یارمەتی خێرا
Advanced
Search
  1. Home
  2. پەرکەم(Epilepsy)
پەرکەم(Epilepsy)

پەرکەم(Epilepsy)

  • كانونی یه‌كه‌م 13, 2025
  • 0 Likes
  • 17 Views
  • 0 Comments

پەرکەم، فێ نەخۆشییەکی درێژخایەنی مێشکە کە بە شێوەی دووپاتبوونەوەی گەشکەی کتوپڕی ناتایبەتمەند ڕوو دەدات. هۆکارەکانی نەخۆشیی پەرکەم جۆراوجۆرن لە گۆڕانی پێکهاتەی مێشکەوە بگرە تا لێکەوتەکانی دوای لەدایکبوون، هۆکارەکانی بۆهێڵی (جێنەتیک)، هەوکردنی مێشک و زەبربەرکەوتنی کەللەی سەر. گەشکە دەتوانێت بە شێوەی کورت و بێ بوورانەوە یان لەگەڵ بوورانەوە و جووڵەی ڕانەگیراو ڕوو بدات. لە زۆربەی نەخۆشەکاندا، پەرکەم بە هۆی کاریگەریی هاوکاتی کۆمەڵێک لەم هۆکارانە ڕوو دەدات و لەوانەیە ببێتە هۆی کۆمەڵێک کێشەی کۆمەڵایەتی، ئابووری و دەروونناسی وەک: دووچاوەکی (جیاکاری)، سنوورداربوونی کار و خوێندن و دڵەڕاوکێ. بۆ دەستنیشانکردن و ناسینەوەی نەخۆشیی پەرکەم پێویستە لێکۆڵینەوەی وردی ڕابردووی گەشکە و پشکنینی دەمارەکانی مێشک بە یارمەتیی ئامێرەکانی پزیشکی ئەنجام بدرێت. چارەسەریی نەخۆشیی پەرکەم بریتییە لە: دەرمانەکانی دژە پەرکەم، بەڕێوەبردنی هۆکارەکانی مەترسی، لە هەندیک بابەتدا نەشتەرگەری یان ڕێکخستنی دەمارەکان (Neuromodulation). ئەم دیاردەیە دەتوانێت لە هەر تەمەنێکەوە دەست پێبکات، هەرچەن لەناو منداڵان و بەساڵاچوواندا زۆرتر باوە.

وشەی (Epilepsy) لە زمانی یۆنانیی کۆنەوە هاتووە؛ “epi-” واتە سەر و “-lepsis”یش لە وشەی “liptein” وەرگیراوە واتە  گیران/بینران و پێکەوە واتای هەڵسوکەوتی نەخوازراو دەدات. ئەم وشەیە لە وشەی «seizure» واتە گەشکە جیاوازە. وشەی پەرکەم زاراوەیەکی پزیشکییە بۆ نەخۆشییەکی تایبەت کە کۆمەڵێک نیشانە و هەلومەرجی کلینیکی جۆراوجۆر لەگەڵ زنجیرەیەک گەشکەی درێژخایەن لەخۆ دەگرێت.

نیشانەکان و جۆرەکانی گەشکە

گەشکە بە شێوازی جۆراوجۆر ڕوو دەدات:

گەشکەی بەشەکی:

گەشکەی بەشەکیی سادە: زۆرتر بە شێوەی سڕبوونی بەشێکی جەستە یان گۆڕانکاریی هەستی و دەروونی، بەبێ لەدەستدانی وریایی ڕوو دەدات.

گەشکەی بەشەکیی ئاڵۆز: لە جۆری ئاڵۆزدا لەدەستدانی هۆشیاریی کاتی، دووبارەکردنەوەی کارەکان، یان نائارامی لەگەڵدایە.

گەشکەی کلۆنیکی گشتگیر:

لە دوو قۆناغی سەرەکی پێک دێت:

 قۆناغی تونیک: بریتییە لە ڕەقبوونی ماسوولکەکان.

قۆناغی کلۆنیک: بریتییە لە هەڵبەزدابەز و جووڵەی دووپاتەیی ماسوولکەکان کە تێیدا ڕاگیردانی میزەڵدان و دەمی نەخۆش تێک دەچێت و بە خەوێکی قووڵ یان حاڵەتێکی درێژخایەنی خەواڵوویی دوایی دێت.

