پووکانەوەی ئێسک | Osteoporosis
- كانونی یهكهم 16, 2025
- 0 Likes
- 43 Views
- 0 Comments
پووکانەوەی ئێسک یەکێک لە باوترین نەخۆشییە درێژخایەنەکانی کۆئەندامی ئێسکی مرۆڤە کە بە هێواشی و بەبێ بوونی نیشانەیەکی دیار گەشە دەکات و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی چڕیی و بارستایی ئێسکەکان. ئەم نەخۆشییە نەک تەنیا لە بەساڵاچوواندا مەترسیی شکانی ئێسکەکان زیاد دەکات بەڵکوو دەتوانێت تەمەنی مامناوەندیش تووش بکات. پووکانەوەی ئێسک بە “نەخۆشیی بێدەنگ”یش ناسراوە لەبەر ئەوەی ئەم نەخۆشییە دەتوانێت ساڵانێکی زۆر بەبێ بوونی ئازار یان نیشانەیەکی تایبەت تووشی کەسێک ببێت. دەرەنجامەکەی دەتوانێت شکانی مەترسیداری ئێسک بێت کە دەبێتە هۆی سنوورداربوونی جووڵە، لەکارکەوتنی هەمیشەیی، مانەوەی زۆر لە نەخۆشخانەکان و تەنانەت مەرگیشی بە دواوە بێت.
بە پێی ئاماری ڕێکخراوەی تەندروستیی جیهانی (WHO)، دوای ٥٠ ساڵی لە هەر سێ ژن یەک ژن تووشی شکانی ئێسک بە هۆی پووکانەوەی ئێسک دەبێت لە حاڵێکدا ئەم ئامارە بۆ پیاوان یەک لە پێنجە. ئەگەرچی ئەم نەخۆشییە زیاتر لەگەڵ تەمەنی سەرەوە لە پێوەندیدایە بەڵام هۆکارگەلی تری وەک خۆراکی ناتەندروست، شێوەژیانی کەمجووڵە، بەکارهێنانی جگەرە و هەندێک نەخۆشیی بنەڕەتیش دەتوانن پڕۆسەی ئەم نەخۆشییە خێراتر بکەنەوە. خاڵی گرینگ ئەوەیە ئەگەر پووکانەوەی ئێسک خێرا دەستنیشان بکرێت بە ئاسانی کۆنترۆڵ دەکرێت.
لەم بابەتەدا هەوڵ دەدەین بە ڕوانینێکی زانستییانە و گشتگیرەوە نەخۆشیی پووکانەوەی ئێسک بخەینە بەر باس و هۆکارەکان، نیشانەکان، ڕێگاکانی دەستنیشانکردن، ڕێگاکانی پێشگرتن، چارەسەرکردن و شێوەژیانی تەندروست بۆ ئێوەی خوێنەر ڕوون بکەینەوە.
پووکانەوەی ئێسک چییە؟
ئێسک پێکهاتەیەکی زیندوو و چالاکە. لە نێو ئێسکدا بەردەوام پڕۆسەی لەناوچوون و دروستبوونی خانەکانی ئێسک ڕوو دەدەن، بەڵام کاتێک خێرایی لەناوچوونی خانەکان لە خێرایی دروستبوونی خانەکان زیاتر بێت، دۆخێک بە ناوی “پووکانەوەی ئێسک” دروست دەبێت. ئێسکەکانی لەش لەم حاڵەتدا مەترسیی شکانیان لە سەر دەبێت و کونە وردەکانی ناو پێکهاتەی ئێسک گەورەتر دەبنەوە و توانایی هەڵگرتنی کێش و گوشاریان لە دەست دەدەن.

جیاوازی پووکانەوەی ئێسک Osteoporosis لەگەڵ ئۆستێئۆپێنی(Osteopenia)
ئۆستێئۆپێنی بە کەمبوونەوەی کەمی چڕیی ئێسک دەوترێت و قۆناغێک پێش لە پووکانەوەی ئێسکە. ئەگەر لەم قۆناغەدا ڕێکاری گونجاو ڕەچاو بگیردرێت دەکرێت ڕێگری لە قۆناغی مەترسیداری پووکانەوەی مێشک بکرێت.
هۆکارەکان و فاکتەرە مەترسیدارەکانی پووکانەوەی ئێسک
پووکانەوەی ئێسک هۆکارێکی دیاریکراوی نییە و هەروا بە ئاسانیش نییە بەڵکوو کاریگەریی کۆمەڵێک لە هۆکارەکانی بۆماوەیی، هۆرمۆنی، خۆراکی و ڕەفتاری لە سەرە. گرینگترین هۆکارەکان بریتین لە:
- هەڵکشانی تەمەن:
-
هەڵکشانی تەمەن خێرایی بەرهەمهێنانی خانەکانی ئێسک کەمتر دەکاتەوە؛ هەر بەم بۆنەوە ئەو کەسانەی سەرووی ٥٠ ساڵن مەترسیی زیاتریان لەسەرە.
