Need Help? +9647761523407
Advanced
Search
  1. Home
  2. نەخۆشی شەکرە باشتر بناسین، دوژمنی شیرین
نەخۆشی شەکرە باشتر بناسین، دوژمنی شیرین

نەخۆشی شەکرە باشتر بناسین، دوژمنی شیرین

  • تشرینی دووه‌م 2, 2025
  • 0 Likes
  • 38 Views
  • 0 Comments

دیابێت مێلیتوس کە لە نێو خەڵکدا بە نەخۆشی شەکرە ناسراوە، یەکێکە لە نەخۆشینە باوەکانی جیهان کە نە تەنیا  ژیانی میلیۆنان کەسی خستووەتە مەترسییەوە بەڵکوو بووەتە ئاڵەنگارییەک بۆ سیستمی تەندروستی و دەرمان.

نەخۆشی شەکرە چییە؟

بە زمانێکی سادە شەکرە نەخۆشینێکە کە جەستە ناتوانێ بە شێوەیەکی دروست ئاستی گۆلۆکۆز(شەکر)ی خوێن ڕێک بخات. گۆلۆکۆز سووتەمەنی خانەکانی لەشە کە بۆ دابینکردنی وزە پێویستە. بەڵام بۆچی ئەم سووتەمەنییە لە لەشی نەخۆشانی شکرە لەباتی ئەوەی بڕواتە نێو خانەکانەوە لە نێو خوێندا کەڵەکە دەبێت؟ وڵامی ئەم پرسیارە هۆرمۆنێکە بە نێوی ئەنسۆلین کە لە ئاکامی چالاکی غوددەی پەنکریاس بەرهەم دێت. کاری ئەنسۆلین وەک کلیلێکە کە دەرگای خانەکان بە ڕووی گۆلۆکۆزدا دەکاتەوە.

لە نەخۆشانی شەکرەدا دوو حاڵەت هەیە

  1. پەنکریاس بە ڕادەی پێویست ئەنسۆلین بەرهەم ناهێنێت (شەکرەی جۆری١)
  2. خانەکان لە بەرامبەر ئەنسۆلیندا کاردانەوەیەک نیشان نادەن و دەرگا ناکەنەوە(شەکرەی جۆری٢). لە هەر دوو حاڵەتدا گۆلۆکۆز لە نێو خوێندا دەچێتە سەرەوە و ئەم چوونە سەرەوەی شەکری خوێن لە درێژماوەدا زیان بە ڕەگە خوێنییەکان و کۆئەندامە سەرەکییەکانی لەش دەگەیەنێت.

زانیاری، یەکەمین هەنگاوێکە بۆ پێشگرتن لەم نەخۆشینە. لەم وتارەدا بە شێوەیەکی گشتی و زمانێکی سادە جۆرەکانی شەکرە، نیشانە باوەکان، ڕێگاکانی دەستنیشانکردن و گرنگترین ڕێکارەکانی چارەسەر و پێشگرتن لەم نەخۆشینە دەخەینە بەر باس.

نەخۆشی شەکرە

بەشی یەکەم: مێکانیزمی لەش و جۆرەکانی شەکرە

بۆ پەی بردن بە نەخۆشی شەکرە سەرەتا پێویستە بزانین کە لەشی تەندروست چۆن مامەڵە لەگەڵ شەکری خوێن دەکات.

نان خواردن:

دوەای نان خواردن بە تایبەت ئەو خواردنانەی کاربۆهیدراتییان تێدایە، گۆلۆکۆز دەچێتە ناوخوێنەوە.

دەردانی ئەنسۆلین:

پانکریاس هەست بە چوونەسەرەوەی گۆلۆکۆز دەکات و بەو هۆیەوە ئەنسۆلین دەردەدات.

چوونە ناو خانەکان:

ئەنسۆلین یارمەتی خانەکان دەدات کە گلۆکۆز ڕابکێشنە ژوورەوە و بۆ بەرهەمهێنانی وزە کەڵکیان لێ وەربگرێت.

