لوپوس یاخود نەخۆشیی گورگە، جۆرێک نەخۆشیی درێژخایەنی کۆئەندامی بەرگریی لەشە کە سیستەمی بەرگری بە هەڵە هێرش دەکاتە سەر خانە و شانە تەندروستەکان و دەبێتە هۆی هەوکردن، ئاوسان و ئازاری بەشە جۆراوجۆرەکانی لەش وەک جومگەکان، پێست، گورچیلە، دڵ، سییەکان و مێشک. وشەی لوپوس وشەیەکی لاتینییە بە واتای “گورگ”؛ ئەم نەخۆشییە لە سەدەی سێزدەهەمدا بەم ناوە ناسراوە چون برین و پەڵەکانی لە شوێنی قەپاڵی گورگ دەچێت.
نیشانەکانی لوپوس
بەپێی ئەو کۆئەندامەی بەر هێرشەکە دەکەوێت نیشانەکانی جۆراوجۆرە:
- شەکەتی
- ئازاری جومگەکان (ئاوسان، هەوکردن)
- تێکچوونی پێست (فرەهەستیاری، پەڵەی پەپوولەیی)
- تێکچوونی کۆئەندامی هەناسە (زەختی خوێن، هەوکردنی سی و سیپۆش، هەناسەسواری)
- کێشەی کۆئەندامی سووڕانی خوێن (هەوکردنی ماسوولکەکانی دڵ، ڕەقبوونی خوێنبەرەکان، نەخۆشیی خوێنبەری تاجی (CAD)
- کێشەی کۆئەندامی دەمار (ژانەسەر، سەرەگێژە و لەدەستدانی بیرەوەری)
- کێشەی کۆئەندامی میز (زەختی خوێن، ئاوسان و هەوکردنی گورچیلە)
- هەڵوەرینی قژ
- ئاوسانی ڕژێنەکان
- گۆڕانی ڕەنگی پەنجەکانی دەست و پێ لە سەرما یان گوشاردا
- ئاوسانی دەوری چاو
- هەستیاریی بە تیشکی خۆر
ئەم نیشانانە لەوانەیە ماوەیەک بێن و بڕۆن و لە سووکەوە تا توند بێت. لەوانەشە لە هەر کاتێکدا نیشانەی نوێ سەر هەڵبدات.

لوپوس چەن جۆری هەیە؟
لوپوسی سووری سیستەمی (SLE)
باوترین و کاریگەرترین جۆری لوپوسە کە دەتوانێت ڕوو بکاتە هەر بەشێک لە جەستە و زیانی زۆری لێ بکەوێتەوە. زۆرترین نیشانەی ئەم نەخۆشییە، ئازاری جومگەکانە کە پتر لە جومگە بچووکەکانی دەست و مەچەک دەردەکەوێت. هەروەها ئەم نەخۆشانە مەترسیی سێلی پووکی ئێسکیان لەسەرە. لوپوس دەتوانێت مەترسی شکانی ئێسک لە ژنانی لاودا بەرز بکاتەوە.
کەمخوێنی لە منداڵانی تووشبووی لوپوس ئاساییە، کەمبوونەوەی پلاکێت و خڕۆکە سپییەکانی خوێن لەوانەیە بە هۆی خودی لوپوس یان لێکەوتەی بەکارهێنانی دەرمانەکان بێت.
لوپوس دەتوانێت ببێتە هۆی هەوکردنی ماسوولکە و پەردەکانی دڵ؛ هەروەها ڕەقبوونی خوێنبەرەکانیش لەم کەسانەدا زیاتر دەبینرێت.
لوپوس دەتوانێت ببێتە هۆی ئازار و هەوکردنی سییەکان (سەتڵوجەم)، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنی سییەکان، گیران (embolism) و خوێنڕێژیی سییەکان.
لوپوسی پێستی
زیان بە پێست دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی ئێکزیما (هەوکردنی پیست)، برین و پەڵە لەسەر پێستی دەموچاو، سەر، گوێ و زۆر شوێنی تر (ئەم دۆخە دوای بەرکەوتنی تیشکی خۆر توندتر دەبێت).
