نەخۆشیی سەدەف یان بە کوردی کاژۆکی، پووڵەکە ماسی، گڵاوپێستی، نەخۆشییەکی درێژخایەنی نەگوازراوەی پێستە کە دەتوانێت بە پووڵەکەی سوور یان پەمەیی ئەستوورەوە هێرش بکاتە سەر پێستی سەر، ئەژنۆ، ئەنیشک و ناوچەکانی تری لەش. ئەو حاڵەتە بە هۆی چالاکیی نائاسایی کۆئەندامی بەرگرییەوە دروست دەبێت کە ڕێژەی گەشەی خانەکانی پێست زیاد دەکات و دەبێتە هۆی هەوکردن. هۆکارە بۆماوەییەکان، شێوازی ژیان، سترێس، هەندێک هەوکردن و هۆکاری ژینگەیی ڕۆڵیان هەیە لە سەرهەڵدان و توندیی نەخۆشییەکە. چارەسەریی سەدەف بە زۆری بریتییە لە تێکەڵەیەک لە چاودێریی ڕۆژانەی پێست، چارەسەریی ناوچەیی و سیستەمیک، هەندێک جاریش چارەسەریی بایۆلۆجی بۆ کۆنترۆڵکردنی نیشانەکان و باشترکردنی کوالیتیی ژیان. خۆپاراستن و بەڕێوەبردنی ڕۆژانە بریتییە لە چاودێریکردنی بەردەوامی پێست، دوورکەوتنەوە لە ماددە ورووژێنەرەکانی پێست و بەدواداچوونی بەردەوام لەگەڵ تیمی تەندروستی بۆ کەمکردنەوەی گەڕانەوەی نێشانەکان.
نیشانەکانی نەخۆشیی سەدەف کامانەن؟
نەخۆشیی سەدەف نەخۆشییەکی درێژخایەنی هەوکردنی پێستە کە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی پووڵەکەی سوور یان پەمەیی بە کاژێکی ڕەش یان سپییەوە کە پلاکی پێدەڵێن. ئەم پلاکانە زۆرتر لە ئەنیشکەکان، ئەژنۆکان، بەری دەست یان پێستی سەر دەبینرێن، هەرچەن دەتوانێت هەر شوێنێکی جەستە بگرێتەوە. توندیی نەخۆشییەکە لە سووکەوە بۆ قورس دەگۆڕێت و لەوانەیە خولی ناوەناوەی چاکبوونەوە و گەڕانەوەی هەبێت. ئەم نەخۆشییە ناگوازرێتەوە.
نیشانە باوەکانی بریتین لە وشکبوون و درزبردنی پێست، خوران، سووتانەوە و ئازار، توێکهەڵدان، برینی بچووک یان درزتێکەوتنی پێست، گۆڕانی ڕەنگی پێست دوای چاکبوونەوە (خولەکانی زیادبوون و کەمبوونەوەی ڕەنگ). هەروەها ڕەنگە نینۆکەکان گۆڕانکاری وەک ئەستووربوون، چاڵبوون یان داخوران و تەقین بە خۆوە ببینن. ئەگەری هەوکردنی جومگەی سەدفی (psoriatic ahhritis) یان سەدەفی لە منداڵانیشدا هەیە. سەدەف دەتوانێت لە هەر تەمەنێکدا دەست پێ بکات بەڵام زۆربەی کات لە گەورەساڵیدا دەردەکەوێت.
جۆرەکانی سەدەف
جۆرە سەرەکییەکانی سەدەف بریتین لە:
- سەدەفی پلاکی (لەکەی سەدەف):
-
باوترین جۆرە، پەڵەی سووری پووڵەکەیی هەیە کە بە توێکڵی سپی زیوین داپۆشراوە، زۆرجار لەسەر ئەنیشک، ئەژنۆ و پێستی سەر و پشت دەبینرێت.
- سەدەفی گوتات(پەڵەی سوور):
-
بە شێوەی پەڵەی بچووکی وەک دڵۆپ لەسەر جەستە دەردەکەوێت و بەزۆری دوای هەوکردنی بەکتریایی (وەک گەرووسۆی سترێپتۆکۆکی: ئاوسانی گەروو) ڕوو دەدات.
- سەدەفی پوسچولار:
-
جۆرێکی دەگمەنە کە دەبێتە هۆی هەوکردنی پێست و سەرهەڵدانی پەڵەی وەک زیپکە کە ڕەنگیان زەردە و زیاتر لە ناو لەپی دەست و ژێرپێیەکاندا دەردەکەون.
