نەخۆشی ئەلزهایمێر|ئاڵزایمێر پشکنین، زانیاری، دەرمان
- تشرینی دووهم 1, 2025
- 0 Likes
- 29 Views
- 0 Comments
نەخۆشی ئەلزهایمێر/ئاڵزایمێر شێوەیەکی باوی پووکانەوەی مێشک و ژانێکی پێشکەوتوو و پووکێنەرەوەی دەمارە. کەسانی زۆرهان و بەساڵاچوو زیاتر تووشی دەبن. هێندێک نیشانە هەن کە بەرەبەرە رەوتی دەستپێکردنی نەخۆشییەکە دەردەخەن. بۆ وێنە کەمبوونەوەی توانا و ئەو چالاکییانەی پێوەندییان بە فێربوونەوە هەیە. کەمبوونەوە و کاڵبوونەوەی بیرەوەری، لەکزیدانی هێزی بیرکردنەوە و تواناکانی بنەڕەتی ژیانی ڕۆژانە. ئەلزهایمێر/ئاڵزایمێر وەک بەربەستێکی جیهانی بۆ لەشساغی گشتی دادەندرێ. لەگەڵ زیادبوونی تەمەنی تاکەکانی کۆمەڵگا، تەشەنە دەکا و رێژەکەی بەرز دەبێتەوە. ئەم نەخۆشییە هەم کاریگەری لەسەر ژیانی کەسی تووشبوو هەیە و هەم کۆی خێزانی تووشبوو و کۆمەڵگاش دەخاتە ژێر کاریگەرییە نەرێنییەکانی خۆیەوە. هەر بەو هۆیە توێژەران و خەڵکی ئاسایی، بە شوێن زانیاری زیاتر لەسەر هۆکار، نیشانە، میکانیزم و ڕێگاکانی چارەسەری ئەم نەخۆشیییەوەن.
مێژوو و ئێپیدیمیۆلۆژی نەخۆشی ئەلزەهایمێر
یەکەمجار لە ساڵی ١٩٠١ لەلایەن “ئەلۆیس ئەلزهایمێر”، دەروونناس و دەمارناسی ئەڵمانی ئەو نەخۆشییە خرایە بەرباس و جۆر و جەغزی کاریگەرییەکانی دەستنیشان کرا. ئەو پسپۆڕە لە کاتی پشکنینی نەخۆشێکی خۆی، نیشانەکانی نەخۆشیی ئەلزهایمێر/ئاڵزایمێری بۆ دەرکەوت. نەخۆشەکەی ژنێکی ٥٠ ساڵان بە ناوی “ئۆگۆست دیتر” بوو کە ئەلزهایمێر دوای ئەوەی ئەو نەخۆشەی لە نەخۆشخانەیەک لە فڕانکفۆرت دەکەوێ، تا کاتی مردنی لە ساڵی ١٩٠٦ چاوەدێری دەکا.
لە ڕوانگەی ئەپیدیمیۆلۆژییەوە، ئەلزهایمێر/ئاڵزایمێر بە شەشەمین هۆکاری سەرەکی مردن لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دادەندرێ. بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢٥، نزیکەی ٧.٢ ملیۆن ئەمریکی لە تەمەنی ٦٥ ساڵی و سەرووتر، پووکانەوەی مێشک و ئەلزهایمێر/ئاڵزایمێر یان هەیە. پێشبینی دەکرێ ئەم ڕێژەیە تا ساڵی ٢٠٦٠ خۆی لە ژمارەی ١٣.٨ ملیۆن کەس بدا. تەنیا رێگە بۆ کەمبوونەوەی ئەو ئامارە، ئەگەری پێشکەوتنی پزیشکی بۆ ڕێگەگرتن یان چارەسەری نەخۆشییەکەیە. لە ئاستی جیهانیدا، لە ساڵی ٢٠١٥دا، نزیکەی ٢٩.٨ ملیۆن کەس تووشی ئەلزهایمێر/ئاڵزایمێر بوون و ئەم ژمارەیە لە ساڵی ٢٠٢٠دا گەیشتە نزیکەی ٥٠ ملیۆن کەس. توێژینەوەکان دەریانخستووە ژنان زیاتر لە پیاوان تووشی ئەلزهایمێر/ئاڵزایمێر دەبن. پسپۆڕان هۆکاری ئەو بابەتە بۆ سەر جیاوازییە هۆرمۆنییەکان و تەمەنی درێژتری ژنان دەگەڕێننەوە.

