ڕوبێلا (Rubella)، سورێژەی ئەڵمانی، سورێژەی سێ ڕۆژە
- كانونی یهكهم 17, 2025
- 0 Likes
- 17 Views
- 0 Comments
ڕوبێلا هەوکردنێکی ڤایرۆسی سووکە، پاش ٢ تا ٣ حەفتە لە تووشبوون نیشانەکانی دەردەکەوێت و دوای سێ تا حەفت ڕۆژ دادەکوژێت؛ هەر بۆیە زۆر کەس درک بەوە ناکەن کە تووشی بوون، بەڵام لە کاتی دووگیانیدا مەترسیدارە و دەتوانێت ببێتە هۆی لەبارچوون یان نەخۆشیی زگماکیی ڕوبێلا لە کۆرپەدا (CRS). ئەم نەخۆشییە لە هەموو تەمەنەکان و ڕەگەزەکاندا دەبینرێت، بەڵام لە منداڵانی ٥ بۆ ٧ ساڵدا زیاتر دەبینرێت. پەڵەی پەمەیی بە زۆری لە دەموچاوەوە دەست پێدەکات و بە ناو جەستەدا بڵاو دەبێتەوە، بڕێجار نیشانەکانی هەڵامەت و ئازاری جومگەکانیشی لەگەڵدایە. ڤاکسینی MMR کە سوورێژە و ڕوبێلا و مێکوتە دەگرێتەوە، کاریگەرییەکی زۆری لە ڕێگریکردنی ئەم نەخۆشییە هەیە. دوای چاکبوونەوە لە ڕوبێلا بەرگریی سروشتی لە لەشدا دروست دەبێت و نەخۆش جارێکی تر نایگرێتەوە. ڕوبێلا چون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە هیچ چارەسەرێک بێجگە لە کۆنتڕۆڵکردنی نیشانەکانی نییە؛ بۆیە خۆپاراستن و کوتان زۆر گرینگە. ڕوبێلا لە ڕێگەی دڵۆپەکانی هەناسەوە بڵاو دەبێتەوە. وشەی rubella بە واتای “سووریی کەم” دێت و ئاماژەیە بۆ پەڵەی سوور.
میژووی ڕوبێلا
ڕوبێلا لە سەرەتای سەدەی ١٨ وەک نەخۆشییەکی جیاواز لە سوورێژە و سیل ناسرا. سەرتا بە ناوی ڕۆتێلن (Rötheln) لە ئەڵمانیا و سوورێژەی ئەڵمانی (German measles) لە ئینگلتەرا ناسرا. دواتر بە ناوی ڕوبێلا (Rubella) کە لە وشەیەکی لاتینی واتە “سوورێکی کەم” وەرگیراوە، تۆمار کرا. لە ساڵی ١٨٨١ وەک نەخۆشییەکی سەربەخۆ ناسێنرا و توێژەران بۆیان دەرکەوت هۆکارەکەی ڤایرۆسێکە.
لە دەیەکانی دواتردا هەوڵی گرینگ درا: جیاکردنەوەی ڤایرۆسەکە لە شانەکانی مرۆڤ (١٩٦٢)، هێنانەکایەی ڤاکسینی ڕوبێلا لە ساڵی ١٩٦٩، پاشان ڤاکسینی تێکەڵاوی MMR (سوورێژە، مێکوتە و ڕوبێلا) لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا. لە نێوان ساڵانی ١٩٦٢ بۆ ١٩٦٥، بڵاوبوونەوەی سەختی نەخۆشییەکە لە ئەورووپا و ئەمریکا ڕووی دا و لێکەوتەی جددی بۆ کۆرپەڵە هەبوو و چەند هەزار ژنی دووگیان تووشی نەخۆشیی CRS بوون. لەگەڵ کوتانی بەربڵاو، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بە خێرایی کۆ کرایەوە. ئەم مێژووە گرینگیی کوتان و ڕێوشوێنی تەندروستیی گشتی بۆ ڕێگریکردن لە کەموکوڕیی زگماکی و پاراستنی تەندروستیی کۆمەڵگا نیشان دەدات.