نزیکەی 70%ی ئەو کەسانەی تووشی لوپوس بوون نیشانەکانی پێستیان بۆ دروست دەبێت. ئەم برینانە دەکەونە سێ پۆلەوە: لوپوسی درێژخایەنی پێست (دیسک)، لوپوسی مامناوەندی پێست (subacuted) و لوپوسی توندی پێست. ئەو کەسانەی جۆری دیسکیان هەیە لەوانەیە پەڵەی سوور و ئەستوور و توێکڵدار لەسەر پێستیان دەربکەوێت. لە دەستەی دووهەمیش پەڵەی سوور و توێکڵدار دەبینرێت، بەڵام ئەم پەڵانە لێوارەکانیان بە باشی دیارە. لە دەستەی سێهەمدا پەڵەی پەپوولەیی (پەڵەی مالار) دەردەکەوێت، ئەم پەڵانە لە سەدا 30-60ی تووشبووانی لوپوسدا دەبینرێت. هەڵوەرینی قژ، برینی ناو دەم و لووت و برینەکانی پێست دەرکەوتەکانی تری نەخۆشییەکەن.
لوپوسی دەرمانی
بە هۆی کاردانەوەی لەش بەرامبەر بە هەندێک دەرمان سەر هەڵدەدات. نیشانەکانی لەوانەیە دوای ٣-٦ مانگ پاش بەکارهێنانی دەرمانەکە دەربکەوێت و دوای وازهێنان لە دەرمانەکان ببڕێتەوە.
لوپوسی کۆرپە
زۆر دەگمەنە و بە هۆی گواستنەوەی هەندێک دژەتەن لە دایکەوە بۆ کۆرپە دروست دەبێت. پتر بارودۆخێکی ماوەکییە بەڵام دەتوانێت کێشە بۆ دڵ و پێستی کۆرپە دروست بکات.
هۆکاری لوپوس چییە؟
هۆکاری نەخۆشیی لوپوس هێشتا نادیارە؛ بەڵام هەندێک هۆکار وەک هاندەر و گریمانە خۆ دەنوێنن:
- هۆکاری بۆهێڵی (بۆماوەیی):
-
توێژەران لەو باوەڕەدان ڕابردوویەکی خێزانیی لوپوس یان هەر نەخۆشییەکی خۆبەرگری لەش، لەوانەیە مەترسیی تووشبوون بەم نەخۆشییە زیاتر بکات.
- هۆکاری هۆرمۆنی:
-
چۆن لوپوس زۆرتر لە ژنان (بە تایبەت لە تەمەنی زاوزێ)دا ڕوو دەدات، بڕێک لەو باوەڕەدان هۆرمۆنەکانی زایەندی وەک ئێسترۆجین لەوانەیە دەوریان هەبێت. گۆڕانکارییە هۆرمۆنییەکانیش ئەگەری توندترکردنی نیشانەکانی لوپوس زۆرتر دەکەن.
- کەمایەسیی ڤیتامین D:
-
کەمایەسیی ڤیتامین D یەکێکە لە کێشە پزیشکییە ناوبانگەکان کە کاریگەریی زۆری هەیە لەسەر تەنە.
- دەرمانەکان:
-
بڕێک دەرمان دەتوانێت ببێتە هۆی لوپوسی دەرمانی. ئەم جۆرە لوپوسە دوای وازهێنان لە دەرمانەکە دەبڕێتەوە.
- پەتا و درمەکان:
-
بڕێک پەتا، بە تایبەت ڤایرۆسەکان، دەتوانن وەک هاندەری دەستپێکەری لوپوس دەور بگێڕن.
- سترێس:
-
فشاری دەروونی و جەستەیی دەتوانێت ببێتە هۆی توندتربوونی نیشانەکانی لوپوس.
- هۆکاری ژینگەیی:
-
گەلێک هۆکاری دەرەکی وەک درم و پەتاکان، تیشکی ژووربنەوش، جگەرەکێشان و بەرکەوتنی کیمیاوی دەتوانێت هاندەرێک بێت بۆ دەستپێک یان توندکردنی لوپوس.
- کۆئەندامی بەرگری:
-
تێکچوونی کۆئەندامی بەرگریی لەش دەتوانێت هۆی هێرشی هەڵە بۆ سەر شانە تەندروستەکانی لەش بێت و زۆریەک زیان و ئازاری لێ بکەوێتەوە.

ئامارەکان چی دەڵێن؟
بڵاوەی ئەم نەخۆشییە:
- 90٪ تووشبووانی لوپوس ژنانی ١٥ تا ٤٥ ساڵەن.
- 70٪ لە جۆری تەشەنا و 50٪ نەخۆشەکان تەنیا یەک ئەندامیان تووش بووە.
- لە وڵاتانی جۆراوجۆر بە ڕێژەی ٢٠ تا ٧٠ کەس لە 100000 کەسە.
- ڕەچەڵەکی ئەفریقایی، کارائیبی، چینی و هیندی لە چاو ئەورووپییەکان لەوانەیە زیاتر تووش بن.
- ڕێژەی بڵاوبوونی لوپوس لە وڵاتانی پێشکەوتنخواز نادیارە.