- ڕەگەز:
-
ژنان زیاتر لە پیاوان تووشی پووکانەوەی ئێسک دەبن. دابەزینی هۆرمۆنی سترۆجین پاش لە سووڕوەستان هۆکارێکی گرینگی تووشبوونی زیاتری ژنانە.
- پێشینەی بنەماڵەیی و بۆماوەیی:
-
ئەگەر هەر کام لە دایک و باوک یان خزمانی نزیک تووشی شکانی ئێسک پاش پووکانەوەی ئێسک بووبن، ئەگەری تووشبوون دەچێتە سەرەوە.
- کەمبوونی کالیسیۆم و ڤیتامین (D):
-
کەمیی کالیسیۆم و ڤیتامین D لە گرینگترین هۆکارە خۆراکییەکانی دەرکەوتنی پووکانەوەی ئێسکن.
- کەمجووڵەیی:
-
چالاکیی جەستەیی بە تایبەت ئەو وەرزشانەی وەک ڕاکردن و ئەو وەرزشانەی دەبێت کێشێک ڕاگیر بکرێت بۆ دروستبوونی خانەی نوێ یارمەتیدەرن.
- بەکارهێنانی جگەرە و کحول:
-
نیکۆتین، کافایینی زۆر و کحول هەڵمژینی کالیسیۆم کەم دەکەنەوە و دەبنە هۆی دروستنەبوونی ئێسک.
- نەخۆشیی درێژخایەن: وەک:
-
چالاکیی زۆری ڕژێنەی دەرەقی (Hyperthyroidism) و ڕۆماتیسمی جومگەکان (Rheumatoid Arthritis) و نەخۆشییەکانی گورچیلە و نەخۆشیی سیلیاک.
- بەکارهێنانی هەندێک دەرمان لە درێژماوەدا:
-
کۆرتیکۆسترۆیدەکان، دەرمانەکانی دژەفێ، دەرمانەکانی دژە خوێنبەستن

نیشانەکانی پووکانەوەی ئێسک
پووکانەوەی ئێسک زۆر جار بەبێ ئازار و نیشانەیەکی دیارە تا ئەو کاتەی ئێسک تووشی شکان دەبێت. باوترین نیشانەکان بریتین لە:
- ئازاری درێژخایەنی پشت (بە هۆی شکانی وردی بڕبڕە)
- کورتبوونەوەی باڵا لە درێژماوەدا
- کووڕبوونەوە و گۆڕانی فۆڕمی بڕبڕەی پشت
- شکانی ئێسک بە زەربێکی کەم
ئەو ئێسکانەی زیاتر لە پووکانەوەی ئێسکدا دەشكێن ئەمانەن:
- ئێسکی ڕان
- بڕبڕەی پشت
- مەچەکی دەست
ئەم جۆرە شکانانە زیاتر لە کاتی کەوتن و بە زەبرێکی کەم ڕوو دەدەن.
دەستنیشانکردنی پووکانەوەی ئێسک
پووکانەوەی ئێسک بەپێی نیشانە کلینیکاڵەکان، پێشینەی نەخۆش و پشکنینەکان دەستنیشان دەکرێت. گرینگترین ڕێگای دەستنیشانکردن بریتییە لە:
- تێستی پێوانی چڕیی ئێسک (DEXA Scan): ئەم پشکنینە زۆر بە وردی چڕیی ئێسکەکانی ڕان و بڕبڕەی پشت هەڵدەسەنگێنێت و دەرئەنجامەکەی بە پێوانەی T-Score شرۆڤە دەکرێت:

ڕێژەی T-Score دەرئەنجام
زیاتر لە ١ ئاسایی
نێوان ١ بۆ ٢.٥ ئۆستێئۆپێنی
کەمتر لە ٢.٥ پووکانەوەی ئێسک
پشکنینەکانی خوێن
بۆ پشکنینی:
- ئاستی کالیسیۆم
- ئاستی ڤیتامین D
- هۆرمۆنەکانی ڕژێنەی دەرەقی (Thyroid)
- کارکردنی گورچیلەکان
- هۆرمۆنەکانی سێکسی
چارەسەری پووکانەوەی ئێسک
چارەسەری پووکانەوە بە توندیی نەخۆشییەکە و هۆکارە تاکەکەسییەکانی بەستراوەتەوە کە بە گشتی چارەسەری دەرمانی، چاککردنی شێوە ژیان و شێوازی خواردن لە خۆ دەگرێت.
