Need Help? +9647761523407
Advanced
Search
  1. Home
  2. بەرزیی پەستانی خوێن
بەرزیی پەستانی خوێن

بەرزیی پەستانی خوێن

  • كانونی یه‌كه‌م 2, 2025
  • 0 Likes
  • 8 Views
  • 0 Comments

بەرزیی پەستانی خوێن یەکێک لە باوترین نەخۆشییە درێژخایەنەکانی جیهانە. نەخۆشییەکی بێدەنگ، بێ نیشانە و لە هەمان کاتدا مەترسیدار کە ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێت زیانی جددی بە دڵ، مێشک، گورچیلە و چاو دەگەیەنێت. ئامارەکانی ڕێکخراوەی تەندروستیی جیهانی(WHO) دەریدەخات کە نزیکەی یەک لە سەر سێی گەورەساڵان تووشبووی جۆرێکی بەرزیی پەستانی خوێنن و زۆربەیان ئاگاداری نەخۆشییەکەیان نین. هەر ئەم تایبەتمەندیی”نەبوونی نیشانە”یە وایکردووە وەک “بکوژی بێدەنگ” بناسرێت.

لە ڕاستیدا زۆریەک لە پسپۆڕان لە سەر ئەو بڕوایەن ئەگەر خەڵک تەنیا ساڵی جارێک پەستانی خوێنیان بپێون بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە زیان بە ئەندامە سەرەکییەکان ڕێگری دەکرێت. ئەگەرچی ئەم نەخۆشییە مەترسیدار دەردەکەوێت بەڵام بە زانیاری، دەستنیشانکردن و چارەسەری دروست کۆنترۆڵ دەکرێت. لەم وتارەدا بەرزیی پەستانی خوێن بە زمانێکی سادە بەڵام زانستی شرۆڤە دەکەین تاکوو خوێنەران بتوانن باشتر لەم بابەتە تێبگەن و لە ژیانی خۆیان و دەوروبەریان کەڵکی لێ وەربگرن. بردنە سەرەوەی ئاستی زانیاریی تەندروستی لەناو کۆمەڵگادا یەکێک لە ڕێگا گرینگەکان بۆ کەمکردنەوەی تووشىوون بەم نەخۆشییەیە.

بەرزیی پەستانی خوێن

 پەستانی خوێن چییە؟

پەستانی خوێن ئەو گوشارەیە خوێن لە کاتی پەپمکردنی لەلایەن دڵەوە دەیخاتە سەر دیواری خوێنبەرەکان. بڕی پەستانی خوێن  لە دوو پێوانە پێک هاتووە:

پەستانی خوێنی سیستۆلیک(سەرەوە): ئەم پەستانە لە کاتێک گرژبوونی دڵدایە.

پەستانی خوێنی دیاستۆلیک(خوارەوە): ئەم پەستانە لە کاتی پشووی دڵ  و لەنێوان لێدانەکانی دڵدا دروست دەبێت.

یەکەی پێوانەی پەستانی خوێن میلی مەتری جیوە (mmhg)یە، بۆ نموونە پەستانی خوێنی ١٢٠/٨٠  بە واتای پەستانی سیستۆلیک ١٢٠ و پەستانی دیاستۆلیک ٨٠یە. ئەم ژمارانە پێویستە لەگەڵ یەک شیکردنەوەیان بۆ بکرێت و چوونەسەرەوی هەرکام لەم دووانە دەکرێت نیشانەی کێشەیەکی گرینگ بێت.

بەرزیی پەستانی خوێن چییە؟

بەپێی پێوەرەکانی کۆمەڵەی دڵی ئەمریکا (AHA)، کەسێک  تووشبووی بەرزیی پەستانی خوێنە کە:

بە شێوەی بەردەوام و لە چەندین پێوانەکردندا، پەستانی سیستۆلیکی ١٣٠ و زیاتر بێت یان پەستانی دیاستۆلیکی ٨٠ و زیاتر بێت.  هەندێک جار پزیشک بەپێی بارودۆخی نەخۆشەکە وەک هەبوونی نەخۆشیی شەکرە و گورچیلە ژمارەی خوارتر لەمانەیش مەترسیدار دەبینێت. هەر بەم بۆنەوە گرینگە هەر کەسە و بەپێی بارودۆخی تەندروستیی خۆی شیکردنەوە بۆ پەستانی خوێنی بکرێت.