نیشانەکان و دەستنیشانکردن
ڕوبێلا هەوکردنێکی ڤایرۆسییە کە لە زۆربەی کەیسەکاندا سووک یان بێ نیشانەیە. نیشانە باوەکانی بریتین لە:
- پەڵەی پەمەیی کە لە دەموچاوەوە دەست پێدەکات و بۆ بەشەکانی تری لەش بڵاو دەبێتەوە
- ئاوسانی لیمفەگرێکانی مل و پشت
- تای پلە نزم، قورگ ئێشە و ئازاری ماسوولکەکان
- ماندوویەتی
- لە گەورەکاندا ئازاری جومگەکان بە تایبەت لە دەست و مەچەکدا باوە
بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشیی ڕوبێلا پێویستە:
- سەیری مێژووی بەرکەوتن (لەگەڵ کەسانی تووشبوو) و هەبوونی پەڵە بکرێت.
- پشکنینی خوێن بۆ دژەتەنەکانی (IgM و IgG)
- بوونی ڤایرۆسی ڕوبێلا لە خوێن، قوڕگ یان میز
ڕادەی بڵاوبوونەوەی ڕوبێلا پەیوەندی بە ڤاکسیناسیۆنەوە هەیە؛ لەو کۆمەڵگایانەی ڕێژەی کوتانیان زیاترە، ڕێژەی بڵاوبوونەوە زۆر کەمترە. دوای چاکبوونەوە بەرگریی هەمیشەیی دروست دەبێت.
هۆکارەکان و ڕێگای گواستنەوە
ڕوبێلا بە هۆی ڤایرۆسی ڕوبێلاوە سەر هەڵدەدات. ئەم ڤایرۆسە بەشێکە لە خێزانی Togaviridae و تەنیا لە لەشی مرۆڤدا لانە دەکات. ڤایرۆسی ڕوبێلا لە ڕێگەی خوێنەوە دەگاتە لیمفەگرێکان و لە ڕێگەی سیستەمی لیمفاوییەوە بۆ شانەکانی تر بڵاو دەبێتەوە. ئەم ڤایرۆسە دەتوانێت ٢ تا ٣ حەفتە بە شاراوەیی لە لەشدا بمێنێتەوە و پاشان نیشانەکانی دەربکەوێت. نیشانەکان بەزۆری لە ٣ ڕۆژدا دادەکوژێن. سیستەمی بەرگریی لەش خێرا وەڵام دەداتەوە و لە ماوەیەکی کورتدا ڤایرۆسەکە کۆنتڕۆڵ دەکات و لەناوی دەبات. دوای تیاچوونی ڤایرۆسەکە لە زۆربەی خەڵکدا بەرگریی هەمیشەیی دروست دەبێت، بەڵام لە کاتی دووگیانیدا ڤایرۆسەکە دەتوانێت بگاتە کۆرپەڵە و ببێتە هۆی کەموکوڕیی زگماکی.
ڤایرۆسی ڕوبێلا لە ڕێگەی دەردراوەکانی دەم و لووتی نەخۆشەوە (وەک دڵۆپی کۆکە و پژمە) دەگوازرێتەوە. ئەو کەسەی هەڵگری ڤایرۆسی ڕوبێلایە چ نیشانەی هەبێت چ نەیبێت، دەتوانێت ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە. ئەم نەخۆشییە تایبەت بە مرۆڤە و تەنیا لە ڕێگای مرۆڤەوە دەگوازرێتەوە.

چارەسەر و چاودێری
هیچ چارەسەرێکی تایبەت بۆ ڕوبێلا نییە؛ نەخۆشییەکە بە چاودێری، پشتیوانی و بەڕێوەبردنی نیشانەکانەوە باشتر دەبێت. ڕێوشوێنە سەرەکییەکان بریتین لە:
- پشووی گونجاو و خواردنی شلەمەنیی زۆر.
- بەکارهێنانی دەرمانی ئازارشکێن وەک ئەسیتامینۆفین بۆ کەمکردنەوەی تا و ئازار.
- بەکارنەهێنانی دەرمانی دژە ڤایرۆس، مەگەر بەدەگمەن و بەپێی ئامۆژگاریی پزیشک.
- چاودێریی تایبەت لە کاتی دووگیانیدا: لە ئەگەری تووشبوون لە کاتی دووگیانیدا، تیمی پزیشکیی منداڵبوون-ژنان مەترسییەکانی CRS بۆ کۆرپەڵە هەڵدەسەنگێنن و لەوانەیە پێویست بە پشکنینی سۆنەر و ڕاوێژی پسپۆڕ هەبێت.
- کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە: بەکارهێنانی داپۆشەری گونجاو وەک دەمامک و ڕاگرتنی پاکوخاوێنیی تاکەکەسی.