پاتۆفیزیۆلۆژی و میکانیزمەکانی نەخۆشی ئەلزهایمێر/ئاڵزایمێر
پاتۆفیزیۆلۆژی بە دوو پاتۆلۆژیای سەرەکی دیاری دەکرێت: پلاکەکانی “ئەمیلۆیدی بیتا” لە دەرەوەی “نێرۆن”ەکان و کەڵافە پێچاوپێچەکانی “نێورۆفایبریلاری تاو” لە ناوەوەی نێرۆنەکان.
پلاکەکانی ئەمیلۆیدی بیتا
پڕۆتێئینی ئامیلوئیدی بێتا، لە شکانی ناسروشتی پڕۆتیئینی پێش سازی ئامیلۆئید (APP) چێ دەبێ. لە دۆخی سروشتیدا، ئەو پڕۆتێئینە لە مێشک دەسڕدرێتەوە. بەڵام لە نەخۆشەکانی تووشبووی ئەلزهایمێر/ئاڵزایمێر کۆدەبنەوە و پلاکی لیچق و شیلەدار بەدی دێنن. ئەو پلاکانە دەبنە هۆی بەربەست لەسەر رێگای راگوێزرانی پەیامەکانی دەمار، سترێسی ئەسیداوی و لە ئاکامدا، مردنی نۆرۆنەکانیان بە دوا دا دێ. پشتیوانی لە گریمانەی ئامیلۆئید، لە شوێنی ژێنی پڕۆتێئینی پێش سازی ئامیلۆئیدی بێتا(APP) لەسەر کڕۆمۆزۆمی ژمارە ٢١وە سەرچاوە دەگرێ. هەروەها دەبێ ئەو راستییەش بزاندرێ کە کەسانی توشبووی تریزۆمی ٢١ (سەندرۆمی داون) بە شێوەیەکی بەربڵاو تا تەمەنی ٤٠ ساڵان نیشانەکانی نەخۆشی ئاڵزایمێریان لێ وەدەر دەکەوێ.
کەلافەکانی نۆرۆفیبریلاری تاو
“تاو” پڕۆتێئینێکە کە لە خانە دەماری (عەسەبی)یەکاندا هەیە و یارمەتی پاراستنی پێکهاتەی نۆڕۆنەکان دەدا. لە ئاڵزایمێردا ئەو پڕۆتێئنە بە شێوەی ناسروشتی فۆسفۆڕیلە دەبێ و لە ئاکامدا دەبێتە هۆی پێکهاتنی دەزوو گەلێک کە لە کۆتاییدا خەسار و مەرگی نۆڕۆنەکانی بەدوادا دێ. ئەو دوو هۆکارە لە پاڵ باقی گۆڕانە بیوکیمایی و ئیلتهاب و چلکەکان دەبنە هۆی خەساری قەرەبوو نەکراوە لە نۆڕۆنەکانی مێشکدا و رێگای پێوەندی نێوان خانە دەماری/عەسەبییەکان دەگرن. بە درێژە کێشانی ئەو ڕەوتە، نۆڕۆنەکان دەست بە هەڵوەشاندن و خراپ کردن دەکەن و مێشک بەرەبەرە بارستای خۆی لەو بەشانەدا کە بەرپرسی کارکردەکانی ناسیاری، بیرگە و کۆنتڕۆڵی هەستەکانە، بۆ وێنە بەشی وەک “هپۆکامپ” و “توێژی پێش تەوێڵ”، لە دەست دەدا.