بەرزیی پەستانی خوێن وردە وردە گوشار دەخاتە سەر خوێنبەرەکان و بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە هۆی ئەستووربوون، ڕەقبوون و زیانگەیاندن بە دیواری خوێنبەرەکان. هەر ئەم پڕۆسەیە ڕێگا بۆ نەخۆشییەکانی وەک: جەڵتەی دڵ، جەڵتەی مێشک، سستیی دڵ و سستیی گورچیلە خۆش دەکات.

جۆرەکانی بەرزیی پەستانی خوێن

١.پەستانی خوێنی سەرەتایی (Essential Hypertension): نزیکەی ٩٠٪ حاڵەتەکان لە خۆ دەگرێت و هۆکارێکی دیاریکراوی نییە.

تایبەتمەندییەکان:

  • وردە وردە و بە هێواشی بەرەوپێش دەچێت.
  • بەگشتی نیشانەیەکی تایبەتی نییە.
  • کۆنترۆڵ دەکرێت بەڵام چارەسەری سەداسەدی نییە.

هۆکارەکانی وەک: بۆهێڵ(جێنێتیک)، شێوەژیان، خۆراکی ناتەندروست و بەساڵاچوون ڕۆڵی سەرەکییان هەیە. لەم جۆرەدا ڕەچاوکردنی شێوەژیانێکی تەندروست گرینگییەکی بەرچاوی هەیە.

٢.پەستانی خوێنی لاوەکی (Secondary Hypertension): بە هۆی نەخۆشی یان بەکارهێنانی دەرمانەوە دروست دەبێت بۆ نموونە:

  • نەخۆشییەکانی گورچیلە
  • تێکچوونی ڕژێنەی ئادریناڵ
  • تەسکبوونەوەی خوێنبەری گورچیلە
  • کێشەکانی تیرۆئید (غوددەی دەرەقی)
  • پچڕانی هەناسەدان لە کاتی خەودا
  • بەکارهێنانی هەندێک دەرمانی وەک: دژەهەوکردنەکان، دژە دووگیانی، کۆرتیکۆسترۆیدەکان

بەرزیی پەستانی لاوەکی زیاتر توند و لەناکاوە و پێویستە هۆکارە سەرەکییەکەی چارەسەر بکرێت.

نیشانەکانی بەرزیی پەستانی خوێن

لە زۆربەی نەخۆشەکاندا هیچ نیشانەیەکی نییە بەڵام لە حاڵەتە توندەکاندا ڕەنگە ئەم نیشانانەی خوارەوە دەربکەون:

  • سەرئێشەی بەردەوام یان چڵدەر
  • گێژبوون (سەرگێژە)
  • لێڵبینین
  • بەرزبوونی لێدانی دڵ
  • ئازاری سنگ
  • خوێنبەربوونی لووت
  • هەستکردن بە ماندوویەتی و بێتاقەتی
  • هێڵنجدان و ڕشانەوە

ئاگادار بن، نەبوونی نیشانەکان بە واتای نەبوونی مەترسی نییە!

ئەو هۆکارانەی مەترسیی تووشبوون بە بەرزیی پەستانی خوێن دەبەنە سەرەوە

١.تەمەن: بە چوونە سەرەوەی تەمەن، خوێنبەرەکان ڕەقتر دەبن و مەترسیی تووشبوون زیاد دەکات.

٢.پێشینەی بنەماڵەیی: بۆماوەیی(جێنێتیک) ڕۆڵێکی گرینگی هەیە و دەتوانێت ٣٠٪ بۆ ٥٠٪ مەترسی تووشبوون بباتە سەرەوە.