گەشکەی بێئاگایی (absence):

بە کوژانەوەیەکی کورت و دووبارە خەبەربوونەوە ڕوو دەدات و دەتوانێت سەرنج و کارایی مرۆڤ تێک بدات، بە تایبەت لە منداڵاندا.

گەشکەی نائاسایی:

بریتییە لە گەشکەی فوکاڵ، کە بە هۆی هاندانی ناوچەیەکی دیاریکراوی مێشکەوە دروست دەبێت و بە چەندین شێوە دەردەکەوێت: ژانەسەر، ئازاری لایەکی جەستە یان سەرهەڵدانی هەستێکی نائاسایی.

هۆکار و مەترسییەکانی پەرکەم

هۆکارەکانی پەرکەم جۆراوجۆرن و بە زۆری دابەش دەکرێن بە سێ بەشی سەرەکی:

  1. هۆکاری پێکهاتەیی یان بۆهێڵی: کۆڵەواریی زگماکی مێشک، لێکەوتەکانی نەشتەرگەری یان کۆڵەواریی دڵ لە کاتی دووگیانیدا، جەڵتەی مێشک، هەوکردنی مێشک یان نەخۆشییەکانی گەشەکردنی دەمارەکان وەکوو تەنسۆری جێنەتیکی یان بازدانی بۆهێڵی (Mutation) کە دەتوانێت ببێتە هۆی سەرهەڵدانی گەشکە.
  2. هۆکارەکانی میتابۆلیک: کەمیی ڤیتامین یان کانزاکان، دابەزینی شەکری خوێن، کێشەی جگەر یان گورچیلە کە دەتوانێت کارکردنی مێشک تێک بدات.
  3. هۆکارەکانی هاندەر و ژینگەیی: بەرزبوونەوەی تا لە منداڵان، کەمئاویی زۆری جەستە، بەکارهێنان و وازهێنانی لەناکاوی کحول یان ماددە هۆشبەرەکان، کەمکردنەوەی لەناکاوی دەرمانەکانی دژە پەرکەم، گوشاری دەروونی و کەمخەوی.

ئەو هۆکارانەی مەترسیی تووشبوون بە گەشکە لە هەندێک کەسدا زیاد دەکەن بریتین لە زەبربەرکەوتنی سەر، هەوکردنی مێشک (وەک هەوکردنی پەردەی مێشک یان خودی مێشک)، جەڵتەی مێشک، ئاوسانی مێشک، تێکچوونی خەو وەک کەمخەوی، بەکارهێنانی کحول یان ماددە هۆشبەرەکان یان وازهێنانی کتوپڕ لێیان و هەندێک کێشەی میتابۆلیکی. لە زۆریەک لە نەخۆشەکاندا هۆکاری گەشکە نادیارە و بە گەشکەی ئیدیۆپاتیک یان جێنەتیکی دەناسرێت.

دەستنیشانکردنی پەرکەم

دەستنیشانکردنی نەخۆشیی پەرکەم لەسەر سێ بنەمای سەرەکییە:

ڕابردووی وردی گەشکە:

ڕابردوو بریتییە لە وەسفێکی وردی کاتی دەستپێکردنی گەشکە، ماوەی خایاندنی هەر هێرشێکی گەشکە، سەرچاوە یان هاندەرە ئەگەرییەکانی گەشکە و پێشینەی بنەماڵەیی گەشکە.

پشکنینی دەمار:

بە یارمەتیی ئامێرەکانی:
ئەلکترۆئێنسفالۆگرام (EEG): تۆمارکردنی شەپۆلەکانی مێشک کە دەتوانێت شێوازی گەشکە یان هەر چالاکییەکی نائاسایی مێشک نیشان بدات.
وێنەگرتنی مێشک: MRI یان CT بۆ گەڕان بە دوای کێشە پێکهاتەییەکانی مێشک، تومۆر، ئاوسان، هەوکردن و جەڵتەی مێشک؛ MRI بە نواندنی وردی شانەکانی مێشک دەتوانێت لە ناساندنی ئەم نەخۆشییەدا یارمەتیدەر بێت.