هۆکارەکانی مەترسی و پۆلێن بەندییەکان
هۆکاری مەترسییەکانی ئەلزهایمێر/ئاڵزایمێر بە سەر دوو دەستەدا دابەش دەبن
هۆکارەکانی مەترسی نەگۆڕ:
چوونە سەری تەمەن: گرینگترین هۆکاری مەترسی ئاڵزایمێرە و مەترسی تووش بوون بەو نەخۆشییە لە تەمەنی ٦٥ ساڵ بۆ سەرێ یەکجار ڕوو لە زیاد بوونە.
ژێنێتیک و پێشینەی بنەماڵە: ئەو کەسانەی لە بنەماڵەدا و بە تایبەت لە خزمانی پلە یەکدا ئەو نەخۆشییەیان بووە، لەگەڵ ڕیسک و مەترسی تووشبوون بەو نەخۆشییە ڕووبەڕوون.
بازدانی ژێنێتیکی هەڵوارتە: بازدانی ژێنێتیکی لە ژێن/جینی پێوەندیداردا دەبێتە هۆکاری ئاڵزایمێری ژێنێتیکی لەنەکاو.
رەگەزی مێیینە: ژنان لە پیاون زیاتر مەترسی تووشبوون بە ئاڵزامێر هەڕەشەیان لێدەکا.
هۆکارەکانی مەترسی بگۆڕ:
نەخۆشی بەردەوامی وەک زەختی خوینی ژوور، هایپێر لیپیدێمی، شەکرەی جۆری ٢ و نەخۆشییەکانی دەمار
قەڵەوی و ناچالاکی لەش
ڕێژیمی خواردنی ناگونجاو لەگەڵ لەش
جگەرە و ئەڵکۆڵ(کحوول)
ناچالاکی زەینی
خەوی ناتەواو و تێکچوونەکانی خەو
زەربەی توندی کاریگەر لەسەر مێشک
دڵەکوتە و خەمۆکی دەرمان نەکراو
لە باری پۆلێن بەندی، ئاڵزایمێر بە دوو جۆری سەرەکی دابەش دەبێ:
ئاڵزایمێری درەنگ وەخت: ئەو جۆرە لە ئاڵزایمێر باوترین شێوەی دەرکەوتنی ئاڵزایمێرە و بە شێوەی ئاسایی لە پاش تەمەنی ٦٥ ساڵییەوە نیشانەکانی دەردەکەون.
ئاڵزایمێری کوتوپڕ: ئەو جۆرە لە ئاڵزایمێر ناباوە و بەر لە ٦٥ ساڵی دەردەکەوێ.
نیشانە کلینیکییەکان و ڕەوتی نەخۆشی
نیشانەکانی ئاڵزایمێر بەرەبەرە و بە پێشکەوتنی نەخۆشی ڕوو لە زیاد بوون دەکەن. ڕەوتی نەخۆشییەکە بە شێوەیەکی ئاسایی لە سێ ئاستدا دەخرێتە بەرباس:
ئاستی یەکەم (دەرکەوتنی لاواز)
نیشانەکانی سەرەتایی ئاڵزایمێر بە دەرکەوتنی گۆڕانکارییەکان لە مێشکەوە دەست پێدەکا. بەڵام لەو ئاستەدا نەخۆش یەستا دەتوانی زۆریەک لە کاروباری ڕۆژانەی خۆی ڕاپەڕێنێ.
نیشانەکان لەو ئاستەدا نابەرهەستن و بۆی هەیە لەگەڵ لەبیرچوونەوە و لەبیرکردنە ئاساییەکان کە پێوەندییان بە چوونە سەری تەمەنەوە هەیە تێکەڵ بکرێن و کەسانی دەوروبەر و پزیشکیش تووشی هەڵە بکەن. ئەو نیشانانە بریتین لە؛ بیرچوونەوەی بەردەوامی شتەکان، کێشەی وردبوونەوە لەسەر بابەتەکان و بڕیاڕدان، کێشەی دۆزینەوەی وشەی پێوست لە جێگای پێویست، ون کردنی کەرەسەی تاکەکەسی، کەمبوونەوەی ڕاپەڕاندنی ئیش و کاری تازە، گۆڕانی ئاکار و خوو خدە لە ئاستێکی کەمدا.
