یارمەتی خێرا
Advanced
Search
  1. Home
  2. کۆرۆنا (COVID-19)
کۆرۆنا (COVID-19)

کۆرۆنا (COVID-19)

  • كانونی یه‌كه‌م 12, 2025
  • 0 Likes
  • 44 Views
  • 0 Comments

کۆرۆنا/ کۆڤید-١٩ نەخۆشییەکی هەناسەییە کە بە هۆی ڤایرۆسێک بە ناوی «SARS-CoV-2» لە ڕێگەی وردەدڵۆپە ئالوودەکانی دەم و لووت دەگوازرێتەوە. جۆرەکانی ڤایرۆسی کرۆنا زۆرن و هەندێكیان لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ و دواتر لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێنەوە و لە کۆمەڵگادا بڵاو دەبنەوە. جۆرە جیاوازەکانی بنەماڵەی ڤایرۆسی کرۆنا دەتوانن خێراتر بگوازرێنەوە یان لە بەرانبەر دەرمان و پێکوتەکاندا خۆڕاگرتر بن و وەک هەڵامەت و باقیی نەخۆشییە هەناسەییەکانی تر لە ئاستێکی کەم تا مامناوەنددا نیشانەکانیان دەربکەوێت. ئەم ڤایرۆسە لە کەسانی بەساڵاچوو و کەسانێک وا نەخۆشیی تریان هەیە دەتوانێت ببێتە هۆی هەوکردنی سییەکان (pneumonia) و تەنانەت مردنیش. وەشاندنی پێکوتە (vaccine)ی کۆرۆنا دەتوانێت بەر بە بڵاوبوونەوەی جۆرەکانی تری ڤایرۆسەکە و تووشبوونی زیاتری خەڵک لە کۆمەڵگادا بگرێت. سەرەڕای پێشکەوتنی شێوازەکانی دەرمان و پێشگری دیسانیش ئەم ڤایرۆسە دەتوانێت تووشی نەخۆشیتان بکات و نیشانەگەلێکتان لێ دەربکەوێت کە بۆ چەندین مانگ درێژەی هەبێت و کوشندە بێت.

هۆکارەکانی تووشبوون کۆرۆنا کامانەن؟

ڤایرۆسی SARS-CoV-2 هۆکاری تووشبوون بە کۆڤید-١٩یە. ئەم ڤایرۆسە لە جۆری ڤایرۆسی کرۆنایە. ڤایرۆسەکە لە ڕێگەی وردەدڵۆپە ئالوودەکانەوە دەگوازرێتەوە؛ واتە دەتوانن لە ڕێگەی کۆکین، پژمین و قسەکردنەوە تووشی بن. هەروەها لەوانەیە لە ڕێگەی دەستلێدان و بەرکەوتن لەگەڵ کەرستە ئالوودەکانیشەوە ڤایرۆسەکە بۆ نێو لەش بگوازرێتەوە.

بەساڵاچووان و کەسانی تووشبووی نەخۆشییە دریژخایەنەکان ئەگەری تووشبوون و مردنیان بەم نەخۆشییە زیاترە. مەترسیی زیاترتان لەسەرە ئەگەر:

  • دووگیانن
  • تەمەنتان لە ٦٥ ساڵ زیاترە
  • سیستەمی بەرگریتان لاوازە

هەروەها بە هۆی هەر کام لەم نەخۆشییە ئاماژە پێکراوانەی خوارەوە ئەگەری تووشبوونتان زیاد دەبێت:

کۆرۆنا
  • ڕەبۆ
  • شێرپەنجە
  • نەخۆشیی تەسکبوونەوەی ڕێڕەوی هەناسەی درێژخایەن (COPD)
  • بەڕیشاڵبوونی سیکڵدانۆچکەکان (cystic fibrosis)
  • خڵەفان (Dementia)
  • شەکرە (جۆری ١ و ٢)
  • نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی دڵ
  • HIV و ئایدز
  • نەخۆشییەکانی گورچیلە، سی و جەرگ
  • نەخۆشییە دەروونییەکان
  • زیادبوونی کێش و قەڵەوی
  • کەمجووڵەیی
  • دووگیانبوون
  • کەمخوێنیی داسی و تالاسیمیا
  • سیل/دەردەباریکە (Tuberculosis)
  • لاوازبوونی سیستەمی بەرگری
  • کۆنیشانەی داون
  • جگەرەکێشان