لێکۆڵینەوەی تری پزیشکی:

پشکنینی ئاستی گلوکۆز، ئەلکترۆلایتەکان، کارایی جگەر و گورچیلە، دەستنیشانکردنی پێشوەختەی هەوکردن یان هەلومەرجەکانی میتابۆلیک کە دەتوانن لە دەستپێکردنی گەشکەدا هاندەر بن. هەندێک جار دەکرێت پشکنینی زیاتری فیزیۆلۆژیی دەمار وەک ڤیدیۆسکۆپی یان وێنەگرتنی تایبەت بەکار بهێنرێت بۆ نەخشەسازی وردتری مێشک، بە تایبەتی پێش نەشتەرگەری.

بڵاوە و دەرئەنجامە کۆمەڵایەتییەکان

نەخۆشیی پەرکەم لە هەموو کۆمەڵگاکاندا ڕوو دەدات بەڵام  لە بواری بڵاوبوون، دەرئەنجام، تەندروستیی گشتی و دەستڕاگەیشتن بە چارەسەرەوە جیاوازن. ڕێژەی مەزەندەکراوی بڵاوەی نەخۆشیی پەرکەم نزیکەی چەند کەسێکە لە هەر هەزار کەس، کە ڕەنگە لە وڵاتانی هەژاردا کەمێک زیاتر بێت. ئەو کەسانەی نەخۆشیی پەرکەمیان هەیە ڕووبەڕووی چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی دەبنەوە، لەوانە دووچاوەکی (جیاکاری)، هەستکردن بە بێزاری، گۆشەگیری، سنوورداربوونی دامەزراندن و خوێندن و نیگەرانی سەبارەت بە تەندروستیی گشتی. هەندێک لەو کاریگەرییانە دەبنە هۆی تێکچوونی دەروونی وەک دڵەڕاوکێ و خەمۆکی. لە هەرزەکاران و تازەلاواندا، گەشکەی ڕانەگیراو دەتوانێت کاریگەریی نەرێنی لەسەر باوەڕبەخۆبوون (بەخۆداپەرمان) و کوالیتیی ژیانیان دروست بکات. بە بەرنامەیەکی چاودێری و پەروەردەیی هەمەلایەنە و گونجاو، زۆرێک لە نەخۆشەکان دەتوانن بۆ ژیانێکی چالاک و سەربەخۆ بگەڕێنەوە.

 چارەسەر و بەڕێوەبردن

     ئامانجی چارەسەریی پەرکەم، کەمکردنەوە یان نەهێشتنی گەشکە و باشترکردنی کوالیتیی ژیانە. ڕێگاکانی چارەسەری بریتین لە:

  • دەرمانی دژە پەرکەم (ASMs): هەڵبژاردنی دەرمان پەیوەستە بە جۆری گەشکە، تەمەن، باری گشتی و هەبوونی نەخۆشییەکانی تر. زۆرێک لە نەخۆشەکان بە یەک دەرمان دەست پێدەکەن و دواتر لە ئەگەری درێژەداربوونی گەشکە یان سەرهەڵدانی لێکەوتەی نەخوازراو بەرەو تێکەڵەیەک لە دەرمانەکان یان دەرمانێکی جیاواز دەڕۆن. زۆر گرینگە چاودێری ئاستی دەرمان لە خوێندا و بەدواداچوون بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی دەرمان بکرێت. هەندێک لە دەرمانەکان دەتوانن کاریگەریی لاوەکی وەک خەواڵوویی، زیادبوونی کێش یان کێشەی هەرسکردن دروست بکەن و هەندێک کەسیش تووشی کاردانەوەی هەستیاریی پێست یان هەستیاریی گشتی دەبن.
  • بەڕێوەبردنی حاڵەتە بنەڕەتییەکان: کۆنترۆڵکردنی پەستانی خوێن، شەکرە یان تێکچوونی خەو؛ چارەسەرکردنی هەوکردنی مێشک یان لێکەوتەکانی نەخۆشیی پەرکەم و بەڕێوەبردنی بەکارهێنانی کحول یان ماددە هۆشبەرەکان.
  • ڕێکارەکانی نەشتەرگەری یان نیورۆمۆدێلاتۆر: بۆ ئەو نەخۆشانەی پەرکەمی خۆڕاگر بە دەرمانیان هەیە و نەخشەکێشانی وردی مێشکیان ئاماژە بەوە دەکات گەشکە لە ناوچەیەکی دیاریکراوی مێشکەوە سەرچاوە دەگرێت، بژاردەگەلێکی وەک نەشتەرگەریی لابردنی ئەو بەشە لە مێشک یان هاندانی دەماری مێشک (هاندانی قووڵی مێشک) ڕەنگە یارمەتیدەر بن.
  • خۆراکی تایبەت: ڕێجیمی کیتۆجینیک یان ڕێجیمێکی تایبەتی تر لە هەندێک منداڵ یان گەورەی تووشیاری پەرکەمی خۆڕاگر بە دەرماندا بەکار دێت، هەرچەندە ئەم ڕێجیمە پێویستی بە چاودێریی وردی پسپۆڕی خۆراکی منداڵان و تیمی پزیشکی هەیە.
  • چارەسەرە پاڵپشتییەکان: چارەسەری دەروونی، فێرکاریی بەڕێوەبردنی گوشار و سترێس و ڕاهێنانی کارامەیی ژیان، چارەسەریی قسەکردن یان چارەسەری پیشەیی بۆ باشترکردنی کارامەیی کۆمەڵایەتی و کارکردنی ڕۆژانە.