کەمبوونەوەی شەکری خوێن:

کاتێک گۆلۆکۆز دەچێتە ناو خانەکانەوە ئاستی شەکری خوێن دێتە خوارەوە و تا بە ئاستی ئاسایی دەگات.

لەو کەسانەی تووشی نەخۆشی شەکرە دەبن ئەم پڕۆسەیە تووشی گرفت دەبێت. شەکرە بە سەر سێ جۆردا دابەش دەبێت:

شەکرەی جۆری یەک

هۆکار: نەخۆشینێکی ئۆتۆئیمەنە. لەم حاڵەتەدا کۆئەندامی بەگری لەش بە هەڵە هێرش دەکاتە سەر خانەکانی بەرهەمهێنەری ئەنسۆلین لە پانکریاس و لە نێویان دەبات لە ئەنجامدا جەستە ناتوانێ هیچ ئەنسۆلینێک بەرهەم بهێنێت.

ئەم جۆرەی شەکرە زیاتر لە نێو منداڵان و مێرمنداڵان باوە،  بەڵام ئەگەری ئەوەی هەیە لە هەر تەمنێک دا ڕوو بدات. لە شەکرەی جۆری یەک، نەخۆش پێویستە هەر لە سەرەتاوە چارەسەری ئەنسۆلین وەربگرێت.

شەکرەی جۆری دوو

باوترین جۆری شەکرەیە و لە سەدا نەوەدی نەخۆشی شەکرە لە خۆ دەگرێت.

دوو هۆکاری سەرەکی بۆ شەکرەی جۆری دوو هەیە:

کاردانەوە بە ئەنسۆلین: خانەکانی لەش بە ئەنسۆلینی بەرهەمهاتوو کاردانەوەیەک نیشان نادەن.(دەرگای خانەکان ناکرێنەوە)
ئەنسۆلینی بەرهەمهاتوو تەواو نییە: بە تێپەڕبوونی کات پانکریاس ماندوو دەبێت و ناتوانێ بە پێی پێویست ئەنسۆلین بەرهەم بهێنێت.
شەکرەی جۆری دوو زیاتر لە نێە کەسانی بەتەمندا زۆرە بەڵام بە هۆی شێوەژیانی ناتەندروست، قەڵەوی، سترێس و پێشینەی خێزانی دەتوانرێت لە تەمەنی کەمیشدا ببینرێت.

شەکرەی دووگیانی

هەڵکشانی هۆرمۆنەکان لەکاتی دووگیانیدا دەبێتە هۆی ئەوەی خانەکان لە بەرامبەر ئەنسۆلیندا بەرگری بکەن و کاردانەوەیان نەبێت.

ئەم ڕەوشە زۆرجار دوای دووگیانی چارەسەر دەبێت، بەڵام هەم دایک و هەم کۆڕپەڵەش لە داهاتوودا مەترسی تووشبوون بە شەکرەی جۆری دوویان لە سەرە.

جۆرە دەگمەنەکانی شەکرە

 سەرەڕای ئەوانەی سەرەوە کە باسمان کرد، جاری وایە نەخۆشینەکانی پێوەندیدار بە پەنکریاس، هەندێ دەرمانی تایبەت(وەک کۆرتۆن) یان نەخۆشینی ژێنێتیکی دەتوانێت ببێتە هۆی شەکرە.

بەشی دووهەم: نیشانەکان، دەستنیشانکردن و پێشهاتەکانی

نیشانەکانی ئاگادارکەرەوە(زیاتر لە شەکرەی جۆری یەک دەبینرێت.