٣.کێشی زیادە و قەڵەوی: بەرزبوونی چەوریی خوێن و زیادە، باری سەر دڵ و بەرگریی خوێنبەرەکان زیاد دەکات.

٤.زۆرخواردنی خوێ (سۆدیۆم): کاتێک سۆدیۆمێکی زۆر لە ڕێی خواردنی خوێوە دێتە ناو جەستە، گورچیلەکان ناتوانن بە خێرایی سۆدیۆمی زیادە دەربدەن. جەستە بۆ شلکردنەوەی ئەم سۆدیۆمە ئاوێکی زیاتر لە خۆیدا دەهێڵێتەوە، ئەم ئاوە زیادەیش دەچێتە نێو خوێنەوە و قەبارەی خوێن زیاد دەکات. زیادبوونی قەبارەی خوێن زەختێکی زیاتر لە سەر خوێنبەرەکان دروست دەکات و هەر ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونی پەستانی خوێن. سەرەڕای ئەمەیش سۆدیۆم دەبێتە هۆی ئەوەی دەمارەکان تەسک ببنەوە، تەسکبوونەوەی دەمارەکان وا دەکات هاتوچۆکردنی خوێن قورس ببێت و هەر ئەمەش پەستانی خوێن دەباتە سەرەوە.

٥.کەمیی پۆتاسیۆم: پۆتاسیۆم بۆ دەردانی سۆدیۆم  یارمەتیی گورچیلە دەدات بۆیە پۆتاسیۆم ڕۆڵێکی گرینگ لە هاوسەنگکردنی سۆدیۆمدا دەگێڕێت، کەمکردنەوەی سۆدیۆم هاوسەنگە لەگەڵ دابەزینی پەستانی خوێن.

٦.بەکارهێنانی کحول و جگەرە: جگەرە خوێنبەرەکان ڕەق و تەسک دەکاتەوە و کحولیش پەستانی خوێن دەباتە سەرەوە.
بەکارهێنانی کحول دەبێتە هۆی دەردانی زیاتری هۆرمۆنی ئەدریناڵین و نۆرئەدریناڵین ئەم دوو هۆرمۆنە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لە سەر تەسککردنەوەی دەمارەکان و بردنەسەرەوەی لێدانی دڵ هەیەکە هەموو ئەمانە دەبنە هۆی بەرزبوونی پەستانی خوێن.

بەرزیی پەستانی خوێن

٧.سترێسی درێژخایەن: دەبێتە هۆی دەردانی بەردەوامی هۆرمۆنەکانی سترێس و بەرزیی پەستانی خوێن بە دوای خۆیدا دەهێنێت.

٨.کەمجووڵەیی: کەمیی چالاکیی جەستەیی دەبێتە هۆی قەڵەوی و کرداری خوێنبەرەکانیش لاواز دەکاتەوە.

٩.خۆراکی ناتەندروست: خۆراکە چەورەکان، سوورکراوەکان، خواردنە ئامادەکان هەموویان مەترسیی تووشبوون دەبەنە سەرەوە.

١٠.نەخۆشییە بنەڕەتییەکان: شەکرە، نەخۆشییەکانی گورچیلە، پچڕانی هەناسەدان لە کاتی خەودا و کێشەی هۆرمۆنی هۆکارن بۆ تووشبوون بە بەرزیی پەستانی خوێن. توێژینەوە نوێیەکان دەریدەخەن پیسبوونی کەش و هەوا لە سەر بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن دەکرێت کاریگەری هەێت.

دەستنیشانکردنی بەرزیی پەستانی خوێن

دەستنیشانکردنی پەستانی خوێن بە چەند جار پێوانەکردنی ستانداردی پەستان لە چەند کاتی جیاوازدا ئەنجام دەدرێت، کە بریتییە لەم قۆناغانەی خوارەوە:

١.پێوانەکردن لە نەخۆشخانە و لای پزیشک:  پێویستە کەسەکە دانیشتبێت و پاڵی دابێتەوە و لانی کەم ٥ خولەک پشووی وەرگرتبێت.

