Need Help? +9647511919893
Advanced
Search
  1. Home
  2. ئارترایتێس | هەوکردنی جومگەکان
ئارترایتێس | هەوکردنی جومگەکان

ئارترایتێس | هەوکردنی جومگەکان

  • تشرینی دووه‌م 17, 2025
  • 0 Likes
  • 9 Views
  • 0 Comments

ئارترایتێس (Arthritis)، ئارتریت، بە زمانی کوردی جومگەسۆ* (یان بەهەڵە “هەوکردنی جومگە”)  ئاماژەیە بۆ سۆکردن و ئیلتیهابی جومگەکان کە دەتوانێت هەر یەک لە پێکهاتە سەرەکییەکانی ناو جومگە لەخۆ بگرێت؛ لەوانە پەردەکانی جومگە، ئێسک، کڕکڕاگە یان شانە پشتیوانەکانی جومگە. نیشانە باوەکانی سۆکردنی جومگە بریتییە لە ئازار، ڕەقبوون و ئاوسانی جومگەکان؛ لەوانەیە ئەم حاڵەتە کاریگەری لەسەر یەک جومگە، چەند جومگە یان کۆمەڵێک جومگە (پۆلی ئارترایتێس) لە سەرتاسەری جەستەدا هەبێت. ئەم نەخۆشییە دەتوانێت لە یەک جومگەدا بە شێوەی تاو-تاو یان لەنێوان چەن جومگەدا بە نۆرە بگەڕێت (جۆری کۆچەر). هۆکارەکانی جومگەسۆ زۆرن، بەڵام بڕێکیان زۆرتر باون. هەندێک لە جۆرەکانی بەباشی وەڵامی چارەسەرەکان دەدەنەوە و بێ هیچ شوێنەوارێکی درێژخایەن چارەسەر دەبن؛ لە کاتێکدا جۆرەکانی تری کۆنتڕۆڵیان قورسترە و دەتوانن ببێتە هۆی کێشەی گەورەتر.

لە ڕاستیدا وشەی “هەو” لە کوردیدا بە واتای چڵک و کێمی (infection) برین دێت کە لە زمانی عەرەبیدا «عدوى» پێدەڵێن. ئەم وشەیە ئاماژە بە چوونەژوورەوە و گەشەکردنی میکرۆب یان مشەخۆرەکان بۆ ناو برین یان ئەندامێکی زیندوو دەکات کە دەبێتە هۆی نەخۆشکردنی؛ لە حاڵێکدا وشەی “سۆ” بە واتای هەڵگرسان و ئێشە (Inflammation) کە لە عەرەبیدا «التهاب»ی پێدەڵێن و لە ئینگلیزیدا بە پاشگری «itis» دەناسرێتەوە و بریتییە لە کاردانەوەی سروشتیی سیستەمی بەرگریی لەش لە وەڵامی کردارە زیانبەخشەکانی هۆکارگەلی فیزیایی، کیمیایی و زیندەزانی بە مەبەستی لابردنیان و هەوڵ بۆ نۆژەنکردنەوەی زیانەکانیان لە لەشدا. ئەگەرچی هەر هەوکردنێک بە دڵنیاییەوە کاردانەوەی  «سۆکردن»ی بە دوادا دێت، بەڵام هەر سۆکردنێک بە هۆی هەوکردنەوە بەدی نایەت. بەم بۆنەوە بەکارهێنانی دەستەواژەی «هەوکردنی جومگە» بۆ «ئیلتیهابی مەفسەڵ» هەڵەیەکی باوە و دروستەکەی «سۆکردنی جومگە» یان «جومگەسۆ»یە؛ یەکێک لە جۆرەکانی جومگەسۆ، هەوکردنی جومگەیە.

ئارترایتێس

هۆکارەکانی جومگەسۆ

هۆکارەکان جۆراوجۆرن و بەپێی جۆریان دەگۆڕن. هەندێک لە گرینگترین هۆکارەکان بریتین لە:

  • سوانی جومگە: هەڵکشانی تەمەن و پیری دەتوانێت ببێتە هۆی تێکچوون و داخورانی جومگەکان.
  • کێشەکانی خۆبەرگریی لەش: لەم دۆخەدا سیستەمی بەرگریی لەش بە هەڵە هێرش دەکاتە سەر جومگەکان و دەبێتە هۆی ئازار و ئاوسان و سۆکردنیان.
  • هەوکردن: بڕێک هەوکردن لە جەستەدا دەتوانێت ببێتە هۆی سۆکردنی جومگەکان؛ وەک لە جومگەسۆیی سەر بە بەکتریای ستافیلۆکۆک و سترۆپتۆکۆکدا دەبینرێت.
  • برینداربوونی جومگە: ئارترۆز و برینداربوونی جومگەکان وردە-وردە دەبێتە هۆی سۆکردنی جومگەکان.