ئاستی ناونجی (مام ناوەند)
لەو ئاستەدا نەخۆشییەکە بەرەو پێش چووە و نیشانەکانی بە جوانی دەبیندرێن. کارکردە ناسیاری و ئاکارییەکانی نەخۆش بەتەواوی کەوتوونەتە ژێر کاریگەری نەخۆشییەکەوە و نەخۆش پێویستی بە چاودێری و ئاگاداری راستەوخۆیە. لەو ئاستەدا نەخۆش لەگەڵ ئەو گرفتانە دەستەوئێخەیە: ون کردنی رێگا ئاشناکانی پێشوو، گۆڕانکاری بەرچاو لە کەسایەتیدا، کێشەی ڕاپەڕاندنی کارە پێچیاوەکان، کێشە لە ناسینی دروستی کات و شوێن و کێشەی ئاکاریی وەک سەرلێشێواوی و دووپات کردنەوەی پرسیارەکان. کۆی ئەوانە نیشانەکانی ئەو ئاستە لە نەخۆشییەکەن و وردەوردە لە نەخۆشدا دەردەکەون.
ئاستی پێشکەتوو (قورس) لەو ئاستەدا نەخۆش تێکڕای لێهاتووییە زەینی و جەستەییەکانی خۆی لە دەست دەدا و پێویستی بە ئاگاداری بەردەوام هەیە. نیشانەکانی بریتین لە؛ لە دەست دانی توانایی پێوەندی لەگەل دەوروبەرییەکانی، وابەستەبوونی تەواو لە هەموو چالاکییەکانی ڕۆژانەدا، کێشەی فیزیکی و جەستەیی وەک بەڕێدا رۆیشتن و قووت دانی خواردەمەنی و ڕانەگرتنی میز و پیسایی.
شێوە و رێگاکانی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە
دەستنیشانکردنی نەخۆشی ئاڵزایمێر پڕۆسەیەکی پێچیاو و دژواری هەیە و بۆ دەستنیشانکردنی دروستی ئەو نەخۆشییە دەبێ ئاوێتەیەک لە شێواز و تاقیکردنەوە جۆراوجۆرەکان بەکار بێنین. هیچ پشکنینێکی دیاریکراو بۆ دۆزینەوەی بێ ئەملاوئەولای ئاڵزیمێر نییە. هەر بۆیە یەکەم کارێک کە پزیشک دەیکا ئەوەیە کە؛ هەموو کێشە رێتێچوو و ئەگەرەکان هەڵدەسەنگێنێ، پێش ئەوەی دیاری بکرێ ئایا نیشانەکان و نیشانە دەمارییەکان ئەوەندە قوورسن کە بتوانین بڵێین جۆرێکە لە پووکانەوەی مێشک یان نا.
هەڵسەنگاندن و پشکنینی کلینیکی
پێشینەی پزیشکی و پشکینی دەماری: پشکنینی کلینیکی لە نەخۆشەکانی گومانلێکراو بە ئاڵزایمێر پشکنینی دەمارییە. ئەو جۆرە لە پشکنین ئەو کارانە دەگرێتە خۆ؛ هەڵسەنگاندنی کاردانەوەی نەخۆش، هەڵسەنگاندانی توانایی ماسوولکەکان، هەڵسەنگاندنی ڕادەی توانای نەخۆش لە هەستان و دانیشتندا، هەروەها پشکنینی هەست و جووڵە و هاوسەنگی ڕاگرتن لە کارە پێویستەکانی پزیشکن.
تاقیکارییە ناسیارییەکان: تاقیکارییەکانی وەک تاقیکردنەوەی مینی-مێنتاڵ ستەیت (MMSE) و تاقیکردنەوەی کووکس (Cognitive Assessment Screening Instrument) بۆ هەڵسەنگاندنی ناسیاریی و زانینی نەخۆشەکان کەڵکیان لێوەردەگیرێ.