٢.پێوانەکردن لە ماڵەوە: بۆ دڵنیایی زیاتر پزیشک پێشنیار دەکات بۆ ماوەی چەند ڕۆژ نەخۆشەکە لە ماڵەوە پەستانی خوێنی تۆمار بکات.پێوانەکردنی پەستانی خوێن لە کاتە جیاوازەکانی ڕۆژدا دەتوانێت مۆدێلێکی ڕاستەقینەترمان پێ بدات. زۆریەک لە نەخۆشەکان بەیانیان پەستانی خوێنیان بەرز دەبێتەوە کە ئەم پرسە لێرەدا گرینگە.

٣.مانیتۆرینگ(ئاگادارلێبوون و تۆمارکردن)ی ٢٤ کاتژمێرە

٤.پشکنین و هەڵسەنگاندنی تەواوکەر: بۆ پشکنینی ئەگەری زیانگەیشتن بە ئەندامە سەرەکییەکان:

  • پشکنینی خوێن و میز
  • هێڵکاریی دڵ (ECG)
  • سۆنەری گورچیلە
  • ئێکۆکاردیۆگرافی

کاریگەرییەکانی بەرزیی پەستانی خوێن

پەستانی خوێنی چارەسەرنەکراو هۆکارێکی سەرەکیی مردن و لاوازبوونە. گرینگترین کاریگەرییەکان بریتین لە:

جەڵتە و سستیی دڵ:

چوونە سەرەوەی پەستانی خۆێن دەبێتە هۆی ئەستووربوونی ماسوولکەی دڵ و گیرانی دەمارەکانی خوێن.

جەڵتەی مێشک:

بەرزیی پەستانی خوێن هۆکارێکی باوی جەڵتەی مێشکە.

سستیی گورچیلە:

بە هۆی زیانگەیشتن بە دەمارەخوێنییەکانی گورچیلە.

زیانگەیشتن بە چاو و گرفتەکانی بینین:

بەتایبەت لە دەمارەکانی تۆڕینەی چاودا ڕوو دەدات.

خەرەفان و تێکچوونی بیرکردنەوە (Dementia):

خەرەفان ناتنیا لە بیرچوونەوە دەستی پێدەکات، بەڵکو دۆخێکی درێژخایەنە کە تکایە پزیشکی پشکنینی پێویستە بۆ بەهادارکردن. پشکنین و چارەسەر بە زووکردن دەتوانێت ژیانەکەی تووشبووەکە باشتر بکات و خێزان بە یارمەتی ڕاست دابنێت.

ئانۆریسم و دڕانی خوێنبەرەکان:

دروستبوونی هەڵتۆقیوییەکی مەترسیدار لە دیواری خوێنبەرەکاندا.

چارەسەرکردنی بەرزیی پەستانی خوێن

چارەسەرییەکەی بریتییە لە گۆڕینی شێوەژیان و دەرمان. پزیشک بە پشتبەستن بە تەمەن، ڕێژەی پەستان، نەخۆشییەکانی تری دڵ و دەمار بڕیار لەسەر چۆنیەتیی چارەسەرکردنەکەی دەدات.

گۆڕینی شێوەژیان

کەمکردنەوەی بەکارهێنانی خوێ

بەپێی پێشنیاری ڕێکخراوەی تەندروستیی جیهانی(WHO)، بەکارهێنانی ڕۆژانەی خوێ نابێت لە ٥ گرام زیاتر بێت.

ڕێجیمی خۆراکیی گونجاو (DASH Diet)

بریتییە لە:

  • سەوزەواتی تازە
  • میوە
  • دانەوێڵە
  • شیرەمەنییە کەمچەورەکان
  • کەمکردنەوەی چەوریی تێرکراو و خواردنی ئامادە

وەرزشی بەردەوام

لانی کەم ١٥٠ خولەک وەرزشکردن لە حەفتەدا پێویستە وەک هەڵاتن، مەلەکردن یان پاسکیلسواری.

دابەزاندنی کێش

هەر ٥ کیلۆگرام دابەزاندنی کێش پەستانی خوێن تا چەند هێندە دەهێنێتە خوارەوە.

