ئێکزیما کە لە کوردیدا زۆرتر بە «بیرۆ» دەیناسن؛ بە ئاوسان و هەوکردنێکی پێستی دەڵێن کە پتر بە سووربوونەوە، خوران و زیپکە دەردەکەوێت. ئەم نەخۆشییە دەتوانێت بە شێوەی کاتی یان درێژخایەن بێت و لە هەر شوێنێکی جەستەدا خۆی نیشان بدات. ئێکزیما وشەیەکی یۆنانییە بە واتای زیپکەی هەڵهاتوو؛ دێرماتایتسیش وشەیەکی لێکدراوە کە پێکهاتووە لە «derm» بە واتای پێست و «itis» واتە هەوکردن؛ بەڵام زیاتر کاتێک هۆکاری دەرەکی لە ئارادا بێت لە وشەی دێرماتایتس و ئەگەر هۆکارەکەش لە ناو جەستەشدا بێت لە وشەی ئێکزیما کەڵک وەردەگرن.
جۆرەکانی هەوکردنی پێست
- جۆری ئەتوپیک (atopic):
-
باوترین جۆری هەوکردنی پێستە کە بە گشتی لە منداڵییەوە دەست پێ دەکات و لەوانەیە تا گەورەساڵی بەردەوام بێت. پێدەچێت میراتێکی خێزانی بێت لەبەر ئەوەی تووشبووانی ئەم جۆرە نەخۆشییە پتر پێشینەیەکی خێزانی دێرماتایتس و ئاسمیان (ڕەبۆ) هەبووە.
- نیشانەکانی بریتین لە:
-
وشکی، خوران و هەڵزڵەپانی پێستی دەموچاو، بەرئەنیشک، پشت ئەژنۆ و سەر دەست و پێیەکان.
- جۆری ستاسیز یان “وێستان”:
-
هەوکردنی پێستی قاچ بە هۆی کۆبوونەوە و وێستانی خوێن لە خوێنهێنەکانی پێ ڕوو دەدات. وەستانی خوێن لە خوێنهێنەرەکانی قاچدا دەبێتە هۆی زیادبوونی پەستان لە موولوولەکاندا و لە ئەنجامدا هەم شلە و هەم خانەکانی خوێن لێوەی دزە دەکەنە دەرەوە. نیشانەکانی بە شێوەی دەرکەوتنی پێستێکی ناسکی قاوەیی و تەنراو، پەڵەی سوور، سووتانەوەی ڕووکاری پێست و ئەستووربوونی پێستی مەچەکی پێ و قاچەکانە. ئەو پێستە ناسکە لەوانەیە لە بڕێک شوێندا ببێت بە برین و مەچەک و قاچەکانیش هەڵماسن. چارەسەریی ئەم جۆرە دێرماتایتسە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە چارەسەرکردنی خوێنهێنەرەکانی پێ لە ڕێگەی نەشتەرگەری و بڕێک شێوەی نوێی وەک سکلرۆتراپی EVTA (کەڵکوەرگرتن لە لەیزەر و شەپۆلی ڕادیۆیی) و UGFS.
- جۆری سێبوریەک یان کڕێش:
-
ژاری “کارگی ترشێنەی مەڵاسیزیا” دەبێتە هۆی ورووژاندن و سووربوونەوە و توێخهەڵدان و خورانی پێست؛ لە سەردا بە شێوەی کڕێش دەردەکەوێت.
- جۆری بەرکەوتن:
-
بە هۆی بەرکەوتنی ماددەیەکی ورووژێنەر یان هەڵزرێنەر بەدی دێت و دەبێتە هۆی هەوکردنی ڕووکاری پێست و لەوانەیە چەندین ڕۆژ تا چەندین حەفتە بخایەنێت و تەنیا کاتێک بە تەواوەتی لەبەین دەچێت کە پێست بە هیچ جۆرێک توخنی ئەو ماددانە نەکەوێت. ئەم جۆرە دێرماتایتسە زۆرتر پەڵەیەکی گەورەی خوران دروست دەکات.
