شێرپەنجەی مەمک: تێگەیشتن و خۆپاراستن و چارەسەرکردن
- تشرینی یهكهم 30, 2025
- 0 Likes
- 33 Views
- 0 Comments
وەک باقی شێرپەنجەکانی تر بە هێمنی دزە دەکاتە نێو شانە تەندروستەکانی لەش و بە گەشەکردنی لە ڕادەبەدەر و کۆنترۆڵنەکراوی خانەکانی مەمکەوە دەست پێ دەکات. هەرچەندە شێرپەنجەی مەمک لە ئافرەتاندا باوترە، بەڵام ئەم نەخۆشییە لە پیاوانیشدا دەتوانێت سەر هەڵبدات و لێی بێبەری نین.
لە زۆربەی تووشبوواندا و لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدا بەئازار نییە و ڕەنگە هیچ نیشانەیەکی دیاری نەبێت. کاتێک شێرپەنجەکە پێش دەکەوێت، نیشانەکانیشی بەربڵاو دەبنەوە. لە هەندێک حاڵەتدا، خانە شێرپەنجەییەکان دەتوانن بگەنە شانەکانی تری نزیک لە خۆیان و گرێ لیمفییەکانیش بگرنەوە یان لەوانەیە لە ڕێگەی سیستەمی لیمفی یان خوێنەوە بۆ بەشەکانی تری جەستە بگوازرێنەوە؛ ئەم گواستنەوەیەش دەتوانێت بۆ ژیان مەترسیدار و کوشندە بێت.
گرینگە بزانین زۆربەی گرێکانی مەمک شێرپەنجەیی نین و هیچ مەترسییەکیان لەسەر ژیان نییە، بەڵام هەندێک گرێی مەمک دەتوانن مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک زیاتر بکەن. هەر گرێیەک یان گۆڕانکارییەک لە مەمکدا پێویستە لە لایەن پسپۆڕی ئەم بوارەوە بپشکندرێت تاوەکوو جۆری گرێکە دەستنیشان بکرێت. چارەسەرکردنیشی بەپێی دۆخی کەسەکە، جۆری شێرپەنجە و ڕادەی بڵاوبوونەوەکەی لە لەشدا دیاری دەکرێت. چارەسەرکردنی تێکەڵەیەکە لە نەشتەرگەری، چارەسەریی تیشکی و وەرگرتنی دەرمانەکان.
چۆن بزانین شێرپەنجەی مەمکمان هەیە؟
زۆربەی جار لە سەرەتای سەرهەڵدانی شیرپەنجەی مەمک هیچ نیشانەیەکی دیار نابینین، هەر بۆیە پێویستە بە بەردەوامی و پێشوەختە مەمک بپشکنین تاوەکوو لە ئەگەری سەرهەڵدانی شیرپەنجە و هەر لە سەرەتادا دەستنیشان بکرێت. لەگەڵ پێشکەوتنی نەخۆشییەکە نیشانەکانی لە یەک یان هەردووک مەمکتدا دەتوانن بەم شێوازانە دەربکەون:

- گۆڕانکاری لە ڕواڵەت، قەبارە و شێوەی مەمک.
- گۆڕانکاری لە پێستی مەمکدا وەکوو هەڵمسان، گۆڕانی ڕەنگ بەو شێوەیەی لەوانەیە پێستەکە سوور، مۆر یان تاریکتر لە بەشەکانی تری مەمک دەربکەوێت یان پێستەکە بە ڕواڵەت چاڵ بێت (وەکوو پێستی پڕتەقاڵ).
- ڕۆچوون یان تەختبوون و گۆڕانی قەبارەی گۆی مەمک.
- هەستکردن بە گرێ یان ئەستوورییەک بە بچووکیی نۆک لە نزیک و نێو مەمک یان لە ژێر باڵدا کە بە درێژاییی سووڕی مانگانە دەمێنێتەوە و لە چاو شانەکانی دەوروبەری جیاواز دەردەکەوێت.