- سەدەفی پێچەوانە:
-
پەڵەی سووری لووس لەسەر چرچ و لۆچەکانی بنباڵ، بنڕان، ژێر مەمک و ژێر ئەژنۆکان دەردەکەوێت.
- سەدەفی ئێریترۆدەرمیک:
-
توندترین جۆرە، دەبێتە هۆی سووربوونەوەی بەربڵاو، توێهەڵدانی توند و هەوکردنی تەواوی جەستە کە پێویستی بە چاودێریی خێرای پزیشکی هەیە.
- سەدەفی نینۆک:
-
نینۆکەکان دەگرێتەوە و دەبێتە هۆی گۆڕینی ڕەنگ، ئەستووربوون، چاڵبوون یان جیابوونەوەی نینۆک.
- سەدەفی جومگەیی (هەوکردنی جومگەی سەدەفی):
-
جۆرێکە لە هەوکردنی جومگەکان کە لەگەڵ سەدەفی پێستدا ڕوو دەدات و دەبێتە هۆی ئازار، ئاوسان و ڕەقبوونی جومگەکان.
هۆکارەکانی سەرهەڵدانی کامانەن؟
- پێشینەی جینەتیکی (بۆهێڵی): پێشینەی بنەماڵەیی و جینەکانی پەیوەست بە وەڵامدانەوەی بەرگری و زۆربوونی خانەکانی پێست هۆکاری گرینگی نەخۆشیی سەدەفن.
- هۆکارەکانی بەرگری وهەوکردن: سیستەمی بەرگریی لەش لە سەدەفدا بە شێوەی ناهاوسەنگ کار دەکات و دەبێتە هۆی هەوکردن و بەرهەمهێنانی پلاکی پێست. سایتاکینەکان و هیستامینەکان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن.
- هۆکارەکانی ژینگە و شێوازی ژیان: جگەرەکێشان، خواردنەوەی کحول، فشاری درێژخایەن، هەندێک هەوکردن (بۆ نموونە: سترێپتۆکۆکی)، بەکارهێنانی هەندێک دەرمان و گۆڕانی کەشوهەوا دەتوانێت توندی و ئەگەری دووبارەبوونەوەی نەخۆشییەکە زیاد بکات.
- هۆکارە هاوبەشەکان: نەخۆشیی شەکرە، بەرزیی پەستانی خوێن، قەڵەوی و دیکەی نەخۆشییە درێژخایەنەکان دەتوانن لەسەر توندی و گەڕانەوەی سەدەفدا کاریگەر بن.

دەستنیشانکردن و هەڵسەنگاندنی کلینیکی
- نۆڕینی کلینیکی: لە زۆر حاڵەتدا دەستنیشانکردن لەسەر بنەمای پشکنینی کلینیکیی پێست و مێژووی نەخۆشییەکە دەبێت. لە هەندێک بابەتدا بۆ دەستنیشانکردن یان هەڵسەنگاندنی ڕادەی توندی لە پێوەرەکانی وەک PASI (ئیندێکسی توندی سەدەف)، BSA (ڕووبەری جەستە) یان DLQI (کوالیتیی ژیانی پێوەندیدار بە نەخۆشی) کەڵک وەردەگیرێت.
- دەستنیشانکردنی جیاواز: سەدەف دەتوانێت هاوشێوەی نەخۆشیەکانی تری پێست بێت وەک هەوکردنی پێستی ئەتۆپیک، پەڵەی پێستی یان هەوکردنەکانی تری پێست. لە هەندێک حاڵەتدا، بایۆپسیی پێست یان نموونە هەڵگرتنی پێست یارمەتیدەرە لە دەستنیشانکردنی جیاوازی.
- هەڵسەنگاندنی زیاتر: ئەگەر سەدەف لەگەڵ ئازار یان ڕەقبوونی جومگەکاندا بوو، هەڵسەنگاندنی پزیشکی پسپۆڕی ڕۆماتیزم پێویستە بۆ دیاریکردنی هەوکردنی جومگەکانی سەدەف و چۆنیەتیی چارەسەرکردنی. هەروەها لەوانەیە پشکنینی بەرگری و هەوکردن لە هەندێک نەخۆشدا پێویست بێت.