نیشانەکانی جومگەسۆ

نیشانەکانی جومگەسۆ بەپێی جۆرەکەی دەگۆڕێت، بەڵام باوترینیان کە لە زۆربەی جۆرەکانی جومگەسۆدا دەبینرێن بریتین لە ئازار و ڕەقبوونی جومگەکان. هەروەها لەوانەیە تووشی ئاوسان بێن و پێستی ناوچەکەش گەرم و سوور داگەڕێت و هەستیار بێت. یەکێکی دیکە لە نیشانەکانی جومگەسۆ کەمبوونەوەی مەیدانی جوڵەی جومگەکانە، ئەمەش وا دەکات چالاکییە ئاساییەکانی ڕۆژانەی مرۆڤ، وەک هاتوچۆ، تووشی کێشە ببێت.

جۆرەکانی جومگەسۆ

جومگەسۆ دوو جۆری سەرەکی هەیە: هەوکردن و ناهەوکردن. شوێن و شێوازی ئازاری جومگەکان، بوون یان نەبوونی ئاوسان ، خێرایی دەستپێکردن و بوونی نیشانەگەلی وەک پەڵەی سەرپێست دەتوانێت لە جیاکردنەوە و ناسینەوەی ئەم دوو جۆرەدا یارمەتیدەر بێت.

جومگەسۆی هەوکردنی: هەوکردنی جومگەکان بەزۆری دەبێتە هۆی وشکی و ژانی جومگەکان بە تایبەت لە کاتی پشوودان و بەیانیان دوای هەستان لە خەو. هەندێک لەم جۆرە جومگەسۆیانە وەک هەوکردنی جومگەی ڕۆماتیدی، هەوکردنی جومگەی لوپوسی (SLE)، جومگەکان بە شێوەی دوو لایەنە لە هەر دوو لای لەشدا ڕوو دەدەن.

جۆری ناهەوکردنی: لەم جۆرەدا بەزۆری نەخۆش ڕووبەڕووی ئازارێک لە جومگەکاندا دەبێتەوە کە بە جووڵە و قورسایی خستنە سەریان خراپتر دەبێت و بە پشوودان هێورتر دەبێتەوە. لەوانەیە جومگەکانی لایەک یان هەر دوو لای جەستە تووشیار ببن.

ئارترایتێس

چارەسەری سۆکردنی جومگەکان

چارەسەری سۆکردنی جومگەکان بەپێی جۆر و توندیی نەخۆشییەکە دەگۆڕێت، ئامانجی سەرەکی لە پلەی یەکەمدا هێورکردنەوە و دامرکاندنی نیشانەکان و باشترکردنی جووڵەی جومگەکانە. لەوانەیە پێویست بە تاقیکردنەوەی چەندین چارەسەری جیاواز یان تێکەڵێک لە چارەسەرەکان بێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک کە باشترین کاریگەری هەبێت.

چارەسەریی دەرمانی

دەرمانەکانی جومگەسۆ بەپێی جۆر و توندیی نەخۆشییەکە دەگۆڕێت. دەرمانە باوەکان بریتین لە:

دەرمانی دژەسۆی ناستیرۆیدی (NSAIDs):

ئەم دەرمانانە دەتوانن ئازارەکان هێورتر و سۆی جومگەکان کەمتر بکەنەوە. بۆ نموونە دەتوانین ئیبوپڕۆفین و ناپرۆکسین ناو ببەین. جۆری بەهێزتری ئەم دەرمانانە دەبنە هۆی ورووژاندن و تێکدانی گەدە و لەوانەیە ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ یان جەڵتەی مێشک زیادتر بکەن. هەروەها هەندێک دەرمانی دژەسۆی ناستیرۆیدی بە شێوەی مەڵهەم وەک کرێم یان جێڵ بەکار دەهێنرێن.