لێکۆڵینەوەی پاراکلینیک
تاقیکردنەوەی تاقیگە: ئەنجامەکانی ئەم تاقیکردنەوانە نیشان دەدەن لاوازی بیرەوەری نەخۆش، هۆکاری نەخۆشییە ئەندامییەکان(وەکو تێکچوونی تیرۆیدی یان کەمی ڤیتامین یان تێکچوونی ئاستی ماددە کانزایییەکان لە خوێن) نییە.
وێنەگرتنی مێشک: لە کاتی پێویستدا دکتۆر سی تی سکان و ئێم ئاڕ ئای ئەنجام دەدەن کە تێیدا گۆڕانکارییەکانی شانەی مێشک، ئاشکرا دەبێ.
تاقیکردنەوەی نیشانە زیندوییەکان: ڕێکخراوی ئاڵزایمێر لە ساڵی ٢٠٢٥ ڕێنمایییە کلینیکیەکانی بەکارهێنانی تاقیکردنەوەی نیشانە زیندوییەکانی خوێنی لە دەستنیشانکردنی ئاڵزایمێردا بڵاوکردەوە. ئەم ڕێنماییانە بەکارهێنانی ئەم تاقیکردنەوانە وەکو ئامرازی پاڵاوتن لە ناوەندە تایبەتەکان پێشنیار دەکەن.

ستراتیژییەکانی چارەسەر و چاودێریکردن
تا ئێستا ڕێگایەک بۆ وەستاندن یان ڕێگرتن لە پێشکەوتنی ئەم نەخۆشییە نەدیتراوەتەوە. بەڵام هەندێک چارەسەر یارمەتی باشتربوونی نیشانەکانی نەخۆشییەکە دەدەن.
چارەسەری دەرمانی
چارەسەری دەرمانی بریتییە لەو دەرمانانەی کاریگەرییان لەسەر پڕۆتینە دیاریکراوەکانی مێشک دەبێ و بە مەبەستی باشترکردنی کارکردی زانین/زانیاری و کۆنتڕۆلی نیشانەکانی نەخۆشی بەکار دەهێندرێن. ڕەنگە دەرمانی “ئەنتی کۆلین” بەکاربهێندرێت کە یارمەتی باشتربوونی بیرەوەری و وردبوونەوەی زیاتر دەدەن. دەرمانە نوێیەکانی “دژە ئەمیلۆید” وەکو “لێکانیب” و “دۆنانیب” لە ساڵەکانی ڕابردوودا پەسەند کران. لێکۆڵینەوە جیهانییەکان لە ساڵی ٢٠٢٥ نیشانیانداوە کە ئەم دەرمانانە لە شوێنە کلینیکییە ئاساییەکاندا کاریگەری و سڵامەتی بەرچاویان بەدوادا هاتووە.
پێشنیارە نادەرمانییەکان
چالاکی جەستەیی: ڕۆیشتن و وەرزشی جیاواز دەتوانێت یارمەتیدەری پاراستنی کارکرد و فرمانی زانیاری بێ.
چالاکی دەماری: هەڵهێنانی مەتەڵ، خوێندنەوە و فێربوونی توانای نوێ.
چالاکی کۆمەڵایەتی: پاراستنی پێوەندی کۆمەڵایەتی و بەشداربوون لە چالاکییە بەکۆمەڵەکان.
خواردنی تەندروست: خواردنی هاوسەنگ و پڕ لە ترشی چەوری ئۆمێگا-٣ و ئەنتی ئۆکسیدان.
لێکۆڵینەوەی گەورەی U.S. POINTER لە ساڵی ٢٠٢٥ نیشانیدا کە گۆڕینی ستایلی ژیان دەتوانێ کارکرد و فرمانی زانیاری لەو بەساڵاچووانەی لەمەترسی تووشبوون دان باشتر بکا. پێشنیار و رێگاچارەی رێکوپێک و خاوەن پێکهاتە، لەگەڵ پشتگیری و وەڵامدانەوەی زیاتر، لە ئاستی جیهانیدا دەسکەوتی باشتری بۆ چارەسەر بەدواوە بووە بە بەراورد لەگەڵ رێگاچارەی خۆڕێبەر و هەڕەمەکی کە پشتی بە پێکهاتەەیەکی دروست نەبەستبێ.