خۆپاراستن و ڤاکسینی ڕوبێلا
ڤاکسینی ڕوبێلا بە شێوەی ئاسایی لە ژێر ناوی MMR (ڕوبێلا + سوورێژە + مێکوتە) بەرهەم دەهێنرێت. یەک دۆزی ئەم ڤاکسینە دەتوانێت پتر لە ٩٥٪ کارایی بێت و بە دوو دۆز بەرگرییەکی تەواو دابین دەکات (ژەمی یەکەم لە یەکساڵەیی و ژەمی دووهەم پێش قوتابخانە). بەرگریی دوای کوتان زۆر بەرزە و مەترسیی تووشبوون بە CRS بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە. لە ژناندا پێش ئەوەی دووگیان بن، بۆ دڵنیایی زۆرتر پێویستە سکرینی بەرگری بکرێت.
CRS و دەرئەنجامەکانی دووگیانی
کاتێک ئافرەتێکی دووگیان تووشی ڕوبێلا دەبێت، ڤایرۆسەکە لە ڕێگەی خوێنەوە دەگوازرێتەوە بۆ کۆرپەڵە و دەبێتە هۆی نەخۆشیی زگماکی ڕوبێلا لە کۆرپەکەدا. ئەو کۆرپانەی لە قۆناغە سەرەتاییەکانی گەشەکردندا تووشی ڤایرۆسەکە دەبن زۆرترین مەترسیی مردن و نائاساییبوونی ئەندامەکانیان لەسەرە. نەخۆشیی زگماکی ڕوبێلا نیگەرانییەکی تەندروستیی جددییە چونکە دەبێتە هۆی لەبارچوونی کۆرپە یان دروستبوونی کۆمەڵێک کەموکووڕی، لەوانە:

- دواکەوتنی گەشەکردن
- کەمئەندامیی هزری
- کەموکووڕی دڵ
- کەڕبوون
- ناکارامەیی ئەندامەکان
هەموو ئافرەتێک پێویستە پێش دووگیانبوون پشکنینی بەرگریی ڕوبێلای بۆ بکرێت. ئەگەر ڤاکسین پێویست بوو، پێویستە لانی کەم ٢٨ ڕۆژ پێش دووگیانبوون بیکوتن. CRS دەتوانێت بۆ ساڵانێک دوای لە دایکبوون بەردەوام بێت، ئەمەش بارگرانییەکی قورس دەخاتە سەر خێزان و سیستەمی تەندروستی. هەوکردنی دایک لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا مەترسیی تووشبوون بە CRS بۆ کۆرپەڵە بەرز دەکاتەوە. بۆیە پشکنینی بەرگریی لەش و چاودێری لە دایکانی دووگیاندا گرینگییەکی تایبەتی هەیە.
پرسیارەکان
نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی سووکە، زۆرتر تووشی منداڵان دەبێت؛ نیشانەکانی بریتین لە دەرکەوتنی پەڵەی پەمەیی دوای ٢ تا ٣ حەفتە لە تووشبوون، ئاوسانی لیمفەگرێکان و لەوانەیە تا و ئازاری قوڕگیشی لەگەڵدا بێت. نیشانەکان دوای سێ ڕۆژ نامێنن. لە ئافرەتی دووگیاندا مەترسیی نەخۆشیی زگماکی ڕوبێلا لە کۆرپەدا (CRS) هەیە.
لە ڕێگەی پژمە و کۆکە، لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ.
تێکەڵەیەک لە نیشانە کلینیکییەکان و پشکنینی وەک IgM/IgG و دۆزینەوەی ڤایرۆسەکە لە خوێن یان میزدا.
چارەسەری تایبەتی نییە، تەنیا چاودێری، پشتگیری و بەڕێوەبردنی نیشانەکان
بەڵێ، ڤاکسینی MMR سەلامەتە و کاریگەرییەکی زۆری هەیە؛ بەڵام لەکاتی دووگیانیدا قەدەغەیە.
پێش دووگیانی و لە منداڵیدا (یەکساڵان و پێش قوتابخانە).
کوتانی گشتیی کۆمەڵگا، پشکنینی بەرگری پێش دووگیانی و دوورکەوتنەوە لە کەسانی تووشبوو لە کاتی دووگیانیدا.
نەخێر؛ بەرگریی هەمیشەیی دوای تووشبوون یان کوتان مسۆگەرە.
Leave Your Comment