١.چاککردنی شێوەژیان:
- چالاکیی بەردەوامی جەستەیی
- لابردنی جگەرە و کحول
- تیشکی ڕاستەوخۆی خۆر بۆ چالاککردنی ڤیتامین D
- ئاگادار بن لە ماڵەوە نەکەون و هەبوونی ڕووناکیی تەواو لە نێو ماڵدا پێویستە.
٢.خۆراکی گونجاو:
- بە شێوەی ڕۆژانە کالیسیۆمی پێویست بۆ گەورەساڵان:
١٠٠٠ بۆ ١٢٠٠ میلی گرام
- ڤیتامینD پێویست:
٨٠٠ بۆ ١٠٠٠ یەکەی ڕۆژانە
خواردنی بەسوود بۆ پووکانەوەی ئێسک:
- شیرەمەنی کەمچەوری (ماست، شیر، پەنیر)
- ماسییە چەورەکان (سەلەمۆن، ساردین)
- هێلکە
- سەوزەوات (کەلەرم و سپێناخ)
- چەرەس و تۆوەکان (بادەم و کونجی)
- هەنجیری وشک و دانەوێڵەکان
پێشگرتن لە پووکانەوەی ئێسک
پێشگرتن باشترین و کەمتێچووترین ڕێگایە بۆ دوورکەوتنەوە لە پووکانەوەی ئێسک و بنەما زێڕینەکانی خۆپاراستن بریتین لە:
- چالاکیی جەستەیی بەردەوام
- خۆراکی دەوڵەمەند بە کالیسیۆم و ڤیتامین D
- دوورکەوتنەوە لە جگەرە و کحول
- کۆنترۆڵکردنی کێش
- پێوانەکردنی چڕیی ئێسک بە تایبەت بۆ ژنانی سەروو ٥٠ ساڵ
- وەرزشی گونجاو
- ڕۆیشتنی خێرا
- ڕاکردنی هێواش
- وەرزشی هەڵگرتنی کێش
- ڕاهێنانی هاوسەنگی (بۆ ڕێگریکردن لە کەوتن)

ڕۆڵی هۆرمۆنەکان لە پووکانەوەی ئێسکدا
هۆرمۆنەکان ڕاستەوخۆ ڕۆڵیان لە دروستکردن و لەنێوبردنی ئێسکدا هەیە، بۆ نموونە:
- سترۆجین پارێزگاری لە چڕیی ئێسک دەکات، بۆیە کەمبوونەوە لە قۆناغی لەسووڕوەستان مەترسیدارە.
- بە زۆربوونی هۆرمۆنەکانی ڕژێنەی دەرەقی (Thyroid) خێرایی لەنێوچوونی خانەکانی ئێسک زیاد دەبێت.
- هۆرمۆنەکانی پاراتیرۆید (PTH) ئەگەر بە ڕادەیەکی زۆر بەرز ببنەوە، دەبنە هۆی دەرچوونی کالیسیۆم لە ئێسکدا.
پرسیارە باوەکان سەبارەت بە پووکانەوەی ئێسک
- ئایا پووکانەوەی ئێسک بە تەواوەتی چارەسەر دەکرێت؟
لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کۆنترۆڵ دەکرێت، بەڵام پێویستە بەدواداچوونێکی زۆری بۆ بکرێت.
- ئەو کەسانەی قەڵەون تووشی پووکانەوەی ئێسک نابن؟
ئەگەرچی کێش زەختێکی ئەرێنی دەخاتە سەر ئێسک، بەڵام چەوری زۆر هەوکردنی سیستەمیک دروست دەکات و دەبێتە هۆی پووکانەوەی ئێسک
- ئایا تەواوکەرەکان، جێگەی خواردن دەگرنەوە؟
نەخێر؛ بەکارهێنانی تەواوکەرەکان ئەگەر لە جەستەدا کەم بن پێویستە، بەڵام ناتوانن جێگرەوەی خواردنی تەندروست بن.
کۆباس
پووکانەوەی ئێسک نەخۆشییەکی بێدەنگ بەڵام جددی و مەترسیدارە، ئەم نەخۆشییە تەنیا کێشەی بەساڵاچووەکان نییە بەڵکوو شێوە ژیانی ئەوڕۆیی وایکردووە گەنجانیش تووشی ئەم نەخۆشییە بن. هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە پووکانەوەی ئێسک کۆنترۆڵ دەکرێت و ئەگەر خێرا دەستنیشان بکرێت و خواردن و شێوەژیانی کەسەکە چاک بکرێت دەتوانین لە لێکەوتەکانی پێشگیری بکەین. فێرکاریی گشتی، پشکنینی گونجاو لە کاتی گونجاودا و چاککردنی عادەتەکانی ڕۆژانە چەکی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم نەخۆشییەن.
Leave Your Comment