لە ڕووی هۆکارەوە بە سەر دوو دەستەدا دابەش دەبێت:
دێرماتایتسی بەرکەوتنی ورووژێنەر: باوترین جۆری هەوکردنی پێستە و ٨٠٪ی دێرماتایتسەکان دەگرێتەوە. بەرکەوتنی بەردەوامی ئاو، پێشۆرەکان (پاککەرەوە)، توێنەرەکان و ماددە کیمیاییەکان دەتوانێت ببێتە هۆی ئەم جۆرە هەوکردنە؛ پێست سوور هەڵدەگەڕێت و دەخورێت. بەرکەوتنی بەردەوامی پێست لەگەڵ ماددەکانی وەک سابوون، جوانکاری و بۆنخۆشکەرەکان دەبێتە هۆی لابردنی چەوری و بەربەستپارێزەکانی پێست و وشكبوون، سووربوونەوە، خوران، توێخهەڵدان، ئاوسان، بلۆق و پترۆکبەستنی پێست کە زۆرتر لەپی دەستەکان دەگرێتەوە. لە حاڵەتی توندتردا بلۆقەکان ناسۆر دەبن و برینەکان دەم ئەکەنەوە. کەسانێک وەک جوانکارانی پێست و بەرهەمهێنەرانی خۆراک ئەگەری تووشبوونیان بەم جۆرە هەوکردنە زیاترە.
دێرماتایتسی بەرکەوتنی ئالێرجیک (هەستیاری): بە هۆی بەرکەوتنی پێست لەگەڵ ئەو ماددانەدا دروست دەبێت کە زۆربەی خەڵک کاردانەوەیان نییە، وەک سابوون، کحول، نیکڵی ناو خشڵەکان، بۆن، لاستیک، بۆیەی قژ یان کۆندۆم. لەم حاڵەتەدا پێست سوور دەبێتەوە، دەخورێت و دەسووتێت. نیشانەکانی وەک جۆری بەرکەوتنی ورووژێنەرە و تەنیا لە ڕێگای تێستی پەچ دەناسرێتەوە. - جۆری دەماری :
-
هەروا کە لە ناوەکەیەوە دیارە، کاردانەوەیەکی پێستە لە هەمبەر ورووژانی دەمارەکان کە ڕاستەوخۆ لەسەر پێست دەردەکەوێت. سەرچاوەی ئەم ورووژانە دەتوانێت گوشاری دەروونی، دڵەڕاوکێ، گەرما، سەرما بێت کە دەبێتە هۆی وشکبوون، ئێش، سووتانەوە و خۆرانی پێست. خاڵی گرینگ ئەوەیە ئەم نیشانانە زۆرتر لە کاتی خەودا دەردەکەون و ئۆقرە لە مرۆڤ دەبڕن. ئەم نەخۆشییە بەدەگمەن بەبێ چارەسەری باش دەبێت و پێویستە پزیشک بەپێی بارودۆخی نەخۆشییەکە بەرنامەی دەرمانی بۆ دابڕێژێت.

هۆکارەکانی ئێکزیما
هۆکارەکانی هەوکردنی پێست بە ڕوونی نەناسراون؛ بەڵام بە گشتی ئەم هۆکارانە دابەش دەبن بە:
- بۆهێڵی (بۆماوەیی): بڕێک بەڵگە هەن نیشان دەدەن جۆری ئەتۆپیک دەتوانێت بە شێوەی میراتی و بۆماوەیی بگوازرێتەوە.
- ژینگەیی: بەرکەوتنی ماددە ورووژێنەرەکان وەک تەپوتۆز (خۆڵ)، تۆزی گیاکان، ماددە کیمیاییەکان دەتوانێت ببێتە هۆی هەوکردنی پێست لە جۆری بەرکەوتن.
- نەخۆشیی بنەڕەتی: کێشە بنەڕەتییەکانی وەک نەخۆشیی شەکرە یا نەخۆشییە خۆبەرگرییەکان دەتوانن ببنە هۆی هەوکردنی پێست.
نیشانەکانی ئێکزیما
نیشانەکانی ئێکزیما بەپێی جۆرەکانی دەتوانن جیاواز بن، بەڵام بە گشتی ئەم نیشانانەی خوارەوە لەخۆ دەگرن:
- خوران: نیشانەیەکی باوی هەوکردنی پێستە کە دەتوانێت لە سووکەوە دەست پێ بکات بۆ توند.
- سووربوونەوەی پێست: بە زۆری شوێنی تووشبوو سوور هەڵدەگەڕێت و هەو دەکات.
- وشکبوونەوە و توێخهەڵدان: لەوانەیە پێست وشک و درزاوی بێت.
