یارمەتی خێرا
Advanced
Search
  1. Home
  2. هێرپیس زۆستر یان زۆنا – herpes zoster
هێرپیس زۆستر یان زۆنا – herpes zoster

هێرپیس زۆستر یان زۆنا – herpes zoster

  • كانونی یه‌كه‌م 19, 2025
  • 0 Likes
  • 5 Views
  • 0 Comments

هێرپیس زۆستر، هەوکردنێکی ڤایرۆسییە کە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی پەڵەی ئازاربەخش لە لایەکی جەستەدا؛ ئەم نەخۆشییە لە ئەنجامی چالاکبوونەوەی دووبارەی ڤایرۆسی مێکوتەوە (VZV) بەدی دێت. دوای تووشبوونی سەرەتایی بە مێکوتە، ڤایرۆسەکە بۆ ماوەیەکی نادیار لە هەندێک گرێی دەماریی هەستیاردا بە خەوتوویی دەمێنێتەوە و لەگەڵ پیری یان لاوازبوونی سیستەمی بەرگریی لەش ڤایرۆسەکە ئەگەری چالاکبوونەوە پەیدا دەکات و دەبێتە هۆی ئازار و پەڵەی لەناکاو و توند لەسەر ناوچەیەکی جەستە یان دەموچاو. تایبەتمەندیی سەرەکیی ئەم نەخۆشییە ئازارێکی دەمارییە کە پێش دەرکەوتنی پەڵەکان دەست پێدەکات و لەوانەیە بۆ چەند مانگ دوای نەمانی پەڵەکانیش بەردەوام بێت. پەڵەکان پتر وەک بلۆق لە هێڵێک یان ناوچەیەک لە لایەکی جەستەدا دەردەکەون و دوایی توێ توێ دەبن. ئەم پەڵانە زیاتر لە دەم و چاو، سنگ و سکدا دەردەکەون، بەڵام دەتوانن هەر شوێنێک بگرنەوە. نیشانەکان بریتین لە هەستیاری بە دەست لێدان، ناسکی و سووتانەوەی توند کە دەتوانێت چالاکییەکانی ڕۆژانەی نەخۆش، وەک لەبەرکردنی جلوبەرگ، تووشی کێشە بکات.

هێرپیس زۆستر مەترسییەک بۆ سەر ژیان ساز ناکات، بەڵام دەتوانێت زۆر ئازاربەخش بێت. دەستنیشانکردنی بەزۆری کلینیکییە و بە پشکنینی PCR لە بلۆقەکان پشتڕاست دەکرێتەوە. چارەسەری خێرا بە دەرمانی دژەڤایرۆسی دەتوانێت ماوە و توندیی نەخۆشییەکە کەم بکاتەوە، هەروەها بە دەرمانی ئازارشکێن و دەرمانەکانی دەمار ئازارەکە کۆنترۆڵ دەکرێت. پێکوتەش دەتوانێت مەترسیی تووشبوون یان توندیی نەخۆشییەکە کەم بکاتەوە. بەدواداچوونی بەردەوام بۆ هەڵسەنگاندنی لێکەوتە درێژخایەنەکان پێویستە.

نیشانەکانی هێرپیس زۆستر

نیشانەکانی هێرپیس زۆستر بەسەر دوو پۆلی سەرەکیدا دابەش دەکرێن: ئازاری دەماری پێش دەرکەوتنی پەڵەکان و پەڵەی بلۆقاوی کە بە شێوەیەکی گشتی ناوچەیەکی سنووردار لە لایەکی جەستە دەگرێتەوە. دەستنیشانکردن بەزۆری کلینیکییە و لە کەیسی گێچەڵ و پڕمەترسیداردا پشکنینی زیادە وەک PCRی شلەی بلۆقەکانیش بەکار دێت.

ئازاری (دەماری) پێش پەڵە

  • هەست بە ئازاری توند، سووتانەوە، یان مرۆژانە (تەزین و خورین) لە ناوچەیەکی دیاریکراوی جەستەدا کە لە چەند کاتژمێر تا چەند ڕۆژ پێش دەرکەوتنی پەڵەکان دەست پێدەکات.
  • هەستیاری بە دەست لێدان.