- دەرچوونی شلەیەکی بێڕەنگ یان تێکەڵاو بە خوێن لە گۆی مەمک جگە لە شیری مەمک.
- هەبوونی ئازار لە هەر بەشێکی مەمکدا.
- خوروو، کزانەوە یان هەوکردنی گۆی مەمک.
- لە پیاوانیشدا نیشانەکانی شێرپەنجەی مەمک بریتین لە هەبوونی گرێی مەمک و هەستکردن بە ئازار لە مەمکدا.
نیشانەکانی شێرپەنجەی مەمکی پێشکەوتوو لەوانەیە ئەمانە بگرێتەوە:
- ئازاری ئێسقان
- کورتیی هەناسە
- هەڵئاوسانی گرێ لیمفییەکان لە ژێر باڵ (لە تەنیشت ئەو مەمکەی کە شێرپەنجەی تێدایە)
- دابەزینی کێش
هۆکارەکانی سەرهەڵدان
پسپۆڕان دەزانن شێرپەنجەی مەمک چۆن ڕوو دەدات و دەبێتە هۆی دروستبوونی گرێ بەڵام بە تەواوی دڵنیا نین هۆکاری سەرەکیی ئەم گۆڕانکارییە چییە. توێژینەوەکان دەریدەخەن چەندین هۆکاری مەترسی هەن کە لەوانەیە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک زیاد بکەن، ئەمانە بریتین لە:
- تەمەن:
-
هەڵکاشنی تەمەن بۆ ٥٥ ساڵ یان زیاتر.
- ڕەگەز:
-
لە ئافرەتاندا ئەگەری توشبوون لە چاو پیاوان زۆر زیاترە.
- ڕێگری لە دووگیانی:
-
هەندێک شێوازی ڕێگری لە دووگیانی بەکار دەهێنرێن کە دەتوانن مەترسیی شێرپەنجەی مەمک زیاد بکەن، وەکوو خواردنی حەبی ڕێگری، وەشاندنی دەرزیی ڕێگری و چاندنی ئامێری نێو منداڵدان (IUD).
- منداڵنەبوون:
-
ئەو ژنانەی زگیان نەکردووە یان یەکەم منداڵیان لە دوای تەمەنی ٣٠ ساڵییەوە بووە لە چاو ئەو ژنانەی لە تەمەنی کەمتردا منداڵیان بووە یان چەند زگیان کردووە مەترسیی تووشبوونیان زیاترە.
- نەبوونی چالاکیی جەستەیی:
-
بەڵگەکان دەریدەخەن چالاکیی جەستەییی بەردەوام مەترسیی شێرپەنجەی مەمک کەم دەکاتەوە، بە تایبەتی لەو ژنانەی لە دوای لەزگوەستان بە بەردەوامی چالاکیی جەستەییان، تەنانەت بۆ چەند کاتژمێر لە حەوتوودا، دەبێت.
- چارەسەریی جێگرەوەی هۆرمۆن:
-
ئەو کەسانەی کە چارەسەریی جێگرەوەی هۆرمۆن بەکار دەهێنن، مەترسییەکی زیاتریان لەسەرە کە ئەم نەخۆشییەیان بۆ دەستنیشان بکرێت.
- چارەسەری بە تیشک (ڕادیۆتراپی):
-
ئەگەر کەسێک پێشتر چارەسەریی تیشکی بۆ کرابێت – بە تایبەت بۆ سەر، مل یان سینگ – ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک تێیدا زیاتر دەبێت.
- قەڵەویی:
-
ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک بۆ ئەو ژنانەی دوای لەزگوەستان کێشی زیادەیان هەیە، زیاترە.
- خواردنەوەی کحول:
-
بەپێی توێژینەوەکان خواردنەوەی کحول مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک زیاد دەکات.