نیشانەکان نەخۆشیی کۆرۆنا

نیشانەکانی نەخۆشیی کۆرۆنا دەتوانن لە ئاستێکی سووکەوە هەتا تووند دەربکەون. خاڵی گرینگ ئەوەیە لە چەند ڕۆژ پێش دەرکەوتنی نیشانەکانەوە هەتا نزیکەی ٨ بۆ ١٠ ڕۆژ دواتر دەتوانن ڤایرۆسەکە بۆ کەسانی تر بگوازنەوە. نیشانەکانی کۆرۆنا دەتوانێت بریتی بێت لە:

  • تا
  • لەرز
  • کۆکە
  • کۆکەی خۆێناوی
  • هەناسەتەنگی یان هەبوونی کێشە لە هەناسەداندا
  • ماندوویەتی
  • ئازاری ماسوولکەکان
  • سەرئێشە
  • نەمانی هەستی چێژتن و بۆنکردن
  • گەرووئێشە
  • بەربوونی ئاوی لووت و گیرانی لووت
  • کێشەگەلی کۆئەندامی هەرس وەکوو هێڵنجدان و ڕشانەوە و سکچوون
  • هەبوونی کێشە لە بیرکردنەوە و چڕبوونەوەدا

ئەمانە هەموو نیشانەکانی کۆرۆنا نین و دەتوانن بەپێی جۆری ڤایرۆسەکە جیاواز بن. هەندێک کەس لەوانەیە هیچ نیشانەیەکیان نەبێت و هەندێکێش لەوانەیە هەمووی ئەم نیشانانەیان لێ دەربکەوێت. نیشانەکان دەتوانن بەپێی وەرگرتنی پێکوتە و دۆزی وەرگیراو جیاواز بن. لەوانەیە نیشانەکان لە ماوەی ٢ بۆ ١٤ ڕۆژ دوای بەرکەوتن لەگەڵ ڤایرۆسەکە دەربکەون. زۆربەی کات ٥ ڕۆژ دواتر خۆیان نیشان دەدەن. خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە ئێوە دەتوانن ڤایرۆسەکە، تەنانەت ئەو کاتەی هیچ نیشانەیەکتان نییە، بۆ کەسانی تر بگوازنەوە.

ئەو نیشانانەی تووندن و پێویستە لە دوای دەرکەوتنیان بە خێرایی سەردانی پزیشک بکەن ئەمانەن:

  • بە دژواری هەناسەدان
  • هەبوونی ئازار یان گوشارێکی بەردەوام لە سینگدا
  • سەرلێشێواوی و نەبوونی توانای لە خەو هەستان
  • شینهەڵگەڕانی لێو یان ڕووخسار
  • گەرمداهاتن، هەبوونی ئازار و دەرکەوتنی نیشانەکانی مەیینی خوێن لە پێیەکاندا
  • دیتنی هەر نیشانەیەکی تووندی تر

پشکنین و تاقیکردنەوەکان

ئەگەر نیشانەی کۆڤید-١٩ت لێ دەرکەوێت، دەتوانیت لە ماڵەوە خۆت تاقی بکەیتەوە؛ هەروەها لەوانەیە پزیشکەکەت بڕیار بدات بتپشکنێت. پزیشکان و ستافی دەرمان لەم ڕێگایانە بۆ تاقیکردنەوەی کۆڤید-١٩ کەڵک وەردەگرن:

  • سواب (swab)ی لووت یان گەروو
  • تاقیکردنەوەی PCR
  • پشکنینی خوێن
  • ڕوواندنی بەڵغەم
  • هەندێک کات نموونەی پیسایی و میزیش پێویست دەبێت.

ئەگەر هەوکردنەکەتان قورس بێت لەوانەیە پێویستتان بە پشکنینی زیاتر بێت، وەکوو:

  • ڕادیۆگرافیی سینگ
  • سی تی سکەنی سینگ
  • بژاردنی تەواوی خڕۆکەکانی خوێن (CBC)
کۆرۆنا

چارەسەرکردن

ئەگەر نیشانە دەرکەوتووەکان سووکن دەکرێت هەر لە ماڵەوە و بە ڕەچاوگرتنی خاڵە تەندروستییەکان و پشوودان باش بییەوە، بەڵام ئەگەر بە قورسی نەخۆش بووبیت دەبێت خێرا سەردانی پزیشک بکەیت. ئەگەر ئەنجامی تاقیکردنەوەکە ئەرێنی بوو پزیشک لەوانەیە دەرمانی دژەڤایرۆسی یان هەندێک دەرمانی تر بۆ کەمکردن و کۆنتڕۆڵکردنی نیشانەکانت پێ بدات. ئەگەریش پێویست بێت و لە نەخۆشخانە بخەوێندرێن لەوانەیە پێویست بێت:

  • دەمامکی ئۆکسیجن لێ بدەن.
  • لە ژووری جیاکراوەی تایبەت یان لە بەشی چاودیریی چڕ ( ICU)دا بمێننەوە.