پەڵەی سنووردار و یەکلایەنە

  • بلۆقی تەڕ کە لە کۆتاییدا وشک و توێ توێ دەبێت.
  •  پەڵەکان لە سنووری ڕێڕەوی دەمارەکاندا دەردەکەون (بۆ نموونە، لە لایەکی سنگ یان دەموچاودا دەردەکەون).

هەستیاری و ئازار لە دەستلێداندا

  • دەستلێدانی پێست لە شوێنی تووشبوو لەوانەیە زۆر ئازاربەخش بێت.

نیشانەکانی تر

  • تایەکی سووک، داگیرانی لەش و ئازاری ماسوولکەکان
  • هەندێک جار سەرئێشە و لاوازیی گشتی

خاڵەکانی دەستنیشانکردنی پراکتیکی (ڕێکاوێڕێکی نیشانەکان)

  • دەستنیشانکردنی کلینیکی: ئازاری دەماری پێش پەڵە و بڵاوەی سنوورداری پەڵەکان لە لایەکی لەشدا بەسە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە.
  • لەو کەیسانەدا کە دڵنیایی کەمە یان مەترسیی لێکەوتەی زۆرە: پشکنینی PCR شلەی بلۆقەکان یان نمونەی پێست دەتوانێت دەستنیشانکردنی VZV پشتڕاست بکاتەوە.

ئێش یەکەمین نیشانەی هێرپیس زۆسترە. لە هەندێک کەسدا ئەم ئێشە زۆر توندە. بەپێی شوێنی ئێشەکە بڕێک جار لەگەڵ کێشەی دڵ، سی و گورچیلەکان تێکەڵ دەکرێت. هەندێک کەس بەبێ دەرکردنی پەڵە ئەم ئێشەیان بەسەردا دێت.

هۆکارەکانی هێرپیس زۆستر یان زۆنا

هێرپیس زۆستر یان زۆنا نەخۆشییەکە کە لە هۆکارێکی ڤایرۆسییەوە درووست دەبێت و پەیوەندی بە ڤایرۆسی ڤاریسێلا زۆسترەوە هەیە. ئەم ڤایرۆسە هەمان ئەو ڤایرۆسەیە کە نەخۆشییەکانی ساڵانە و ئاگربەرووی (ئاوڕۆ) درووست دەکات. دوای چاکبوونەوەی ئاوڕۆ، ڤایرۆسەکە لە ناو عەصەبەکاندا بە شێوەی نادیار دەمێنێتەوە و لە کاتێکدا دەتوانێت دووبارە چالاک ببێتەوە.

هۆکاری سەرەکی:

بریتییە لە دیسان چالاکبوونەوەی ڤایرۆسی مێکوتە (VZV) لە لەشدا. ئەم ڤایرۆسە لە سەرەتای تەمەندا لەگەڵ یەکەم بەرکەوتن بە مێکوتە دەچێتە ناو لەشەوە، لە گرێدەمارەکانی دەوروبەری دڕکەپەتک و مێشکدا بە خەوتوویی دەمێنێتەوە. لەگەڵ دابەزینی سیستەمی بەرگری یان پیربوون، هاوسەنگیی بەرگری تێک دەچێت و VZV چالاک دەبێتەوە. چالاکبوونەوەی ڤایرۆسەکە دەبێتە هۆی ئازارێکی کتوپڕی دەمار و پەڵەی ناوچەیی پێست؛ پتر تاکلایەنە و بە درێژایی ڕێڕەوی دەماری هەستەوەردا دەردەکەوێت. ئەم پەڵانە زۆر جار بە بلۆقی پڕئاو دەست پێدەکات و دوای ماوەیەک وشک و کاژکاژ دەبێت. ئازاری دەمارەکان لەوانەیە چەند کاتژمێر تا چەند ڕۆژێک پێش دەرکەوتنی پەڵەکان دەست پێبکات، هەروەها هەندێک لە نەخۆشەکان دوای ڕزگاربوون لە پەڵەکانیش لەوانەیە تووشی ئازارێکی درێژخایەن ببن کە پێی دەوترێت نوراڵجیکی پۆست هێرپیس.

هۆکارەکانی مەترسیی گشتی:

تەمەن و پیربوون

ڕێژەی تووشبوون بە هێرپیس زۆستر لەگەڵ تەمەندا زیاد دەکات، بە تایبەتی لەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی ٦٠ ساڵەوەیە. پیربوون کاریگەریی سیستەمی بەرگری کەم دەکاتەوە، ئەمەش ئەگەری چالاکبوونەوەی ڤایرۆسەکە زیاد دەکات. هەروەها کەسانی بەساڵاچوو لەوانەیە تووشی ئازاری درێژخایەنی دەمارەیی توندتر بن.