- پێشینەی بنەماڵەیی:
-
ئەگەر لە بنەماڵە و کەسوکاری نزیکدا شێرپەنجەی مەمک هەبێت، ئەگەری توشبوون بەم نەخۆشییە لە کەسەکەدا بەرز دەبێتەوە.
- جگەرەکێشان:
-
بەکارهێنانی تووتن دەبێتە هۆی تووشبوون بە هەندێک شێرپەنجە، یەک لەوانە شێرپەنجەی مەمکە.
- جینەکان:
-
بە ڕادەی ١٥٪ی ئەو کەسانەی شێرپەنجەی مەمکیان هەیە، لەبەر هۆکاری بۆماوەیی و بە میرات گەیشتنی هەندێک جینی تایبەت تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن.

شێرپەنجەی مەمک چۆن دەستنیشان دەکرێت؟
پزیشکان لەوانەیە پشکنینی جەستەیی ئەنجام بدەن یان داوای ماموگرام بکەن بۆ دڵنیابوون لە هەبوونی نیشانەکانی شێرپەنجەی مەمک. ئەگەر پشکنینی سەرەتایی یان ماموگرامییەکە نائاسایی بێت، پزیشکان بۆ دڵنیابوون لە شێرپەنجەی مەمک تاقیکردنەوەی زیاتر بەکار دەهێنن و ئەمە بەو واتایە نییە کەسەکە شێرپەنجەی هەیە یان پێویستی بە نەشتەرگەرییە بەڵکوو ئەم تاقیکردنەوانەی خوارەوە تەنیا بۆ دەستنیشانکردن و دڵنیابوونەوەی زیاتر لە نەخۆشییەکە پێویستە:
- سۆنەر (ئەلتراساوند)ی مەمک.
- وێنەگرتنی تیشکی مەگناتیسی (MRI) ی مەمک.
- بایۆپسیی مەمک: لەم تاقیکردنەوەیەدا پزیشکی پسپۆڕ شانە یان شلەی ئەو بەشەی مەمک وا تووشی نەخۆشی بووە دەردەهێنێت و بە سەیرکردنی لە ژێر مایکرۆسکۆپدا زیاتر لێی دەکۆڵێتەوە.
- تاقیکردنەوەی ئیمیۆنۆهیستۆکیمیا بۆ پشکنینی وەرگرتنی هۆرمۆن.
- تاقیکردنەوەی جینی بۆ دەستنیشانکردنی ئەو گۆڕانکارییانەی بوونەتە هۆی شێرپەنجەی مەمک.
- ماموگرامی دەستنیشانکەر: لە ئەگەری هەبوونی هەر کێشەیەک لە مەمکدا، وەک گرێ یان هەر شتێکی نائاسایی کە لە ماموگرامی و پشکنینی سەرەتاییدا دەرکەوتووە، لەوانەیە پزیشکان داوای ماموگرامیی دەستنیشانکەر بکەن؛ ئەمە تیشکی ئێکسی ورد و تەواوتر بۆ مەمک بەکار دێنێت.
ڕێگاکانی چارەسەرکردن
ڕێگاکانی چارەسەرکردنی شێرپەنجەی مەمک زۆرن و بەپێی جۆری شێرپەنجەکە و بارودۆخی کەس و بڕیاری کۆتاییی پزیشک یەک یان تێکەڵاوێک لەم شێوازە چارەسەرییانەی خوارەوە هەڵدەبژێردرێت کە بریتین لە:
- نەشتەرگەری: بە چەند شێوەی لابردنی تەواوی مەمک (ماستێکتۆمی)، لابردنی گرێی مەمک (لومپێکتۆمی) و لە دواییدا دانانی مەمک، بۆ جوانکاری، دەکرێت.
- چارەسەریی کیمیایی (کێمۆتراپی): دەرمانی تایبەت بەکار دەهێنرێت بۆ بچووککردنەوە یان لەناوبردنی شانە شێرپەنجەییەکە. دەرمانەکان دەتوانن بە شێوەی حەب بن یان لە ڕێگەی خوێنەوە بدرێن، هەندێک جاریش لە هەردووک شێوە کەڵک وەردەگیردرێت.