چوونەسەرەوەی شەکری خوێن، دەبێتە هۆی دەرکەوتنی ئەم نیشانانەی خوارەوە:

  • فرە میزی(Polyuria): کاتێک شەکری خوێن دەچێتە سەرەوە، گورچیلەکان بۆ ڕزگار بوون لە شەکری زیادە، ئاوێکی زیاتر دەردەدەن.
  • فرە نۆشی(Polydipsia): دەردانی زۆری ئاو لە رێگەی میزکردن دەبێتە هۆی کەم‌ئاوی لەش و تینوێتی.
  • فرە خۆری(Polyphagia): بە بۆنەی ئەوەوە گۆلۆکۆز ناتوانێت بچێتە نێو خانەکانەوە و وزە بەرهەم بهێنێت، جەستە هەست بە برسییەتییەکی بەردەوام دەکات.
  • ماندوێتی و بێهێزی: بە هۆی دابیننەبوونی سووتەمەنیی پێویست بە خانەکان.
  • لێڵیی چاو: شەکرە دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی ئاو لە نێو هاوێنەی چاودا و هەوکردن و لەئاکامدا لێڵیی چاو دروست دەکات.
  • ساڕێژنەبوونی برینەکان و هەوکردنییان: بە هۆی زیانگەیشتن بە دەمارەکان و لاوازبوونی سیستمی بەرگریی لەش.
  • مێروولەکردن و سڕبوونی دەست و پێ

ئەگەر هەرکام لەم نیشانانەت لە خۆت یان دەوروبەرەکەت بینی پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەیت.

هۆکار و فاکتۆرەکانی مەترسی

شەکرە لە ئاکامی کارتێکردنی نێوان ژێنێتیک و شێوەژیان دروست دەبێت، گرنگترین فاکتۆرەکانی مەترسی بریتین لە:

  • کێشی زیادە و قەڵەوی
  • نەبوونی چالاکی جەستەیی
  • خواردنی چەور و شیرین
  • پێشینەی خێزانی
  • پەستان و چەوری خوێن
  • تەمەن
  • سترێسی درێژخایەن
  • جگەرەکێشان

پێشهاتەکانی شەکرە

ئەگەر شەکری خوێن بۆ ماوەیەکی درێژ بچێتە سەرەوە، شەکرە دەتوانێت زیانی جددی بە ئەندامەکانی لەش بگەیەنێت. ئەم پێشهاتانە دابەش دەبن بە سەر سێ بەشدا:

پێشهاتە کورتخایەنەکان

  1. هایپۆگلایسێمی(دابەزینی شەکری خوێن): بە گشتی بە هۆی بەکارهێنانی زیادەی ئەنسۆلین، دەرمان یان سڕینەوەی ژەمی خواردن دروست دەبێت.
  2. هایپێرگلایسێمی(هەڵکشانی شەکری خوێن): کاتێک دەرمان یان ئەنسۆلین بەس نەبێت.
  3. کێتۆئەسیدۆزی دیابێتی(DKA): بەتایبەت لە شەکرەی جۆری یەک، ڕەوشێکی مەترسیدارە کە پێویستە خێرا چارەسەر بکرێت.

دەستنیشان کردنی شەکرە

شەکرە بە تاقیکاری خوێن و بە پێی هەڵسەنگاندنی ڕێژەی گۆلۆکۆز لە خوێندا دیاری دەکرێت.

ئەو تاقیکارییانەی زۆرترین خواستییان لەسەرە بریتین لە:

پێشهاتە درێژخایەنەکان

  • نەخۆشییەکانی دڵ بەتایبەت جەڵتەی دڵ.
  • لەکارکەوتنی گورچیلە.
  • زیانگەیشتن بە دەمارەکان(نۆرۆپاتی دەمار).
  • زیانگەیشتن بە چاو(ڕێتینۆپاتی): کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕادەی بینین.
  • برینی پێ و بڕینەوەی ئەندام.

بە کۆنترۆڵکردنی وردی شەکری خوێن، پەستان و چەوری خوێن دەتوانرێت پێش بەم پێشهاتانە بگیردرێت.

دەستنیشانکردنی شەکرە

شەکرەی پێش نانخواردن(FBS): لانیکەم لە هەشت کاتژمێری ناشتا ئەگەر شەکری خوێن زیاتر لە ١٢٦mg/dl بوو، نیشانەیەکە بۆ بوونی نەخۆشی شەکرە.