ئەو دەرمانانەی پزیشک دەیاننووسێت دەتوانن ئەمانە بن:

  • دەرمانە دژەڤایرۆسییەکان
  • سترۆییدەکان
  • ئۆکسجین

زۆر یەک لە نەخۆشەکان بۆ ماوەی نزیک بە دوو حەوتوو نیشانەکانیان لێ دەردەکەوێت و بە سووکی دەیگرن و هەر بۆخۆیان چاک دەبنەوە. لەو کاتانەی هەوکردنەکە قورس دەبێت لەوانەیە پێویست بێت نەخۆش لە نەخۆشخانەدا بخەوێنرێت و چاودێری لێ بکەن. لە هەندێک دۆخی زۆر دەگمەن و تەشەنەسەندوودا کۆرۆنا دەبێتە هۆی مردن، بە تایبەت لە بەساڵاچووان، منداڵاندا و ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە.

کاریگەریی لاوەکی

ئەگەر نەخۆشیی کۆرۆنا زیاتر لە چوار حەوتوو درێژە بکێشێت و هاوکات لەگەڵ ئازار و ماندوویەتیی زۆر و دەرکەوتنی نیشانەکانی تر بێت لەوانەیە دڵ، دەمارەکان، گورچیلەکان، مێشک، پێست، چاوەکان و کۆئەندامی هەرس زەبریان بەر بکەوێت و کۆئەندامی هەناسەدان سست بێت و لە کۆتاییدا ئەگەری مردنیش هەیە. تەنانەت ئەگەر بە تووندیش تووشی نەخۆشییەکە نەبووبن هێستا ئەگەری هەیە بە هۆی نەخۆشییەکەوە تووشی ئەم کاریگەرییە لاوەکییانە بن:

  • هەوکردنی سییەکان
  • کۆنیشانەی ناڕەحەتیی توندی هەناسەدان (ARDS)
  • گرێ/مەیینی خوێن
  • هەوکردنی دڵ
  • ڕاوەستانی دڵ
  • کۆنیشانەی هەوکردنی چەند سیستەمی لە منداڵاندا (MIS-C)
  • نەخۆشیی DVT (جۆرێک نەخۆشیی سەختە کە خوێن دەمەیێت)

پێشگری له COVID-19

بۆ پێشگرتن لە تووشبوون بە نەخۆشیی کۆرۆنا هەندێک خاڵی گرینگ هەن کە پێویستە بۆ پاراستنی خۆمان و بەرگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە ڕەچاویان بگرین:

  • هەموو ئەندامانی بنەماڵە پێکوتە/ڤاکسینی COVID-19 لێدەن.
  • ئەگەر کرۆناتان گرتووە یان نیشانەکانتان لێ وەدیار کەوتووە لە ماڵەوە بمێننەوە و لە نزیکەوە پێوەندی لەگەڵ کەسانی تر مەگرن و لە شوێنە داخراوەکاندا مەودایەکی ٢ مەتری لەگەڵ کەسانی تردا بگرن.
  • دەمامک لێدەن.
  • لە کاتی پژمین یان کۆکیندا لووتتان بە دەسماڵ، پەڕۆ یان باسکتان بگرن.
  • دەستتان ڕۆژێ چەند جار بە ئاو و سابوون بۆ ماوەی لانی کەم ٢٠ چرکە بشۆن. ئەگەر ئاو و سابوونیش لە بەردەست نەبوون دەتوانن لە پاککەرەوە دەستییەکانی وا لەسەر بنەمای ئەلکۆل/کحولن کەڵک وەربگرن.
  • ماڵ و شوێنی مانەوەتان هەواگۆڕکێی هەبێت.

گرینگە بزانین لێدانی پێکوتەی کۆرۆنا پێش بە نەخۆشبوون و گرتنی ئەم ڤایرۆسە ناگرێت، بەڵام دەتوانێت مەترسیی تووشبوون کەم بکاتەوە و لە ئەگەری تووشبووندا بە قورسی نەخۆشییەکە نەگرن و لە ماوەیەکی کەمدا باش بنەوە.