- چارەسەری تیشکی: لەوانە چارەسەری تیشکی لە کاتی نەشتەرگەریدایە (IORT).
- ئیمیۆنۆتراپی.
- چارەسەریی هۆرمۆن (SERM): ڕێ لە خانە شێرپەنجەییەکان دەگرێت تاوەکوو ئەو هۆرمۆنانەی بۆ گەشەکردن پێویستیانە وەرینەگرن.
- چارەسەری بایۆلۆجی: لەگەڵ سیستەمی بەرگریی جەستەدا کار دەکات بۆ یارمەتیدان و بەرەنگاربوونەوەی لە بەرانبەر خانە شێرپەنجەییەکان یان کۆنترۆڵکردنی کاریگەرییە لاوەکییەکانی چارەسەرەکانی تری شێرپەنجە.
کام چارەسەر گونجاوە بۆ من؟ لەگەڵ پزیشکەکەت سەبارەت بەو چارەسەرییانەی بۆ تۆ و قۆناغی شێرپەنجەکەت گونجاون قسە بکە. پزیشکەکەت دەتوانێت مەترسی و سوودی هەر چارەسەرییەک و کاریگەرییە لاوەکییەکانیت بۆ ڕوون بکاتەوە. ڕەنگە بۆ دڵنیاییی زیاتر پێویست بێت ڕای زیاتر لە یەک پزیشک وەربگریت، ئەمە پێی دەڵێن: “ڕای دووهەم”. وەرگرتنی ڕای دووهەم یارمەتیت دەدات بەر چاوت ڕوونتر بێت و پڕۆسەی چارەسەریت بە باشترین شێوە بەرەو پێش بچێت.
ئایا دەتوانین لە تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک ڕێگری بکەین؟
لەوانەیە نەتوانیت بە سەتاسەد ڕێگری لە شێرپەنجەی مەمک بکەیت، بەڵام دەکرێت مەترسیی تووشبوون تا ئاستێک کەم بکرێتەوە. خۆپشکنینی بەردەوام و ماموگرام دەتوانن هەر لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا بۆ دۆزینەوەی شێرپەنجەی مەمک یارمەتیدەر بن و لەم قۆناغانەشدا چارەسەرکردنی ئاسانترە.
پرسیار ئەمەیە چۆن دەکرێت مەترسیی تووشبوون کەم بکرێتەوە؟ ڕێگەیەکی دڵنیا و گشتگیرمان بۆ کەمکردنەوەی سەتاسەدی مەترسیی شێرپەنجەی مەمک نییە، بەڵام کۆمەڵەی ئەمریکیی شێرپەنجە (ACS) ئەم ئامۆژگارییانەی خوارەوەی بۆ هەموو ئافرەتان هەیە کە دەکرێت ڕەچاو بگیرێن:
- گەیشتن و ڕاگرتنی کێشێکی تەندروست
- خۆراکی تەندروست بخۆ: ڕژیمێکی خۆراکیی تەژی لە سەوزە، میوە، شیر، کالسیۆم، پرۆتین و چەوریی کەم پێویستە. هەروەها بە دوورکەوتنەوە لە خواردنی گۆشتی سوور و گۆشتی پرۆسێسکراو مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک کەم دەبێتەوە.
- جووڵە بکە: چالاکیی جەستەییی بەردەوام مەترسیی شێرپەنجەی مەمک کەم دەکاتەوە.
- لە خواردنەوەی کحول دوور بکەوە: کۆمەڵەی پزیشکیی ئەمریکا پێشنیار دەکات ئافرەتان خواردنەوەی کحول سنووردار بکەن.