چارەسەرکردن و بەڕێوەبردنی بە چ شێوەیەکە؟
- بنەما گشتییەکانی چارەسەری:
-
ئامانجی سەرەکی بریتییە لە کەمکردنەوەی توندی و کۆنتڕۆڵی دووبارەبوونەوەی نەخۆشییەکە و باشترکردنی کوالیتیی ژیانی نەخۆش. شێوازی چارەسەرکردن دەبێت بە شێوەی تاکەکەسی و بەپێی توندیی نەخۆشییەکە، ناوچەکانی تووشبوو، بوونی نەخۆشییە هاوبەشەکان و ئارەزووی نەخۆشەکە بێت.
- چارەسەری ناوچەیی:
-
مەڵهەمی کۆرتیزۆلی بەکار دەهێنرێت بۆ کەمکردنەوەی هەو و خوران لە پلاکەکاندا.
- نۆژەنکەرەوەی پێست: بۆ شێدارکردنی پێست، نۆژەنکردنەوەی بەربەستەکانی پێست و کەمکردنەوەی ڕووشاوی پێست.
- پێکهاتە سەرکوتکەرەکانی بەرگری: هەندێک پێکهاتەی وەکوو کالسینۆرین یان تایمۆڵ (لە هەندێک ناوچەدا) کە لە ژێر ئامۆژگاریی پزیشکیدا بەکار دەهێنرێن.
- دەرمانەکانی ڕێتینۆید یان ترشی سالیسیلیک: بۆ توێکهەڵدان و نۆژەنکردنەوەی پێست.
- چارەسەری سیستەماتیکی و بایۆلۆژی:
-
- دەرمانی سیستەماتیک بۆ سەدەفی مامناوەند تا توند یان لە حاڵەتی وەڵامنەدانەوە بە دەرمانە ناوچەییەکان بەکار دێت، وەک میتۆترێکسات، سایکلۆسپۆرین، ڕێتینۆید.
- دەرمانی بایۆلۆجیک: نەخۆشیی سەدەف بە هۆی فرەچالاکیی سیستەمی بەرگرییەوە دروست دەبێت و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی هەوکردنی پێست. دەرمانە بایۆلۆجیکییەکان لەو قۆناغەی سیستەمی بەرگری کە دەبێتە هۆی هەوکردنی پێست ڕێگری دەکەن، دەتوانن هەوکردن کەم بکەنەوە و هێرشی بەرگری بۆ سەر پێست و جومگەکان بوەستێنن. دەرمانی بایۆلۆجی بۆ ئەو کەسانە گونجاوە کە تووشی سەدەفی مامناوەند تا توند بوون. لە حاڵەتە زۆر توندەکان یان جۆرەکانی خۆڕاگر لە ئاست دەرماندا بەکار دێت، وەک دژەتەنەکانی مۆنۆکلۆنی و دژە هەستەکانی گەردیلەیی کە ڕەوتی بەرگریی تایبەت دەکەنە ئامانج (بۆ نموونە، IL-17، IL-23، یان ڕێڕەوی TNF-α).
- فۆتۆتراپی:
-
نۆرۆفۆتۆتراپی (PUVA) یان UVB دەتوانێت لە پلاکی بەرفراواندا یارمەتیدەر بێت، بەڵام بە هۆی لێکەوتەی درێژخایەنی وەک شێرپەنجەی پێست پێویستی بە هەڵسەنگاندنی ورد هەیە.
- چارەسەری تەواوکەر و چاودێریی پێست:
-
بەکارهێنانی بەردەوامی شێدارکەرەوەکان، پێشۆرە نەرمەکان (پاککەرەوەکان) و دوورکەوتنەوە لە ماددە وروژێنەرەکانی پێست. هەروەها بەڕێوەبردنی سترێس و خۆراکیی گونجاو و چالاکیی جەستەیی بەردەوام پشتگیری باشتربوونی گشتیی بارودۆخەکە دەکەن.
- نەخشەڕێگای چارەسەری و بەدواداچوون:
-
بۆ هەر نەخۆشێک، پزیشک پلانی تایبەتی چارەسەرکردن دادەنێت کە ڕەنگە لەگەڵ گۆڕانی توندی نەخۆشییەکە دەستکاری بکرێت. بەدواداچوونی بەردەوام، پێداچوونەوەی لێکەوتە لاوەکییەکانی دەرمان و گونجاندن لەگەڵ ئارەزووەکانی نەخۆش، بنەماکانی سەرەکیی ئەم پلانەن.