کۆرۆنا

ئەگەر تووشی کۆرۆنا بووم چ کارێک باشە بیکەم؟

دوورنوێنی کۆرۆنا بۆ هەر کەسێک جیاوازە. هەندێک تەنیا نیشانەکانیان بە سووکی لێ وەدیار دەکەوێت. هەندێک بە توندی تووش دەبن و پێویستە لە نەخۆشخانە بخەوێندرێن. جاری وایە وێدەچێت نیشانەکان سووک بن و بەرەوە باشبوون بچن بەڵام لە ناکاو نیشانەکان قورس دەبن و پێویستتان دەبێت بە خێرایی سەردانی پزیشک بکەن.

گرینگە بزانن خواردنی دەرمان بەبێ چاوەدیری و پێشنیاری پزیشک و سەرخۆ کارێکی هەڵەیە، چون لەوانەیە تەنیا بتوانێت دەرکەوتنی هەندێك نیشانە کەم بکاتەوە و بە تەواوی چارەسەرتان نەکات و تەنانەت تووشی نەخۆشی و کاریگەریی لاوەکیی تر بن. باشترە پێش خواردنی هەر جۆرە دەرمانێک لە پێشدا سەردانی پزیشک بکەن.

دوای تووشبوون بە کۆرۆنا، بەپێی دوایین ڕێنماییەکانی ناوەندی کۆنترۆڵی نەخۆشیی CDC لە ئەمریکا، دەبێت خۆتان کەرەنتینە بکەن هەتا ئەم دوو مەرجەی خوارە وەدی دێت:

  • ٥ ڕۆژ لە کاتی یەکەم دەرکەوتنی نیشانەکان تێپەڕیبێت و نیشانەکان بەرەو باشتربوونەوە بن.
  • بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر بەبێ وەرگرتنی دەرمانی دژەتا، کەسەکە تای نەمابێت.

لەوانەیە هیچ نیشانەیەکتان نەمابێت بەڵام هێستا دەتوانن ڤایرۆسەکە بگوازنەوە و کەسانی تر تووش بکەن. ئەگەر دوای گەڕانەوە بۆ ڕەوتی ژیانی ئاسایی سەرلەنوێ نیشانەکان سەریان هەڵداوە پێویستە لە ماڵەوە بمیننەوە و خۆتان لە کەسانی تر دوور ڕابگرن و ڕێکارەکانی پاراستنی تەندروستی ڕەچاو بگرن کە بەم شێوەیەن:

  • پێش نانخوادن، چێشت سازکردن، دوای چوون بۆ ئاودەست، کۆکین، پژمین و ئاوهاتنی لووت دەستتان بە ئاو و سابوون یان پاککەرەوە ئەلکۆلییەکانی تایبەتی دەست خاوێن بکەنەوە.
  • لە کاتی پژمین و کۆکیندا بەر دەم و لووتتان بگرن و دەسماڵ بەکار بێنن و دواتر فڕیی بدەن.
  • کەرستە کەسییەکانی وەک لیوان، کەوچک و چنگاڵ، خاولی و نوێن و بانتان لەگەڵ کەسانی تر هاوبەش مەکەن و بە ئاو و سابوون بیانشۆن.
  • ئەو کەرستە و شوێنانەی ئەگەری ئالوودەبوونیان هەیە بە پاکژکەرەوە خاوێن بکەنەوە.
  • ماڵ و شوێنی مانەوەتان هەواگۆڕکێی هەبێت.
  • لە لای خەڵک دەمامک لێ بدەن.
  • مەودایەکی ٢ مەتری لە نێوان خۆتان و کەسانی تردا بپارێزن.

کۆباس

بە گشتی، کۆڤید-١٩ لە ئیستاشدا یەکێک لە گرینگترین نەخۆشی و مەترسییە تەندروستییەکانی کۆمەڵگایە و زانینی نیشانەکان، ڕێگاکانی بەرگری و کاتی گونجای سەردانی پزیشک دەتوانێت کاریگەرییەکی گەورەی لە کەمکردنەوەی کاریگەرییە لاوەکییەکانی ئەم نەخۆشییە هەبێت. زۆریەک لە کێشەکانی ئەم نەخۆشییە بە خێرا دەستنیشانکردن و چاودێریی دروست دەتوانیت کۆنترۆڵ بکرێت؛ کەوایە ئەگەر هەر کام لە نیشانە ئاماژەپێکراوەکانتان هەبوو یان لەگەڵ کەسیی تووشبوو بەرکەوتنتان هەبوو، پێویستە خیرا سەردانی پزیشک بکەن و بپشکندرێن. گرینگیدان بە تەندروستیی کەسی، هەنگاوێکی گرینگ بۆ پاراستنی تەندروستیی بنەماڵە و کۆمەڵگایە.

  • Share:

Leave Your Comment