تاقیکاری خۆڕاگری بەرامبەر گۆلۆکۆزی خۆراکی(OGTT): پێوانەکردنی شەکری خوێن دوو کاتژمێر دوای خواردنەوەی شلەیەکی شیرین ئەگەر زیاتر لە ٢٠٠ mg/dl بوو، نەخۆشی شەکرە دەستنیشان دەکرێت.

HbA1C: شەکری خوێن لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا دەپێوێ، پێویست بە ناشتابوون ناکات و ئەگەر ڕێژەکەی زیاتر لە ٦.٥٪ بوو، نەخۆشی شەکرە دەستنیشان دەکرێت.

شەکری خوێنی ڕۆژانە: پێوانەکردنی شەکری خوێن لە هەر کاتێکدا، ئەگەر شەکری خوێن زیاتر لە ٢٠٠mg/dl بوو بە مەرجێک نیشانەکانی تری وەک: فرەخۆری، فرە نۆشی و فرەمیزی لەگەڵدا بێت، نەخۆشی شەکرە دەستنیشان دەکرێت.

بەشی سێهەم: چارەسەرکردن

نەخۆشی شەکرە نەخۆشینێکی درێژخایەنە واتا چارەسەری یەکجارەکی نییە بەڵام دەتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت. ئامانجمان لە چارەسەرکردن ئەوەیە کە ڕێژەی شەکری خوێن لە چوارچێوەیەکی نۆرماڵدا ڕابگرین تاکوو بتوانین پێشگیری بکەین لە ئەگەری ڕوودانی هەر پێشهاتەیەکی جددی لە درێژماوەدا.

چارەسەری شەکرەی جۆری یەک:

  • لێدانی ئەنسۆلینی ڕۆژانە
  • خواردنی تەندروست و هاوسەنگ
  • کۆنترۆڵی وردی شەکری خوێن بە ئامێری گۆلۆکۆمێتر
  • وەرزشی بەردەوام

چارەسەری شەکرەی جۆری دوو:

  • گۆڕینی شێوەژیان(خواردن، وەرزش، دابەزاندنی کێش)
  • دەرمانی خۆراکی دابەزاندنی ڕێژەی شەکری خوێن(وەک مێتفۆرمین)
  • وازهێنان لە جگەرە و کۆنترۆڵی سترێس
نەخۆشی شەکرە

ڕۆڵی خۆراک لە کۆنترۆڵی شەکرە

  • خواردنی گونجاو گرنگترین بەشی چارەسەرکردنە، بنەمای خواردن لە نەخۆشانی شەکرە بریتین لە:
  • خواردنی سەوزەوات، دانەوێڵە، پرۆتێئین
  • پارێزکردن لە خواردنی شەکرە سادەکانی وەک: خواردنەوەکان، شیرینی و نانی سپی
  • خواردنی بەردەوامی ژەمە سەرەکییەکان و ژەمی بچووک بۆ پێشگرتن لە دابەزینی شەکری خوێن
  • خواردنەوەی ئاوی پێویست
  • کەمکردنەوەی بەکارهێنانی چەوری و سوێری

چالاکی جەستەیی

وەرزشی بەردەوام، بەتایبەت وەرزشە ئایرۆبیکەکان هەستیاری خانەکان بە ئەنسۆلین زیاد دەکات و شەکری خوێن دادەبەزێنێت.لانیکەم ١٥٠ خولەک چالاکی جەستەیی لە هەفتەدا یارمەتیدەرە و کاریگەری ئەرێنی دادەنێت.

چاودێری شەکری خوێن

بەکارهێنانی ئامێری  شەکری خوێن بۆ پێوانەیەکی وردی شەکر لە خوێندا یارمەتی نەخۆش و دوکتۆر دەدات  کە کاریگەری خواردن و وەرزش و دەرمانەکان لە سەر شەکری خوێن ببینن و  ئەگەر پێویست بوو بەرنامەیەک بۆ چارەسەر کردنی ڕێک بخەن.