دەرمانی ستیرۆیدی:

دەرمانی کۆرتیزۆل، وەک پرێدنیسۆن، ئازار و سۆی جومگەکان دەشکێنێت و زیانی سەر جومگەکان کەم دەکاتەوە. هەروەها ئەم دەرمانانە بۆ کۆنترۆڵکردنی نیشانەکانی سۆی جومگەکان لە جەنگەی نەخۆشیدا بەکار دەهێنرێن و دەبنە هۆی سرەوتنی خێرای نەخۆشی و کەمکردنەوەی ئازار و سۆکانی جومگەکان.

دەرمانی دژە ڕۆماتیدی چاکسازیی نەخۆشی (DMARDs):

ئەم دەرمانانە دەتوانن پەرەسەندنی نەخۆشییە خۆبەرگری و هەوکردنیەکان (وەک هەوکردنی جومگەی ڕۆماتیزمی) خاو بکەنەوە و ڕێگری لە تێکچوونی درێژخایەنی جومگە و شانەکانی تر بکەن.

نەشتەرگەری

لە حاڵەتی توند و تەشەناسەندووی نەخۆشییەکەدا، پزیشکان دەتوانن چارەسەریی نەشتەرگەری پێشنیار بکەن، کە ئەم نەشتەرگەرییانە لەخۆ دەگرێت:

نۆژەن کردنەوەی جومگە:

لە هەندێک حاڵەتدا پزیشک دەتوانێت ڕووکاری جومگەکان ڕێک و لووس بکات تا ئازارەکانی جومگە کەمتر و ڕادەی جووڵەکانی باشتر ببێت. نەشتەرگەریی نۆژەن کردنەوەی جومگەکان زۆرتر بە ئارترۆسکۆپی دەکرێت.

گۆڕینی جومگە:

لەم ڕێکارەدا جومگەی تێکچوو لا دەبرێت و بە جومگەیەکی دەستکرد دەگۆڕدرێت. ئەو جومگانەی زۆرترین گۆڕینی جومگەیان بە سەردا دێت بریتین لە جومگەکانی ڕان و ئەژنۆ.

لکاندنی جومگەکان:

ئەم ڕێکارە زۆر جار بۆ جومگە بچووکەکان بەکار دێت، وەک ئەوانەی لە مەچەک و پاژنەی پێ و پەنجەکاندان. لەم ڕێکارەدا کۆتاییەکانی ئەو دوو ئێسکەی لە جومگەیەکدا بەشدارن پێکەوە دەلکێنن و بەئەمەش ئازارەکانی کەم دەبێتەوە.

فیزیۆتراپی

ئارترایتێس

گەرمکردنی جومگە بە ئاوی گەرم یان گڵۆپی گەرمادەر، شەپۆلی ئۆڵتراسۆند یان دیاتێرمی.

خۆپاراستن لە سۆکردنی جومگەکان

بڕێک لە جۆرەکانی جومگەسۆ بە هۆی پیربوون و جیناتەوە ڕوو دەدەن یان بە هۆی بڕێک نەخۆشییەوە کە هیچیان بۆ ناکرێت، بۆیە هەمیشە ڕێگەیەک بۆ ڕێگریکردن لە سۆکردنی جومگەکان نییە؛ بەڵام ئەم ڕێکارانەی خوارەوە دەتوانن چانسی تووشبوون بەم نەخۆشییە کەم بکەنەوە:

  • خۆدوورگرتن لە جگەرەکێشان
  • خواردنی خۆراکی تەندروست و هاوسەنگ (بە تایبەت تەژی لە کاڵسیۆم)
  • ڕاگرتنی کێش لە ئاستی تەندروستدا
  • بەرنامەیەکی وەرزشیی ڕێکوپێک و سووک بۆ پاراستنی جومگەکان
  • کەڵکوەرگرتن لە ئامێری سەلامەتیی گونجاو بۆ هەر چالاکییەک کە زیان بە جومگەکان دەگەیێنێت.

ڕەچاوکردنی ئەم ڕێنماییانە دەتوانێت تا ڕادەیەکی باش ڕێگری بکات لە تووشبوون بە جومگەسۆ و تەندروستیی جومگەکان بپارێزێت.

  • Share:

Leave Your Comment