- پشکنین بکە: ماموگرام زۆر جار گرێکان دەدۆزێتەوە تەنانەت کاتێک زۆر بچووک بن و نەتوانرێت هەستیان پێ بکرێت.
- خۆپشکنینی بەردەوام: پشکنینی بەردەوامی مەمک یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی تەندروستیی مەمک و لەوانەیە یارمەتیدەر بێت تا زووتر بە شێرپەنجەکە بزانیت.
دوای تووشبوون چۆن چاودێریی خۆم بکەم؟
ژیان لەگەڵ شێرپەنجەی مەمکدا لەوانەیە ئاسان نەبێت. ڕۆژانێک دێت کە هەست بە زاڵبوونی دۆخەکە بەسەر خۆتدا دەکەیت. ئەم پێشنیارانەی خوارەوە بۆ چاودێریکردنی خۆت لە کاتی دەستنیشانکردن و چارەسەریی شێرپەنجەی مەمکدا لە بەرچاو بگرە:
- بە ڕادەی پێویست پشوو بدە:
-
شێرپەنجەی مەمک و پڕۆسەی چارەسەرکردنەکەی دەتوانن ماندوو و لاوازت بکەن. هەوڵ بدە لە بیرت بێت پشوو بدەیت کاتێک پێویستت پێیەتی، نەک تەنیا کاتێک پێت وایە کاتت هەیە.
- خواردنی باش بخۆ:
-
چارەسەرییەکە لەوانەیە کاریگەری لەسەر شێواز و ئارەزووی خواردنت دابنێت. خواردنی میوە، سەوزە، پرۆتین و دانەوێڵە دەتوانن یارمەتیدەری تەندروستیت بن تاوەکوو لە ماوەی چارەسەریدا بەهێز بمێنییەوە.
- فشاری دەروونیت کۆنتڕۆڵ بکە:
-
شێرپەنجە دەروونت تێک دەدات. وەرزش دەتوانێت یارمەتیت بدات، لە پیاسەکردنێکی ئاساییەوە بگرە تا وەرزشی بەردەوام.
- یارمەتی و پشتگیری بۆخۆت بدۆزەوە:
-
لە پزیشک و پەرستارەکانت سەبارەت بە چارەسەرکردن و زانینی بەرنامەکانی تایبەت بە تووشبووانی شێرپەنجەی مەمک داوای یارمەتی بکە. ئەمانە دەتوانن تا ڕادەیەکی زۆر یارمەتیدەرت بن و زانیاریی بەسوودت بۆ تێپەڕاندنی پڕوسەی چارەسەرییەکە پێ بدەن.
ڕێژەی ڕزگاربوون لە شێرپەنجەی مەمک بەردەوام زیاد دەبێت. ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی شێرپەنجەی مەمکەوە دەمرن بە بەردەوامی دادەبەزێت. زۆرینەی ئەمەش بەهۆی هەوڵی بەرفراوان بۆ هۆشیاریی گشتی و دابینکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ ئەو توێژینەوانەیە لەسەر شێرپەنجەی مەمک دەکرێن. پێشکەوتنەکان لە پشکنینی شێرپەنجەی مەمکدا ڕێگا بە پسپۆڕانی تەندروستی دەدەن شێرپەنجەی مەمک زووتر دەستنیشان بکەن. دۆزینەوەی شێرپەنجە لە قۆناغی زووتردا، ئەگەری چاکبوونەوە زۆر زیاتر دەکات. تەنانەت کاتێک شێرپەنجەی مەمک ناتوانرێت چاک بکرێتەوە، چارەسەریگەلێک هەن کە یارمەتی درێژەکردنەوەی ژیان دەدەن. دۆزینەوە نوێیەکان لە توێژینەوەی شێرپەنجەی مەمکدا یارمەتیی پسپۆڕانی تەندروستی دەدەن کە بتوانن بۆ هەر کەسێک کاریگەرترین پلانی چارەسەری هەڵبژێرن.
Leave Your Comment