چۆن لوپوس دەستنیشان دەکرێت؟
هیچ پشکنینێکی یەکلاکەرەوە بۆ نەخۆشیی لوپوس نییە. زۆر جاریش بە هەڵە بە نەخۆشییەکانی تردا کە نیشانەی هاوشێوەیان هەیە پێی دەزانرێت. بۆ ناسینەوە و دەستنیشانکردنی نەخۆشیی لوپوس پێویستە ئەم ڕێکارانە ڕەچاو بگردرێت:
- پرسیار لە بارەی نیشانەکان، مێژووی پزیشکی و پێشینەی تەندروستتی خێزان
- پشکنینی جەستەیی تەواو
- پشکنینی خوێن وەک ANA (دژەتەنی دژەئەتۆمی)، دژەتەنەکان، ژماردنی خانە خوێنییەکان و پشکنینی تەواوکەر
- پشکنینی میز
- بایۆپسیی پێست (سەیرکردنی نموونەی پێست لە ژێر مایکرۆسکۆپ)
- بایۆپسیی گورچیلە (سەیرکردنی شانەکانی گورچیلە لە ژێر مایکرۆسکۆپ)
چارەسەرەکانی نەخۆشیی لوپوس چین؟
لوپوس هیچ چارەسەرێکی نییە، بەڵام گۆڕینی شێوازی ژیان و بڕێک دەرمان دەتوانێت لە کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکەدا یارمەتیدەر بێت. ئەو کەسانەی تووشی لوپوس بوون زۆر جار پێویستە سەردانی خزمەتگوزاریی جۆراوجۆری پزیشکی بکەن. زۆربەیان پێویستیان بە ڕۆماتۆڵۆجیستە (پسپۆڕی نەخۆشییەکانی جومگە و ماسولکە). ئەوەی کە چ ئەندامێک تووشیار بێت جۆری خزمەتگوزاری و سەردانی پزیشکی تایبەت دەستنیشان دەکات؛ بۆ وێنە: ئەگەر لوپوس زیانی بە دەمارەکان و دڵ گەیاندبێت، پزیشکی پسپۆڕی دڵ و خزمەتگوزاریی بەشی دڵی پێویستە. چاودێریی سەرەتایی پێویستە هەموو بەشەکان پێکەوە هەماهەنگ بکات، نیشانە تازەکان ڕەچاو بکات و بەرنامەی چارەسەری بگۆڕێت.
ئامانجەکانی پلانی چارەسەرکردن بریتین لە:

- ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندن و توندتربوونی نەخۆشییەکە
- کەمکردنەوەی تێکچوونی ئەندامەکانی جەستە و کێشەکانی تر
- باشترکردنی کوالیتیی ژیان
چارەسەرەکان لەوانەیە بۆ ئەم مەبەستانە بن:
- کەمکردنەوەی تا، ئاوسان و ئازار
- کەمکردنەوەی هەو لە جەستەدا
- ڕێگریکردن یان کەمکردنەوەی بڵێسەی نەخۆشی
- کەمکردنەوە یان ڕێگریکردن لە ئازارەکانی جومگەکان
- دامرکاندنی هێرشەکانی بەرگریی لەش
جگە لە خواردنی دەرمانی لوپوس، ڕەنگە پێویست بە دەرمانکردنی ئەو کێشانەش هەبێت کە پیوەندییان بە لوپوسەوە هەیە؛ وەک بەرزیی کۆلیسترۆڵ، بەرزیی زەختی خوێن و هەوکردن. لەوانەیە بڕێک کەس ڕوو بکەنە چارەسەریی جێگرەوە یان تەواوکەر کە لە چوارچێوەی چارەسەریی ستاندارد و گونجاودا نین و لێکۆڵینەوەکان داکۆکی لە ئەرێنیبوونیان ناکەن. پێویستە پێش لە تاقیکردنەوەی هەر جۆرە ڕێکارێک، پزیشکی تایبەت ئاگادار بکرێتەوە.
چۆن ڕووبەڕووی نەخۆشیی لوپوس ببمەوە؟
گرینگە لە پڕۆسەی چارەسەرکردندا، خودی نەخۆش دەوری چالاکی هەبێت؛ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر لە بارەی نەخۆشی سوودمەندە – ناسینەوەی نیشانەکانی بڵێسەی لوپوس دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ بەرگری لە تەشەنەسەندنی نەخۆشی و کەمترکردنەوەی نیشانەکان. وەرزش و گۆڕانی شیوازی ژیان دەتوانێت دەورێکی گرینگ لە چارەسەرکردنی لوپوسدا بگێڕێت.
Leave Your Comment