چاودێری و پشتگیری نەخۆشەکان
نەخۆشەکانی ئاڵزایمێر بە ڕێژەیەکی زۆر پشت بە یارمەتی کەسانی تر دەبەستن و بارێکی دەروونی و جەستەیی قورس دەخەنە سەر چاودێریکەرەکەیان. لە ساڵی ٢٠٢٤، نزیکەی ١٢ ملیۆن ئەندامی خێزان و چاودێریکەری تر بەبێ مووچە، نزیکەی ١٩.٢ ملیۆن کاتژمێر چاودێری کەسانی تووشبوو بە کردووە. چاودێری بەبێ مووچەی لە ساڵی ٢٠٢٤، ٤١٣.٥ ملیار دۆلار بایخی ماددی بووە.
پێشگیری و بەرجەوەند(دوورە دیمەن)ی داهاتوو
هێشتا ڕێگایەکی سەلمێندراو بۆ پێشگرتنی ئاڵزامێر لە ئارادا نییە چون هۆکار یان هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم نەخۆشییە نەزاندراوە. بەڵام، هۆکاری مەترسیداری نەخۆشییەکانی دڵ(وەکو شەکرە، پەستانی خوێن، قەڵەوی، کەم جووڵەیی و جگەرە) دەتوانێ بناغەی تووشبوون بە ئاڵزایمێر بێ.
لێکۆڵینەوە نوێیەکانی ساڵی ٢٠٢٥ نیشان دەدەن کە تێکەڵەیەک لە دەرمانە باوەکان بۆ چارەسەری پەستانی خوێن، کۆلیستڕۆڵ و شەکرە، ڕەنگە بتوانن دابەزینی زانین و ناسیاری کەسی نەخۆش کەمتر بکەنەوە. لێکۆڵینەوەیەک لەسەر زیاتر لە ٤٥٠٠ کەسی بەساڵاچوو نیشانیدا کە ئەو بەشداربووانەی تێکەڵەیەک لە دەرمانە دەمارییەکانیان بەکارهێناوە، نمرەی تاقیکردنەوەی زانین و زانیارییان لە کەسێکی سێ ساڵ کەم تەمەنتر لە خۆیان چووە. هەروەها لێکۆڵینەوە نوێیەکان ڕوانگەی گرنگییان لەمەڕ جیاوازییە پێوەندیدارەکان لەگەڵ ڕەگەز لە تەندروستی مێشکدا خستووەتە ڕوو. بۆ وێنە کێشەی مێشک و خەساری مێشک، لەسەر ژنان و پیاوان کاریگەری جیاوازیان هەیە، هەروەها ئەو خویندنەوە تازانە تێگەیشتێکی تازەیان لەسەر نیشانەکانی زانین و زانیاری لە ژنانی ژێر چارەسەری کیمیایی بۆ شێرپەنجەی مەمک بە دەستەوە داوە.
خاڵی کۆتایی
نەخۆشی ئاڵزایمێر وەکل بەربەستێکی گەورەی جیهانی بۆ تەندروستی گشتی دەناسرێ. لەگەڵ زیادبوونی تەمەنی خەڵک، گرنگی و بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە بەرز دەبێتەوە. ئەم نەخۆشییە تێکچوونیکی دەماری ئاڵۆزە و نیشانەی کلینیکی هەمەچەشن و پێشکەوتنی خێرای هەیە. هەرچەندە پێشکەوتنی بەرچاو لە تێگەیشتنی میکانیزمەکانی نەخۆشیدا بەدەست هێندراوە، بەڵام هێشتا چارەسەری تەواوی نییە. دەستنیشانکردنی زوو، رێکخستن و ئاگاداری هەمەلایەن و پشتگیری نەخۆش و چاودێریکەرەکانیان، توخمی سەرەکی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەو نەخۆشییەن. لێکۆڵینەوەی بەردەوام لە بواری پاتۆفیزیۆلۆژی، دەستنیشانکردن و چارەسەری تازە، هیوای نوێی بۆ داهاتوو دروست کردووە.
Leave Your Comment