دەرمانەکان

ئەنسۆلین: بۆ شەکرەی جۆری یەک پێویستە چونکە جەستە ئەنسۆلین بەرهەم ناهێنێت.لە قۆناخە پێشکەوتووەکانی شەکرەی جۆری٢ یان ئەگەر بە دەرمانی خۆراکی وڵام نەداتەوە، هەڵبژاردنمان ئەنسۆلینە.

جۆرەکانی ئەنسۆلین وەک: کاریگەری خێرا، کاریگەری درێژخایەن و هتد لە بەر دەستن.

مێتفۆرمین: باوترین دەرمانی شەکرەی جۆری دووە، کە بەرهەمهێنانی گۆلۆکۆز لە جگەردا کەم دەکاتەوە و هەستیاری بەرامبەر ئەنسۆلین دەباتە سەرەوە.

سۆلفۆنیل ئوورەکان: پانکریاس بۆ دەردانی زیاتری ئەنسۆلین دەورووژێنێت.

ڕێگریکردن لە SGLT2 و ئاگۆنیستەکانیGLP-1: ئەم دەرمانە نوێیانە جیا لە کۆنترۆڵی شەکرە بۆ دڵ و گورچیلەیش ڕۆڵی پاراستن دەگێڕن.

بەشی چوار: پێشگرتن

پێشگرتن هەمیشە باشترە لە چارەسەری دەرمان و کە بۆ تووشبوون بە شەکرەی جۆری دوو ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت.

کۆنترۆڵی کێش: دابەزاندنی کێش بە ڕێژەی لەسەدا ٥ بۆ ٧ ی کێشی جەستە لەو کەسانەی قەڵەون، دەتوانێت مەترسیی تووشبوون بە شەکرەی جۆری٢ کەم بکاتەوە.

خواردن: خواردنی میوە، سەوزەوات، دانەوێڵەکان و چەوری تەندروست(وەک ڕۆنی زەیتوون) دەتوانن ئەگەری تووشبوون کەم بکەنەوە.

وازهێنان لە جگەرە: جگەرە کێشان مەترسیی تووشبوون بە شەکرە و پێشهاتەکانی دوو هێندە بەرز دەکاتەوە.

تاقیکارییەکان: ئەو کەسانەی کە زیاتر لە ٤٥ ساڵییان تەمەنە یان فاکتۆرگەلی مەترسیدارییان هەیە(وەک قەڵەوی یا پێشینەی خێزانی) دەبێت بە شێوازی بەردەوام لە ڕێگەی تاقیکردنەوەکانەوە چاودێری بکرێن.

بەرەنجام

نەخۆشی شەکرە سەفەرێکە کە چارەسەرەکەی هەتاهەتاییە، بەڵام نابێت بخرێتە پەراوێزەوە و بڕیاری هەڵەی لە سەر بدرێت. تێگەیشتنێکی دروست لە سەر ئەم نەخۆشینە، ناسینی نیشانەکان و بە دواداچوونی بەردەوام بۆ چارەسەرکردن بە پێی بنەماکانی خواردن، وەرزش و دەرمان دەتوانێت ژیانێکی ئاسایی و بە بێ پێشهاتی نەرێنی بۆ نەخۆش دابین بکات.

شەکرە ئەگەرچی  نەخۆشینێکی بێدەنگە بەڵام بە زانیاری دروست و هاوکاری لەگەڵ ستافی دەرمان(پزیشک، پسپۆڕی خۆراک، ڕاهێنەری وەرزشی و …) دەتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت. لە بیرتان نەچێت زانین و زانیاری پزیشکی یەکەمین هەنگاوە بۆ ڕوونەدانی هەرچەشنە ڕووداوێک کە دواتر قەرەبووکردنەوەی زەحمەت دەبێ.

  • Share:

Leave Your Comment