  • کەمیی بەرگری و نەخۆشییە درێژخایەنەکان

تێکچوونی بەرگری بە هۆی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک ئایدز، شێرپەنجە، نەخۆشیی شەکرەی کۆنترۆڵنەکراو و حاڵەتەکانی تری کێشەی بەرگری دەتوانێت ئەگەری چالاکبوونەوەی VZV زیاد بکات. هەروەها خواردنی دەرمانی سەرکوتکەری بەرگری وەک «کۆرتیکۆستیرۆیدەکان» یان «چارەسەریی کیمیایی» مەترسییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات. ئەم کەسانە زیاتر تووشی لێکەوتەی ئازاربەخش و درێژخایەن دەبن.

  • فشاری توند و نەشتەرگەری

فشاری توندی جەستەیی یان دەروونی، نەشتەرگەری یان لاوازیی دوای نەخۆشی دەتوانێت بەرگریی لەش بۆ ماوەیەکی کاتی دابەزێنێت، ئەمەش ڕێگە دەدات ڤایرۆسەکە چالاک بێتەوە. هەروەها گۆڕانی لەناکاوی کێش یان نەخۆشییە توندەکانی ئەم دواییانە دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت.

  • کاردانەوەی بەرگریی پەیوەست بە ڤاکسین و ڤاکسینەکانی پەیوەست بە VZV

لە هەندێک کەسدا، وەڵامی بەرگری بۆ ڤاکسینەکان یان وەڵامی بەرگریی نائاسایی بۆ ڤاکسینەکان دەتوانێت کاریگەری لەسەر مەترسیی تووشبوون بە هێرپیس زۆستر هەبێت؛ بەڵام سوودی گشتیی کوتان بۆ زۆربەی ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە سەرووی ٥٠ ساڵەوەیە زیاترەلە مەترسییەکانییەتی.

  • پێشینەی تووشبوون بە مێکوتە

 پێشینەی تووشبوون بە مێکوتە مەرجێکی پێشوەختەیە بۆ هەبوونی VZV لە جەستەدا. هەرچەندە ئەم مێژووە بە تەنیا بەس نییە بۆ پێشبینیکردنی نەخۆشی، بەڵام دەتوانێت لەگەڵ هۆکارەکانی تری مەترسیدا ئەگەری چالاکبوونەوەی زیاد بکات.

  • شێوازی ژیان و هۆکارە ژینگەییەکان

خووەکانی ژیان وەک جگەرەکێشان، خراپیی خۆراک، کەمخەوی و فشاری درێژخایەن دەتوانێت کارایی بەرگریی لەش لاواز بکات. ئەم هۆکارانە دەتوانن مەترسیی تووشبوون بە هێرپیس زۆستر زیاد بکەن، بە تایبەتی لە کەسانی بەساڵاچوو یان ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە. هەروەها کەمچالاکی و خراپ خەوتن دەتوانێت سیستەمی بەرگریی لەش کز بکات.

  • شوێنی کار و هۆکارەکانی پێوەندیی کۆمەڵایەتی

بەرکەوتنی بەردەوام لەگەڵ نەخۆشانی مێکوتە یان هێرپیس زۆستر دەتوانێت لە کەسانێکدا کە سیستەمی بەرگریی لەشیان لاوازە مەترسی دروست بکات بەڵام بەزۆری گواستنەوەی ڕاستەوخۆی هێرپیس زۆستر لە ڕێگەی پەڵەکانەوە ڕوو نادات؛ مەگەر لەو حاڵەتانەدا کە کەسێک بەرکەوتنی نزیکی لەگەڵ بلۆقەئاودارەکاندا هەبێت و سیستەمی بەرگریشی زۆر لاواز بێت.