- دەردانی شلە: لە هەندێک جۆری هەوکردنی پێستدا، بەتایبەتی هەوکردنی پێستی ئەتۆپیک، ڕەنگە شلەیەکی ڕوون لە شوێنە تووشبووەکانەوە دەربچێت.
- پەڵەی پێست: دەرکەوتنی پەڵە و پەچەی هەوکردن دەتوانێت ئاماژە بێت بۆ هەوکردنی پێست.
شێوازەکانی چارەسەرکردن
چارەسەری هەوکردنی پێست بەندە بە جۆر و توندبوونی نیشانەکانەوە. بژاردەکانی چارەسەرکردن لەوانەیە ئەمانەی خوارەوە لەخۆ بگرێت:
چارەسەری ناوچەیی
- کرێم و مەڵهەمی کۆرتیزۆل: ئەم دەرمانانە یارمەتی کەمکردنەوەی هەوکردن و خورانی پێست دەدەن. پێویستە ڕەچەتە لە ژێر چاودێریی پزیشکدا بێت.
- کرێمی شێدارکەرەوە: ڕاگرتنی شێداری پێست بەم کرێمانە دەتوانێت نیشانەکانی هەوکردن هێور بکاتەوە و پێست لە وشکبوون بپارێزێت.
- کرێمی دژەخوران: بۆ کەمکردنەوەی خوران و ئازارەکانی هەوکردن بەکار دێت.
چارەسەریی سیستەماتیک
- دەرمانی دژەهیستامین: هەندێک لەو دەرمانانە دەتوانن یارمەتیدەر بن لە کەمکردنەوەی خوران و کاردانەوەی هەستیاری.
- دەرمانی کۆرتیزۆلی خۆراکی: لە حاڵەتی سەختدا، لەوانەیە پزیشک ئەم دەرمانانە بنووسێت.
- دەرمانی بەرگری: بۆ توندترین جۆرەکانی هەوکردنی پێست، چارەسەرە بایۆلۆژییەکان دەتوانن یارمەتیدەر بن.
چارەسەریی سروشتی لە ماڵەوە
- مەلە لە حەمامێکی شلەتیندا: ئەمەش دەتوانێت خوران و هەوکردنی پێست هێور بکاتەوە. هەروەها بەکارهێنانی خوێی ئیپسۆم یان ساوەری قەلاس لە ئاودا دەتوانێت کاریگەر بێت.
- کۆمپرێسی سارد: دانانی کۆمپرێسی سارد بۆ شوێنی هەوکردن دەبێتە هۆی نەهێشتنی خوران و هەو.

چاودێری پێست و خۆپاراستن
بۆ کەمکردنەوەی ئێکزیما و چاودێریی پێست، ئەم ئامۆژگارییانەی خوارەوە پێشنیار دەکرێن:
- دوورکەوتنەوە لە ماددە ورووژێنەرەکان: هەوڵ بدە خۆت بە دوور بگریت لە بەرکەوتنی ماددە کیمیاییەکان و ماددە ورووژێنەرەکان.
- پاراستنی پاکوخاوێنیی پێست: بەکارهێنانی بەردەوامی شێدارکەرەوە و هێشتنەوەی پێست بە شێداری زۆر گرینگە.
- کۆنتڕۆڵی گوشاری دەروونی: سترێس دەتوانێت نیشانەکانی هەوکردنی پێست توندتر بکات، بۆیە بەکارهێنانی تەکنیکەکانی حەسانەوە وەک یۆگا یان مێدیتەیشن دەتوانێت یارمەتیدەر بێت.
- لەبەرکردنی جلوبەرگی گونجاو: لەبەرکردنی جل و بەرگی بەن و ئاسوودە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی خورانی پێست.
ئەنجام
هەوکردنی پێست یان ئێکزیما حاڵەتێکی باوی پێستە کە کاریگەری لەسەر کوالیتیی ژیانی مرۆڤ دادەنێت. زانین و تێگەیشتن لە هۆکارەکان، نیشانەکان و بژاردەکانی چارەسەری دەتوانێت یارمەتیی نەخۆشەکان بدات بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم کێشەیە و ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی. ئەگەر هەر نیشانەیەک دەرکەوت، زۆر گرینگە ڕاوێژ بە پزیشکی پێست بکرێت.
Leave Your Comment