جگەرەنەکێشان

لە سەر کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و دەمار کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە.

کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کحول

زۆر بەکارهێنانی کحول پەستانی خوێن بەرز دەکاتەوە.

کۆنترۆڵکردنی سترێس

مەدیتەیشن، هەناسەی قووڵ، مۆسیقا و کەمکردنەوەی گوشارە ژینگەییەکان لە سەر کۆنترۆڵکردنی سترێس کاریگەرن.

پێشگرتن لە بەرزیی پەستانی خوێن

پێشگرتن هەمیشە لە چارەسەرکردن باشترە. هەنگاوە کاریگەرەکان بریتین لە:

  • هەبوونی کێشی گونجاو
  • کەمکردنەوەی خوێ
  • خۆراکی تەندروست
  • وەرزشی بەردەوام
  • پێوانەکردنی بەردەوامی پەستانی خوێن
  • دوورکەوتنەوە لە جگەرە و کحول
  • خەوی تەواو
  • کۆنترۆڵی سترێس

بەرزیی پەستانی خوێن لەنێو گەنجاندا

ئەگەرچی لای خەڵک وایە بەرزیی پەستانی خوێن تایبەت بە کەسانی بەساڵاچووە بەڵام لە ئێستادا بەهۆی قەڵەوی، سترێس، خواردنە خێراکان، شێوەژیانی کەمجووڵە گەنجانیش بە شێوەیەکی بەرچاو مەترسی تووشبوونیان لە سەرە. دەستنیشانکردنی خێرای ئەم نەخۆشییە لەنێو گەنجاندا گرینگە بۆ ئەوەی بتوانین پێش بە کاریگەرییە درێژخایەنەکانی بگرین.

بەرزیی پەستانی خوێن لەکاتی دووگیانیدا

بەرزیی پەستانی خوێن لەنێو ژنانی دووگیاندا دەتوانێت مەترسیدار بێت و ڕەنگە نیشانەی پرێ ئێکلەمپسیا (Pre-، جۆرە نەخۆشییەکی پەستانی خوێن لە کاتی دووگیانیدایە eclampsia) بێت. ژنانی دووگیان دەبێت بەردەوام لە ژێر چاودێریی پزیشکی خۆیاندا بن و هەر نیشانەیەکی وەک سەرئێشەی توند، هەڵاوسانی لەناکاو یان کێشە لە بینیندا وەک زەنگێکی هۆشیاری ببینن،

چۆن پەستانی خوێن لە ماڵەوە بپێوین؟

  • پێش لە پێوانەکردن ٥ خولەک پشوو بدە،
  • بە شێوەیەکی ستاندارد دابنیشە.
  • ئامێری متمانەپێکراو بەکار بهێنە.
  • لە دوو کاتی جیاوازدا (بەیانیان و ئێواران) بیپێوە.
  • ئەنجامەکانی تۆمار و ئاراستەی پزیشکی بکە.

کۆباس

بەرزیی پەستانی خوێن نەخۆشییەکی باو و لە هەمان کاتدا مەترسیدارە کە زۆرجار هیچ نیشانەیەک  لو خۆی دەرناخات بەڵام بە ناسینی هۆکارەکانی مەترسی، پێوانەکردنی بەردەوام و ڕەچاوکردنی شێوەژیانی تەندروست دەتوانرێت کۆنترۆڵ و ڕێگری لە کاریگەرییە جددیەکانی بکرێت. چارەسەریی بەرزیی پەستانی خوێن ڕەوتێکی هەمیشەییە و پێویستە نەخۆش بە شێوەیەکی چالاکانە لەگەڵ پزیشکدا هاوکاری بکات. بێ گومان پاڵپشتیی بنەماڵەیش لەم پڕۆسەدا ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕێت. بە کۆنترۆڵکردنی دروست زۆریەک لە نەخۆشەکان دەتوانن ژیانێکی ئاسایی و تەندروستیان هەبێت.

  • Share:

Leave Your Comment