کۆنترۆڵ و چارەسەری نەخۆشی زۆنا

چارەسەری هێرپیس زۆستر ڕێکارێکی تێکەڵە کە ئامانجی:

  • کورتکردنەوەی ماوەی نەخۆشی
  •   کەمکردنەوەی ئازار و لێکەوتە درێژخایەنەکانی دەمار
  • کەمکردنەوەی مەترسیی بڵاوبوونەوەی پەڵەکان بۆ بەشەکانی تری جەستە

لە ڕاستیدا پایەی سەرەکیی چارەسەری هێرپیس زۆستر دەرمانی دژەڤایرۆسە کە لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی ئازار و پشتگیریی بەرگریی لەش باشترین کاریگەری دەبێت.

  • کۆرتیکۆستیرۆیدەکان
  • بەکارهێنان و مەبەست: هەندێک جار بۆ کەمکردنەوەی هەوکردن، ئازاری توند و مەترسیی تووشبوون بە دوائازارەکانی نەخۆشی بەکار دێت. هەندێک لە توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن کە دەتوانێت ئازارەکان خێراتر کەم بکاتەوە.
  • ژەم و دەمی دەرمان: بۆ ماوەیەکی کورت و بە دۆزی کەم بۆ مامناوەند ڕاچێتە دەکرێت تا کاریگەریی لاوەکی نەبێت. ماوەی بەکارهێنانی لە چەند ڕۆژەوە تا  دوو هەفتەیە و پێویستە لە لایەن پزیشکەوە چاودێری بکرێت.
  • گروپە تایبەتەکان کە دەبێت وریا بن: ئەو کەسانەی پێشینەی نەخۆشیی شەکرەی کۆنترۆڵنەکراو، پووکی ئێسک، هەوکردنی چالاک، تێکچوونی هەرس، هەندێک نەخۆشیی ڤایرۆسی یان بەکارهێنانی درێژخایەنی ستیرۆیدیان هەیە پێویستە زیاتر وریا بن.
  • لێکەوتەکان (ئەگەری): بەرزیی شەکری خوێن، بەرزیی پەستانی خوێن، هەوکردنی لاوەکی، پووکانەوەی ئێسک، برینی گەدە، ڕاگرتنی شلە و کاریگەرییە لاوەکییەکانی دیکە کە پێوەندییان بە بەکارهێنانی ستیرۆییدەوە هەیە بۆ ماوەیەکی کورت.
  • دەرمانی دژەڤایرۆسی ستاندارد
  • هەڵبژاردە باوەکان: ئەسیکلۆڤیر (Aciclovir)، ڤالاسایکلۆڤی (Valacyclovir)، فێمسایکلۆڤیر (Famciclovir). ئەم دەرمانانە بە تایبەتی لە سەرەتاکانی پەڵەدا کاریگەرن و بەزۆری بۆ ماوەی 5-7 ڕۆژ دەنووسرێت.
هێرپیس زۆستر
  • ئامانجی دەرمان: کەمکردنەوەی ماوە، توندیی ئازار و ئەگەری لێکەوتە درێژخایەنەکانی نەخۆشی.
  • خاڵە گرینگەکان: زوو دەستپێکردنی دەرمانەکان کاریگەری زۆرە. لە هەندێک کەسدا وەک بەساڵاچووان یان کەسانێک کە سیستەمی بەرگرییان لاوازە ڕەنگە ماوەی خولی دەرمانەکان و ژەمەکانیان بگۆڕێت.
  • چارەسەری پاڵپشت بۆ ئازار
  • دەرمانی ئازارشکێن: دەرمانی ئەسیتامینۆفین یان دەرمانی NSAID یارمەتیدەرن بۆ کەمکردنەوەی ئازار و تا.
  • دەرمانی نیورۆلۆجیک: لە ئازاری توندی دەمارەکاندا لەوانەیە پزیشک دەرمانینیورۆلۆجیک وەک گاباپێنتین و پرێگابالین بنوێنێت.
  • چاودێریی پەڵەکان: جل و بەرگی خاوێن لە شوێنی پەڵەکان ڕێگری لە هەر چەشنە گوشارێک بۆ سەر ناوچەی پەڵەکان و هەروەها پاراستنی پاکوخاوێنیی پێست دەکات.
  • چاودێریی گشتی و خۆپاراستن
  • پشوودانی پێویست، خواردنی گونجاو و تێرئاویی لەش دەورێکی گرینگی هەیە لە خێرا چاکبوونەوەی نەخۆشییەکە.
  • بەڕێوەبردنی فشار و خەوتنی ڕێکوپێک یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی بەرگریی لەش و دابەزاندنی فشار.
  • ڤاکسینەکان: ڤاکسینی هێرپیس زۆستر (بۆ نموونە، شینگریکس  Shingrix) پێشنیار دەکرێت بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی 50 ساڵە و بۆ گرووپە مەترسیدارەکان تا ئەگەری تووشبوون یان توندیی نەخۆشییەکە کەم بکاتەوە.
  • بەدواداچوونی بەردەوام: بەدواداچوونی بەردەوام گرینگە بۆ هەڵسەنگاندنی لێکەوتەکانی دوای هێرپیس و چاودێریکردنی بەرگریی گشتی، بەتایبەتی لە کەسانی بەساڵاچوو و ئەوانەی سیستەمی بەرگرییان تێک چووە.
  • تێبینییەکانی سەلامەت
  • کارلێکی دەرمان: ڕەنگە هەندێک دەرمان کارلێکیان لەگەڵ دژەڤایرۆس یان کۆرتیکۆستیرۆیدەکاندا هەبێت. هەمیشە لەژێر چاودێریی تیمی تەندروستیدا دەرمانەکان بەکار بهێنە.
  • لێکەوتەی لاوەکی: ئەگەر هەست بە هەر نیشانەیەکی نائاسایی کرا وەک ئازاری توندی سک، پەڵەی بەربڵاو، سەرئێشەی توند یان گۆڕانکاری لە شەکری خوێن، ئەوا پێویستە یەکسەر پزیشک ئاگادار بکرێتەوە.
  • نیشانەکانی نەخۆشی پێویستە هەمیشە لە لایەن پزیشکەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، بەتایبەتی ئەگەر نەخۆشی شەکرە، لاوازی بەرگری لەش یان نەخۆشیی درێژخایەنی تر لەئارادا بێت.

