندین شت هەن کە دەتوانن بۆ چارەسەرکردنی نیشانەکان یارمەتیدەر بن. ئەمانە چەند پێشنیارێکن:

  • پەیڕەوی پلانی خواردنی تەندروست بکە: خراپبوونی خووی خواردن هۆکاری سەرەکیی تووشبوون بە کەمخوێنییە. لە پزیشکی تەندروستی سەبارەت بەو خواردنانەی بە ئاسن دەوڵەمەندن و ئەو خۆراکانەی کە پێویستە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە خۆراکییەکانی لەشتان بخورێن پرسیار بکە.
  • تەواوکەرەکانت بەپێی ڕێنماییەکان بخۆ.
  • ئاو بخۆوە: ئاوی زۆر بخۆرەوە بۆ ئەوەی شێداربوونی لەشت بپارێزیت.
  • جووڵە و وەرزشی بەردەوامت هەبێت: وەرزشی ڕێک‌وپێک بەشێکە لە شێوازی ژیانی تەندروست.
  • پاراستنی خۆت لە بەرانبەر هەوکردندا: دەستەکانت زۆر بشۆ. لە پزیشکەکەت سەبارەت بە ئەو ڤاکسینانەی ڕێگری لە هەوکردنی ڤایرۆسی و بەکتریایی دەکەن بپرسە.

چۆن دەتوانم لە ماڵەوە کەمخوێنییەکەم چارەسەر بکەم؟

باشترین ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی باوترین جۆرەکانی کەمخوێنی ئەوەیە کە دڵنیا بیت لەوەی ئاسن، B12 و فۆلیک ئەسید وەردەگریت. لەگەڵ پزیشکی تەندروستیی خۆتان ڕاوێژ بکەن و بەپێی پێشنیاری ئەوان ڕۆژانە ئاسن و ڤیتامین بخۆن. گۆڕانکاری لە خۆراکیش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت. خواردنی دەوڵەمەند بە ئاسن بخۆ، وەک سپێناخ، گۆشتی بێ چەوری و گۆشتی قەل. هەروەها گرینگە ئەو خۆراکانەی پڕ لە ڤیتامینەکانن بخورێن چون یارمەتیی جەستە دەدەن ئاسن هەڵمژێت؛ وەک ڤیتامین C کە لە ترشەمەنی و تەماتە و بیبەردا هەیە. ئەگەر زیاتر لە دوو حەوتوویە هەست بە ماندوویەتی یان گۆڕانکاریی بەردەوام لە لەشتدا دەکەیت لەگەڵ پزیشکێک قسە بکە. ئەوان دەتوانن هۆکاری نیشانەکانت دیاری بکەن و چارەسەریی گونجاوت پێشکەش بکەن.

  • Share:

Leave Your Comment