چاودێریی نەخۆش و خێزان

  • بەدواداچوونی بەردەوامی پزیشکی: دیاریکردنی فرێکوێنسی و ڕێکخستنی دەرمانەکان، چاودێریی لێکەوتەکان، پێداچوونەوەی بەردەوامی EEG یان وێنەگرتن بەپێی پێویست.
  • ئاسایشی ڕۆژانە: پاراستنی ئاسایشی ماڵ و شوێنی کار؛ دوورکەوتنەوە لەو حاڵەتانەی دەتوانن ببنە هۆی سەرهەڵدانی گەشکە وەک کەمخەوی، کحول یان ماددە هۆشبەرەکان کە هۆشیاری تێک دەدەن.
  • پەروەردە و ئاگادارکردنەوەی خێزان: قبووڵکردنی حاڵەتەکە، فێرکردنی وەڵامدانەوەی دروست بە گەشکە و ڕێنمایی چۆنیەتیی پەیوەندیکردن بە فریاگوزاریی خێراوە.
  • پشتگیری کۆمەڵایەتی و دەروونی: ڕاوێژکاری خێزان، گرووپی پشتیوانی، ڕاوێژکاری کار و پەروەردە بۆ پاراستنی سەربەخۆیی و بەشداریی کۆمەڵایەتی.
  • ماف و دامەزراندن: هۆشیاری لە مافە یاساییەکانی شوێنی کار و پەروەردە کە ڕێگە بە تووشبووانی گەشکە دەدات لە چالاکیی پیشەیی و پەروەردەییەکانیان بەردەوام بن.

خۆپاراستن و شێوازی ژیان

  • خۆپاراستن لە گەشکە: بەڕێوەبردنی نەخۆشییە بنەڕەتییەکان، بەدواداچوونی بەردەوام، دوورکەوتنەوە لە هۆکارەکانی گەشکە وەک کەمخەوی، خواردنەوەی کحول یان دەرمانخواردنی خۆسەر.
  • شێوازی ژیانی تەندروست بۆ مێشک: خۆراکی هاوسەنگ، وەرزشی بەردەوام، خەوی گونجاو و بەڕێوەبردنی گوشاری دەروونی.
  • سەلامەتیی لێخوڕین و چالاکییە مەترسیدارەکان: هەندێک کەس دەبێت بەپێی ڕێساکانی هاتوچۆ بۆ ماوەیەکی دیاریکراو سنووردار بکرێن. ئەمە پێویستە لەگەڵ تیمی چارەسەردا دیاری بکرێت.
  • کوتان و چاودێریی تەندروستی: پێویستە کوتانەکان بەڕۆژ بن و لە ئەگەری سەرهەڵدانی هەر لێکەوتەیەکی نەخوازراو سەردانی پزیشک بکرێت.
  • Share:

Leave Your Comment