پرسیارەکان

کەی پێویستە بۆ نەخۆشیی هێرپیس زۆستر سەردانی پزیشک بکەیت؟

بەخێرایی و لە یەکەم نیشانەی ئازاری دەمارەکان یان پێش دەرکەوتنی پەڵەکان.

دەرمانی سەرەکیی هێرپیس زۆستر چییە؟

دەرمانی دژە ڤایرۆس (ئەسیکلۆڤیر/ فێمسایکلۆڤیر /ڤالاسایکلۆڤیر) دەستبەجێ و لە سەرەتاوە.

کۆرتیکۆستیرۆید چ ڕۆڵێکی هەیە؟

هەندێک جار بۆ کەمکردنەوەی هەوکردن و ئازاری توند.

چۆن ئازاری هێرپیس زۆستر کۆنتڕۆڵ بکەین؟

بە ئازارشکێن، پاشان دەرمانەکانی دەمار وەک گاباپێنتین یان پرێگابالین بەپێی پێویست.

لێکەوتە سەرەکییەکان چین؟

ئازاری درێژخایەن (نیورۆلۆجیک پۆست هێرپی) و هەندێک جار هەوکردنی لاوەکی یان لێکەوتەکانی چاو.

ئایا ڕێگری لە هێرپیس زۆستر دەکرێت؟

بەڵێ، ڤاکسینی «Shingrix» بۆ ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی ٥٠ ساڵەوەیە یان پێشینەی هێرپیس زۆستریان هەیە.

ئایا هێرپیس زۆستر دەگوازرێتەوە؟

ڕاستەوخۆ لە پەڵەوە ناگوازرێتەوە؛ بەڵام ڤایرۆسی مێکوتە دەگوازرێتەوە.

کەی بڕیار بدەم بۆ کوتان؟

ئەگەر تەمەنت لە سەرووی ٥٠ ساڵەوەیە یان پێشینەی تووشبوون بە هێرپیس زۆسترت هەیە لەگەڵ پزیشک دەربارەی ڤاکسین قسە بکە.

ئامۆژگاری چاودێریی ڕۆژانە بۆ چاکبوونەوەی خێراتر؟

پشوودان، خۆراکی گونجاو، تێراویی لەش، پاکوخاوێنی شوێنی پەڵەکان، خۆپاراستن لە فشار بۆ سەر پەڵەکان، دوورکەوتنەوە لە کەسانی هەستیار،خواردنی دەرمانەکان بە ژەم و دەم.

  • Share:

Leave Your Comment