چاودێریی ڕۆژانە و باشترکردنی کوالیتیی ژیان
- چاودێریی ڕۆژانەی پێست: بەکارهێنانی شێدارکەرەوەی بێ بۆن، پێشۆری نەرم (پاککەرەوەکان)، داپۆشینی گونجاوی پێستی سەر، هەروەها خۆدوورگرتن لە ڕووشان، بەرکەوتنی ورووژێنەرەکان و ڕێژەیەکی بەرزی کحول.
- بەڕێوەبردنی تەندروستیی دەروونی: فشاری دەروونی دەتوانێت توندیی نیشانەکان زیاد بکات. ڕاهێنانەکانی حەسانەوە (وەک مێدیتەیشن و یۆگا و هەناسەدانی قووڵ) دەتوانن لە کەمکردنەوەی توندیی نیشانەکان یارمەتیدەر بن.
- خۆراک و کێشی گونجاو: هەندێک لە توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن کە دابەزاندنی کێش لە کەسانی قەڵەودا دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی توندیی نەخۆشییەکە. ڕێجیمی کەم گلایسیمیک کە گرینگی بە میوە و سەوزە و ئۆمێگا ٣ دەدات ڕەنگە یارمەتیدەر بن.
- وەرزشی بەردەوام: چالاکیی جەستەیی بەردەوام یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی تەندروستیی گشتی و کەمکردنەوەی فشاری دەروونی.

خۆپاراستن و کۆنترۆڵی گەڕانەوەی نەخۆشی
- بەدواداچوونی بەردەوامی پزیشکی: سەردانی بەردەوامی پزیشکی پسپۆڕی پێست، ڕۆماتیزم و دەروونی دەتوانێت بۆ ڕێکخستنەوەی چارەسەرەکان، کەمکردنەوەی لێکەوتەکان و پێداچوونەوەی کاریگەرییە لاوەکییەکان پێویستە.
- چاودێریی کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرمان: ڕەنگە هەندێک دەرمان ببنە هۆی لێکەوتەی خراپ لە جگەر، گورچیلە یان پێستدا. پشکنینی وەرزی و هەڵسەنگاندنی کلینیکی پێویستە.
- کاردانەوەکانی هەستیاری: ئەگەر بە هۆی بەکارهێنانی دەرمانێکی نوێ، هەر جۆرە کاردانەوەیەکی ئەلێرجیک (هەستیاری) ڕووی دا، پێویستە تیمی پزیشکی ئاگادار بکرێتەوە.
- منداڵ و ئافرەتی دووگیان: بەڕێوەبردنی نەخۆشیی سەدەف لە منداڵان و ژنانی دووگیاندا پێویستی بە ئاگاداریی تایبەت و بژاردەی چارەسەریی سەلامەتتر هەیە. تیمی پزیشکی بە پشتبەستن بە توندیی نەخۆشییەکە و دۆخی کلینیکی بڕیار دەدەن.
پرسیارە گرینگەکان
سەدەف نەخۆشییەکی درێژخایەنە و چارەسەریی یەکلاکەرەوەی نییە بەڵام کۆنتڕۆڵ دەکرێت. ئامانجی سەرەکیی چارەسەرەکان کەمکردنەوەی توندی، باشترکردنی کوالیتیی ژیان و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی نەخۆشییەکەیە.
خوردنی خۆراکی تەندروست و شێوازی ژیانی چالاک دەتوانێت لە کەمکردنەوەی هەوکردن و باشترکردنی تەندروستیی گشتی یارمەتیدەر بێت، بەڵام بە تەنیایی ناتوانێت چارەسەری نەخۆشییەکە بکات. هەر گۆڕانکارییەک لە خۆراکدا پێویستە بە ڕاوێژی پزیشک یان پسپۆڕی خۆراک بێت.
دەرمانی بایۆلۆجی دەتوانێت کاریگەریی لاوەکی لە هەندێک نەخۆشدا دروست بکات، لەوانە هەندێک هەوکردن یان کاردانەوەی بەرگری. بەدواداچوونی ورد، پشکنینی بەردەوام و پابەندبوون بە ڕێنماییەکانی دەرمان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان.
هەندێک لە نەخۆشەکان تووشی هەوکردنی جومگەکانی سەدەف دەبن. هەماهەنگی نێوان پزیشکی پێست و پزیشکی ڕۆماتیزم و پەیڕەوکردنی پلانی دەرمانی جومگەکان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کۆنترۆڵکردنی هەر دوو لایەنی نەخۆشییەکە.
Leave Your Comment